"an independent online kurdish website

بە جیاوازی زەمەن و زەمین و زیھنییەتەوە، پێوەندییەکی قووڵ و قسەھەڵگر لە نێوان کۆڕۆنا و تیۆری ھەڵوەشاندنەوە ھەیە،

جارێ بەر لەوەی باس لە پێوەندیی نێوانیان بکەین، وا باشە، ئەگەر بە کورتییش بێت، باسێکی تیۆری ھەڵوشاندنەوە بکەین.

دوای بونیادگەریی، تیۆری ھەڵوەشاندنەوە بە چەندین پرسیاری قووڵەوە ھاتە مەیدان، سەرەتا فەلسەفە و دواتر ڕەخنە و ئەدەبیاتەوە و ھەموو پرسیار و گەڕیانەکانیشی پێخەمەت دۆزینەوەی  ئەسڵی مانا بوو.

فەیلەسوفی فڕەنسی (جاک درێدا 15/7/1930 – 8/10/2004) سەبارەت بە تیۆری ھەڵوەشاندنەوە دەڵێت: (ھەڵوشاندنەوە بریتیە لە تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان دەق و مانا)، کەواتە ئارمانج مانایە، تایبەت ھەقیقەت و ئەسڵی مانا، بە درێژایی مێژوویش مرۆڤ ھەر ئەوەی کردووە، ھەر ھەوڵی داوە تێبگات، لە خۆی، لە دەوروبەر ، لەو پێناوەیشدا قوربانی زۆری داوە و دەستی بە زۆر ئاگرەوە سووتاوە و تائێستایش بەردەوامە، بۆیە زیادەگۆیی نییە گەر بڵێین: ژیان واتە گەڕان بەدوای مانادا، بە دوای تێگەیشتندا، بەدوای دۆزینەوەی وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانەی، یەکەمین مرۆڤ کردی و دوایین مرۆڤیش دەیکات !..

 ژیان بریتیە لە مێژووی پرسیارەکان، پرسیاری حەرام و حەڵاڵیش نییە، ھەموو پرسیارێک حەڵاڵە و ئەوانەی لە پرسیاریش دەترسن، بێھێزەکانن، ئەو بێھێزانەی ناتوانن بگەڕێن و وەڵام بدۆزنەوە، ئاخر بەدرێژایی ئەو مێژووەی ئێمە باسی دەکەین، مرۆڤگەلێک لێیان پاڵداوەتەوە و ھەندێکیش ماندوون و کار دەکەن !..

ئەوانەی وەڵامیان دۆزییەوە، ئەوانەی بە چێکردنی قوڕی وەڵامدا شەکەت بوون و بۆ ھەر پرسیارێ، لەو قوڕەدا چەندین شکل و جۆری  وەڵامیان دروست کرد، ئەوانە ئینسانە گەورەکانن، لێ مخابن، ئەو ئینسانە گەورانە، لە زەمەنی خۆیاندا بەشێکیان لەلایەن عەوامی خەڵکەوە بەردباران کراون و بەشێکیشیان لەلایەن سیاسییەکانەوە خراونەتە زیندانەوە و بەشێکی تریشیان شاربەدەر کراون، لێ ئێستێ ھەموویان چوونەتە نێو زاکیرەی مێژووەوە، لە خوێندنگاکان دەخوێندرێن و نەوە دوای نەوە پرسیاریان لەبارەوە دەکرێت، ئەم ئینسانە گەورانە، ئێستا لە تەواوی دونیا بە ئیفتیخارەوە لەلایەن گەل و حکومەتەکانیانەوە پەیکەریان بۆ دروستکراوە و بە پێچەوانەی دوێنێ، ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەن و  ھێزیان لێ وەردەگرن !..

ئەو پەیکەرانەی، کە ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لە ئیفتیخاری مێژوو، بریتین لەو ئینسانە گەورانەی، کە وەڵامیان بۆ پرسیارەکان دۆزییەوە، مانایان بەخشی بە ھەبووەکان و ڕوونییان بەخشی بە لێڵییەکان، ئێستا بۆ ئەوەی زۆر دوور نەکەوینەوە لە کرۆکی بابەتەکە، دەپرسین :

⁃ کۆڕۆنا چییە؟!..

⁃ بۆ بەشەرییەتی خستەوە کونجی ماڵ ؟!..

⁃ بۆ سیستەمە نوێکانی جیھانی سفر کردەوە ؟

دیسان ڕستەی دەستپێکی ئەم وتارە دووبارە دەکەینەوە، ڕستەکەیش ئەمەیە: (بە جیاوازی زەمەن و زەمین و زیھنییەتەوە، پێوەندییەکی قووڵ و قسەھەڵگر لە نێوان کۆڕۆنا و تیۆری ھەڵوەشاندنەوە ھەیە)، پێوەندییەکەیش ئەمەیە، کۆڕۆنا سیستەمەکانی ھەڵوەشاندەوە ، تایبەت سیستەمی تەندروستی و ئابووری، ھەموو ئەوانەیش، کە لەگەڵ ئەم بۆچوونە نیین، دەکرێ بنووسن و گفتوگۆ بکەن، دەبێ ھەموومان بیربکەینەوە و گفتوگۆ بکەین.

بەشەرییەت لە خەتەر دایە، ھەندێ لە خەڵک ئێستایش لە قەبارەی ئەو خەتەرە تێناگات، ئێمە ناڵێین ژیان کۆتایی پێ دێت، لە وتاری پێشوویشدا:( ئیتر دونیای ئێمە کۆتایی ھات !..) ھەندێ لە خوێنەران پێیانوابوو ڕەشبینانە تەرحی ئەفکارەکانمان کردووە، نا، ئێمە مەبەستمان نییە قسە لە ڕەشبینی و گەشبینی بکەین، پرسەکە لەوە گەورەترە، ئێمە پێشتریش و ئێستایش باسی دونیا دەکەین، مەبەستمان لە چەمکی دونیایش جۆری ژیانە نەک خودی ژیان !..ئاخر جیاوازی زۆرە لە نێوان قسەکردن لە ژیان و جۆری ژیان!..

 بەشەرییەت لە خەتەر دایە، ژمارەی مردووەکان و ھەڵکشانی بەردەوامی ئەو ژمارەیە چەند ترسناک بێت، ترسناکتر لەوە بریتیە لە:

یەکەم: نەدۆزینەوەی چارەسەری کۆڕۆنا و دەستەوەستانی زانست لە ئاستییا تائێستا .

دووەم، کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی کۆڕۆنا بۆ دوای کۆڕۆنا، بێگومان ئەم کاریگەرییانە جۆرە ژیانێکی تر دروست دەکەن، کە تەواو جیاواز دەبێت لەگەڵ ژیانی پێش کۆڕۆنا، !..

دیسان بۆ ئەوەی زۆر دوورنەکەوینەوە لە بابەتەکە، ئێستا ڕێک دێینە سەر قسەکردن سەبارەت پێوەندیی نێوان کۆڕۆنا و تیۆری ھەڵوەشاندنەوە، کۆڕۆنا لە سفرکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکان، بە تایبەت سیستەمی تەندروستی و ئابووری، لە بەردەم(5) پێنج پرسیاردا ڕاماندەگرێت، کە بە بڕوای من جۆرێکە لە ھەڵوەشاندنەوە، یان باشتر بڵێین، جۆرێکە لە گەڕان بەدوای ئەسڵی مانادا:

پرسیاری یەکەم : سیستەمی تەندروستی جیھان چ مانا، کە نەشێ لە (COVID19) بگات، تێگەیشتن بە مانای دۆزینەوەی چارەسەر و ڕێگرتن لەو خەتەرە گەورەیەی بەشەرییەت دووچاری بووە ؟!..

پرسیاری دووەم : ئەی سیستەمی ئابووری، کە سیاسەت و دونیای پۆلەتیک و بەشە ئایینییە سیاسییەکەیشی دەگەڵ خۆیدا ئیدارە دەدا، ئێستا لە بێ ھێزیی و بێ ئەرزشییدا چ مانا ؟!..

پرسیاری سێیەم : ئەرێ کاتێ کە سیستەمەکان ھەڵدەوەشێنەوە، دەگەڵیشیدا ماناکانیان ھەڵناوەشێتەوە؟!..

پرسیاری چوارەم: ئەرێ کە ماناکان ھەڵوەشانەوە، جۆری ژیانیش ھەڵناوەشێتەوە و ژیانی نوێ ماناگەلێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا ناھێنێت ؟!..

پرسیاری پێنجەم : چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ژیانی نوێی دوای کۆڕۆنا و ئەی چۆن لە مانا نوێیەکانی ئەو ژیانە تێبگەین ؟!..

دوما قسە لێرەدا ئەمەیە: بەشەرییەت لە خەتەرێکی گەورەدایە، خەتەری گۆڕینی جۆری ژیان و ماناکانی، کەواتە گەردوون لە بوومەلەرزەیەکی گەورەدایە و دەبێ چاوەڕێی دوای بوومەلەرزە بکەین !..

سەرچاوە:  ک 24 .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی