"an independent online kurdish website

ساڵی ١٣٦٥ پۆلی دووی دواناوەندی (دەبیرستانم) دەخوێند لە ورمێ، ئەوکات ئەندامی نهێنی ناو شار بووم.

بە بۆنەی ٢٦ سەرماوەز لە لایەن تەشکیلاتی حیزبەوە لە کۆمیتەی ورمێ بۆ ئێمە تراکت، دروشم و باندرۆلی گەورە ناردرابوو. ئێوارەی ٢٥ی سەرماوەز باندرۆلەکەم هەڵگرت و بەرەو تەنیا قوتابخانەی بەند کە قوتابخانەیەکی گەورە و حەوشێکی گەورەی هەبوو چووم. لە لای پشتی قوتابخانەکە جادەی ورمێ – مەرگەوەر و تەرگەوەر دەچوو. منیش باندرۆلەکەم برد بۆ ئەوەی بە دیواری بەرەورووی جادەکە بدەم بۆ ئەوەی رۆژی دوایە هەمووکەس ببینێت. کاتێک لە دیوارەکە چوومەسەر لە سێ رێیانەی جادەی کۆنی بەند و جادە نوێیەکەوە دوو پاسدار بەرەو لای من دەهاتن. لە ترسان خەریک بوو دڵم لە زارم دەرکەوێت، ئیتر دەمزانی دەگیرێم و رێگای دەربازبوونم نیە. ئەوکات چیرۆکێکیم خوێندبووە بەناوی “موراد” کە باس لە ژیانی کورێکی جەزایری دەکات و کە چۆن بۆرزگاری پارتیزانە سەربەخۆیی خوازەکانی جەزایر خۆی فرێدایە ژێر تانکی فەرانسەوی و بەشەهید بوونی خۆی بوو بە هۆی رزگاری ئەوان. لەو ساتەدا قارەمانی چیرۆکەکەم بەیارمەتی مندا هات و بریارم دا لە دیوار نەیەمە خوار و ئەگەر تەقەم لێ بکەن با هەر بە دروشم و باندرۆلەکەوە شەهید بم. لەو بیر کردنەوەیدا بووم و هەوڵم دا بە جوانترین شێوە باندرۆلەکەم بە دیوار بنووسێنم کە ماشێنێک هات پر لە شەکەری قاچاخ. کاتێک پاسدارەکان خەریکی پشکنینی ماشێنەکە بوون من خۆم فرێدا و لە خۆشیان نەمدەزانی چۆن

رۆژی دوایی دروشم و تراکتەکانم بردە شاری ورمێ، بەیانی زوو بەرلە هەمووکەس خۆم گەیاندە دەبیرستانی مصطفی خمینی کە نزیک دەروازەی ورمێ بوو و پەدافەندێکی دژی هەوایی لەسەری دانرابوو. لە دیواری حەوشەکە چوومە ژوورێ و لە رێگای پەنجەرەی ژێرزەمینی دەبیرستانەکەدا چوومە سالۆنی ئیمتحانەکان کە ئەوکات ئیمتحانی سێ مانگی یەکەم بوو. دروشمەکانم لە سەر هەموو مێزەکانی سالۆنی ئیمتحان دانا و زۆر دروشم و وێنەی دیکە کە لەوانە وێنەی شەهید باقی بوو لام مانەوە. بۆ ئێوارە درەنگ من و هاوپۆلێکم بەناوی ن. ا پێکەوە گەراینەوە و نەختێک لە دروشمەکانم لە مزگەوتی بازارباشی ورمێ بەجێ هێشت. کاتی گەرانەوە بەرەو گوند، بەرلە پێچێ ئاوێنەی بەند مینیبووسێک کە ئێمە تێدا بووین لە گەل کۆمپرێسێک رووداوی هاتووچۆیان ساز کرد. ئەوەی لە پێشی پێشەوە دانیشتبوو دوولاقی دەرپەرین. من دوو ددانی پێشەوەم چوونە ناو زگم و لای چەپی لێوم دڕا. خوێنێکی زۆر لێم دەهاتەوە. کاتێک ئامبۆلانس هات لە ترسی ئەوەی کە نەوەک تراکتەکان لای من بگرن خۆم وا نیشاندا کە هیچم لێ نەهاتووە و بریندار نەبووم، بۆیە لە گەل “ن.ا” خێرا بەرەو گوند بە پییان چوون. ن.ا چوو بۆ ماڵی خۆی و منیش رووم کردە کێوی پشت گوندی بەند بۆ ئەوەی تراکتەکان بشارمەوە. لە رووداوەکەوە تا شاردنەوەی تراکتەکان زیاتر لە سێ کاتژمێر تێپەریبوو. کاتێک چوومە ماڵ ئیتر زۆر درەنگ بوو و باوکی کۆچکردووم قەت رێگەی نەدەدا لە شەشی ئێوارە درەنگتر بێمە ماڵ. باوکم بە گۆپاڵێکی ئەستوور چاوەروانی من دەکرد کە تەمبێم بکات، بەڵام کە خوێنەکەی زاری منی بینی قسەیەکی بۆی نەکرا و منیان بەشەو بردە نەخۆشخانەی ورمێ.

لە نەخۆشخانە بەهۆی ئەوەی برینداری دیکەی زۆری لێ بوون کە بەشی زۆریان برینداری شەر و رووداوەکانی هاتووچۆ بوون، بەبێ ئەوەی کە سڕ بکرێم برینەکەمیان تەقەڵ کرد. خۆشیەکەی لەوەدا بوو کاتێک تەقەڵ دەکرام، براکانم کە لە گەڵم هاتبوون بە جیاتی من هاواریان دەکرد. دوای تەواو بوون سمایلی برام وتی: تۆ چ جەرگێکت هەیە کە هیچ دەنگت نەکرد! لە دڵی خۆمدا وتم،” نازانی لە چی رزگارم بووە. ئەمە هەر هیچ نیە.” رۆژی دوایی نەمتوانی برۆمە قوتابخانە و ئەمەش یەکەم جار بوو تا ئەوکات لە ژیانی خوێندنی خۆمدا لە فێرگە بمێنمەوە.

رۆژی دواتر نازمی فێرگە، ئەفسەری نیگابانی پەدافەند، بەرپرسی خاوێنکاری فێرگە و کورە جاشێک کە خەڵکی تەرگەوەر و ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامی مەدرەسەبوو گیران و تا ماوەیەکی نادیار زیندانی بوون. لە ناو فێرگەکەشمان دەنگۆی ئەوە بڵاو ببووە کە گۆیا شەو هێزێکی زۆر پێشمەرگە بەچەکەوە هاتوونە ناوشار و ئەو دروشمانەیان بڵاو کردۆتەوە.

مەجید حەقی

16/12/2019

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی