"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: هەرچەند خۆپێشاندانەکان دژی نیزامی ئاخوندی لە دەیان شاری ئێران بەردەوامە بەڵام حکومەتی ئێران لە کوردستان زۆر زاڵمانەتر و بە گوللە وڵامی خۆپێشاندەران دەداتەوە.

کۆماری ئیسلامی هەمیشە کوردستانی وەک دژ بە خۆی و نیزامەکەی چاو لێ کردوە و هەرچی هێزی جینایەتکاری خۆی هەیە لە کوردستان جێگری کردون و زۆر وەحشیانە لە گەڵ خەڵک هەڵسوکەوت دەکەن.

لەماوەی 3 رۆژی خۆپێشاندانەکاندا تا ئێستا بە پێی هەواڵی هەنگاو، سەرجەم 42 کەس شەهید کراون و سەدان کەسیش بریندار کراون و خەڵکیکی زۆریش دەست بە سەر کراوە.

لە کرماشان 15 کەس شەهید، بۆکان 5 کەس، جوانڕۆ 14 کەس، مەریوان 6 کەس،  و سنە 1 کەس و لە تاران 1 کەس  بە ناوی مینا شێخی  خەڵکی سەقز کە بۆ سەردانی کچەکەی لە وێ بوو.

کۆماری ئیسلامی بیجگە لە شەهید کردنی خەڵک کە داوای مافی خۆی دەکا و وەک شارەکانی تری ئێران بۆ مافی خۆی دێتە سەرشەقام ، رۆژانە تەقە لە کۆڵبەرانیش دەکا و رۆژ نیە کۆڵبەڕی کورد بە هۆی گوللەی سەربازانی ئیمام خەڵتانی خوێن نەکرێ.

کۆماری ئیسلامی لە کاتی هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا دەستی بە خوێنی هەزاران لاوی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران سوور بووە و ئەم کوشت و کوشتارەش هەر بەردەوامە و تا لە ئێران دیکتاتۆری حاکم بێ، فەرق ناکا نیزامی ئاخوندی بێ یان سەڵتەنەتی بۆ ئێمە کورد هیچ فەرقی نیە و نیزامی دەسەڵاتدار لە تاران هەمێشە دژی کورد بوون و هەن.

https://www.youtube.com/watch?v=e4H2OXOJWAE&feature=emb_title


لەمەر خۆپێشاندانەکان روداو ئەم هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە

رووداو – هەولێر

خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەقەی هێزەکانی ئێران لە مەریوان سێ کەس بریندارکران. بەگوتەی شا‌هێدحاڵێکی مەریوان بۆ رووداو لە چەند رۆژی رابردوو “12 کەس کوژراون”.

شاهێدحاڵێک لە مەریوانەوە لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ بەشداری بوڵتەنی کاژێر 18:30 خولەکی تایبەت بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و رایگەیاند “هێزێکی ئەمنی زۆر لەنێو شار بڵاوەیانپێکراوە و لەنێو شەقامەکاندا جێگیرکراون، لە بەشێک لە شارەکانی دیکەش هێزی ئەمنی هێنراوەتە شارەکە و ناهێڵین خۆپیشاندەران هیچ جموجۆڵێک بکەن”.

بەگوتەی ئەو شاهێدحاڵە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، ”نزیکەی 12 کەس لە مەریوان کوژراون و 60 کەسی دیکەش برینداربوون”. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان بەشێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت و بەشێکی دیکەش لەترسی دەستگیرکردنیان لە ماڵەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت. ئەو شاهێدحاڵە ئاماژە بەوەش دەدات، “سەرجەم قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان داخراون و هیچ کەسێک دەوام ناکات”.

سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان، ئەو شاهێدحاڵە دەڵێت، ”تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی دروست نییە، بەڵام ئاماژە بە دەستگیرکردنی زیاتر لە 200 کەس دەکرێت و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە دەستگیرکردنی خەڵک”.

خۆپیشاندان لە مەریوان، سنە، کرماشان، جوانڕۆ، خوڕەمئاوای رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە تاران، شیراز، مەشهەد، ئیسفەهان، ئەهواز و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی ئێران دەستیپێکردووەتەوە.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بەڵێننامە بە خەڵک و چالاکڤانانی مەدەنی پڕدەکەنەوە تاوەکو بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا نەکەن.

شەوی رابردوو لە شارەکانی بۆکان، مەریوان و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان بە تووندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونە. لە بۆکان چوار هاونیشتمانی کە کچێک و ژنێکیشیان لەنێودایە گیانیان لەدەستدا.

هەروەها لە مەریوان بەتایبەت لە شارۆچکەی کانی دینار، هێزەکانی ئێران تەقەیان لە خەڵک کرد و بە گوتەی شایەتحاڵان چەندین کەس بریندار و کوژراون کە ژمارەیان دیار نییە.

هەروەها شەوی رابردوو لە چەند گەڕەکی شاری کرماشان بە تایبەت لە گەڕەکەکانی دەوڵەت ئاوا و جافرئاوا هێزەکانی ئێران هێرشیانکردووەتەسەر خۆپیشاندەران و راستەوخۆ تەقەیان لێکردوون.

لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەوانەشەوە کە تاوەکو ئێستا خۆپیشاندانیان تێدا نەکراوە، هێزی ئەمنی و پۆلیسی زۆر بڵاوکراوەتەوە و پێش لە کۆبوونەوەی چەند کەسی خەڵکیش دەگرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان: لە کرماشان 16 کەس کوژراون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لەم دوو رۆژەدا تەرمی 16 کەس لە خۆپیشاندەران براوەتە نەخۆشخانەی ئیمام رەزای کرماشان.

ئەو تۆڕە مافی مرۆڤییە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی شایەتحاڵێک رایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانە تەقە لە سەریان کراوە و کوژراون. دەشڵێت، نزیکەی 100 بریندار بردراونەتە نەخۆشخانەی ئیمام رەزا لە کرماشان.

داواکاری گشتی کرماشان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، کەسانێک کە زیانیان بە خەڵک و کەرتی گشتی گەیاندبێت دەستبەسەر و بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی” دادگایی دەکرێن کە سزاکەی لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەنە.

پارێزگاری تاران: لە 22 پارێزگای ئێران خۆپیشاندان دەکرێت

ئەنوشیروان مۆحسێنی، پارێزگاری تاران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەکۆی 31 ی پارێزگای ئێران 22 پارێزگایان گرتووەتەوە. هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی خوزستان، ئەلبورز، فارس دەستیان بە دەستبەسەرکردنی بەشداربووانی گردبوونەوەکان کردووە. هێڵەکانی ئینتەرنێت هێشتا پچڕاون و قوتابخانەکان داخراون و بازاڕەکان نیوە کراوەن.

سەرۆککۆماری ئێران ناڕازییان بە چەند کەسی ئاژاوەگێڕ دەناسێنێت و گوتەبێژی حکومەتیش رایگەیاند، گرانکردنی بەنزین هەنگاوێکە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی