"an independent online kurdish website

نەخۆشی كۆرۆنا گەیشتە كوێ؟

لە وڵاتی چیندا، خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێور بووەتەوە،

بەڵام هێشتا لە تەشەنەكردندایە. كۆریای باشوور و ئیتاڵیا و ئێران بوونەتە سەرچاوەی نوێ بۆ تەشەنەكردن و جارێ لەوانەدا كۆنترۆڵ نەكراوە. ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە سەرجەم كیشوەرەكانی جیهان و لە چەندین وڵاتدا تۆماركراوە، بەڵام لەوانەدا ڤایرۆسەكە هێشتا لە قۆناخی سەرەتایی پەتادایە. مەترسی گەورە لەوەدایە كە ڤایرۆسەكە دەگاتە ئەو وڵاتە بنكۆڵ و هەژارانەی وەك عێراق و وڵاتانی ئەفریقا كە سیستەمی تەندروستییان توانای بەرەنگار بوونەوەی پەتاكەی لاوازە. بۆیە، رەنگە مەسەلەی كۆنترۆڵكردن شەڕێكی دۆڕاو بێ. پێویستە هەرێمی كوردستان لەوانە باشتری پێبكرێت.

بێگومان جیهانی ئەمڕۆ و كۆمەڵگەكان زۆر تێكەڵ و لێكبەستراوەنەتەوە. ئامرازەكانی گواستنەوە و هۆكارەكانی قەرەباڵخی و تێكەڵبوون زۆر بوونە، بۆیە مەسەلەی تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە هەر مەسەلەی كاتە و لە ئاییندەدا ڤایرۆسەكە وەك ئەوانی ئینفلەوەنزا لە كۆمەڵگە دەچەسپێ و دەبێتە خاوەن ماڵ.

قۆناخەكانی تەشەنەكردن و ئەركی حكومەت؟

قۆناخی یەكەم ئەو كاتەیە كە بۆ یەكەمجار ڤایرۆسەكە دەگاتە ناو كۆمەڵگەیەك، لەوەدا دەكرێ دەورەی بگیردرێ و كۆنترۆڵ بكرێ. هەرێمی كوردستان لەو قۆناخەدایە و حكومەتی هەرێمیش وا خەریكە. لەو قۆناخە سەرەتاییەدا، پێویستە خەڵك و حكومەت بەزیادەوە تووشی وەسواسی نەبن. جارێ هەتا بەڵگەی تەشەنەكردنی بێسنوور نەیەتە ئاراوە، پێویست ناكات رێكاری زۆر تووند بەكار بهێندرێت، چونكە ئەو جۆرە وەسواسی و رێكارە تووندانە بۆ ماوەی درێژ و بەبێ بەڵگە دەبنە هۆی ئیرهاقكردنی سیستەم و كۆمەڵگە، كە دواتر رەنگە زوو كۆڵبدەن و رێكارەكانیش كاریگەرییان نەمێنێ.

هەر لەو قۆناخەشدا، بەشێك لە بەرپرسیارێتی خەڵك ئەوەیە كە لەگەڵ حكومەت هاوكار بن و زانیاری پێبدەن. پێویست ناكات خەڵك نەخۆشییەكە بشارێتەوە، زۆر باشترە كە زوو یارمەتی و ئامۆژگاری پزیشكی وەربگرێ بەبێ ئەوەی كە حكومەت یان خەڵك بە چاوی هەڕەشە و مەترسییەوە سەیری نەخۆش بكات. بەداخەوە، ناسینەوەی نیشانەكانی نەخۆشییەكە كارێكی ئاسان نییە و تاكە رێگە بۆ دڵنیابوون لە بوون یان نەبوونی نەخۆشییەكە ئەوەیە كە لە پشكنینی تاقیگە بۆ سامپڵی نەخۆشەكە بكرێت.

قۆناخەكانی دواتر ئەوانەن كە ڤایرۆسەكە لە كۆمەڵگەدا دەخولێتەوە بەبێ ئەوەی نەخۆشە نوێكان پەیوەندییان بە سەرچاوەی یەكەمەوە مابێ. لەگەڵ تێپەڕبوونی كات، لەتوانای حكومەتدا نابێ كە رێگە لەو تەشەنەیە بگرێ، بەڵام دەتوانێ خێرایی ئەو تەشەنەیە خاوبكەنەوە و چەسپانی ڤایرۆسەكە لە كۆمەڵگە هەتا هاوین دوابخات، كە ئەوكات تینی پەتایەكە بە سرووشتی كەمدەبێتەوە و زانیاری و ئامرازی زانستیش بۆ چارەسەر و رێگرتن زیاتر دەبن.

لە هەموو قۆناخەكاندا، پێویستە حكومەت زۆر بە شەفافی ئامار و ئامۆژگاری بەردەوام بگەیێنێتە خەڵك. شاردنەوەی زانیاری هۆكارێكی سەرەكییە لە تەشەنەكردن، وە راستگۆیی و پێشكەشكردنی ئاماری دروست ئامرازێكی سەرەكییە بۆ رێگرتن لەگەڵ ڤایرۆسەكە.

ئاستی مەترسی و رێژەی مردن

جارێ زووە بزاندرێ رێژەی مردن چەندە، بەڵام زۆر كەمترە لەوەی باسدەكرێ. لەگەڵ زانیاری زیاتر لە وڵاتی چینەوە دەركەوتووە كە رێژەی ئەوانەی نەخۆشی سووك دەگرن وەیان هەست ناكەن گرتوویانە، زۆر زیاترن لەوانەی كە بە قورسی دەیگرن و حكومەتیش ئاگای لەوانە نییە و ئاماری بۆیان پەیدا نەكردووە. لەنێو ئەوانەش كە نەخۆشییەكانیان دەستنیشانكراوە، دەوروبەری سەدا یەك بۆ دوو (١-٢ % – هێشتا كۆتایی نییە) مردوون، واتە رێژە راستەقینەكەی مردن رەنگە كەمتر بێ لە سەدا یەك. ئەزموونی نەخۆشییە درمەكان سەلماندوویەتی كە لە خراپترین حاڵەتدا، رێژەی 80%ـی خەڵك تووشی ڤاریۆس دەبن و ئەوانی دیكە بەرناكەون.

لە وڵاتی ئێران رێژەی مردن بە زیادەوە تۆماركراوە، بەڵام ئەوە زانیاری دروست نییە و جێگەی بڕوا نییە، چونكە رێژەكان تەنیا لەنێو ئەوانەن كە حكومەت وەك نەخۆش رایگەیاندوون، كەچی ژمارەیەكی زۆر لە تووشبووان سەردانی بنكە تەندروستییەكانیان نەكردووە یان دەوڵەتی ئێران رای نەگەیاندوون. بێگومان، ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستیی ئێران لاوازترە لە هی چین، بۆیە رەنگە رێژەی مردن تۆزێك لە سەرووی چینەوە بێ بەڵام نەك بەو ئاستەی باسی لێوە دەكرێ.

كۆرۆنا لە منداڵ و پیر

هەموو كەس قابیلی ئەوەیە ڤایرۆسەكە وەرگرێ و نەخۆشی لێ دەركەوێ و دواتریش چاك ببێتەوە، بەڵام جیاوازی لەنێو خەڵكدا زۆرە. بۆ نموونە، منداڵ و لاوی تەندروست بە گشتی زۆر بە سووكی نەخۆشییەكە دەگرن و تەنیا كەمینەیەكیان بە قورسی دەیگرن. لە زۆریاندا نیشانەكانی نەخۆشیش دەرناكەوەن، بۆیە ئەوانە ئاسانتر نەخۆشیەكە دەگوازنەوە. خۆ منداڵان لەكاتی یاریكردن و تێكەڵبووندا خۆیان لە لیك و ئاوی لوت و كۆكە و پژمینی یەكتر ناپارێزن و زۆریش گوێ نادەنە پاكوخاوێنی و دەستشۆردن. كە دەگەڕێنەوە ماڵیش، خۆشەویستەكانیان لە ئامێزیان دەگرن و بە تەوقە و ماچكردن و پێكەوەژیان ڤایرۆسەكانیان لێ وەردەگرن.

خەڵكانی بە تەمەن یان ئەوانەی نەخۆشی دیكەیان هەیە (بۆ نموونە دڵ، شەكرە، گورچیلە، شێرپەنجە و هتد..) بەرگری لەشیان كەمترە. بۆیە ئەوانە نەخۆشییەكە بە تووندی دەگرن، بەڵام مانای ئەوە نییە كە رزگاریان نابێ. ئەزموونی چین سەلماندی كە زۆربەی ئەوانەش چاك دەبنەوە، بەڵام رێژەی مردن لەنێویاندا زیاترە وەك لە خەڵكی ساخ. شایانی باسە كە هیچ كاتێك درەنگ نییە بۆ ئەوەی خەڵك گرنگی بە باری تەندروستی بدات، لەرێگەی وەرزش و خواردنی چاك و وازهێنان لە جگەرەكێشان و كەمكردنەوەی هۆكارەكانی ماندووبوون و ئیرهاقی (سترێسی) دەروونی. جگەرەكێشان مەترسییەكی راستەوخۆترە لە رەفتارەكانی دیكە، چونكە ڤایرۆسەكە دەچێتە سیپەلاك و بۆرییەكانی هەناسەوە، كە هەر ئەو ئۆرگانانەن كە جگەرە زیانیان لێ دەدات.

شایانی باسە، ئەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشی دەبن و چاك دەبنەوە، مانای بەرگرییان پەیداكردووە و پاك بوونەتەوە و چیتر مایەی مەترسی نین و ڤایرۆس بڵاو ناكەنەوە، ئەو كەسانە خۆشبەختن كە رزگاریان بووە جارێكی دیكە تووش نابنەوە مەگەر هۆكارێكی دەگمەنیان تێدا هەبێ. هەتا ئێستا تەنیا یەك حاڵەتی توشبوونەوە لە چین باسی لێكراوە و ئەویش مایەی سەرسوڕمانە و دیارنییە كە بارودۆخەكەی چی بووە.

خۆپاراستن و پاراستنی كۆمەڵگە

ڤایرۆسەكە لەگەڵ دڵۆپە ئاوی دەم و لووت و چاو و هەناسە دەپڕژێتە دەوروبەر، دواتر بە هەمان رێگە دەچێتە ناو لەشی یەكێكی دیكە. رەفتاری مرۆڤیش وایە كە هەمیشە دەست لە دەم و لووت و چاو دەدات و بە دەستی پڕ لە ڤایرۆس بڵاوی دەكاتەوە. هەر شوێنێكیش كە دەستی تەڕی نەخۆشێكی پێوە دەبێ، ڤایرۆسی دەكەوێتە سەر. ئەو ڤایرۆسە لە زستاندا بۆ ماوەی چەند سەعاتێك بە زیندوویی دەمێنێتەوە (لە گەرمای هاویندا بە پێچەوانەیە). بۆیەش، دووركەوتنەوە لە هەناسە و كۆكە و پژمینی خەڵك وە دەست شووشتن و راگرتنی پاكوخاوێنی تەنیا رێگان بۆ خۆپاراستن. بەكارهێنانی دیتۆڵ و كحول بۆ پاككردنەوەی هەر كەلوپەلێك كە دڵۆپ و ڤایرۆسی مرۆڤی پێوەبێ پێویستە.  

خۆشبەختانە خەڵك زۆر هوشیار بووەتەوە، بۆیە لە ئامادەباشیدایە. مەسەلەی راگرتنی پاكوخاوێنی، هەواگۆڕكێی ژووری داخراو، دەست شووشتنی بەردەوام، دووركەوتنەوە لە تەوقەكردن و ماچكردن و نزیكبوونەوە لەوانەی نەخۆشن وەیان دەكۆكن و دەپژمن.

ماسكی دەموچاو بۆ نەخۆش دروستكراوە كە لەكاتی كۆكین و پژمین و قسەكردن دڵۆپەی پڕ لە ڤایرۆس بلاو نەكاتەوە، بەڵام لە راستیدا، لە حاڵەتی تووشبوونیدا، پێویستە نەخۆشەكە لە بنەڕەتەوە نەچێتە نێو خەڵك و پێویستە لەماڵ وەیان نەخۆشخانە پشووبدات. سوودی ماسك بۆ خەڵكی ساخ كەمتر و سنووردارترە، چونكە لە زۆربەی حاڵەت بە چاكی بەكارنایەت و دەبێ زوو زوو بگۆڕدرێت.

حكومەت بەرپرسیارە لەوەی كە بڕیاربدات كەی و چۆن كۆبوونەوەی خەڵك كەمدەكاتەوە. لە وەرزی سەرمادا گرنگە رێگە لە هەندێ كۆبوونەوە بگیردرێت كە دەبنە مایەی تەشەنەكردنی خێرای ڤایرۆس. لە چەند رۆژی رابوردوودا، دەوڵەتی سعودیە عەمرەی راگرت، كە كارێكی زۆر باش بوو. زۆر لە وڵاتان رێگەیان لە كۆنفرانس و كۆبوونەوەی گشتی و تازیە و ئاهەنگگێڕان گرتووە یان رێكخەران هەڵیانوەشاندووەتەوە. لە كوردستانیش هەندێ رێكاری هاوشێوە كراوە و رەچاوی كەمكردنەوەی دەوام و راگرتنی قوتابخانەكان كراوە. كارێكی گونجاویش دەبێ كە لە ئایندەدا (لە كات و ساتی گونجاو و بەشێوەیەكی كاتی) نوێژی جەماعەت و هەینی (لە مزگەوتەكان) هەڵپەسێردرێن. پاراستنی خەڵك لە بڵاوكردنەوەی نەخۆشی هەر خۆی لەخۆیدا عیبادەتە. ئەگەر لە مزگەوت لە كاتی نوێژكردن و لە چركە هێمنەكاندا هەست رابگریت، هەر لە سەرەتاوە هەتا كۆتایی گوێبیستی دەیان و بگرە سەدان دانە كۆكە و پژمین دەبیت، بەڵام ئەوە بە هەند وەنەگیراوە و دەبێ بۆ خێری كۆمەڵگە حیسابی جیددی بۆ بكرێت.

پەتای كۆرۆنا كەی تێدەپەڕێت؟

دیارە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بایی ئەوەندە لە سەرتاپای جیهان بڵاو بووەتەوە كە ئیتر لەناو ناچێ و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا لە زۆربەی كۆمەڵگەکانی جیهاندا دەچەسپێ. لەگەڵ ئەویشدا، ژمارەی ئەوانەی كە تووشی ڤایرۆسەكە دەبن و چاك دەبنەوە، زیاتر دەبێ. بەو هۆیە بەرگری گشتی دژە ڤایرۆس لەنێو كۆمەڵگەدا بەرەو زیادبوون دەچێ، بەوەش مەترسییەكانیش كەمتر دەبنەوە.

لە وەرزی هاویندا، خەڵك كەمتر لە ژووری داخراودا دەبێ و كەمتر رووبەڕووی خەڵكی نەخۆش دەبنەوە. هاوكات، ئەو دڵۆپانەی هەناسە و تەڕایەتی دەست و ئامرازەكانی دەوروبەر بە گەرمای بەرز زووتر وشكدەبنەوە، بەوەش ڤایرۆسەكەش وشكدەبێتەوە و خۆی ناگرێ.

بەو پێیە، لە ئاییندەیەكی نزیكدا (چەند مانگێك) ئاست و رێژەی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە دەگاتە ئەوەی كە تا رادەیەك یان كۆنترۆڵ دەكرێ (كە ئاسان نییە)، یان لە زۆر وڵاتدا لە كۆنترۆڵ دەردەچێ و حكومەتەكان كۆڵ دەدەن و دیاردەكە دەبێتە ئاسایی. لە هەردوو حاڵەتدا لە چەند مانگی داهاتوودا (لە كۆتایی بەهار تاوەکو كۆتایی هاوین) ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و نۆرماڵ، نەخۆشییەكە وەك ئینفلەوەنزا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ. لەو نێوەشدا، رەنگە دەرمانی چارەسەر و ڤاكسین (كوتان) بدۆزرێنەوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە ماوەیەكی زۆر زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەی بكەونە بازاڕەوە لەوەی كە خەڵك چاوەڕوانیەتی.

سەرچاوە:  روداو 

…..

لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا 2020/03/03 سێ هەزار و 159 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 هەزار و 808 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 48 ژەزار و 201 کەسیش چاکبوونەتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی