"an independent online kurdish website"

چند ڕۆژ پێشتری قەرار بوو سەردانی سلێمانی بکەین. بەڕێز دۆکتۆر قاسملو فەرمووی لە گەڕانەوەتاندا ماسی بکڕن .

قەرارەکەئەوەبوو خۆی بە سازکردنی ئەو ماسیانە مێوانمان بکات.

کاتی گەڕانەوەمان لە سلێمانی نزیک شاری ڕانیە لە قەراغ بەنداوی دووکان ماسی تازە ڕاوکراوبۆ فرۆشتن ھەبوو، لەسەرقەراری پێشوومان چەند ماسیەکمان کڕی و لە دەفتەر تەحویلی دەبیرخانەمادان.

ئێوارەکەی مێوانی کاک دۆکتۆر بووین. شەوێکی سەرەتا شیرین پڕلە بیرەوەری،گێڕانەوەوگوێبیس بوونی وتە پڕ ناوەرۆکەکەنی ڕێبەری حێزب.

ئەگەرباشم لە بیرمابێت سەعات نزیکەی ٩ی شەویان درەنگتربووکە کادری بێسیمی حێزب ھاتە نێو ژووری دانیشتنەکەمان و پارچەکاغەزێکی پێشکەش بە دۆکتۆرکرد.

لە گەڵ خوێندنەوەی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە لەوە دەچوو خەبەرێکی تازەی تێدابێت ھەستمان بەجۆرێک تێکچوونی ڕوومەتی تا ئەوکات گەش و شادمانی دۆکتۆر قاسملو کرد!

کورت دوای خوێندنەوە چاوەڕوانی پێش ئێمە درێژخایەن نەما دۆکتۆر بە پەرۆشەوە فەرمووی:” تەقینەوەیەک لە ناوەندی ھێزی مۆعینی کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی فەرماندەری ھێزی بە ئامانج گرتوە. ناوبراو بە توندی بریندارە.”

دۆکتۆر بەعادەتی خۆی لە کاتوساتی ئەوتۆدا بەسەرخۆیی داوای کرد سبەینێ ڕۆژی دواترئێمە سەردانی (کونەمار) شوێنی ڕووداوەکە و لەچلۆنایەتی ئەوکارەساتەڕاپۆرتی بۆ ئامادە بکەین.

مێوانەکان کاک عۆسمان ڕەحیمی،کاک فەتاح عەبدۆلی ،کاک عەلی کاشفپوور دلنیانیم کاک جەعفەر حامێدیش بوو یان نا، وێرای خۆم (سدێق بابایی) ئامادەبووین.

بیستنی ئەم ھەواڵە لەناکاوە تەموو مژێکی خەماوی قورسی خستە سەردڵی ھەموومان . ئیتر قسەی خۆش و پێکەنین چێگای خۆی بە باسی کردارو شێوازەکانی ترۆری تاران بەرئەنگاری و کەلێن و کەلەبەرەکانی نێوخۆیی ھەمووباسەکانی دوایی لە خۆ گرت.

باشم لە بیر ماوە کە من بۆ خۆم لەمێشکم دا کەوتمە فکری گەڵاڵەیەک بۆ بە ھێزکردنی دەستەی پارێزگاری دۆکتۆر کە تا ئەوکات پێم وابوو لە ھەڵسەنگاندن بۆوێنە لەگەڵ پارێزگارانی ڕێزدار مام جەلال کاتێک سەردانی لای ئێمەی دەکرد زۆر لاوازدەھاتە پێش چاو. لە مێشکمدا بە پێ ئەزموون و ناسیاریم لە پێشمەرگەکانی حێزب بە نیازبووم دەستەیەک لە پێشمەرگە ئازاو جێ متمانە بە تەجرەبە کانی ھێزی پێشەوا، بێستوون و شاھۆ وەک پێشنیاری خۆم بدەم بە دەبیرخانەی حێزب.

بەداخەوە ڕەوتی ڕووداوەکان زۆری نەخایاند کە ھەموو ڕیسەکانی لە مێشکم دا کردە خۆری وکۆمەڵێک ناھۆمێدی و لێکترازان جێگای بە یەکڕیزی و پتەوکردنی کەلەبەرەکان گرت!

سەرەتای ڕۆژی پاشترخۆمان گەیاندە کونەمار .دیارە کەک حەسەن نەقڵی نەخۆشخانەی رانیە کرابوو.

ژووری فەرماندەری ھێـزلە قەدپاڵێکی لێژولە دڵی زەویدا سازکرابوو.تەنیا دەلاقەیەک بە قەد پەنجا تا شەست سانتیم ڕۊناکایی ئەم ژوورە کە ٥ تا٦ مەترپانتایی ھەبوو دابین دەکرد.پەنجەرەکە لە لای خواری سەرەوەی ژوورەکە ھەڵکەوتبوو . بە گوێرەی ئەم زانیاریانە بە ئێمە دران زۆر پێشتر بەڕێز کاک عەبدۆڵا حەسەن زادەلە ڕێگەی فەرماندەری ھێزی مۆعینی کتێبی (سفید دندان ـ نووسینی جک لندن)کە بە فارسی لە ئێران ھەبوو داوا دەکات.

کاک حەسەن شیوە سەڵی دۆستێکی خۆی دانیشتووی ناوچەی سەردەشت ( کاژەیی) کە ھاوکات دووبرای پێشمەرگەی حێزب بوون ڕادەسپێرێ تا ئەم کتێبە ـ ی بۆ بکڕێت.

ئێوارەی ڕۆژی ڕووداوەکە دۆستی ! ناوبراو دەگاتە کونەمار لە گەڵ یەک دووکەسیترلە ژووری فەرماندەری ھێز کتێبەکە پێشکەش بە کاک حەسەن دەکات ، خۆی و ھاوڕێکانی لە لای خوارووی ژوورەکە تەنیشت دەرگای چوونەژوور دا دەنیشن . مەلا حەسەن کە نزیک پەنجەرەو لای سەروودانیشتوە کەیفخۆش بە گەیشتنی ئەمانەتیەکە کتێبی سفید دەندان بە دەستەوە دەگرێت و بۆ ئەوە لە ڕووناکایی پەنجەرەکە چاوی لێبکات کەمێک بە ھەردوو دەست بۆ لای چاوانی ھەڵی دەبڕێ و دەیکاتەوە. گرمەی تەقینەوەو ڕوودانی خەماوی ترین کارەساتەکان لە ناوەندی ھێز.دوژمن ئامانجی دیاریکراوی خۆی دەپێکێ.ئەمە دەقی ئەو بەسەرھاتە تاڵە بوو کە ئەوکات بۆ ئێمەیان گێڕایەوە.

سەرەتا سەردانی ژوورەکەمان کرد. ھێشتارلەتکە وردەکانی گۆشت و خوێن بە دیواری ژوورەکەوە تەڕاییان پێوە دیار بوو. مێوانەکانی مەلاحەسەن ھەڵگرانی دیاری مەرگ بە ئاستەم پڕیشکی تەقینەوەکەیان وێکەوتبوو.

ھەڵگرانی کتێبەکە دەسبەسەر و زیندانی کرابوون . بە پێ راسپاردەی کاک دۆکتۆر دەبوو چۆنیەتی ڕووداوەکە بە نووسراو لە گەڵ خۆمان بۆ دەبیرخانەی حێزب ئامادە کردبا.

لەوپێوەندیەدا چاوپێکەوتنێکی کورتمان لە گەڵ راگیراوەکان بە تایبەت کەسی ئەسڵی واتە دۆستەناسراوەکەی فەرماندەری ھێز وەک گۆمان لێکراوی سەرەکی ئەنجام دا.

وەک لە نووسراوەکەماندا بە وردی ھەموومان ئاماژەپێکرد ناوبراو بە ئەم شێوە گێڕایەوە :” لە سەردەشت کتێبەکە لە گەڵ ھەندێ کەلوپەلی تر لە نێو جانتایێکدا بەرەو (کونەمار) ناوەندی کۆمیتەی حێزب شارستانی سەردەشت و ھێزی مۆعینی [ھەڵکەوتوو لە خوارووی ئاوایی دۆڵەتوو نزیک سنووری قەڵادزێ] وەڕێ دەکەوێت.

لە گوندی قاسمەڕەش پۆستی چاوەدێری و کۆنترۆڵی سپای پاسداران دوابەدوای پرسوجۆی سەرتایی جانتاکەی لێ وەردەگرن و لە ژوورێک بە بێ ئاگاداری ئەو چاوی لێ دەکەن پاشان بە ھەموو کەلوپەلەکانیەوە وێدەدرێتەوە.”

شیاوە بوترێت مەبەستی نێوبراو لێرەدا ئەوەبوو بە ئێمە بسەلمێنێت کە کتێبەکەلە قاسمەرەش لە گەل کتێبێکی تری ھاوشێوە بەڵام بۆمڕێژکراو جێگۆڕکێی پێدەکرێت.

ھەڵبەت ھەرئەوکات ئەم وتە بۆ ئێمە وەک پاساو و خۆدزینەوە لە ئاشکرا کردنی ڕاستی ڕووداوەکە بە چاوی گۆمانەوە سەیر کرا. زانیاریەکانی ڕێزدار مەلا خدری دۆلەگەرمی کە لەوێ ئامادەبوو ھەڵگری نێوەرۆکی گۆماناوی وتەکانی کاژەیی بوون . ھەروەک پێمان وترا کڕیاری کتێبەکە تاقەکەسی ڕاسپێردراو ببوو.

گۆمانیتر لەوکاتەدا ئەوەبوو کە بەشی زانیاری(ئێتلاعاتی سەردەشت) لە داواکاریەکی ئەوتۆئاگادار کراوە، بۆیێ ئێتلاعاتی کۆماری ئێسلامی بە ئاسوودەیی و زانیاری تەواو کتێبەکە بۆمڕێژ دەکەن و وەک کاژەیی بە ئێمەی وت ئەگەری ئەوە ھەبوە لە (قاسمە ڕەش ) کاتێک جانتاکە بە بیانووی پشکنین دەبەن کتێبەپێشتر کڕدراوەکە لە گەڵ ئەوەی ئامادەکراو ئاڵوگۆڕ دەکەن .

ئێمە نە پسپۆڕی قەزایی بووین و نە ئەرکی دەسنیشانی تاوانباریا تاوانبارانمان لە سەر شان بوو . تەنێ لە سەر پێشنیار و خواستی کاک دۆکتۆر دەبوو ناوبراو لە چۆنیەتی سەرەتایی ڕووداوەکەڕاپۆرت ساز بکەین .لەبەر ئەوە نووسینەکەی ئێمە ھیچ دەورێکی قەزاییو بڕیاردەری نەدەگێڕا.

پاشتر لێکۆڵینەوەی ورد و تایبەت بە پسپۆڕانی بەشی قەزایی حێزب دەسپێردرێ و لە کۆتایی پرۆسەیەکی ورد و تایبەتدا بڕیاری پێویست دەدرێت.

دوابەدوای گەڕانەوەمان لە( کونەمار) چووینە نەخۆشخانەی (رانیە) بۆ سەردانی کاک حەسەن . ھەژێنەرترین بەشی ئەم بیرەوەریەکورتە دیتنی جەستەی گڵۆڵەبوو و تێک وەپێچراوی ناوبراو لە باند دا بوو کە بە بێ گفت وەک تەپۆڵە بەفرێک لە سەرتەختی نەخۆشخانە کەوتبوو . ئەمە جەستەی کەسێک بوو کە دۆژمن تا دوێنێ ئارامی لە ناوچەی سەردەشت بە دەستی ئەولێ بڕابوو.

ھاوکاتی دیداری ئێمە کاک عەبدولا حەسەنزادە وێرای چەند بەرپرسێکی عێراقی سەردانی مەلاحەسەن لە نەخۆشخانەیان کرد .

ئەوە کورتە بیرەوەری ئێوارەی شازدەی سەرماوەزی ١٣٦٦بوو کە تاڵایی زیاتری پاش سیو چەندساڵ تا دێت بە ناوەرۆکو پێشھاتەکانی دواتری زیاتر و زیاتر ئازارخوڵقێن دەر دەکەون .

لە لایێکیتر بە خۆشیەوە ھێشتار کاک حەسەن شێوەسەلی فەرماندەری ناوداری حێزب بە ورەی تایبەت و بەرزی ھەمیشەیی خۆی نەک ھەر لە ژیاندایە بگرە تاوێک لە پێناو ئەو ئامانجەی ھەردوو دەست و چاوی بۆ بەخشی وازی نەھێناوە. کاک حەسەن وەک بەڵگەی سەلماندنی حاشا ھەڵنەگری ترۆریزمی دەوڵەتی کۆمارئ ئێسلامی لە قەراغ بەڵگە سەرلمێندراوەکانیتر (میکۆنۆس) ھەموو زانیاری و وردەکاری درۆستی پلانە خەمناکەکەی ماشێنی ترۆری تارانی باشتر لە ھەموومان لە سینگی پڕلە ئەوینی کوردستان بۆ ڕسواکردنی ترۆریستان پاراستوە.

سدێق بابایی ١٦ سەرماوەزی ١٣٩٨

نویترین هەواڵ و بابەت