"an independent online kurdish website

دوو جیاوازیی سەرەکی لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان لەگەڵ ئەوەی ئێران لەوەدایە، کە لە لوبنان و عێراق خۆپیشاندەران هەروا لە شەقامن و ڕای گشتی هەڵدەسووڕێنن،

هاوکات حوکمڕانەکانیشیان بەسەر دوو بەرەدا دابەش کراون، هەندێکیان بەرگری لە خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیان دەکەن و هەندێکیشیان لە مەحکوومکردن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران خۆ ناپارێزن. لە هەردوو وڵاتدا، پیلان و دەستی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا دیارە. بەشێک لە دروشمی خۆپیشاندەرانیش ئاڕاستەکەی ڕووی لە کۆماری ئیسلامییە و “ئێران بۆ دەرەوە” لە دروشمە سەرەکییەکانە!

بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا خۆپیشاندەران بە دز، ئاژاوەگێڕ، بەکرێگیراو، داردەستی ئەمریکا، ئیسرائیل، عەرەبستانی ناو دەبن و بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی دەیان ناسێنن. خامنەیی ڕای گەیاند کە “ملت” پیلانی ئەوان (خۆپیشاندەران)ی پووچەڵ کردەوە. “ملت” لە کۆماری ئیسلامیدا یانی هێزە ئەمنییەکان، بەسیج، پاسدار، جاش و ئەو کەسانەیش دەگرێتەوە کە سڕکراو و ترسێندراون و هەینییانە گوێ لە خوتبەخوێنەکان دەگرن. لەو نێوەیشدا کۆمەڵێک ماڵەبەدەست بە ناوی “ڕیفۆرمخواز” یان ئەوانەی گۆیا دژی توندوتیژین، لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا زمانیان ناگەڕێت، بەڵام ڕەخنە لە خۆپیشاندەران دەگرن کە گۆیا “ڕوو لە توندوتیژی” دەکەن!

هەر ئەوان (ئیسلامییەکان) بوون کە بە ڕێگەی زەبر و توندوتیژییەوە حکوومەتی پاشایەتییان ڕووخاند، مێژوو جنایەتەکانی خەڵخاڵی کە نوێنەری خومەینی (کۆماری ئیسلامی) بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەبێر ناچێتەوە. ئێستا هەر ئەو کۆماری ئیسلامی و ڕیفۆرمخوازانە بە کورد و ئیرانییەوە دژی توندوتیژین. لە کاتێکدا، خودی کۆماری ئیسلامی بە ئایدۆلۆژیایەکەیەوە یانی تیرۆر و توندوتیژی!

ئێران جارێ بەو دۆخەدا (لوبنان و عێراق) دەرباز نەبووە کە حوکمڕانەکان ببن بە دوو بەشەوە و ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. یان بەشێکیان لەگەڵ خۆپیشاندەران بن و بەشەکەی تریش وەکوو خامنەیی و ڕووحانی بڕیاری سەرکوتی ئەوان بدەن. جارێ لە ئێرانی ئیسلامیدا، ئەوانەی بەرەوە ناخوازن وەکوو ڕابردوو بژین و ئەوانەی سەرەوەیش ناتوانن وەکوو دوێنێ حوکمڕانی بکەن. ئەمەیش دەسپێکی دۆخێکی تەواو نوێیە و کۆمەڵگەی ڕەنگاوڕەنگی ئێرانیش بەربینگی بە کۆماری ئیسلامی گرتووە و یارییەکە تەواو نەبووە.

بەڵام سەرەکیترین گرفت لە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی مەیدانی و خەباتکارە کە پێویستە هەر لە سەرەتادا دەستەواژەی “ئێمەیش پشتیوانی لە داواکاریی خۆپێشاندەران دەکەین”، بە تەواوەتی وەلاوە بنێت و ڕوو لەوە بکات کە داواکاریی خۆپیشاندەران گەڵاڵە بکات و ڕێکیان بخات، هەروەها و ڕاستەوخۆ بەشێکی گرینگیش بێت لە خەبات!

کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی گەلێک قەیراناویدا دەژیت، بەڵام ئەوەی کە زۆر ڕوونە، قووڵتربوونەوەی قەیران لە کۆماری ئیسلامی، یان ڕووخانی ئەو سیستەمە گەندەڵە (بە تایبەتی لە بواری ئایدۆلۆژییەوە)، قورسترین زەبر لە قەبرغەی شیعەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی