"an independent online kurdish website

ئاگاداری و مزگێنی ، سپاس و پێزانین بۆ ناوەندی چاپ و کتێبی هەرزان لە ستۆکهۆڵم

ئەم جارە دیاریی و جێژنانەی سەر ساڵی٢٠٢٠ی ئەم ناوەندە چاپی سێ جەڵد کتێبی بە نرخە. لە باسی سێ بابەتی جیاوازی کۆمەڵایەتی وسیاسیی کە وەرگێڕی بە توانا و زمانپاراو ڕیزدار کاک سەلاحەدین گادانی لە زمانی سوێدییەوە بە زمانی کوردی کردوون. کاک سەلاح پێشمەرگە و کادرێکی بە ئەزموون و خەباتکارێکی دێڕینی ڕیزەکانی خەباتی ڕەوای نەتەوایەتی و مافخوازییە. ئەو لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی هەر لەم شارە تەواو و دواتر لە دانیشکدەی پیشەیی تەورێز شەهادەی مامۆستایی وەرگرتوە. بۆ ماوەیە لە هۆنەرستانی خورەمشاری خوزسستان لە باشووری ئێران دەرسی وتوۆتەوە. دواتر بۆتە مامۆستای دەرسی فیزیا و کارەبای لە هۆنەرستانی سەنعەتی شاری مەهاباد. وەرگێڕ هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خەباتی چەکداریی، شار بە جێ دێڵێت و لە شارەییەکی تەواو عەیاری تالار نیشینەوە دەبێتە گوندیەکی خاكی و تێکەڵاوی خەباتی پێشمەرگە و ژیانی ساکار و هەژارانەی گوندی دەبێت. کاک سەلاح هەر لەسەرپێشینەی دەوڵەمەندی زمانی شارستانی، خۆی بە ئاشنا بوون و فێربوونی وێژە و لاوێژەی ڕەسەنی زاری زارۆک و لاو و کۆنە ساڵانی گوندی ڕادێنێت. کاک سەلاح ساڵانێکی زۆری ئەزموونی ڕۆژنامەوانی و کارکردنی دەگەڵ نووسەرانی ڕۆژنامەی پێشەوا هەیە. بۆ وێنە زیندەیاد کاک عەلی حەسەنیانی(وەکیل)، شەهید دوکتۆر مامۆستا سەوجە، قادرلوتفیان(مامۆستا ئازا، شاعیر)، هەر وەها کۆمەڵێک کەسی دیکە کە بە خۆشیەوە ئێستاش لە ژیاندا ماوەن.

هەر ئەم مایە و پێشینەشە کە دەبێتە ئەم وەرگێڕە زمانپاراو و شیرینەی ئەمڕۆکەی گەل و نەتەوەی خۆی. وەرگێڕ ماوەیەکی لەمێژ ساڵە لە وڵاتی سوێد دەژێ. پاش چەند ساڵ خوێندن لە زانکۆی ئۆرەبرۆ و وەرگرتنی پلەی مامۆستایی کۆمەڵناسیی و بیرکاری پۆلەکانی خوێندنی دوا ناوەندی. هەر لە سەر بنەمای بیری سیاسیی و خزمەت بە زار و زمانی کوردی و قوتابی کورد، هەر پیشەی مامۆستایەتی هەڵبژاردەوە. ئێستاش لە پاڵ وانەوتنەوەی خوێندکار و فێرخوازانی زمانی کوردی، بەشێک لە کارەکەی وەک مامۆستا و ڕێنوێنی مامۆستایانی زمانەکانی زکماکی ئەرکدارە.

سەڵاحەدین گادانی جگە لە پڕ و پاراوی لە هەر سێ زمانی کوردی و سوێدی و فارسی، پێداگۆگیستێکی بە ئەزموون و کەسایەتییەکی بە فەرهەنگە و شارەزایەکی شازی بەسەر فەرهەنگ و کولتووری ئورووپایی دا هەیە. واتە بە باشی بە سەر بیر و خیسلەتی نووسەرانی بەرهەمەکانی دا زاڵە. لە هەر بارێکەوە مانا و پەنای بێژە و واژەکان و هەست و مەبەستیان دەخوێنێتەوە. واژە و ڕەستە و مانای گونجاو و بەجێیان بۆ دەدۆزێتەوە. کاک سەلاح لە وەرگێڕانی ئەم چەند کتێبەدا کۆمەڵێک واژەی ڕەسەن و دەستەواژەی دەگمەنی زمانی کوردی بەسەرکردونەوە کە هەتا ئێستا دە فەرهەنگە کوردییەکان دا نەهاتوون و نە ناسراونەوە.

کتێبەکان بریتین لە :

١- نامەیەکە بۆ خوا   (دادە سوورێ و ئۆسکار)

ئۆسکار منداڵێکی.١٠ ساڵانەیە و تووشی نەسازی شێرپەنجە هاتوە، سەری رووتاوەتەوە و جەستەی توڵاوەتەوە. ئەو وێڕای کۆمەڵیک منداڵی دیکەی گیرۆدەی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شێرپەنجەی بەشی مندالان لە ژێر چاوەدێری دایە. بە هەڵکەوت گوێ بیس دەبێت کە ئێک دووهەفتە زیاتر ناژێت. دادەسوورێ وەک پەرستارێکی تایبەت دەبێتە هانادەری دواساتانەی ژیانی. بۆ دەڵدانەوەی وسەرگەرمی هانی دەدا نامەیەک بۆ خوای خۆی بنووسێت..

دادەسوورێ دوازدە ڕۆژی کۆتایی ژیانی بە ١٢٠ ساڵ و هەر ساڵەی بە دە ساڵ بۆدەقەبڵێنێت. ئۆسکار بە کۆمەڵێک نامەی ڕۆژانە(ساڵانە) لەم دوازدە ڕۆژ(١٢٠ساڵە)دا هەموو قۆناخەکانی ژیانێکی نۆرماڵ دەگەڵ خوای خۆی دێنێتە گۆڕێ. داوا و داخوازی لێ دەکات، لێی زیز دەبێت، دەگەڵی ئاش دەبێتەوە، دەیبەخشێت… هەموو قۆناخەکانی تاڵ و شیرینی ژیان تێپەڕ دەکات و لە کۆتایی دا مانایەک بۆ ژێان دەدۆزێتەوە…

٢- میسیۆ برایم و گۆڵەکانی نێو قورحانەکەی…  

بەسەرهاتی کوڕیژگەیەکی یەهوودی یە. لە دایکێکی بە نابەدڵ شووکردوو و ناقاێل و باوکێکی پاڕیزەری تووڕە و تۆسن… باوكێک کە داێکی و باوکی بە هۆی نازییەکانی شوێنگوم کراون. دایکیشی لەسەر پشتی لانکێ کورەی جێ هێشتوە و سەری خۆی هەڵگرتوە.

کوڕە مووسا دەبێتە وەرگێڕکەی نێو ماڵ باوکی. هەرچەند دەگەڵ ئەو باوکە لە ژێر ئێک میچ دا دەژین، بەڵام بە ئەخلاق و بەساڵ و زەمان لێک دوورن و ناتەبان. لە پاریسی گەورەدا لاوێکی تەنیای تەنیا، بێ یار و هاودەم، ون بوو… میسیۆبرایم پەنابەرێکی دنیای ڕۆژهەڵاتە و تەنیا دووکانداری سەری کوچە بۆی دەبێتە فریشتەی نەجات. میسیۆ پیاویکی ئەزموودی بە بەساڵاچوو و مرۆڤدۆستە و مانای ژیانی لە ناخی سروشت دا هەست پێکردوە.

میسیۆ برایم پەنابەرێکی دنیای ڕۆژهەڵاتە و دیندارێکی بە دین و بینە و بە بیری خۆی تابیر و تەفسیر لە دین دەکات. میسیۆ دەبێتە چاوساخی کوڕەجوولەکە و دەگەڵ ژیان ئاشتی دەکاتەوە. دەیباتە سەفەران و فەرهەنگ و کولتوور و ژیان وهەڵسکەوتی گەڵیک خەڵک و وڵاتی پێدەناسێنیت. فێری حاوانە و خۆشەویستی دەکات و دە مانای ژیانی دەگەیەنێت…

٣- ساڤرۆلا

ئەم کتێبە تایبتە، چونکە نووسەرەکەی تایبەتە، وینستۆن چرچیل هەر دەم وەک کەسێکی سیاسیکاری سیاسەتباز بۆ جیهان ناسراوە. کوردیش نەک هەر خێر و بێرێکی لێ نەدیوە، بگرە لەم مەڵبەندە زەیانمەندی سەرەکی دەستی ئەم کابرایە. ساڤرۆلا سەرۆکی پارتێکی لیبراڵە لە ولاتێکی بەناو نیزامی کۆماری دا. سەرۆک کۆماری لە خۆبایی و لە خەڵکی وڵات یاخی دەبێت. خەڵک دەکەونە دۆخی نافەرمانی مەدەنی، ساڤرۆلا حەکیمانە خەباتەکە ڕێبەری و ڕینمایی دەکات و حەول دەدات لە ڕێگای ئاشتیخوازنەوە دەگەڵ دەزگای مێری وبە تایبەتی سەرۆک کۆمار داخوازییەکانی گەڵ دابێن بکرین.

لە هەلومەرجیکی ئاستەم دا دەستەبەندی هەلپەرستانە، ناپاکی هێندێک کەسی بەسەرداکەوتووی بێ باوەڕی نیو پارتەکەی و کەسانی پشتی پەردە وەزعەکە فرەتر لە دژی ساڤرۆلا لە گڕێژەنە دەبەن.

شۆڕش بە ئاقارێکی نەخواستەدا دەڕوات… تەنانەت ساڤرۆلا بۆ رزگاری گیان و مانی بە جلی دڕاو و ناوی گۆڕاو لە سنوورێکی وڵاتەوە خۆی دەربازدەکات…

هیوادارم هوموو کتێبخانەیەکی کوردی ببێتە خاوەنی ئەم بەرهەمانە و هەموو کتێب خوێنێکیش بیان خوێنێتە. کاک سەلاحی بە ڕێزیش هەر بەردەوام بێت بۆ خزمەت بە زمانی کوردی نەتەوەیی خۆی و خوێنەری کتێبان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی