"an independent online kurdish website

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣.١١.٢٠١٩ لە لایەن کومیتەی پشتیوانی کوردستان پێک هاتوو لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی هەر چوار بەشی کوردستان خۆپێشاندانێکی لە بەر دەرکی ئوپەرای شاری وییەن بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران پێک هات.

سەرەتا چەند سروودێکی شۆڕشگێڕی بڵاو کرانەوە، پاشان کاک حوسەین خاڵخال لە لایەن کومیتەی پشتیوانی کوردستانەوە بە خێر هاتنی بەشدارانی خۆپێشاندانەکەی کرد.

پاش بە خیرهاتنی بەشداران سروودی ئەی ڕەقیب پێشکەش کراو بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بە گشتی و شەهیدانی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی خولەکێک بێ دەنگی ڕاگەیندرا و بە دوای ئەوەدا کاک سامان عەباسی سروودی ئەی شەهیدانی پێشکەش کرد

دوابەدوای سروودی ئەی شەهیدان پەیامی کومیتەی پشتیوانی کوردستان بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن کاک ئەرسەلان جەودەتیانەوە خوێندرایەوە. لە پەیامەکە دا هۆکار، چۆنیەتی وئاکامی خۆپیشاندانەکانەکان لە ناوخۆ و هەروەها مەبەست لە پێک هێنانی میتنیگەکە بە شێوەی خوارەوە شی کرابوویەوە

-بەرز بوونەوەی نرخی بەنزین تاکە هۆکاری ڕاپەڕینی بەرپڵاوی گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی نیە بەڵکوو گەلێک هۆکاری دیکەن کە لە ماوەی ٤٠ سال تەمەنی کۆماری ئیسلامی دا لە بوونەتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و بە بەرز بوونەوەی نرخی بەنزین گەیشتنە ڕادەی تەقینەوە، ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە تەواوی سیستەمی دەسەڵاتدارە و دروشمی خۆپیشاندەران مردن بۆ دیکتاتۆر و ڕەت کردنەوەی هەموو سیستەمی کۆماری ئیسلامیە پێشاندەری ئەم ڕاستیەیە

هۆکاری تەقینەوەی ناڕەزایەتیەکان گەلێکن ، وەک کەڵک وەرگرتن لە شەریعەتی ئیسلام بۆ دانانی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات، کۆبونەوەی دەسەڵات لە دەست ولایتی فەقی کە یەکجار و بۆ هەمیشە دانراوە وبەرزترین دەسەڵات بە دەستی وڵاتە و خەڵک لە مافی هەڵبژاردنی بەرزترین دەسەڵاتی وڵات بێ بەشە، پاڵپشتی کردن لە تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی و تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک فەلەستین و لوبنان و یەمەن بە تایبەتی و سەرفی بەشێکی زۆری بوودجەی وڵات لەم ڕێگایەدا و بێ بەش کردنی خەڵک لە داهاتی وڵات یەکێکی تر لەو هۆکارانەن کە خەڵکی دژ بە نیزام تووڕە کردوە و هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی گشتی، بەرتەسک کردنی ئازادی بیرو ڕا دەربڕین و قەدەغە کردنی هەرچەشنە بیرێکی جیاواز، سانسۆرکردنی چاپەمەنی و پەرە پێدان بە فەسادی ماڵیش بەشێکن لەو هۆکارانەن کە خەڵکی لە نیزام بێزار کردوە.

لە پەیامی کومیتەی پشتیوانی کوردستاندا هەروەها ئاماژە بە هێرشی دڕندانەی پاسداران بۆ سەر خۆپیشاندەران و کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە تایبەت خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان ، مەریوان و سنە کرابوو و کردەوەی دڕندانەی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار کرابوو.

ناڕاستی لە دەربڕێنی دەزگاکانی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی ئورووپایی کە گەمارۆ ئابووریەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران بە هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕێنی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی دەزانن لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ئاماژەی پی درابوو

لە کۆتایی پەیامەکەدا سەرەڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی نامرۆڤانەی ڕژیم داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، پارلمانی ئورووپا، وڵاتانی سەر بە یەکیەتی ئورووپا و هەروەها دەوڵەتی ئوتریش کرابوو کە بێ دەنگییان بەرابنەر بە پێشێل کردنی مافی ڕەوای خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بشکێنن و هەوڵ بدەن لە گەل خەڵکی ئێران ببنە هاوڕا و یارمەتیان بدەن.

شایانی باسە لە خۆپێشاندانەکەدا کەدا نووسراوەیەکیش بە زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی هەر لە پێوەندی لە گەل خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی وڵات و کوشتاری خەڵکی بێ تاوان لە لایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیەوە بڵاو کرایەوە.

بە ناوی کومیتەی پشتیوانی کوردستانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەو ڕۆژە سارد و سۆڵەدا زەحمەتیان کێشابوو و بەشداری لە خۆپێشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد .

کومیتەی پشتیوانی کوردستان

٢٣.١١.٢٠٢٩

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی