"an independent online kurdish website

کوشتنی قاسم سوله‌یمانی و مەهدی موهەندیس، یەك لەو پێشهاتە مەترسیدارانەبوو کە دوو رۆژ بەر لە کوشتنیان،

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشبینی کرد و حکومەتی عێراقی لە دۆخێکی وەها ترسناک ئاگادار کردەوە، کە نابێ بەهیچ شێوەیه‌ك هێرش بکەنە سەر باڵێۆزخانەی ئەمریکا، ئەگەرنا باجەکەی قورس دەبێت.

ئێستاش ئێمە لە سەردەمی دوای قاسم سوله‌یمانی دەژین، کە هیچ لە و کاتانە ناچی کە سوله‌یمانی حاکمی کردەنی عێراق بوو، پێویستی بە جۆرێکی جیاوازتر لە سیاسەتکردن هەیە لە عێراق، دۆخەکە سەبارەت بە ئێران وەك خۆیەتی، سوله‌یمانی نا قائانی، زۆر لە دۆخەکە ناگۆڕێ، بەڵام بۆ عێراق دۆخەکە وانییە، ئایا لە دوای ئەم رووداوانە دەسەڵاتدارانی عێراق دۆخەکە هێوردەکەنەوە، یان ئاڵۆزتری دەکەن؟

ئاماژەکان دیارن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ، چونکە ناتوانن رێ لەو میلیشیانە بگرن بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لەوەش زیاتر هەوڵدەدەن لە رێگای پەرلەمانەوە، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدەن و رێكکەوتنی ستراتیجی و ئەمنیش هەڵبوەشێننەوە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی بەغدا چیتر لە دۆخێکدا نین بتوانن بە ناوی گەلەوە بڕیار بدەن، چونکە دوای خۆپیشاندانەکان، دەرکەوت شیعەکانیشیان لەگەڵ نین، نەک هەر کورد و سووننە، بۆیە دەکەونە بەردەم دوو بژاردە، یەك لە یەکیان تاڵترە، بەڵام بەپێی ئەو پێدراوانەی لەبەر دەستن، ئەوان لەسەر سیاسەتی ئێستایان بەردەوام دەبن، چونکە دوای ئەو هەموو خوێنڕشتنە، ناتوانن لە گەڵ شەقام ئاشتببنەوە، بۆیە زیاتر هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدەن، بە ئاراستەی سیاسەتی ئێران، ئەو میلیشیایانە راستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرن، تارانیش لەو رۆژانەی داهاتوو هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات، هەرنەبێ بۆ رای گشتی دەبێ هەنگاوێك بنێت، بە لێدانی راستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا بێت، یان لێدان لە بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستێ و بەرەنگاریان دەبێتەوە، لە کاتی کوشتنی هەر ئەمریکییەك، چونکە ترامپ و پومپێیۆ ئەمساڵ هەر دووکیان لە بەردەم هەڵبژاردندان، هەر زیان گەیاندنێک بە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی، کاریگەریی دەبێت لە سەر هەڵبژاردنەوەیان، بۆیە زۆر بە توندی وەڵامی ئێران و ملیشیاکانیان دەدەنەوە.

کوشتنی قاسم سوله‌یمانییش کۆتایی بە شەڕی وەکالەت هێنا و هەر پەرەسەندنێکی دیكه‌ رووبدات، شەڕەکە دەبێتە راستەخۆ، بۆیە هەقە کورد و سووننە حکوومەتی عێراق ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر راست بێت ئەوان بەشدار بن لە حکوومەت، نابێ لایەنێك بە تەنها سیاسەتی عێراق دیار بکات و بەپێی بەرژەوەندی یەک دوو حزبی مەزەبی بجوڵێنەوە، بەڵام دیارە لەوە دەرچووە، ئەوان گوێ لە کورد و سووننە بگرن، پێیانوایە مافی کورد و سووننە لەو عێراقە تەنها مووچەیە، نەك بەشداربوون لە بڕیاری سیاسی، پێم سەیرە تاکو ئێستا وەزیرێکی کورد و سووننە لە حکوومەتی عێراق نەبووە پێیان بڵێت: ئەرێ باشە ئێوە بۆ ئەو وڵاتە وەها دەسووتێنن بۆ بەرژەوەندی خەڵکی دیكه‌؟ بۆ سیاسەتێکی بێلایەن بەڕێوە نابەن؟ ئایا ئەم وەزیرانەی ئێمە تەنها بۆ مووچە لەوێن و هیچی دیكه‌ نا؟ هیچ میدیایەکی ناوخۆ و و بیانی رۆژێك لە رۆژان ناڕەزایی وەزیرێکی کورد و سووننەی بڵاونەکردۆته‌وه‌ لە سەر بابەتێك بڵێن: ئەمەش تێڕوانینی ئێمەیە وەك کورد، یان هەرێمی کوردستان، دڵنیام هه‌ڵوێستێكى به‌م چه‌شنه‌یان نەبووە، ئەگەرنا رۆژێك هەرگوێمان لێ دەبوو. لە بارەی سووننە، ئەوە دەزانین وەزیرەکانیان بوونەتە سووننەی شیعە، بەڵام خۆ ناشێت بڵێین: ئەوانەی کوردیش وەیان لێهاتووە.

رۆژانی داهاتوو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ، هەرچەندە ئەمەریکا هەوڵی هێوربوونەوە دەدات، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە، هەوڵی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دوای کوشتنی سوله‌یمانی و موهەندیس، ئیتر لەوە تێدەگەن، ئەمریکا گاڵتەیان لەگەڵ ناکات و عێراقیش وا ئاسان جێناهێڵێ و بەتووندی بەرەنگاریان دەبێتەوە، سەردەمی دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانییش جیاوازتر دەبێ.

سەرچاوە: کوردستان 24

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی