"an independent online kurdish website

پێش ئەوەی دەست پێ بکەم و بچمە ناو بابەتەکە با ئەوە بڵێم، هەر نەتەوەییکی تر لە جیاتی نەتەوەی کورد بوایە، بێگومان ئێستا نموونەییش لەسەر ئەرز نەمابوو،

مەگەر لە ناو پەڕتووکەکانی مێژوو هێما بۆی کردبوون، ئەمە تەنها قسە نییە، مێژوو شایەتە، کوا ئاشووریەکان؟ کوا ئارامیەکان؟ کوا بابلیەکان؟ کوا نەتەوەکانی تر؟ بەڵام، نەتەوەی کورد کە لەسەردەمی ئەو ناو براوانە و پێش سەردەمی ئەوانیش بوونی هەبوو کە هێشتا ماوە و درێژە بە ژیان ئەدا لە سەر ئەرزی نیشتمانی خۆی کە کوردستانە، ئەزانی بۆ تا ئێستە ماوە؟ لەبەر ئەوەی نەتەوەکی گەورەیە، وەکو گوتم بوونی مێژوویی هەیە پێش هەمووان لە دەڤەرەکە، دیسانەوە، بێگومان گەلیکی تێگەیشتووە و خۆراگرە و هەرگز چۆکی نەداوە لە درێژایی مێژووی دا بۆ هیچ تاوانبارێک یا لایانێکی خوێنمژ لە ژێر هەر ئاڵاێک و ناو و نیشانێک دا بوو.

با خوێنەری هێژا بزانی، من لێرا باسی ڕامیاری (سیاسەت) ناکەم کە ڕێژەی زۆری درۆدەلەسە و فڕوفێڵە، هەر لەبەر ئەمەیە بە مرۆڤی ڕامیار ئەڵێن مەیمونی گەل. من باسی ڕووناسی دەکەم، کە بە ڕامیاری بەراورد ناکڕێ، کە زۆربەی زۆری وەکو گوتم درۆدەلەسەیە و بەکارهێنانی کەسانی ترە. من باسی هزر دەکەم، چونکە ئەمە گەلی کوردە لەسەرەتای بوونی لەسەر گوێ زەوی چالاکی ئەندێشەی هەیبووە و هیشایش هەیەتی لە بوارەکانی ئاشتیخوازی لە ژیان دا، وەکو ئەدەب، هونەر، هەڵبەست، هەڵپەڕکە، با لێرا کەوانەێک بیکەمەوە بۆ شکۆدار هەڵپەڕکەی کوردی چەمەرێش لەگەڵیا دایە کە شتێکی تایبەتە و پێویستە بە تەنها وەکو بەهرەیکی تایبەت بناسڕێ و بپارێزرێ.

بێگومان لەسەردەمی دیرێن دا، لەسەرەتای پێکهاتنی نەتەوەی کورد، سروشتی شاخاوی نیشتمانەکەی کە هەموو شتێک تیا دەست ئەکەوت و بە سوود بوو بۆ بە هێز کردنی هزر و تەنی مرۆڤ، بگرە هەر لە کەش و هەوای تەندروست و ئاوی سازگار و دیمەنی جوان و گژ و گیای بەهار و بەروبوومی کشتوکاڵی خاکی کوردستان، هەموو ئەمانە کارتێکردنی ئەرێنی هەبوو لە سەر مێشک و جەستەی تاکی کورد کە ئەمڕۆ هەمان شت لە مێشک و جەستەی نەوەکانی ئەوان بە ڕاشکاوی دیارە و دەبینڕێ. خوێنەری هێژا، بۆ نموونە، با چاویک هەڵدەین بە گوێز ئەو بەروموومە خۆماڵیە بە سوودە کە نیشتمانەکەی کوردستانە تا بزانین چەند کاریگەرە لە سەر مێشکی مرۆڤ، توێژینەوەکان نیشانی دا کە گوێز زۆر باشە بۆ تەنی مرۆڤ، هەروەها بۆ کەم کردنەوەی بیماری دڵ و سەکتەی مێشک و جەڵدەی دڵ، هەر وەها ڕێژە کۆلسترۆلی سفرە، ناهێلی گیران ڕوو بدا بۆ خوێنبەرەکان (لوولەکان)، لوولەکی خوێنەڕۆ، کە خوێن بۆ ئەندامەکانی لەش دەگوازێنەوە، دیسانەوە لەش لە نەخۆشی شێرپەنجە دەپارێزی ، باشە بۆ ئیش کردنی مێشک، هەروەها گەشەکردنی نەخۆشی زهایمەر کەمدەکاتەوە، ئیشی بیر (ذاكرة) باشتر دەکات، هەروەها باشە بۆ تەندروستی ئێسقان چونکە ڕێژەی بەرزی منگنیزم و مەگنیسیوم تیایە کە ئێسقان دەپارێزی لە ریزەڵۆکی، دیسانەوە ڕۆنەکەی ئۆمیگا سێ و ئۆمیگا شەش تیایە، بێجگە لە مانە کە باسمان کرد، دیسان کۆمەڵی فیتامین و کانزا تیایە وەکو مس و فسفۆر و فیتامین ب شەش و فیتامین ب نۆ و فیتامین هـ ( بەئینگلیزی: VitaminE)ه. گەرمۆکی (کالۆری) کاربۆهیدرات، ریشال، پرۆتین و هەتادوایی. ئە ئەمە بەشێکی زۆر کەم لە یەک بەروبوومی نیشتمانی کوردانە؟. ئایا ئەو بەروبوومەکانی تر چەند سوودیان هەیە؟ کە لە سەر هەموویانەوە هەنجیرە کە وەکو گوێز لە نیشتمانی کوردان دارەکەی زۆرە؟. دەربارەی بەروبوومی هەنجیر یا ئەنجیر ڕۆژێک لە وێبسایتی وەزارەتی ئەوقافی عەرەبستانی سعوودی تەفسیریکی قورتوبی (قرطبي) خوێندم بۆ سوورەتی تین، والتین والزيتون.. . قورتوبی ئەڵێ: فەراء ئەڵێ: لە مرۆڤێک کە خەڵکی شام بوو بیستم: تین، هەنجیر، کێوە، شاخە لە نێوان شاری حەلوان و هەمەدان. قسەکەی قورتوبی تەواو. بێگومان ئەم دەڤەرە کە قورتوبی هیما بۆی کرد بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەم شارە کوردیانە پێکدێ: (ئیسلام ئاباد) کە پێش جمهوری ئیسلامی شاه ئاباد ناوی بوو، پێش شاه ئابادیش ئاروی ناوە ناوی بوو بە مانای هارون ئاباد، ئەو شارانی تر کە لە دەڤەرەکەن، ئەیوان، گیلان، سەرپول زەهاب، کرماشان، سەحنە، تویسرکان، کەنگاور، ئەسەد ئاباد، هەموو ئەم شارە کوردیانە لە نێوان ئەو شاخانەن کە قورتوبی باسی کرد. قورئان لە سوورەتەکە زمانی خوازراوی (مجازي) بە کاری بردووە مەبەستی لە “تین” هەنجیر کوردستان بوو ئەو نیشتمانە کە کەشتیەکەی “نوح” لە سەرەوەی یەکێک لە شاخەکانی وەستا، ئەلەبەر ئەمە ئەرزێ کوردستان لە ئایینی ئیسلام دا پیرۆزە، چونکە لە سەر زاری پەیامبەر نوح لە قورئان هاتووە: وقل ربي أنزلني منزلاً مباركاً وأنت خير المنزلين= بڵێ خودایا دامبەزێنە لە سەر ئەرزێکی پیرۆز کە تۆ باشتر دابەزێنی. بەم مانایە بەو شتە کە بەناو بانگ بوو لە کوردستان هێما بۆی کرد کە ئەوەیش هەنجیر بوو. هەر وەها زەیتونیش کە لە سوورەتاکە هاتووە مەبەستی “بەیتولمەقدسە”، دیسانەوە ناوی “تەوری سینا” هینا کە شاخی سینایە لەوێ اللە لە گەڵ پەیامبەر مووسا قسەی کرد، هەر وەها ناوی “بەلەدی ئەمین” هینا ئەوەیش “مەککەیە”. بۆ زانیاری زۆرتر لە سەر ئەم ووشەیە، لە ئینسکلوپێدیای ئێرانی بە ناوی ” لغت نامەی دهخدا” لە بەشی ٣ ل ٣٤٧٩   هاتووە: ناوی هەنجیری حەلوانی. حەلوانیش ئەو شارەیە کە لە تەفسیرەکەی قورتوبی هیما بۆی کرا. ئەمڕۆ روبارێک لەوێ ماوە بە ناوی ئەڵوەند؟. دیسانەوە، لە هەمان سەرچاوە لە بەشی ٦ ل ٩١٨ ئەڵێ: حەلوان شارێکە روبارێک تیا دەروا، لەم شارە خەڵکەکەی هەنجیر وشک دەکەن و دەنێرن بۆ وڵاتانی دوور بۆ فرۆشتن. دیسانەوە، لە نزیکی حەلوان شاخێک هەیە بە ناوی شاخی هەنجیرەکە. ئەم بەروبوومە وەکو گوێز دیسان سوودی زۆرە بۆ مرۆڤ هەیە. هەڤاڵی هێژا مەبەستم لەم ڕوونکردنەوە تا خوێنەری بەڕێز باش بزانی ئەم بەروبوومە کە لە کوردستانە چەند ڕۆلی هەیە لە سەر چالاکی مێشک و جەستەی مرۆڤ کە هەزاران بەروبووم و گژ و گیا وەها هەیە لە کوردستان. هەر وەها ئەرزی شاخاوی کوردستان یاسای سروشتی خۆی بە سەر مرۆڤی کورد سەپاندووە کە ژیانی ڕۆژانە وەکو وەرزش بێ کە لە یەک ڕؤژ دا چەندەها کیلومەتر ڕا بروا و لە سەر چەند شاخ گوێزایەوە دیسانەوە هەتا هەڵپەڕکە چۆرێک لە وەرزش کورد پێکێ هێنایە بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەکی تر ئەنجام دەدڕێ. هەموو ئەم جولانەوە خوێنی زۆر تر ئەگێنی بۆ سێلەکانی مرۆڤ کە ئەبێ بە هۆی تەندروست بوونی جەستە و مێشکی ئەو کوردە. ئەتۆ تەماشاکە تا ئەمڕۆ لە لادێ بە دەگمەن مرۆڤێکی قەڵەو دەبینی؟. با بزانین ئەنجامی ئەم بەروبوومە کە باسامان کرد چێە و چۆنە لەم سەردەمە و چێ لێ دەکەوێتەوە. ساڵی ١٩٨٨لە پرۆژەی یاسای ئەمریکی کە کۆنگریسی ئەمریکا دەری کرد بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بۆ سەری عێراق بە هۆی بەکار بردنی چەکی کیماوی دژی گەلی کورد. یاساکە لە بڕکەی ئا لە ماددەی دوو ئەڵێ: گەلی کورد ڕەگەزیکە خاوەن تایەبەتمەندێتی جیاوازە خاونی مێژوویکی دێرینە وکەلەپوور و کەلتوری دەوڵەمەندی هەیە. ئەمە دان پێ نانە لە لایانی گەورە ترین دەوڵەتی جیهان دا بە مێژوو و کەلپور و کەلتوری نەتەوەی کورد کە بە خۆرایی نەهاتووە. دیسان با بزانین نووسەریکی عەرە کە چەندەها ساڵ لە کوردستان ژیاوە چێ ئەڵێ دەر بارەی زیرەکی تاکی کورد. ئەمە شایەتی نووسەریکی عەرەبە ناوی (حمودي عبد الحسين)ە کە دووازدە ساڵ لە کوردستان لە گەڵ پێشمەرگە ژیاوە و سەر تا سەری باشووری کوردستانی بێنیوە، لە پەڕتووکەکەی بە ناوی “عند قمم الجبال =لە لوتکەی شاخەکان” لە لاپەرەی ١٤١ دەربارەی چالاکی هزری مرۆڤی کورد، ئەڵێ: بە درێژایی دووازدە ساڵ هەرکات چوومە ناو گوندێک لە کوردستان چ بچووک بێ یا گەورە چ دوور بێ لە شار یا نزیک بێ لە سنووری وڵاتە دراوسیەکان یا دوور بێ لێان لە دامێنی چیا بێ یا لە دۆڵ هەموو کات هەڵبەستوانێک تیا بوو یا زۆرتر. قسەکانی حمەمودی تەواو. ئەمە وەکو نموونە هێنام، بێگومان ستایش کردنی زیرەکی گەلی کورد لە لایانی خەڵکانی تر زۆر زۆرە. با نموونەیکی تر لە بەر دەستتان دابنەم تا دڵ نیابن لە زیرەکی هزری کوردان کە ئەوەیش ئایینە (دین)ە بێگومان پێکهێنانی هەر دینێک پشتینەی فەلسەفەیکی گەورەی پێویستە، بە پیچەوانەی گەلانی دەورو بەری کورد کە بەم لاو بەو لا بە یارمەتی ئەم و ئەو لە گەلانی تر یەک دینیان پێکهێنا. بەڵام کورد بە تەوانای تاق و تەنیا خۆی چەند ئایینی، دینی پێکهێنا، وەکو ئایینی ئێزدی کە پەڕتووکی جەلوە و مەسحەفی ڕەشی هەیە، ئایینی زەردەشتی پەڕتووکی ئەڤیستای هەیە، ئایینی یارسان یا کاکائی کە پەڕتووکی سەرەنجامە و کەڵامی هەیە هتد. پڕسیا لێرا؟ ئایا ئەم ئایینانە بەم هەموو فەلسەفەیە هەر وەها لە بۆشایی و هاتنە؟ یا بەرهەمهێنانی هزر و لێکۆلینەوە؟. تاکو قورئانیش لە سوورەتی فەتح ئایەتی ١٦ هێما بۆ زیرەکەی کورد دەکا، ئەڵێ: قل للمخلفين من الأعراب ستدعون إلى قوم أولي بأس شديد تقاتلونهم أو يسلمون..= بەو سارانشینانە بڵێ کە بە جێماون بانگدەکرێن بۆ نەتەوەیک ئازا و بەهێز شەڕیان دەکەن یا بڕوا دەکەن. (ابن حجر العسقلاني ) ٧٧٣- ٨٥٣ کۆچی کە بەناو بانگە بە ئەمیر مومنین لە بواری حەدیس لە پەڕتووکەکەی ” الإصابة في تمييز الصحابة” ئەڵێ: ئەم ئایەتە تایبەتە بۆ کورد. هەر وەها زانا (محمود الآلوسي) لە تەفسیرەکە کە بە ناو بانگە بە “روح المعاني” ئەڵێ: ئەم ئایەتە بۆ کورد هاتووە. هەر وەها قورئان لە سوورەتی روم ئایەتی ٢٢ ئەڵێ: ومن آياته خلق السماوات والأرض واختلاف ألسنتكم وألوانكم إن في ذلك لآيات للعالمين = لە بەڵگەکانی ئاسمان و ئەرزی پێکهێنا و جیاوازی زمانەکانتان و ڕەنگەکانتان ئەمانە بەڵگەن بۆ هەموو خەڵکان، بۆ هەموو گێتی. هیوادارم واڵاکردنەوەکەم هەڵە نەبێ. ئیبن کەسیر (ابن كثير) لە تەفسیرەکەی بۆ ئەم ئایەتە ئەڵێ: ئەمانە عەرەبن، ئەوانی تر تەتەرن، دیسان کەرەجن، هەروەها روم، ئیفرەنج، بەربەر، حەبەشە، هند، ئەرمەن، کورد. ئەمە ناوی کوردە لەگەڵ ناوی چەندەها نەتەوەی تر هاتووە لە تەفسیرەکەی ئیبن کەسیر 701- 774 کۆچی. خوێنەری هێژا ئەمە پوختەیک بوو دەربارەی ئازایی و چالاکی نەتەوی کورد. هیوادارم بە دڵتان بێت.

ئەگەر دڵ پڕسیار دەکا، پێویستە مێشک وڵام بداتەوە (ئیمانویل کانت)

٢٧ ٠١ ٢٠٢٠  

   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی