"an independent online kurdish website

چەواشاکردنی ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی پاروە نانێكیدا،

بە دڵنیایەوە ناچێتەی خانەی خزمەت بە گەل و وڵات و بەتەنیا ئەو کەسانە ڕیسوادەبن کە قەڵەمەکەیان دروێنەی درۆینەی پێدەکەن لە پێناوی لووقمێکی چەوردا.

بەڵکوو ڕێك پێچەوانەکەی لێ دروێنە دەکرێتەوە و حیزبی دێمۆکڕات بە دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان و شەکاندنەوەی ئاڵای پێرۆزی کوردستان لە سەر دەموودەزگا حوکمی و حیزبیەکاندا، شانازیەکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی تۆمارکرد و هەرگیز ئەو ڕابردووە پڕ لە سەروەریە بە پارە و قەڵەمفۆرشی گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەو کەسانە بە دەستی ئانقەت دەقە مێژوویەکان دەگۆڕن و ئەو کارەش بێگوومان ناچێتە خانەی خزمەت بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆشیەوە هەتیوو نیە و تێکۆشەری ئەو تۆ سیاسی و مێژووزانی تێدا هەڵکەوتووە کە ڕێگا لە لارییە سیاسی و مێژوویەکان بگرن و بە هەوڵ و زانستی حەکیمانەیان هەوڵە شکەست خواردوەکانیان وەك بڵ قی سەر ئاو لێ بکەن و ڕێگری لە شێواندنی مێژووی ئەو بەشەی وڵات بگرن.

ئەو کەس و لایەنانەی هەوڵی بەراوەژووکردنەوەی ئەو ڕووداوانە دەدەن، جگە لە گێچەڵ فرۆشی بە هەستی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، غەدر کردنی لە جووڵانەوەی سیاسی ئەو بەشەی کوردستان بێگوومان دەسکەوتێکی تریان نابێت و لە کۆتایدا ریسوای نەبێت بۆیان نامێنێتەوە.

بە خۆشیەوە وشیاری خەڵك بە ئاستێك گەیشتووە، کە بە تەواوی بەرچاویان ڕوونە و باش شارەزای سیاسی و مێژوویان لە سەر قۆناغە جۆربەجۆرەکانی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتدا هەیە و کرۆکی دەق و ڕووداوە سیاسیەکان بە کەس دەست کاری ناکرێن. مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە و تۆمارکراوە، ڕەنگە لە نووسراو یان پەرتووك هەوڵی چەواشاکردنی بدرێت، بەڵام ڕاستی و دروستی ڕووداوەکان ئەوەیە کە لەسەر دەستی تێکۆشەرانی حیزب و کۆماری کوردستان و رووداوەکانی دواتر تۆمار کراون.

چەواشاکردنی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ئەو رووداوانەی، پەیوەندیان بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و تێکچوونیدا هەیە و، پاشان دەست پێکردنەوەی خەباتی سیاسی بە ڕێبەری حیزب لەو بەشەی کوردستان، ناکرێ لەوەی زیاتر لێیان بێدەنگ بین و لێ بگەڕیین کەسانێك بە دەڵی خۆیان بێن و ئەو مێژوویە زڵاڵەی ڕۆژهەڵات چەواشابکەن و هەرزان فرۆشی کەن.

لە قۆناغێکی ئەو تۆدا ئەرکێکی سیاسی و نەتەوەیی دەکەوێتە سەرشانی ڕۆشنبیران و تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو پەیوەندیەدا بێنە سەرخەت و ڕێگا بە هەر کەس و لایەنێك نەدڕێ لە بەرژەوەندی خۆیدا، ڕووداوە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی کوردستان بگۆڕێ و تێیدا بەسوودی لایەنێك مۆریان لێبدات و خۆی بە زانست زانی مێژووی پێشان بدات.

حەڵالی راستە قینەی کۆمار و ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان و زۆر سەروەری تری سیاسی و نەتەوەیی، بەتەنیا شانازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزڕینەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان بە ڕێبەری پێشەوای گەورە، قازی محەممەد و پشتیووانی و خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە سەرچاوەی بیری نەتەوەی لە مێژوودا دەناسرێ.

دەمێكە هەوڵێکی گوماناوی لە هەمبەر گۆڕینی ڕووداوە مێژوویەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە و، بەداخەوە سیاسی و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات هەتا ئەمڕۆش لە ئاستیدا بێدەنگیان هەڵبژرادووە و خۆیان لەو باسانە پاڕاستووە کە پەیوەندی بە خودی حیزبە کەوەهەیە.

مەسەلەی ئاماژەی پێدراوە، شتێك نیە بە سادەی بە سەریدا بڕۆین و بە گرینگی نەزانین و دەقە سیاسی و مێژوویەکان چەواشا بکرێن.

رووداوەکان وەك ڕوویانداوە، دەبێت تۆماربکرێن و زۆر نابەجێیە کە بە پێچەوانەی جەوهەری نەتەوەیی دەست کاری بابەت گەلی سیاسی و مێژووی بکرێت و بە خزمەتی دابنێین.

بەداخەوە بە دەستی ئانقەت هەوڵی گۆڕینی جەوهەری ڕووداوە مێژوویەکانی ڕۆژەهەڵاتی کورستان دەدرێ و خەڵکانێك ئەمڕۆ پەیدابوون، بۆ تێرکردنی زگی برسیان و بەپارەوەوەرگرتن و، لە ژێر پێ نانی ئەخلاقی نەتەوەییان، لە بەرچاوی سیاسی و مێژووزانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستیان بە گۆرینی کرۆکی ڕووداوەکانی ئەو بەشەی وڵاتکردووە و کەس لە بەرامبەریاندا دەنگی لە بەر نایەتە دەر.

ئەو قەڵمفرۆشانە بەداخەوە، بەو چەواشاکاریان دڵیان ئەو ناخواتەوە و بگرە بووختانی سیاسی بە تێکۆشەرانی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ دەکەن و خەریکن ئەونیش خەوشداربکەن.

خۆفرۆشی و قەڵمفرۆشیش بەڕاستی حەد و سنووری خۆی هەیە. ئیدی ئەوە دەچێتە خانەی کاڵفامی و نەمافی مێژوویەوە.

لە کاتێكدا ئەو دەستەیە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات ، مرۆڤی گەورە و سیاسی و نەتەوەیی بوون و بە پێچەوانەی سیاسەتی حیزبەکەیان کاریان نەکردوە و لە هەڵوێستی شۆڕشگێریان لانەداوە.

خۆ ئەگەر ئامانج لەو بێدەنگیە ئەوەبێت کە کەش و هەوای پەیوندییە سیاسیەکان لە گەڵ هێز و لایەنە کوردستانیەکان، زیانی بەرنەکەوێت، ڕوانێنیکی بەتەواوی بێ بنەمایە. چوونکی جووڵانەوەی سیاسی کورد بە درێژایی مێژووی خۆی، بەریەککەوتنی نێوخۆی هەبووە و بەداخەوە خۆکۆژی لێکەوتۆتەوە. ئیدی ئەو ڕووداوانە مێژوو تۆماری کردوون. پیا دەبێت بە ڕاست بڵی ڕاستە و بە نادروست بڵێ نا دروستە.

ڕووداوەکانیش بەتەنیا زمانی گێڕانەوەی ئەو ڵاپەڕە ناخۆشانەن کە هێشتا کورد ئەزموونی لێ وەرنەگرتوون. چوونکی ئەگەر تۆزێك فێرباین، هەرگیز دەستمان بۆ چەواشاکردنی مێژوو نەدەبرد.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ، وەك هێزێکی بەتەواوی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی کوردستان، هەرگیز نەکەوتۆتە نێو مل ملانە سیاسی و پێك هەڵپڕژانە مەترسیدارە نێوخۆیەکان و بە ئەرکی نەتەوەیی وەفاداربووە و ڕێزی لە سەربەخۆی سیاسی هێزەکان گرتووە و بە پشتیووانی لە لایەنێك، بارەقەڵای بۆ ئەوەی تر نەگوتووە.

بەناو نووسەرانێك ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان کە دەرفەتێکی باشیان بۆ پێك هاتووە، بە ئارەزووی دەڵی خۆیان و بە مەبەست و ئامانج، کەوتوونەتە لەکەدارکردنی سەروگوێلاکی ئەو جووڵانەوەی پاك و بێ گەردەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێرەی قۆناغە سیاسی و مێژوویەکان، بەدژی دەسەڵاتەکانی ناوەندی ئێران سەریان هەڵداوە و حیزب ڕێبەری کردوون.

مردن و سەرشۆڕی بۆ قەڵمفرۆشان و چەواشاکاران لە هەر کوێیەك بن.

محەممەد سلێمانی

2019.12.27

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی