"an independent online kurdish website

لە ڕۆژانی سەرەتای مانگرتنەکە شوڕای پەنابەران بە گرتنی چەندین کۆبونەوە و بەشداری بەرچاوی پەنابەران ئامانجی مانگرتنەکە

و بەرنامە و ڕیکارەکانی داهاتویان بۆ مانگرتوان باس دەکرد و پەنابەرانیش بە گەرمی بەشداری باس و خواسەکان دەبوون. کۆی گشتی بیر و بۆچوونەکان گەڵاڵە دەکران و وەک بەرنامەی کار کەڵکیان لێوەر دەگیرا و هەو بەشەی بە سەر چەند تیم و دەستەدا دابەش دەبوون و پێ و شوێنی کارەکانیان دەگرت.

لە نێو پەنابەرانیش دا هەبوون دۆست و ناسیاوی دەست ڕۆیشتویان لە نێو دام و دەزگای حکومەتی دا دەناسی ولە هەر کەلێن و قوژبنێک کەسێکیان شک ببردایە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنەکە بێ سێ و دوو هانایان بۆ دەبرد و نوسراو و بڵاو کراوەکانی کەپرستانی پەنابەرانیان دەگەیاندە دەستیان هەموانیان لێ ئاگادار دەکردوە .

هەوڵ و تێکۆشانی شوڕا و هاوکارە پەنابەرەکانیان لە ماوەی مانگی یەکەم دا توانی دەیان و سەدان کەس لە دامودەزگای حکومی و حیزبی و ڕێکخراوی مەدەنی لە وەزعی خۆی بە ئاگا بێنێتەوە و بە دوای خۆیدا لافاوێک لە پشتیوانی و هۆگری بۆ خۆی بدۆزیتەوە کە سەردانی دەیان و سەدان کەسایەتی حیزبی و نوێنەری حکومی بۆ سەردان لە کەپرستانی پەنابەرانی بە دوا خۆی دا هێنا. هەر چەند ئەو پشتیوانی و بەدەنگەوە هاتنانە و گەورەتر بوونەوەی پرسی پەنابەران لە لایەن بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە مایەی دڵخۆشی نەبوو.

هەمو ئەو وەفد و ڕێکخراوانەی دەهاتنە سەردانی پەنابەران پشتیوانی خۆیان بە وتە و بە نوسراو بە پەنابەران ڕادەگەیاند و زۆر جاریش بە هێنانی کەل و پەل و خواردەمەنی هاوکاری پێویستیان دەدان. مانگرتوان شەوانیش لە شوێنی خۆیان دەمانەوە و بەر دەگای یوئن چۆڵ نەدەکرا.

شوێنی مانگرتنەکە بە شێوەیەک بوو کە ڕۆژانە هاتووچووی بەرپرسان و بەڕیوەبەرانی ئیدارەی پەنابەران بە نێویاندا گوزەری دەکرد و لە نزیکەوە وەزعی پەنابەرە مانگرتوەکانیان بە چاوی خۆیان دەبینی، نوێنەری پەنابەرانیش ماوە ماوە لە گەڵیان دادەنیشت و ئەوانیش ڕایاندەگەیاند کە پرسی ئێوەمان لە گەڵ بەرپرسانی سەروی ئیدارەی پەنابەری لە بەغدا و ژنێو باس کردوە و لە هەوڵ داین. هەر چەند چارەسەری گرفتەکەتان لە سەڵاحیەتی ئێمەدا نیەو پێویستی بە بڕیاری کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانەوە هەیە لە ژنێڤ.

ئاغای لینۆ بەرپرسی ئیدارەی پەنابەران لە هەولێر چەند جارێک باسی لەوە کردبوو کاتێک لە گەڵ وەفدی بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دادەنیشم و گرفتی پەنابەرانیان بۆ باس دەکەم، هەمێشە وتوومە ئەم خاڵە گرفتی ئەو پەنابەرانەیە کە لە حیزبەکانی ئێوە ئەندام بوون. بەڵام ئەوان بە دەوری دایرەکەدا هەڵدەسوڕێن و لە هەدەفەکە دوور دەکەونەوە .

مانگرتن شەوق و زەوقێکی تایبەت بە خۆشی هەبوو لە گەڵ ئەوەی بێ چەرمەسەری و موشکلەش نەبوو، جار و بار هێندێک لاو لە یەک عاجز دەبوون و بە یەک دا هەڵدەپڕژان لە سەر و گوێلاکی یەکدیان ڕادەکێشا، جارو باریش قسەی خۆش و گۆرانی مەجلیسی شەوانەیان گەرم دەکرد.

موساحبەیەک هەبوو پێیان دەوت موساحەبەی سێهەم یان (ئاڕ ئاڕ ئێف) منیش بابەتێکم لە سەر نووسی و دام بە مامۆستا پەیمان و لە حەوتوونامەی مان دا بڵاو کرایەوە، بۆ بەیانیەکەی دیتم وتی ماڵت بە قوڕ نەگیرێ ئەرێ وەڵا، وتم چێ بووە؟ وتی بە شەرەفم ئەمشەو تایری مام شەریف نەیهێشتوە دەقیقەیەک بخەوم لە سەر ئەو نوسراوەی تۆ تا بەیانی مەحکمەی کردووم، وتم باشە چی خراپی تیایە؟ وتی نەوەڵا. کاکە پێم حاڵی نەدەبوو هەر من ماناکەیم بە باشی بۆ باس دەکرد و ئەو لایەنی مەنفی دەگرت و وازی نەدێنا.

لە مانگی یەکەم دا ئەم سەردان و پشتیوانیانە گەیەندرانە کەپرستانی پەنابەران کە لە کاتنامەی مان دا ئاوا نوسراون

هەئیەتێکی پارلمانی کوردستان بە سەرپەرەستی دوکتور ناسیح غەفور رەمەزان سەردانی پەنابەرانی کرد.

پەیامنێری ڕۆژنامەی الزەمان سەردانی پەنابەرانی کرد و لە ڕۆژنامەی الزەماندا بە تیتری گەوەر نوسیویەتی، ٢٠٠٠پەنابەری سیاسی کوردی ئێرانی لە بەر دەرگای کۆمیساریای پەنابەران لە هەولێر مانیان گرت.

حیزبی کۆمونیستی کڕێکاری عێراق لە سەر مانگرتن بەیاننامەیەکی دەرکرد.

یەکیەتی قوتابیان مانگرتوانیان بە سەر کردەوە.

سەردانی هەیئەتیی ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعی کوردستان بۆ لای پەنابەران.

کۆبونەوەیەک لە نێوان، ئەکرەم مەنتیک پاریزگاری هەولێر و مێهدی خۆشناو جێگری پاریزگار و خاتوو یاسمین جێگری ڕێکخراوی یوئن و کەریم فەرخەپوور بەرپرسی شوڕای پەنابەران و تیمەکەی لە پاریزگای هەولێر بەڕێوە چوو.

وڵامی دەفتەری کاری جۆرج بۆش سەر کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا بۆ مانگرتاون بەمشێوەیە بوو.

سەبارەت بە ناردنی ئیمیل بۆ سەر کۆمار، سوپاستان دەکەین، بەڕێزیان داواکاری ئێوەی بە لاوە زۆر گرنگن. کاربەدەستانی سەرکۆمار بە داواکانتان ڕادەگەن.

لە حەوتو نامەی ( مان) دا دەیان بابەتی سەرنج ڕاکیش دەبیندرێ .

دوو منداڵ لە جەرەیانی مانگرتنەکەدا بە ناوەکانی ( دووریا) و( تەنیا) لە دایک بوون، خامە بەدەستان شێعریان بۆ منداڵان دەهۆنیەوە وەک ئەم پارچە شێعرەی خوارەوە

من منداڵێکی ساوام —– خۆشی ژیانە داوام

ناسک و بێگەرد و جوانم —- لە ڕیزی مرۆڤانم

یوئن جواب ناداتەوە —– خەونوچکە دەمباتەوە

ئینسان دۆستان ئاواڵان —– کوانێ مافی منداڵان

دایک و بابم نەدارن—– لە ئاست من بەرپرسیارن

ئەوانیش بێ تاوانن—– پەڕیوەی هەندەرانن

هیچ شتێکی شک نابەن—– بۆیە بە من ڕاناگەن

کێ لە ویژدان دەترسێ—– با لە ئێمە بپرسێ

بەشی 1 

درێژەی بابەت لە بەشی ٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی