"an independent online kurdish website"

ئه‌وه‌ی هوشیاره‌ ئا له‌م زه‌مانه‌  

بۆ خۆی خاوه‌نی ژین و سامانه

دڵه‌ ده‌شێت به‌، ده‌ستم به‌ دامان

شێتیش بۆ ئێمه‌ ژین و هه‌م سامان!

**

پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه‌ ناو باسه‌که‌ با پێکه‌وه‌ ئه‌و دوو بابه‌ته‌ بخوینیه‌وه‌:

بابه‌تی یه‌که‌م:

{یه‌کێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان

مه‌کته‌بی ته‌نفیزی

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا

ژماره‌ 1022 – به‌روار 4/12/2019

(حوکمی سه‌رکه‌وتنی ئافره‌ت به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌کسی و حوکمی ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ شوفێره‌که‌ وه‌ریدهگرێت

به‌هۆی زۆربوونی رووداوی ناشه‌رعی و جه‌ریمه‌ و تاوانی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ بوونی پرسیار له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ حوکمی سه‌رکه‌وتنی ئافره‌ت به‌ته‌نها، له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌کسی و گه‌یاندنی بۆ جێگای مه‌به‌ست، هه‌روه‌ها حوکمی ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ شوفێره‌که‌ وه‌ریده‌گرێت؛ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم له‌ به‌رواری 19/11/2019 له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ڕه‌وشی به‌رزی موسڵمانه‌ و دابونه‌ریتی جوانی کوردانه‌وه‌، ئیستغلال نه‌کردنی ئه‌م کاسبییه‌ شه‌رعیه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک که‌سی نابه‌رپرسه‌وه‌ ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

1 – ده‌رچوونی ئافره‌ت له‌ته‌ک مه‌حره‌می خۆیدا هه‌ر کاتێک بێت بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ک بێت دروسته‌ و شایسته‌یه‌و ئه‌صل وایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیت.

2 – ده‌رچوونی دوو ئافره‌ت یان زیاتر بۆ کاری پێویست وه‌ک ده‌وام و خوێندن و کار و هتد… دروسته‌ و هیچ گرفتێکی شه‌رعی نییه‌ چونکه‌ خه‌ڵوه‌تی شه‌رعی په‌یدا نابێت.

3 – ئه‌گه‌ر شۆفێره‌که‌ ئافره‌ت بوو دروسته‌ ئافره‌تی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وێت، به‌ڵام شۆفێری‌ ئافره‌ت دروست نییه‌ نه‌فه‌ری پیاو هه‌ڵگرێت.

4 – دروسته‌ ئافره‌ت ئه‌گه‌ر له‌ نه‌فسی خۆی دڵنیا بوو له‌ برا شۆفێره‌کیش دڵنیا بوو له‌ پشته‌وه‌ی تاکسی سه‌ربکه‌وبێت بۆ کاری پێویستی خۆی.

5 – هه‌ر کاتیک ئافره‌ته‌که‌ یان شوفێره‌که‌ یان هه‌ردووکیان له‌ که‌وتنه‌ نیو داوی گوناهوتاوان و کاری ناشه‌رعی له‌ خۆیان ده‌ترسان، به‌ هه‌ر هۆیه‌ک بێت؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوای سه‌رکه‌وتنی ئافره‌ته‌که‌ش بێت بۆ ناو ئۆتۆمبیله‌که‌؛ پێویسته ئافره‌ته‌که‌ له‌گه‌ڵ شوفێره‌که‌ سه‌رنه‌که‌وێت و‌ داببه‌زێت، یان شوفێره‌که داوای دابه‌زینی لێ بکات ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌که‌ دانه‌به‌زی پێویسته‌ ده‌مه‌وده‌ست شوفێره‌که‌ دایبه‌زێت و نه‌یگه‌ێنێت.

6 – پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ شه‌وان به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌م تاکسی ده‌رنه‌چێت مه‌گه‌ر دڵنیا بێت و بۆ کارێکی زۆر پێویست و زه‌روری.

‌7 – پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار و ئاوه‌دانی ده‌رنه‌چێت.

8 – سه‌باره‌ت بهو‌ کرێیه‌ی که‌ خاوه‌ن ته‌کسییه‌که‌ وه‌ریده‌گرێت حه‌ڵاڵه‌ ئه‌گه‌ر نه‌که‌وته‌ ناو حه‌رام یان کاره‌که‌ی به‌کار نه‌هێنا بۆ به‌دوا که‌وتنی کاری ناشه‌رعی). خوای گه‌وره‌ هاوکاری دڵسۆزانه‌.- ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا 19/11/2019}.

ئه‌م بابه‌ته‌ نووسراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر‌ هه‌ڵه‌یه‌کم کردبێت داوای لێبوردن ئه‌که‌م!

بابه‌تی دووهه‌م:

{قاهیره ‌… له‌ ئه‌زهه‌ر خولی رۆشنبیری پێشنوێژو وتارخوێنان ده‌ستی پێکرد

به‌رواری دابه‌زاندن: 17/11/2019 : 22:24:35

{ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 17/ 11/ 2019  به‌ ئاماده‌بوونی دکتۆر عه‌بدوڵا وه‌یسی سه‌رۆکی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان خولێکی رۆشنبیری بۆ (24) بیست و چوار که‌س له‌ پێشنوێژو وتارخوێنانی کوردستان ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد، خوله‌که‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت و تێیدا چه‌ندان سمینارو وتاری تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تووندڕه‌وی پێشکه‌ش ده‌کرێن، ئه‌وه‌ سه‌رباری په‌ره‌پێدانی تواناو کارامه‌ییه‌کان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنێکی ئاقڵانه‌و تێگه‌یشتنێکی دروست بۆ پێشهاته‌ نوێکان، سمیناره‌کانیش له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێك له‌ گه‌وره‌ زانایانی ئه‌زهه‌رو شاره‌زایانی بواری میانڕه‌وی ئه‌نجام ده‌درێن. هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دکتۆر محه‌مه‌د نه‌بیل عه‌بدولفوزه‌یل ئه‌لقوصی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گه‌وره‌زانایان و به‌ڕێز ئوسامه‌ یاسین جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی رێکخراوی جیهانی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر له‌گه‌ڵ مامۆستایانی به‌شداربووی خوله‌که‌ کۆبوویه‌وه‌و وێڕای گفتوگۆکردن به‌ وردی گوێی له‌ سه‌رنج و راکانیان گرت. هه‌روه‌ها هانیدان بۆ زه‌رووره‌ت و پێویستی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کان له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ تۆڕی ئینته‌رنێت، چونکه‌ کاریگه‌ری روون و راسته‌وخۆی به‌سه‌ر تێڕوانین و ئه‌قڵ و ئاراسته‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تیش بۆ گه‌نجان، هه‌روه‌ها قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرد چۆن ده‌توانین سوود له‌ ته‌کنه‌لۆژیا وه‌ربگرین له‌ پێناوی گه‌یاندنی په‌یامی دروستی ئیسلام. له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئوسامه‌ یاسین جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی رێکخراوه‌که‌ ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ رێکخراوی جیهانی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر ده‌ستی هاوکاری بۆ زانایانی کوردستانی عێراق درێژ ده‌کات ئه‌مه‌ش وه‌ك خزمه‌تکردنێك له‌پێناوی هێنانه‌دی ئه‌و په‌یامه‌ی رێکخراوه‌که‌ی بۆ دامه‌زراوه‌ که‌ خۆی له‌ خزمه‌تی ئیسلام و مسوڵمانان ده‌بینێته‌وه‌. دکتۆر عه‌بدوڵا وه‌یسی سه‌رۆکی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سوپاسێکی گه‌رمی ئه‌زهه‌ری شه‌ریفی کرد به‌تایبه‌تی به‌ڕێز ئیمامی ئه‌کبه‌ر شێخی ئه‌زهه‌ر به‌رامبه‌ر چاودێریکردنی خوله‌که‌، ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ له‌ پێویستی کردنه‌وه‌ی ئه‌م خولانه‌ له‌پێناوی ئاڵوگۆڕی کلتوری و مه‌عریفی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانایانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف و یه‌کخستنی هه‌وڵ و کۆششه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فیکری توونئاژۆیی، هه‌روه‌ها رۆڵی مه‌زنی زانایانی ئایینی ئیسلامی له‌ کوردستان روونکرده‌وه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌سه‌تیه‌ت و میانڕه‌وی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی ئیڕهاب و تیرۆر. … شایانی باسکردنه‌ رێکخراوی جیهانی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر ئه‌م خوله‌ی تایبه‌ت به‌ پێشنوێژو وتارخوێنانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامداوه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌ میانی په‌یامی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌سه‌تیه‌ت و لێبوورده‌یی ئایین و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌ڕگیڕی و تووندڕه‌وی.) سه‌رچاوه‌: (www.zanayan.org)}.

**

کۆمه‌ڵگای بێ (ده‌ستوور و یاسا)

ئه‌و دوو بابه‌ته‌ هی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانه‌ که‌ وا له‌ (چوارچێوه‌ی ئێراق)دا،‌ پاش وه‌رده‌رنانی ده‌وڵه‌تی ئێراق له‌ کوه‌یت و راپه‌ڕین به‌ دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و کۆڕه‌وه‌ میژوویه‌که‌ و دیاریکردنی ناوچه‌ی (36) ده‌رجه‌ و ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ساڵی (1992) – ئه‌و (ناوچه‌) به‌ناوی (هه‌رێمی کوردستانی ئێراق) له‌لایه‌ن دوو رێکخراوه‌ به‌ ناوه‌کانی:

(پارتی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراق)

(یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان)

به‌ڕێوه‌ ئه‌برێ، ئه‌و دوو رێکخراوه‌ له‌ پاش نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام له‌ ساڵی (2003)دا هه‌م خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌کی دارای مه‌زن و هه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ن‌ بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا‌ که‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن به‌داخه‌وه‌ ئه‌و‌نده‌یان هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تی نه‌کرده‌ ده‌موده‌زگایه‌ک دامه‌زرێنن که‌ به‌پیی ده‌ستوور (قانوون) کار بکات و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ کاره‌کان ئه‌نام بده‌ن.  

له‌ ئه‌مڕۆدا، ئه‌مڕۆی ساڵی (2019)دا که‌ مرۆڤ به‌ هیزی (زانست)، زانستی (هزر و بیری خودی خۆی) له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا گه‌شه‌ی کرده‌ و به‌ هێزی ئه‌و زانسته‌ گه‌یشتته‌ گوی (مانگ) و (مریخ) و به‌ نیازه‌ له‌ وێشه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌ نادیاره‌کانی که‌هکه‌شان بڕوات، به‌داخه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌ک به‌ناوی (زانایانی ئیسلامی کوردستان) سه‌باره‌ت به‌ ژیانی ئه‌مڕۆی مرۆڤ له‌ کوردستان که‌ (چۆن بێن و بڕۆن، چی بکه‌ن و چی نه‌که‌ن) بڕیار ئه‌ده‌ن.

ئه‌و زانایانه‌ زانیارییه‌کی وه‌هایان سه‌باره‌ت به‌ ژیانی مرۆڤ له‌ جهان به‌گشتی و کوردستانیش به‌تایبه‌تی نییه‌ که‌ چه‌نده‌ دژواره‌ و سه‌خته‌ و به‌ چ جۆرێ (بژیوی ژیانی) دابین ئه‌کات و له‌ پێناو ئه‌و ژیانه‌دا ژن و پیاو، پیر و لاو‌ به‌ په‌له‌پڕوزێ و هه‌ڵه‌داوان ئه‌بێ خۆیان بگه‌یننه‌‌ شوێنی کار له‌ (کارگا و کارخانه، له‌ قوتابخانه‌ و‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ مووچه‌ و مه‌زرا و باخ و دووکان….)، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی خۆیدا بتوانن بگه‌نه‌‌ ئه‌و شوێنانه‌ ئه‌بێ سوود له‌ (پاسکیل)، (ماتۆرسکلێت)، ‌(ته‌کسی)، ‌(پاس)، قه‌تار (شه‌مه‌نه‌فه‌ر) وه‌رگرن و ئه‌م پاس‌ بگۆڕن به‌و پاس‌، ئه‌م قه‌تار بگۆڕن و به‌و قه‌تار… تا بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست و کاره‌کان له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجامده‌ن تا کاروباری کۆمه‌ڵگا دوا نه‌که‌وێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ {(زانایانی ئیسلامی کوردستان) و (ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا)} رێگه‌ و شوێن بۆ تاکی کورد دیاری ئه‌که‌ن زانیارییه‌کی وه‌هایان نییه‌ بتوانن (وتارێ) بده‌ن و (پێش نوێژی) بۆ چه‌ن که‌س بکه‌ن، ئه‌بێ به‌ پاره‌ و پۆڵی (کوردی هه‌ژار) بڕۆن بۆ (قاهیره)‌ تا فێربن! ئه‌وه‌یش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئایینی ئیسلام زیاتر له ‌(1000) هه‌زار ساڵه‌ به‌ زه‌بری شمشێر… سه‌پاوه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا و تاک تاکی ئێمه‌ی کرده‌ به‌ کۆیله‌، کۆیله‌یه‌ک که‌ نازانین کڕنۆش (سوجده‌) له‌به‌ر (چی) و له‌به‌ر (کێ) ئه‌به‌ین!

ئاێا (به‌ڵا) له‌وه‌ گه‌وره‌تر و کاره‌سات له‌وه‌ سامناکتر ئه‌بێ که‌ که‌سانی وه‌ها بێن رێگه‌ و شوێنت بۆ دیاری که‌ن؟

به‌و هیوای ئه‌و رۆژه‌‌ هۆشمان بێته‌وه‌ سه‌رخۆ و زانستی راسته‌قینه‌ بکه‌ین به‌ چرای ژیانی (ناو‌ تاریکستانی ئه‌مڕۆمان)!

به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌ زانایانی راسته‌قینه‌ی بواری زانستی (ئه‌مڕۆ) ببه‌ن به‌ (رابه‌ر و رانمامان) تا له‌ ژیانی کۆیلایه‌تی ده‌رباز ببین!

**

ئه‌ڵێن ئیبراهیم كه‌شفی خودای كرد

بوتخانه‌ی رمان خه‌ڵكی ئازاد كرد

به‌ڵام، بۆ مرۆڤ ئه‌و‌یش هه‌روه‌ها

بوتێ زۆر گه‌وره‌ و به‌سامی ساز كرد!

**

سه‌عی سه‌قزی

26/12/2019

sai.saqzi@gmail.com

نویترین هەواڵ و بابەت