"an independent online kurdish website"

تا چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە کۆروکۆبوونەوەکانی ئورووپاییەکان دەموت پێشمەرگەبووم دەبوایە دواتر شی بکەمەوە کە پێشمەرگە خەباتکاری رێگای رزگاریە و هێزێکی تیرۆریستی نیە.

زۆرجار لە چاوپێکەوتنەکاندا لە گەڵ ئەو کەسانەی کە پێشمەرگەبوون لێیان پرسیار کراوە: داخوا کردەوەیەکی دژی مرۆڤییان ئەنجام داوە کە دژی بەهاکانی مرۆڤ و یاسای ئورووپایی بن. خۆم لەبیرم دێت ساڵی 1999 کاتێک بانگ کرابووم بۆ خزمەتی سەربازی لە فینلاند و داوام کرد کە بەهۆی رابردووی پێشمەرگایەتیم بۆ نشتیمانم لە سەربازی خزمەتی سەربازی ئازاد بکرێم، بۆ ماوەی شەش کاتژمێر پرسیار و وەڵامم لێکرا. زۆر سەخت بوو شی کردنەوەی رۆڵی پێشمەرگە و ناساندنی پێشمەرگە. بیست ساڵ دوای ئەو کاتێک کورە ١٧ ساڵەکەم دەڵێت حەز دەکات ببێتە پێشمەرگە، هەموو هاوپۆل و هاو تەمەنەکانی کە فینلاندین حەسوودی پێی دەبەن. پێشمەرگە لە هێزێکی نەناسرای گشتی و بەرهەلستکارێکەوە ئەمرۆ بووتە هێزێکی رزگاریدەر، ناسراو و جێی رێزی زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤایەتی ئازاد.

74 ساڵ لەمەوبەر رۆژی 26ی سەرماوەز دەستەیەک خەباتکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بەسەر دوایین مۆڵگەی رژێمی ئێران لە مەهاباد گرت و ئاڵای کوردستانیان بەسەر مۆڵگە رزگارکراوە هەڵدایەوە. ئەم هەنگاوە بوو بەهۆی دامەزراندنی سوپای کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان و بەرەوانی لە سنوورەکانی کوردستان لە پێناو وەدیهاتنی ئاسایشی ناوخۆیی . ئەندامانی ئەو سوپایە ناوی نرا “پێشمەرگە”. ئەمرۆ پێشمەرگە نەتەنیا سەمبۆلی ئازادیخوازی بۆ خەڵکی کوردستان و هێمای مان و نەمانی نەتەوایەتیە بەڵکوو بایەخێکی جیهانیە لە بەرامبەر تیرۆریزم و کۆنەپەرەستیدا، پارێزەری کەڕامەتی مرۆڤە لە بەرامبەر کۆنەپەرەستی و دڕإەندەیی تیرۆریزمە.

لە مێژووی 500 سالەی دابەشبوونی کوردستاندا، بزاڤ و سەرهەڵدانی زۆر سازکراون و لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان خەباتیان کردووە. لە هەموو ئەو سەرهەڵدانانەدا لاوانی کوردستان بە فیداکردنی گەورەترین سەرمایەی ژیانیان ویستوویانە رزگاری بۆ نەتەوەکەیان وەدی بێنن. دوای هەرەسهێنانی ئەو شۆرشانە هەموو شۆرش و هێزەچەکدارەکانیشیان لە ناو چوون. تەنیا دوای دامەزراندنی حیزبی دێـموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی 1945دا و دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو کە هێزێکی سیستماتیک و خاوەن قەوارە دامەزرا کە ئامانجە سەرەکیەکەی پاراستنی مان و نەمانی نەتەوەکەی بوو. ئەم هێزە لە باکوور و رۆژاوای کوردستان وەک گەریلا و شەرڤان دەناسرێت و خاوەنی هەمان ئامانجێکە کە هێزی پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەیە. بۆیە ئێمە دەتوانین بڵێین هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمرۆ لە سەرانسەری کوردستاندا بڵاو بووتەوە و بە بوونی خۆی زامنی سەرەکی پاراستنی نەتەوەی کوردە.

پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە لە مێژووی کوردو کوردستاندا خاوەنی گرینگیەکی تایبەتە. خەباتی پێشمەرگە شوێنداریەکی بەربڵاوی هەیە لە سەر قووڵبوونەوەی خەباتی نەتەوەکەمان لە رووی رێکخراوەیی، سیاسی، فەلسەفەی خەبات و بروابەخۆبوونی تاکەی کورد. ئەم هێزی چەکدارە کە لە بەشداری دڵخوازانەی کچان و کورانی کوردستانەوە پێک هاتوون لە ماوەی 74 ساڵی رابردوودا بە فیداکردنی خوێنی خۆیان بوونەتە هۆی پێکهاتنی پێوەندیەکی سۆزی (عاتفی)، هەستی، کولتوری و خوێنی لە نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا. فەلسەفەی وجوودی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هەر حیزب و رێکخراوێکی کوردستان سازمان درابێت، خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشە: رزگاری کوردستان!پێ

پێشمەرگە تەنیا بەواتای هەڵگرتنی چەک و بەشداری لە شەری چەکداری دا نیە. لە ماوەی 74 ساڵی رابردوودا بە هەزارن کەس بوونەتە پێشمەرگە، پەروەردەکراون و لەو رێگایەوە فێری شێوازێکی نوێی ژیان بوون لە سەر بنەمای فەلرسەفەی خەباتکاری، ژیان دۆستی، ژینگەپارێزی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و یاسامەندیەک کە کەڕامەتی مرۆڤ پارێزرابێت. بۆیە بە بروای من پێشمەرگە تەنیا خەباتکارێک نیە کە ئامادەیە گیانی خۆی فیدای رزگاری نەتەوەکەی بکات، بەڵکوو پێشمەرگایەتی بەواتای شێواز و مێتۆدی ژیانی پێشمەرگانە.

گۆرانی بێژی مەزنی کورد حەمە جەزای کۆچکردوو لە گۆرنای “هۆکاکی پێشمەرگەدا” زۆر جوان سیمای پێشمەرگە شی دەکاتەوە. ئەو سیمایەی ئەمرۆش شانازیە بەباڵی پێشمەرگە: ژیانێکی سادە، بێ غەل و خەش، راستگۆیانە، پاک و دۆستانە، هومانیست و مرۆڤ پەروەرانە.

لە رەوتی خەباتی پێشمەرگایەتیدا گەلێک دیاردە و پێڤاژۆی نوێ لە ناو گەلی کوردا خوڵقاون. هەستی باوەر بەخۆبوون، شکاندنی سنوور و تابووتەکانی ناو کۆمەڵگایەک کە لەسەر بناغەی ئابووری فیۆدالی و نەریتە عەشیرەتیەکان بەرێوە دەچوو، خوڵقاندنی چاند و فەرهەنگی نوێ کە لەودا کچ و کور پێکەوە و لە یەک سەنگەردا دەتوانن بەرگری لە نشتیمان بکەن و بەهێزکردنی هەستی کوردستانیی لە ناو هەموو تاکەکانی کورددا ئەو بایەخانەن کە بەهۆی خەباتی پێشمەرگایەتیەوە گشتگیر بوون و بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی خەلکی کورد.

پێشمەرگایەتی خوڵقێنەری ژیانی یەکسانە لە ناو کۆمەڵگادا. لە رۆژی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە تا ئەمرۆ کچان و ژنانی کوردستان چ وەک پشتیوانان و هاوکارانی پێشمەرگەکان و چ بە شانکردنی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بۆ ئازادی کوردستان و کۆمەڵگایەکی یەکسان لە کوردستاندا خەباتیان کردووە قارەمانەتیان نواندووە. ئەمرۆ کچانی پێشمەرگە و شەرڤانی کۆبانی بوونەتە سەمبۆلی خۆراگری مرۆڤی لەبەرامبەر دڕندەیی و تیرۆر و رەشپەرەستیدا.

فەلسەفەی دیاری کردنی رۆژی 26ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەنەتەوەیی کردنی یەکێک لە نرخ و بەهاکانی هەرە گرنگ و دیاری نەتەوەی کورد واتە “پێشمەرگە” و هەستی خۆراگری و خەباتکاری فیداکارانە دژی ژێردەستی و لە پێناو ئازادیە. پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی ئەمرۆ تەنیا نرخ و بایەخێکی رێکخراوی و سیاسی نین، بەڵکوو پێشمەرگایەتی بووتە بایەخێکی نەتەوایەتی، سەمبۆلی پاراستن، بڕوا بەخۆبوون، مرۆڤ دۆستی و ژینگەپارێزی و فەلسەفەی رێزگرتن لە ژیان و ئازادی و بەها مرۆڤایەتیەکانە.

پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە لە ماوەی 74 ساڵی رابردوودا بە فیدا کردنی گیانی پاکی خۆی نرخێکی گرانی داوە لە پێناو ئازادی و سەربەستی کوردستاندا بۆ ئەوەی پێویست نەکات نەوەکانی داهاتوو گیانیان فیدا بکرێت و ئازادی و کەڕامەتی مرۆڤیان لە مەترسی بکەوێت، تاکو ئەو ئاڵایەی کە پێشمەرگەکان بە خوێنی خۆیان راگرتووە ببێتە سەمبۆلی هەستی سەربەستی و گەشەکردن و پێشڤەچوونی کوردوکوردستان.

رۆژی پێشمەرگە لە هەموو پێشمەرگە و شەرڤان و گەریلاکانی کوردستان پیرۆز بێت.

وەرگیراوە لە فەیسبووکی نووسەر

نویترین هەواڵ و بابەت