"an independent online kurdish website"

لە ڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند” لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراونەتە ئامانج”.

رێكخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ چاودێرى ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات، له‌ راپۆرتێكیدا ورده‌كارى كوشتن و برینداربوونی كۆڵبه‌ر لە ساڵی ٢٠١٩ دەخاتەڕوو دەڵێت” لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ لانیکەم ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٧٦ کەسیان بریندار بوون. ئەو ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کە تێیدا ٢٣١ کۆڵبەر کوژراو یان بریندار ببوون، ٨.٣٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیووە”.

هەنگاو دەشڵێت” نزیکەی بە ٧٧٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کە ساڵی ٢٠١٩ کوژراون یان بریندار کراون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و پێکراون”.

….

دەقی هەواڵ وەک خۆی وەرگیراو لە هەنگاو  و لینکی ناوەکان

هەنگاو: لە ساڵی ڕابردووی زایینی لاینکەم ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراونەتە ئامانج.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە چوارچێوەی چالاکییەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و ساڵانە ڕاپۆرتی ئاماری سەبارەت پێشیلکاری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پرسە جیاوازەکان بڵاو دەکاتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هەنگاو باس لەو کۆڵبەرانە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و یان بریندار بوون. ئەم زانیاریانە بە پشتبەستن بە توێژینەوەی مەیدانی و وتووێژ لە گەڵ قوربانییەکان و یان بنەمالەکانیان کۆ کراوەتەوە و هەموو بەڵگە و دێکۆمێنتەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە.

چەمکی کۆڵبەر لە سیستەمی حقوقی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنە ئابوورییەکانی حکوومەت لەو بارەوە:

بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکدار کراوە بە دابین کردن لانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بژێوی هاووڵاتییەکانی. لەم ڕوانگەیەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە واتای هەبوونی لانیکەمی ئیستانداردەکانی ژیان وبە واتایەکی دیکە سەرووتر لە هێڵی هەژاری دێت.

بەداخەوە توێژە هەژارەکان لە پارێزگاکانی ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام بەردەوام داهاتێکی کەمتر لە هێڵی هەژارییان هەیە. بنڕکردنی هەژاری و دابین کردنی لانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە ڕوونی لە یاساکانی ئێراندا ئاماژەی پێ نەکراوە. بەڵام لە ماددەکانی ٢٩، ٣٠ و ٣١ی یاسای بنەڕەتی ئێران حکوومەت بە نیسبەت دابین کردنی لانیکەمی بژێوی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکراوە. لە بواری نێودەوڵەتییەوە وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی مافە ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەلایەتییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٦ی زایینی واژۆ کردووە.بە پێی ماددەی ١١ی ئەو جاڕنامەیە، هەر وڵاتێک کە واژۆی کردووە مافی دابین کردنی لانیکەمی بژێوی وەکوو خۆراک، پووشاک و خانووبەرە بۆ هاووڵاتیانی بە فەرمی دەناسێت. بەم پێیە حکوومەتی ئێران بە کردەوە هیچ جۆرە مافێکی لەوجۆرەی بۆ دانیشتوانی خەڵکی کوردستان دابین نەکردووە.

چەمکی کۆڵبەر لە هیچ کام لە یاساکانی ئێران بە فەرمی باسی لێوە نەکراوە. نزیکترین دەقە یاساییەکان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان باسیان لە کۆڵبەری کردووە بریتین لە یاسای ڕێکخستنی ئاڵوێرە سنوورییەکان و ئاییننامەی ئەو یاسایە کە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی پەسەند کراوە و هەروەها ئاییننامەی ڕێکخستنی ئاڵوێرلە بازاڕچە سنوورەییە نافەرمییەکان پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی هەیئەتی وەزیرانی ئێران. بە پێی ئەو دەقە یاساییانە، وەزارەتی پیشەسازی، کانزاکان و بازرگانی ئەرکدارە بە دەرکردنی کارتی هاتووچۆی سنوورنشینی بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە نزیکی ٢٠ کیلۆمەتری سنوورەکانی ئورمیە، سنە و کرماشان و ٥٠ کیلۆمەتری سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچێستان ژیابن. بەشێک لە کۆڵبەرەکانی ناوچە سنوورییەکان بە وەرگرتنی ئەو بەڵگەیە بۆ هاتووچۆ بۆ ئەوبەری سنوور و هێنانی شت و مەک دەبن بە خاوەن هێندیک ماف.

جێگای ئاماژەیە کە وەرگرتنی ئەو بەڵکەیە بە ئاسانی ئیمکانی نیە و ئەوی ڕوونە کە ئەو شت و مەکانە هی کۆڵبەرەکان نیە و بەڵکوو هی خاوەن بارەکانە. بە هۆی نەبوونی زانیاری لە سەر پەیوەندی کۆڵبەر و خاوان بار ناتوانین پێناسەی یاسایی و وەکوو کێکار و فەرمانبەریان بۆ بکەین.

ئایا تەقەکردن لە کۆڵبەران وەکوو تاوان بە ئەژمار دێت؟

ئورگانی نیزامی کە ئەرکی چاوەدێری کردنی سنوورەکانی ئێرانی لە ئەستۆدایە بریتییە لە فەرماندەیی سنوورپارێزی ئێران کە بەشێکە لە هێزی ئینیزامی و بە سەرنجدان بە هێندیک بۆشایی لە سەر چاوەدێریی سنوورەکان هێندێک جار سپای پاسداران و هێزەکانی ئەرتەش سنوورەکانی کوردستان کە وەکوو یەکێک پڕمەترسیدارترین و ئەمنی ترین سنوورەکان چاوی لێ دەکەن، ئەرکی پاراستنی سنوورەکان بە ئەستۆ دەگرن. بە واتایەکی دیکە هەتا ئێستا یاسادانەرەکانی ئێران نەیانتوانیوە یاسایەکی ڕێک و پۆێک پەسەند بکەن کە بەرپرسیاریەتییەکان تێیدا بە ڕوونی ئاماژەی پێکرابێت. گەڵاڵەیەکی یاسای سالی ١٣٨٧ی هەتاوی لەلایەن پەرلمانی ئێرانەوە پەسەند کرا بەڵام بەهۆی پەسەند نەکرانی لەلایەن شوورای نیگەهبانەوە هەتا ئێستا نەزۆک ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە. بەم پێیە چاوەدێری سنوورەکان یاسایەکی ڕوونی نیە و بە سەلیقەی تاکەکان بەڕێوە دەچێت.

لەبارەی ڕەهەندی یاسایی تەقەکردن لە کۆڵبەران و بۆ تێگەیشتنی دروست لەو باسە ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەین؛

١_ بە پشتبەستن بە ماددەی ٣٥ی یاسای پاپسۆرت، هەر جۆرە هاتووچۆیەکی نایاسایی تاوان بە ئەژمار دێت و تاوانبار ١ هەتا ٣ مانگ حوکمی بەندکرانی بە سەردا دەسەپێت.

٢_ بەپێی بەندی “ئەلف”ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو، قاچاخ بریتییە لە تەشریفاتی یاسایی پەیوەندیدار بە هێنان و بردنی کاڵاو و دراو کە بە پێی یاسا پەیوەندیدارەکان، پێناسەی قاچاخ لەخۆ دەگرێت.

٣_ بەپێی بڕگەی سێهەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو، قاچاخ یان شوێنی کاڵای قاچاخ تەنیا دەستبەسەرداگرتنی شت و مەک و پێبژاردنی بۆ دیاری کراوە و یاسادانەر تەنیا لەپەیوەندی لەگەڵ کاڵاقی قەدەغە کراو بە پێی نرخی کاڵا حوکمی بەندکران هەتا یەک ساڵی بۆ دەستنیشان کردووە. بە پێی گرینگی بابەتەکە تەنیا دادگای شۆڕش یان ڕێکخراوی تەعزیرات دەتوانێ ئەوکارە بکات نەک هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان.

٤_ بە پێی ماددەی ٤٠ی یاسا ئاماژە پێکراوەکان، بەڕێوەبەرانی دادوەری لە بەرەنگاربووەوەی قاچاخی کاڵا پێبەند کراون بە ڕەچاو کردنی ئاییننامەی دادڕەسی تاوانەکان. بڕیاردانی خۆسەرانە قەدەغە کراوە!

٥_ بەپێی بەندی ٩ی ماددەی ٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک لە حاڵەتە پێویستەکاندا (پەسەندکراوی ١٣٧٣ی هەتاوی(، هێزە ئەمنییەکان لە سنوورەکان تەنیا بە مەبستی پێشگرتن لە هاتووچۆی نایاسایی دوای ئەوەی هۆشداری دەدەن دەتوانن تەقە بکەن ئەویش بەو مەرجانەی خوارەوە:

ئەلف: لەپێشدا ئاگادار بکرێنەوە، ب: بە نیسبەت ئەو پرسەوە ئەرکدار کرابن ج: تەقەکردن ئاخرین ڕێگاچارە بێت و ئەگەر تەقەیان کرد: ١_ سەرەتا تەقەی ئاسمانی ٢_ تەقە لە کەمر بەرەو خوارەوە ٣_ تەقە لە کەمەر بەرەو سەرەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، لانیکەم ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٧٦ کەسیان بریندار بوون. ئەو ڕێژەیە بە نیسبەت ساڵی ٢٠١٨ کە تێیدا ٢٣١ کۆڵبەر کوژراو یان بریندار ببوون، ٨.٣٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

هۆکاری گیان لە دەست دان یا بریندار بوون

نزیک بە ٧٧٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کە ساڵی ٢٠١٩ کوژراون یان بریندار کراون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و پێکراون.

تەقەی ڕاستەوخۆ: ١٩٤ حاڵەت (٥٠ کوژراو و ١٤٤ بریندار).

تەقینەوەی مین: ١٢ حاڵەت (١ کوژراو و ١١ بریندار).

ڕووداوی سروشتی وەکوو؛ هەرەسی بەفر، سەرما، بەربوونەوە لەهەڵدێر و… ٤٢ حاڵەت (٢٣ کوژراو و ١٩ بریندار).

ڕووداوی هاتووجۆ: ٤ حاڵەت (٢کوژراو و ٢ بریندار).

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ١٥٧ حاڵەت (٤٥ کوژراو و ١١٢ بریندرا).

پارێزگای سنە: ٧٠ حاڵەت (٢٦ کوژراو و ٤٤ بریندار).

پارێزگای کرماشان: ٢٤ حاڵەت (٥ کوژراو و ١٩ بریندار).

کوژران و بریندار بوونی ٨ منداڵی کۆڵبەر

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە ساڵی ٢٠١٩ کوژران یان بریندار بوون ٨ کەسیان تەمنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. ٦ حاڵەت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ٢ حاڵەت بە هۆی سەرما و ڕەهەڵاتن بووە.

بۆ داگرتنی لیستی ناوەکان لێرە کلیک بکەن

نویترین هەواڵ و بابەت