"an independent online kurdish website"

دوابەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، جارێکی تر کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەندی ناوبەدەرەوەی فارس و خۆبەئێرانی زان، کەوتونە تازیەگێڕان و بەسەرداهەڵکوتنی ناوبراو.

ئەو کەسانە هەستی ئێرانی و ناسیۆنالیستی خۆیان لە کەسانی وەک سولەیمانی و زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و حەسەن ڕوحانی دەبینن، یەک لەوانە مەحموود دەوڵەتئابادی ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسە.

دەولەتئابادی یەکەم کەس نییە، کە بە یەک ڕواڵەت ناسراوە و ناسێندراوە. گەلێک لەو کەسانەی بە ناوی نووسەر، هونەرمەند، فەیلەسووف، سیاسەتمەدار و نوخبە بە خەڵک ناسێندراون و دەناسێندرێن، کەسایەتیان دوور لە کەسایەتی دەوڵەتئابادی نییە. دەوڵەتئابادییەکان توانای ئەوەیان هەیە بە چەند ڕوو و ڕواڵەت لە سەر سەکۆکان دەرکەون و بەردەوام کۆمەڵێک خەڵک وەدوای خۆیان بخەن. دەولەتئابادی بە تایبەت لە سەردەمی پەهلەوی و سالانی سەرەتای حکوومەتی ئیسلامی، ناسێنەری بازنەی “رۆشنبیران و هونەرمەندان” بوو. مرۆڤێک کە خۆی لە بازنەی چەپ و سێکۆلاردا دەدیتەوە.

ناوی دەولەتئابادی لە گەڵ ئەکبەر ڕادی، سەعید سولتانپور، ناسر رحمانی نژاد و ئەو کەسانە دەهات کە بە پێشڕەوی شانۆی ئێران دەناسران. شانۆنامەکانی ئەوان لە سەر سەکۆ لە لایەن ساواک و پۆلیس، ڕادەگیرا و هەر لە سەر سەکۆی شانۆوە ڕەوانەی زیندان دەکران. ئەوان ببوون بە “پێشڕەو” لە بواری هونەر-شانۆ- سیاسەت.

گۆڕینی ڕژیمی پەهلەوی و کۆمەڵگا، گۆڕینی فکریی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیی، تێگەیشتن و جێگای کۆمەڵایەتی توێژی هونەرمەند، نووسەر،”نوخبە”، سیاسی بەدوادا هات. جگە لەوە سەرکوتکردنی جیابیران لە لایەک و دوژمنایەتی لە گەڵ هونەر بە تایبەت موسیقا، شانۆ، سینەما، ئەم توێژەی لەبەر یەک بڵاوکرد.

کۆمەڵێک چوونە ناو سیستەم، کۆمەڵێک کوژران، کۆمەڵێک خۆیان لە گەڵ سیستەم ڕاهێنا و درێژەیان بەکار دا و کۆمەڵێک ڕەوانەی زیندان کران و کۆمەڵێک بەرەو هەندەران چوون. بەم شێوەیە بازنەی فکریی، هونەریی، سیاسی ڕووە و ڕۆژئاوا لە بەر یەک ترازا و چەپی سۆڤیەتی و چریکی و گریلیایی لەبەر یەک بڵاوبووە و توێژێکی نوێی ئیدئۆلۆژیکی- ئایینی- ئیسلامی پەرەیان ساند و پاشماوەی توێژی پێشوو خۆیان لە گەڵ سیستەم، دامودەزگاکان و توێژی نوێ و قالبەکان و تێگەیشتنەکانی سیاسی- کۆمەڵایەتی- هونەریی حکوومەت و بەرپرسانی ڕاهێنا.

دەولەتئابادی و کۆمەڵێکی تر کەوتنە ئەو بازنەیە کە هەم جاروبار سووکە ڕەخنەیان دەگرت، هەم لە گەڵ حکوومەت لە زۆر لایەنەوە کۆک بوون، ئەم توێژە چەپیان بە ناسیۆنالیسمی ئێرانی – ئیسلامی گۆڕییەوە و چاویان بە سەر زۆر لە جیانەیەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی نووقاند، لەوانە کوشتن و ڕاونان و تیرۆری دۆست و هاوکارەکانی خۆیان. ئەم وەرچەرخانە فکریی- سیاسی- کۆمەڵایەتی و چینایەتییە، تایبەت بە ئێران و فارس نیە و بە گشتی ئەم توێژە لە پرۆسەیەکدا دەتوانن لە شۆڕشگێڕێکی خۆبەختکەرەوە ببن بە دیکتاتۆر و جەنایەتکار و دژبە هەموو باوەڕەکانی پێشووی خۆیان.

بۆ وێنە ” RAF فراکسیۆنی سپای سوور”ی ئاڵمان، هێزێکی چەپی چریکی بوون کە سەرمایەدار و بانکدار و کەسانی پلە بەرزی سەرمایەداریان تیرۆر دەکرد، ئێستا دوو کەس لە بەرپرسی پێشووی ئەم ڕێکخراوەیە، لیدرێی “نئۆنازییەکان”ی ئاڵمانن.

بێ گوومان مەبەست ئەوە نییە دەوڵەتئابادییەکان، فەروخ نیگەهدارەکان بخرێنە ناو ئەم خانەیەوە، مەبەست ئەوەیە “نوخبە”، “پێشڕەو”، “خەڵکیبوون”، پێناسە و کەسایەتی ئەبەدی هەر کەس و کەسانێک نییە و ژمارەی نوخبە و پێشڕەو، کە وەفادار بە ئاڕمان و ئامانج دەمێنن، زۆر نیین. لە ناو ئێمەی کوردیش هەمان پرۆسە بووە و دەبێ و هەیە. ئەم پرۆسەیە لە ناو حزبەکانیشدا بووە و هەیە.

نووسەری ئەم دێڕانە بەشێک لە ژیانی لە گەڵ کەسانی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی و زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندانی ئێران ڕابوواردوە. بەشێک لەوانە مرۆڤی بە هەڵوێست ماونەتەوە، بەشێکیان کوژراون و تیرۆر کراون، بەشێکیان بوونەتە هاوکاری نزیکی حکوومەتی ئیسلامی، بەشێکیان لە دەرەوەی ئێران بوونەتە دژی ناسیۆنالیسمی کورد و ئەوانی تر، جگە لە ناسیۆنالیسمی خۆیان.

بە باوەڕی من، ئێران و نوخبە و نوخبەکانی ئێرانی، بۆ ئێمەی کورد، مەسەلەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو مەسەلەیەکی دەرەوەی سنووری ئێمەی کورد و کوردستانە.

ئەوەی کە ئێمە دەبێ لامان گرنگ بێ، کۆمەڵگای خۆمان، هونەرمەند و نوخبە و پسپۆڕی کوردە و پێوانەش دەبێ ئەوە بێ، کە کێ خۆی و هونەر و بەرهەم و هێزیی فکریی، هونەریی، مادیی و مانەویی خۆی لە ناو و دەرەوەی کۆمەڵگای کوردستان، دەخاتە گەڕ بۆ نەتەوە و تاک تاکەکانی، کە بە درێژایی مێژوو، نە تەنیا کۆلۆنی حکوومەتەکان و دەستەڵاتدارەکان بوون، بەڵکوو گوێڕایەڵ، گرێدراوی هونەر و فەرهەنگ و تێگەیشتن و ئیدئۆلۆژی و مانەویاتی نوخبە و هونەرمەندان و بیرمندانی نەتەوەی داگیرکەر ماونەتەوە.

داپچڕان لەم کۆڵۆنییە ئەرکی ئێمەیە، نە ئەوەی بەداخ بیین لەوەی بۆ دەوڵەتئابادییەکان، بە پێی خەیاڵی ئێمە ناجولێنەوە!

ئەوە بەو مانایە نییە، کورد لە سەرمایەی ئینسانی، فەرهەنگی، هونەریی، فکریی فارس و ترک و عەڕەب و سەرجەم نەتەوەکانی جیهان و بەرهەمی ئینسانی و هونەریی، کەڵک وەرنەگرێ. کەڵکوەرگرتن بەڵێ، تووانەوە نەخێر!

برایم فەڕشی

بەفرەنبار ٢٧١٩

نویترین هەواڵ و بابەت