"an independent online kurdish website"

لەڕاستیدا پێشمەرگە و خەڵک لێكدانەبڕابوون بەڵكوو شێوەی خەبات گۆڕینی بەخۆوە بینیبوو.

بەو مانایە كە لە جیاتی خەباتی بەرگری چەكدارانە لەسەر بەهێزكردنی تەشكیلاتی ڕێكخراوەیی و پەروەردە و بارهێنانی ئەندامان و بەنێونەتەوەیی كردنی زیاتری پرسی كورد لە نێو كۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا كاری دەكرد.

ڕاستە حزووری فیزیكی پێشمەرگە وەک پێشتر نەبوو بەڵام سیاسەت و ڕێبازی فكری حیزب لەسەر دەستی ئەندامانی ناوخۆ و لە ژێر ڕێنوێنی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموكرات بەردەوام لەنێو خەڵکی كوردستاندا شەپۆلی دەدا تا ئەوەی ڕاسان لەدایك بوو.

ئەوەش بەو مانایە دێت کە هێزە بنگەییەکەی ڕاسان خەڵکی ڕۆژهەڵاتە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش ورەبەخش و پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتە. ئەو قۆناخە نوێیە لە خەبات کە ئامانجی لێک گرێدانی خەباتی شار و خەباتی شاخە، زۆر ڕەهەندی هەیە و بەرچاوترینیان ڕەنگە هەمان نوێکردنەوەی دیداری پێشمەرگە و خەڵکی ڕۆژهەڵات بێ کە پێشوازی گەرمی خەڵک ئەو ڕاستییەی سەڵماند.

بەڵام گرنگی ڕاسان لە ئێستادا کە دەبێ چی بێ یان بەگشتی ئەرکی هێزێکی سیاسی نەتەوەیی و ماف ویست و ئازادیخواز و دێموکڕات وەک حیزبی دێموکڕات لە ئێستادا چییە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر فاکتەری ناوچەیی و جیهانییەوە وپەیوەستە بە هەلومەرجی ناوخۆیی کوردستان و ئێرانەوە. لە سیستەمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکاندا جووڵانەوە ناڕازی و بزووتنەوە مەدەنییەکان زەحمەتە ببنە هێزی جێگرەوەی ڕێژیم هەرچەندە زەمینەکان بۆ ڕاپەڕینی سەرتاسەریش فەراهەم بکەن. جا ئەگەر ئەو سیستەمە ڕەفتارداگیرکەر و فاشیستیش بێت و خاکی کوردستان بە هی خۆی بزانێت ئەوا خەباتی شار و تەوژمی شەقام ئەگەر بەهێزیش بێت بەرگەی سەرکووتی ڕێژیم ناگرێت. لێرەدایە کە دەبێ هاوتەریبی شار کە زەمینەی سەرهەڵدان و ڕێکخستنی شەقام فەراهەم دەکات، پێویستە کە خەباتێک لە شاخ وەک هێزی پاڵنەری خەڵک و ڕاماڵینەری ڕێژیمی ڕەفتار داگیرکەر حزووری هەبێت. ئەو هێزە لە شاخ بە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوچەیی و فاکتەرە دەرەکییەکانی دیکە بە هەستیارییەوە دەبێ هەنگاو بنێ و بە کەمترین زیان لەو هاوکێشەیەدا بتوانێ بەرژەوەندی و سەرکەوتنی گەورە بۆ کوردستان بێنێتە بەرهەم.

گرنگییەكانی ڕاسان:

– بەهێزكردنی ڕۆحیەی بەرگری و ئیرادەی خۆڕاگری بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی ڕەفتار داگیركەر.

– لەخۆگرتن و ڕێكخستنی لاوانی كوردستان لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بۆ درێژە دا ن بە خەبات و لەهەمان کاتیشدا تا لە داوی ڕێژیم و هێزە بناژۆخوازەكان بەدوور بن و ڕاكێشی ئەوێ نەكرێن.

– دۆخی شڵەژاو و ئاڵۆزی ناوچە كە دەوری كوردستانی تەنیوە ئەوە دەخوازێ كە هێزێكی بەپرەنسیپی باوەڕمەند بە دێموكڕاسی و مافەكانی مرۆڤ بتوانێ پارێزگاری لە موڵكی گشتی و سامانی خەڵکی كوردستان بكات لە ئەگەری سەرهەڵدان و ڕووخانی ڕێژیمدا.

– لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕاسان سەرنجی كۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بۆ لای خۆی ڕاكێشایەوە و پرسی كوردی خستەوە ڕۆژەڤ.

– كورد لە باشووری كوردستان داوای سەربەخۆیی بەرز كردەوە كە لەلایەن وڵاتی عێڕاق و دراوسێیەکانەوە بە تووندووتیژی وەڵام درایەوە و ڕێفڕاندۆم سڕ کرا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای كوردستان هاتە كایەوە كە لەشكركێشی توركیەی بەدوادا هات، و باكوری كوردستانیش دەرەنجامی پڕۆسەی ئاشتی شكستی هێنا كوردەكان دیسان خەباتی شاخیان هەڵبژاردەوە، ئەوەش پێمان دەڵێ دەوڵەتانی ڕەفتارداگیركەری كوردستان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ خواست و داوا ڕەواكانی گەلی كورد بەشێوەی مەدەنییانە نییە بەڵكوو هەوڵی سڕینەوەی دەدات و مافی بەشداری سیاسیی و هابەشی لە دەسەڵاتی وڵاتدا پێ ڕەوا نابینێت.

– کوردستانی ڕۆژهەڵات تەنانەت لە کاتی نەبوونی خەباتی چەكداریشدا زیاتر میلیتاریزە كرا و لە خەڵكانی خۆجێیی هێزگەلی نیزامی و ئەمنییەتی جۆربەجۆریان لە ڕاستای خزمەت بە ڕێژیمی ئاخوندیدا درووست كرد كە كوردستانی كردبۆ سەربازگەیەكی گەورە.

– لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئاخوندی هیچ چەشنە كرانەوەیەكی بەڕووی ئازادی و مافە سیاسییەكانی گەلانی ژێر دەسەڵاتی (ئێران)ەوە بەخۆیەوە نەبینی و بەڵكوو تەنانەت بزووتنەوەی لایەنەکانی نزیك لە خۆشی لە ئێران لەگەڵ سەركووت و تووندووتیژی بەرەوڕوو كردەوە.

– لە كوردستانیش زۆرینەی ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییە كوردییەكان یان داخران یان سنووردار كران و چالاكوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزان كەوتنە زیندانەكانەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانییش هەر لە خزمەتی سیاسەتەكانی ڕێژیمدا بەڕێوەدەچوو ئێستاش هەر بەم شێوەیەیە.

دانیار

نویترین هەواڵ و بابەت