"an independent online kurdish website

محەممەد پێغەمبەری مەزن وناوداری خواو ڕێبەری موسوڵمانانی جیهان بە پێی شایەدی مێژوو قسەی شارەزایانی ئیسلام جگە لە پەیڕەوانی مەزهەبی تەشەیوع پێیانوایە لە ڕۆژی { ١٢ی ڕبیع الأول } واتە بەهاری یەکەم لەدایک بـووە

و پەیڕەوانی سوننە هەموو ساڵێ لەو ڕۆژەدا وەک هەموو گەلانیتر ڕۆژەکەدەکەنە جێژن و شادی کە مافی خۆیانـە جێگەی ڕەخنە نیە. ئـەوەی بـۆ سرنـجدان و قسە لەسەرکردن دەبێی جیاوازی سوننەو شیعەیە لە بەڕێوەبردنی ئەو جێژنەدا. سونیەکان ڕۆژی ١٢ دەکەن بەجـێـژن و شـیعەکان ڕۆژی ١٧ . ئـەوەی لـێرەدا مەبەستی منە ئەوەنیە بڵێم ئەوەیان هەقەو ئەمیان ناهەق ،چونکە لەپێشدا خودی جێژنەکە نەواجبەو نەسوننەت ،واتە نەخوا فەرمانی لەسەر دەرکردوە کە بـبێ بەواجب، نە پێغەمبەر خۆی کردویەتی کە ببێتە سوننەت.ئەو بۆنەیە ڕێزگرتنی پەیڕەوانی محەممەدە (س) لە ڕێبەرەکەیان. هەم سونە و هەم شیعە ئازادن کەنگێو چۆنی دەکەن. ئەوەی جێی ڕەخنەیە خۆڵ لە چاوکردنی موسوڵمـانـانـە ( حەوتەی وەحدەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە) ئەو نـاو ڵێنانە و نـاوەرۆکەکەی بـەتـەواوی بـۆ سوننە فریودانە . بـڕوانە هەموو مرۆڤێک جارێک و لەیەک ڕۆژوو کات و سات دا لە دایک دەبێێ ،جێژنی سوننی وشیعە ڕاست ئەوە دەگەێینێ کە لەدوو ڕۆژ دا هاتۆتە سەر دنیا ،ئەگینا یەکیان ڕاست نـاکا! حەوتـەکەی ئیمامیش بـۆ وەحدەت نیە بەڵکو بۆ زەقترکردنەوەی ئەو جیاوازیەیە. هەروەها وەحدەت واتە یەکگرتن، مانای ئەوەیە کە دوو شتی لێک جودا یەک دەگرن و دەبنە یـەک، یـان بەیەکەوە دەیکەنە جێژن، بۆیە دەبوو هەردوک لا لەسەر ڕۆژێک ،بۆ وێنە لە سەر پازدەهەم ڕێککەون و بیکەنە جێژن ! خۆ ئـەگەر بڵێین لە یـەک حەوتـەدا بوون ڕەنگە زۆری دیکەش لەو حەوتەیەدا لە دایکبون و یەک نین .

بـەڕێـزان پێشەوایانی موسوڵمانان ،ئەگەر ڕاست دەکەن ویەکیەتی موسوڵمانانتان گەرەکە خۆ ئەو ڕۆژە ئایەتی قورئانی لە بارەدا نەهاتوە و بڵێی ئەگەر بـیگوڕێـن کافر دەبین، بۆ یەکگرتنی ماڵی ئیسلام زۆر بەجێیە کە لەنێوانی دوازدەوحەفدەدا لەسەر ڕۆژێک ساغ بینەوەو بـە یەکەوە جێژن بگرین ،نـەخەتـایـەو نـەتـاوان وەباڵتان لە ئەستۆی من ڕۆژبـازاڕی قـیامەتی ،پـێغەمـبەریش دەستخۆشیتان پێدەڵێی. بەخۆشیەوە خەڵکی ئەوڕۆ خوێندەوارەو دەتوانێێ باش لە مەسەلەکان ورد بێتەوەو ڕاستە ڕێگەکان بدۆزێتەوە ،من ناڵێم وەرن دژایەتی یەکتری بکەن بـەڵکو دەڵـێم : وەرن سەیـری ئـەو وەحدەتـە بکەن کە بەنـاو بـۆ یەکگرتویی دروستکراوە! هەردوک لا جێژنی خۆیان دەگرن نێوانی جێژنـە وەحدەتەکەیان چوار ڕۆژە ! تۆ خوا ئەمە وەحدەتە ؟!

برایانی موسوڵمان خاڵەکانی خاوەن باوەڕو ئیمان ،نیشانەکانی وەحدەتی ئێوە ،برێتیە لە : ئیمان بەخوا، بە فرشتەی خوا ،بە کتێبی خوا ،بە پەیامبەرانی خوا ،بەڕۆژی لێپرسینەوە و ڕادەی خێرو شەڕەکان. نیشانەی وەحدەتی ئیسلامیش برێتیە لە شادە هێنان بەوەی کە :خوا تاکی بێهاوتایە، محەممەد ناردراوی خوایە، نوێژ کردن ،دانی زەکات ،گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و زیارەتی ماڵی خوا ،ئـەگەر مـەرجەکانی هاتـنە دی. بـەلای مـنەوە زۆر ئـاساییە هەردوکیان ڕۆژەکەی خٶیان بکەنە جێژن و سەردانی یەکتریش بکەن بـەڵام نەیکەنە شانۆگەریو بڕایەتی بەدرۆ نیشان بدەن . ئەوە پێی دەڵێن جودایی و دوو بەرەکی لە ژێر ناوی وەحدەتدا.یەکێک لە تایبەتمەندیە هەرە بەرزەکانی مرۆی موسوڵمان بێی فرتو فێڵیو سەداقەتو ڕاستگۆییە ،کوا ڕەوایە ئێمە بەناوی دینو خۆشەویستی پەیامبەر درۆ دەگەڵ خۆمان و خەڵک و خواش بکەین ؟! درۆ سفەتێکە کە لە قورئاندا بە خراپترین و دایکی هەموو خەتاکان ناوی نراوە.

مافی موسوڵمانانە جێژن بۆ لەدایکبونی ڕێبەرەکەیان بگرن ،بەڵام خۆشەویستی پەیامبەرهەر ئەوەندە نیە جێژن وشآدی بکەین خۆشەویستی ئەوڕێبەرە بێ وێنەیە ئەوەیە ڕیبازەکەی ڕەچاو بکەین ،بەردەوام بین لەسەر پاراستنی مافو ئەرکی خوایی . محەممەد ( س) خۆش ئـەخلاقترین ،ڕاستگۆتـرین ،دەستو دڵپاکترین ودەکرێی بڵێم : خوا هەموو تایبەتمەندیە بەرزو بەنرخەکانی مرۆڤانەی پێبەخشی بوو لەهەموان گرینگتر سوربونو بەردەوامی و نەترسی ئەوە کە دەبێی بکرێتە سەرمەشق و کاریان پێبکرێی . من قسەم دەگەڵ کۆماری ئاخوندەکان نیە چۆن دەڕواننە مەسەلەکە ،ئەوە ڕاو بڕیاری خۆیانە چ باشبێی و چ خراپ ! بێگومان بۆ بردنە پێشی بەرنامەی خۆیان کار دەکەن حەزیشیان لێیە خەڵکی زیاتـریشی بـۆلای ڕابکێشن ،ڕەنگە هەموومان هەروابین ،ئـەوەی جیی سەر سوڕمـانە مامۆستایانی ئایینی ئەهلی سوننەتە کە بۆچی هەست بە بەر پریسایەتی ئایینی خۆیان نـاکەن ڕاستیەکان یـان نـازانن، یـان دەیانشارنـەوە ! بـا وەک ڕەوشتی جیرانەتی بەهێمنی و ئارامی بەیەکەوە بژین و هەر گیز بێحورمەتی بـەباوەڕی کەسانیتر نەکەن ،بەڵام ڕێبازی خۆیان بۆ زار شیرن کردن ،یـان بۆ تەماعی ماڵی دنیا ،یان پلەو پایە ،یان لەترسان نەگۆڕن و لەبیر نەکەن ،چونکە دەزانن پێغەمبەر ( س ) ئەگەر لەترسی عەڕەبان نـەیـوێـرا با تەبلیغ بـۆ دینەکەی بکا ،نەدەبوو بەکەسێک کەپاش ١٤٤٠ ساڵ ڕێبازەکەی سەرەڕای هـەڵـەو پـەڵەی زۆری پەیڕەوانی، دینەکە خەریکە ببێتە یەکەم دینی ئاسمانی ئەودنیایە . ڕێبازی ئیسلام گەلێک ڕونو ئاشکرایە ،ئیحتیاجی بەشیرو تیرو پۆمب و تـەیارە نیە ،پێویستی بـە عەقڵو مەنتیقو تێگەیشتنە ،بـەسەبـرو لـەسەرخۆیی و لـێبوردنـە ،بەئیمانی بە هێزو بەکردەوە پەیڕەوی کردنە لە پێغەمبەر ( س ).

ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە کوردستان و ئێران ڕوو دەدەن ڕاست دەریدەخەن کە حەوتەی وەحدەتو ئەو برایەتیەی ئاخوندەکان ئیدعای دەکەن درۆیە. لەدوایین قسەم دا دەڵێم : مرۆڤ پێش هەموو ئیدەو ئایینێک مرۆڤە، هەتا خۆی و مافەکانی و ئوسولی مرۆڤ بون نەناسیو بەڕێزەوە ڕەچاویان نەکا ،هیچ ئیدەو ئایینێک نـاتـوانێی کۆمـەڵگا بـەخـتەوەر بـکا، چـونکە هەمـو ئـیدەو ئـایینەکان دەبـێی بـۆ بەختەوەری مرۆڤ بن .

براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢٨ خەزەڵوەری ٢٧١٩ی کوردی

١٩/ ١١/ ٢٠١٩ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی