"an independent online kurdish website

ئەم بابەتە ژیاننامەیەکی تایبەت بە شەهیدێکی تایبەتە، بۆیە لە وشەی تایبەت کەڵک وەردەگرم چونکە چوار جیلی (نەسڵی) بەدوای یەکدا بۆ ئامانجێک شەهید بوون،

جا پێشنیاردەکەم کە خەباتکاران، نەتەوەییەکان، چەپەکان، ڕامیارکارانی سەربەست و ئەوکەسانەش کە کێشەیان لە گەڵ نازناوەکەیی هەیە بەوردی چاو لەم ژیاننامە بکەن چونکە شتی باشی تێدایە بۆ هەرچوار گرووپی سەرەوە، هەروەها هۆکاری دووکەسی بوونی وێنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕوام وایە کە ژنی کورد لەو ئاستەدایە کە وێنەکەی لە تەنشت وێنەی مێردە شەهیدەکەی بێت چونکە دوای شەهیدبوونی مێردەکەی ئەستۆداری ئەرکی زیاترو دەبێت بەشێوە قوربانییەک، بەتایبەت ژنانی جاف، گۆران و کەڵهوڕ .

پێشەکی: چەند ڕۆژی پێش وتووێژێکی ڕامیاری نەتەوەییم لە گەڵ کاناڵێکی تەلەفزیونی لە پێوەندی لە گەڵ جافی جوانڕۆ و دەسەڵاتە سەرنەکەوتووەکەی هەبوو کە وێرای سپاسی زۆر بۆ ئەو کاناڵە بەڵام باسەکە زۆر بەرین و ماوەکە کورت، هەربۆیە تەنها توانیم هێندێک خاڵ باس بکەم کە هێندێک کەس پێیانوایە دەبا هێندێک زیاتر لە سەر ئاستیی فیداکاری و نەتەوەیی بوون، عەدالەت و یاسا باسمکردبا بەڵام ئێستاکە لاموایە بە نووسینی ژیاننامەی شەهید تەیموور ئەو بۆشایی پڕ دەکەمەوەو بەراووردێکیش لە نێوان ڕابردووی گەشە نەکردووی کۆن و دونیای پێشکەوتوویی ئەمڕۆ لە وڵاتی خۆمان بۆ خوێنەران دەکەم .

گەلەکەمان بە گەلێکی لەباری فکری و کۆمەڵایەتییەوە ئەمەگناس و خاوێن پێناسە دەکرێت بەڵام بەداخەوە زۆرکەس کە زۆرشتی لە پێناو مافی نەتەوەیی دا لە دەست داوە بە سووکو ئاسانی لە بیرکراون، چونکە گەورەکان پێیانوایە ئەگەر باسی بچووکەکان بکەن ئاستی کەسایەتییان دادەبەزێت بچووکەکانیش لە نێوان ئاڵو واڵە ڕەنگاوڕەنگەکاندا سەریان لێ شێواوە .

شەهید تەیموور لە دایکبووی ساڵی١٩٥٠م و خەڵکی جوانڕۆ بوو کە بە دابین بوونی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو وڵاتەدا و هێرشکردنە سەر مافو ئازادییەکانی گەلی کورد بێلایەن نەمایەوەو بە لێبڕاوی کەوتە قۆناغی دیفاع لە نەتەوەکەی، لە هەرگۆشەیەک لە کوردستان کە پێویستی بە دیفاع بوو بە لەخۆبردوویی و بە چەکی خۆیەوە بەشداری دەکرد، چەند ڕۆژ پێش لەوەی کە ڕێژیم قەڵایی جوانڕۆ داگیر بکات بە مەبەستیی بەربەرەکانێ بۆ مافی نەتەوایەتیی خۆی ماڵەو منداڵەکەی گواستەوە بۆ ئاواییەکانی دەوروبەری جوانڕۆ و ڕاستەوخۆ ڕۆیشتە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و لە زۆربەی شەڕ و بەرگرییەکانی ناوچەیی جوانڕۆ و هەورامان بەشداربوو بەڵام بەداخەوە کە تەمەنی خەباتی زۆر کورت و لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ دا لە ناوچەی هەورامان لە پیرپەرچین شەهید دەبێت و گیانی پاکی خۆی فیدای نەتەوە و ئامانجەکەی دەکات.

ئەو شەهیدە کە تەنها منداڵی دایک و بابی بوو وەک زۆر شەهیدی دیکە تەنها یەک ئامانجی هەبوو، ئەو یەک ئامانجییە هۆکارێک بوو کە تەمەنی خەباتی بە ٤٠ ساڵ نەگات و زۆر کورت بێت .

شەهید تەیموور کوڕی شەهید کەیکاوس بەگ، شەهید کەیکاوس کوڕی شەهید ئەوڕەحمان (عبدالرحمن) بەگ، شەهید ئەوڕەحمان کوڕی شەهید ئەولکەریم بەگ وەکیلی جوانڕۆ بوو. لێرەدا دەبینین کە چوار جیل پشتی سەرییەک شەهید بوون لە پێناو یەک ئامانج دا، ئەو نامنجەش تەنها سەربەرزی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیان بووە.

کەیکاوس بەگ بابی شەهید تەیموور کە وێنەکی دادەنێم لە ئاخرین شەڕی بەرنگاربوونەوە لە قەڵای جوانڕۆ لە ساڵی ١٣٣٤ش دا لە نزیک شوێنێک بەناوی سارۆخان لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە گەڵ هێزی داگیرکەر پەهلەوی شەهید دەبێت و ئەرکی بە خێوکردنی منداڵە تاقانەکەی دەکەوێتە ئەوستۆیی هاوژینە باوەفاکەی، لێرە باسی شوێنێک بەناوی سارۆخانم کرد، لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی جاف لەتوپار کرابوو و تەنها ناوەندی بەربەرەکانێ جوانڕۆ یان قەڵای جوانڕۆ بوو کە بۆ بژیوی ژیانی خەڵک و وەرگرتنی باج (گومرگانە) سارۆخان کرابوو بە شوێنی هێنانو بردنی چای، سابوون و قوماش و …، لە ڕاستیی دا ئەوەی کە ئێستاکە بە پیلەبەری یان بازارچەیی سنووری ناوبانگی دەرکردەوە نوێ کردنەوەیەکە لەو ئایدە کۆنە.

ئەوڕەحمان بەگ، ساڵی ١٣١٠ش ڕەزا شا هەموو ڕێبەران و گەورە پیاوانی جافی جوانڕۆی بانگهێشت کرد بۆ دانیشتنێک و هەموویان دەستبەسەرکرد، ئەوڕەحمان بەگ-یش یەکێک لەو بانگهێشت کراوانە دەبێت کە لە زینداندا بە دەرمان دەیکوژن. زۆرکەس لەو بەندکراوانە لە بەندیخانەدا کوشتنیان ووتیان بەنەخۆشی مردوون دەیانگێڕایەوە کە کەسێک بەناوی دکتور ئەحمەدی بەرپرسی ئەو جنایەتانە بووە، ئەو دەنگۆ دەبێتە هۆکارێک تا زۆرکەس کە لە بەندیخانەدا نەخۆش دەکەون نەوێرن بڕۆن بۆ دکتور، ساڵی ١٣٢٠ کە کودەتا کرا ئەوانەیی کە مابوون گەڕانەوە بەڵام پاشان زۆرکەس لەوانیان گێڕایەوە و دووریانخستنەوە، تەبعید کران.

ئەولکەریم بەگ وەکیلی جوانڕۆ کە دەبێتە باپیری باپیری شەهید تەیموور (چوارەمین شەهید) یەکێک لە سەرانی جافی جوانڕۆ دەبێت کە لە گەڵ چەند کەسی دیکە لە ناوچەکە بەگوێرەی هێندێک ڕێبازی سیاسی هەوڵدەدەن تا دەسەڵاتی تیکەتیکە بوویی جاف (حبیب اللە خان باوەجانی و قوایی، نظام الایالە) یەکبەخەنەوە بەڵام لە گەڵ دوو کێشەیی گەورە وەک دەسەڵاتی شای ئێران و فیتنەیی و هەوڵی تێکدەرانەی سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان ڕووبەڕوون.

سەردار یارمحمدخان سنجاوی لە گەڵ حاکمی کرماشان بەناوی فەرمان فەرما کە نوێنەری حکومەت و یەکێک لە مەشرووتە خوازەکانە کێشەی سیاسی لێ پەیدا دەبێت و بەمەبەستیی زیندوو کردنەوەی پەیمانی سەردەمی دەسەڵاتی جاف (مستەفا خانی قوایی و باوەجانی، مسعودالسلطنە) داوای هاوکاری لە ئەولکەریم بەگ دەکات، ئەولکەریم بەگ ئەم بابەتە بەهەڵکەوتێکی باش دەزانێ و لە گەڵ فەتاح بەگی وەڵەدبەگی (فەتاح بەگی گەورە) چاویان بە یارمحمەد خان دەکەوێت و بەگوێرە قوران ڕێکەوتنێک پێکدێت کە ئایەتوڵا مەردۆخیش دەڵێت منیش بۆ ڕاونانی فەرمان فەرما هاوکاریتان دەکەم، کرماشان پێشترلە ژێر دەسەڵاتی داودخانی کەڵهوڕ دابووە بەڵام حکومەتی ناوەندی و ئینگلیسییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بێ دەسەڵاتیان کردبوو، لە کۆتایی دا داودخان-یش دەبێت بەهاوپەیمانیان و هەموویان پێکەوە هێرش دەکەنە سەر فەرمان فەرما بەڵام شەڕێکی گران لە کرماشان ڕوودەدات کە بەداخەوە لەشکری بەختیاری زەبری زۆریان لێ دەوەشێنێت و لە ئاکامدا یارمحمەدخان و ئەولکەریم بەگ وەکیلی جوانڕۆ دەکوژرێن، ئەو پەیمان و شکست خواردنە دەبێتە هۆکارێک تا حکومەتی ناوەندی، ئینگلیسیەکان و ئەردەڵان (سەردار ڕەشید) تۆڵەی زۆر شکستی ڕابردوویی خۆیان لە سەرانی جاف بکەنەوە.

شەهید تەیموور لە گەڵ سێ جیلی ڕابردوویی خۆی بە کەمێک جیاوازی فکریەوە یەک ئامانجیان هەبووە کە بریتیی بووە لە ئێرە خاکی کوردستانە و من کوردم و مافی خۆمە لەم چوارچێوەدا بۆخۆم بڕیار بدەم، لە سەردەمی دەسەڵاتی حەبیب اللە خانی باوەجانی و قوایی دا، هەروەها کوڕەکەی مستەفا خان بۆچوونە ڕامیارییەکان زۆر لاواز یان هەر جێگای سرنج نەبوون بەڵام شێوەی هەڵسوڕانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو شێوە حکومەتە یان دەسەڵاتە خۆماڵییە لە هێندێک بواردا زۆر پێشکەوتووتر لە ئێستاکە و ئەو هەموو کێشە فکریە بووە، پێم وانییە کە لە ساڵی ١٢٩١هجری ١٢٥٢ ش دا شارەزاییان لە سەر تیئوری زانستیی سوسیالیزمی هەبووبێت بەڵام هێندێک کرداریان سوسیالیستی بووە بۆ نموونە لە سەردەمەی دەسەڵاتی حەبیب اللە خان و کوڕەکەی مستەفا خان کە بە سەردەمی ئاستیی بەرزی دەسەڵاتی ئەو شێوە دەسەڵاتە خۆماڵییە پێناسە دەکرێت خەڵکێکی زۆر لە فەقیرو دەوڵەمەند لە گەڵ زۆر بنەماڵەی سەر بە دەسەڵات لە پژماڵەدا ژیاون (پژماڵە بەو بنەماڵەو کەسانەی نزیک لە دەسەڵات وتراوە کە لە نزیک ناوەندی دەسەڵات ژیاون)، پژماڵەکان بەخۆیان و منداڵیانەوە هەموویان هەمان خواردنیان خواردەوە کە لە مەجلس یان دیوەخان لەو ژەمەدا خوراوە بێ هیچ جیاوازییەک، بەڵام پژماڵەکان هەر ڕۆژ جیرە وشکەیان وەرگرتەوەو بۆ خۆیان دروستییانکردەوە تەنها لە جێگای ئارد بۆ نان گونکەی هەویریان وەرگرتەوە، ئەو بنەماڵە هەژارانە-ش کە لە ئاواییەکانی نزیک مەجلس بوون کەسێکیان هاتووە بۆ خۆی لە دیوەخان یان مەجلس نانی خواردەوە و دوایش بەشی ژن و منداڵەکەی بردەوەتەوە، بەکورتی تا ئەو جێگایە کە من ئاگاداربم هەڵاوێردن زۆر کەمتر لەم سەردەمە بووە، زۆرکەس جیا لە بنەماڵەو دەسەڵاتدارانی جاف پۆست و مقامی بەرزیان وەرگرتەوە کە زۆر لە گەورە پیاوانی ناوچەکە ئارەزویانکردەوە بۆ نموونە میرزا حەبیب اللە ئیمامی، ڕەحمان پیرک و ڕەحمان مەتا یان مەیتاو. ڕۆژێک هێندێک لە پیاو ماقوڵانی مەجلس بە حەبیب اللە خانی باوەجانی (نظام الایالە) دەڵێین مستەفا خانی کوڕت کەسایەتیەکی باشی هەیە بۆ ئەوە دەبێت لە پژماڵەیی دەرچێت، دەڵێت منیش دەزانم بەڵام چ بکەم دەڵێین بیکە بە حاکمی ناوچەی چەمی لوشە، لە وەڵامدا دەڵێت حکومەتی لوشە مافی ڕەحمان مەیتاوە چونکە ڕەحمان-یش چەند ساڵە خزمەت دەکات و کردەوەیەکی زیاتری لە مستەفا خان لەگەردەنی منە و ڕۆژێک کە نێگەران بووم و لە شەڕی ئەردەڵان و حکومەتی ئێران شکستم خواردبوو ئارەزووی قلیانم کردو بە قلیاندارم وت کە قلیانێکم بۆ چاک بکات بەڵام هەوا سارد بوو تا قلیاندار هەوڵی دا ڕەحمان مەیتاو بە ئەدەبەوە قلیانێکی زۆر خاوێن و چاکی بۆم هێنام کە زۆرلام خۆش بوو و دەبێت هەر ئەمڕۆ بیکەن بە حاکمی لوشە، هێشتاکە نەوەی ڕەحمان مەیتاو ماون و ئاگاداری ئەو بڕیارەن .

لە باری یاسایی و سیاسییەوە، یەکەم ناوچەکە بە سیستەمی هەرێمی یان فیدراڵی بەڕێوە چووە کە یەکەم ناوەندی دەسەڵات باوەجانی و دووهەم قوایی بووە، لە باری یاساییەوە میرزا حەبیب اللە ئیمامی بەرپرسی ماڵیاتی جوانڕۆ دەبێت و لە وەرگرتنی ماڵیات هێندێک سەختگیری دەکات و لە لایەن یەکێک لە خزمانی حەبیب اللە خان و خاڵی چەند کەس لە منداڵەکانی، هەروەها یەکێک لە سەرکردەکانی جافەوە دەکوژرێت، بکوژ هەڵدێت بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڵ خوشکەزاکانی خۆی کە دەبنە کوری خان بەرنامەیەک دادەڕێژن تا خوشکەزاکانی قۆڵی خۆیان بە قۆڵی خاڵیانەوە ببەستن و بۆ شفاعەت بڕۆن بۆ دیوەخان بەڵام حەبیب اللە خان زۆر لەو کردەوەی منداڵەکانی نیگەران دەبێت و قەستی کوشتنیان دەکات، کوڕەکانی هەڵدێن و خاڵی منداڵەکانی کە خزمی نزیکی خۆی و یەکێک لە گەورەپیاوانی جاف دەبێت بۆ ماوەی ساڵێک زیندان دەکات و دوای ساڵێک دیوان حوکمی قەساسی بۆ دەدات و تەحوویلی بنەماڵەی میرزا حەبیب اللەی ئیمامی دەدەن تا بیکوژن و لە بواری نەتەوەییەوە زۆر نەتەوەیانە بیریان کردەوەتەوە بۆ نموونە، کاتێک کە هەمەوەندەکان لە شەڕ لە گەڵ دەولەتی عوسمانی شکستیان خواردو لە خەتەری لە نێوچووندا بوون هەزار سواریان پەنای بۆ ئەو دەسەڵاتە هێنا، ئەو سەردەمە مستەفا خانی گەورە دەسەڵاتداربوو، وتی ئێرە ماڵی خۆتانەو هیچ منەتێکی نییە و هەزار ماڵی ئەو سەردەمە بە پێویستییەکانی نێو ماڵەوە لە گەڵ بژیوی ژیان بۆیانی دابین کردن، تورکییە، ئێران و ئینگلیس بە ڕەسمی داوایان لە مستەفا خان کرد تا هەمەوەندەکان ڕادەستی دەوڵەتی عوسمانی بکاتەوە بەڵام لە وەڵامدا نووسی کە هەمەوەندەکان لێرە پەنابەر نیین، ئێرە ماڵ و وڵاتی خۆیانە و ئێمەش سەرشۆڕی وا لە مێژوودا بۆ خۆمان تۆمار ناکەین و حازرین هەموو نەهامەتییەکانی ئەم بڕیارەی خۆمان قەبووڵ بکەین، هەروەها وتی لۆتییەک لە تاران و دەروێشێک لە استانبووڵ ناتوانن بڕیار بۆ ئێمە بدەن و با ئەوەشی پێ زیاد بکەم کە هەموو دەسەڵاتدارانی ناوچەکە وەک خەڵکی ئاسایی ژیاون و هیچ ماڵ و سامانێکیان کۆ نەکردەوەتەوە، سادە ژیاون و تەلەفوونیان نەبووە تا بزانین کاتێک کە تەلەفوونەکە زەنگ (جەرەس) دەدات پێویست دەکات کەسێک هەڵیگرێت و بە گوێیانەوە ڕایگرێت تا قسەکانیان دوای دێت!. ئەم سادە ژایان و سادە بیرکردنەوەیی خەڵکی ناوچەکەیە کە لە زۆربواردا لە گەڵ زۆر بۆچوون و هەڵسوکەوتێک یەکناگرێتەوە و هۆکاری بەڵاڕێداچوونی هێندێک بیرە کە ئاکامی ئەرێنی لێ دەکەوێتەوە .

لە کۆتایی دا زۆر سپاسی بەڕێز ف – ڕ دەکەم بۆ وەبیرهێنانەوەکەی، هەروەها هیوادارم کە ڕێزدار ع – م لە گەڵ کەسایەتییەکانی دیکە بتوانن بەشێوەیەکی دێموکراتیک و پێشکەوتوانە بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی