"an independent online kurdish website"

٤١ ساڵ لەوە پێش بەر لە ٢٢ رێبەندانی٥٧ و لە رۆژی١٩ رێبەندانی ٥٧ حدکا نامەیەکی بۆ خومینی نوسیوە و ئەمرۆ کە رۆژی دامەزرانی کۆماری ئێسلامییە بە باشم زانی لێکدانەوەیەکی خۆم لەسەر ئەو نامەیە بڵاو بکەمەوە.

روون کردنەوە: دەقی نامەکە بە زمانی فارسی یە!!

دیپلۆماسی لە نامەیەکدا

لە جیهانی سیاستەدا ئەوەی حیزبێکی دەرەوەست لە ڕەوتێکی پۆپۆلیست جیا دەکاتەوە، هەڵویست گرتن لەسەر بناغەی  بەرژوەندی درێژخایەنە و واقعی کۆمەڵگایە!

حیزبی دێموکرات لە مێژووی خۆیدا ، لە هەر هەڵوێستێ کە گرتوویەتی  دوو بنەمایی لەبەر چاو بووە:

یەکەم: خوێندنەوەیەک بەپێی قازانجی نەتەوەی درێژخایەن لە بەستێنی کاتدا.

دووهەم: لەبەر چاوگرتنی واقعی دۆخەکە و هاوکات دابین کردنی قازانجی  کورتخایەنێک بە شێوەیەک کە هیچ زەرەرێک لە بەرژەوەندی ستراتژیک ندات.

ئەو دوو تایبەتمەندییە وایکردووە کە لەگەڵ ئەوەی حیزب، رێکخراوەی چینێکی تایبەتی کوردستان نییە و کۆمەڵانێک لە خەڵکی کوردستان ئەو رێکخراوەیه بە هی خۆیان دەزانن ، بەڵام لە ئاستی هەڵوێستی فەرمیدا، هیچ کات نەکەوتۆتە داوی  پۆپۆلیسمەوە و بەردەوامیش پێگە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی لەبەر چاو بووە.

یەكێ لە هەڵوێستە هەر گرینگەکانی حیزبی دێموکرات لە مێژووی خۆیدا ، ناردنی نامەیەکە بۆ خومینی بەر لە رۆژی ٢٢ رێبەندانی ١٣٥٧تە.

رۆژی ١٩ی رێبەندانی ١٣٥٧ واتە چوار رۆژ پاش ئەوەی “مێهدی بازرگان” وەک سەرۆک‌وەزیرانی کاتی له لایان خومینییەوە ڕادەسپێردرێ و دوو رۆژ پاش ئەوەی دەوڵتی کاتی دامەزرێ، کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە زمانی فارسی نامەیەک ئاراستەی خومینی دەکات.

سەرەتا دەکرێت بڵێن کە یەکێ لە گرینگییەکانی ئەو نامەیە کاتی ناردنی نامەکەیە!

رۆژی ١٩ی رێبەندانی ١٣٥٧ ئێستا چارەنووسی شۆرشی گەلانی ئێران ڕوون نەبۆتەوە، ئێستا ئەرتەشی شا بریاری یەکلاکەرەوەی خۆی نەدابوو.

دیارە کە بریاری ئەرتەش دیاری دەکرد کە ئاراستەی شۆرشی ئێران بەرو کوێ دەچێت، بەڵام ڕوونبوو کە دەسەڵاتی کۆن نامێنێ! و بەرە بەرە شۆرشگێران خەریکن دەستیان دەگاتە دەسەڵات!!

هاوکات لەگەڵ ئەوە هەموو لایەنەکانی کە باوەریان بە لادانی رەژیمی شاهەنشاهی بوو، خۆیان بۆ بەرەڕووبوونەوەی درێژخایەن سازدەکرد، چون هیچ باوەرێک نەبوو کە ئەرتەشی محەمەد رەزاشا کە زیاتر لە ٣٥ ساڵ، تەنیا بریاردەی نێوی خودی محەمەد رەزاشا بوو، هەڵوێستێک بگرێ کە قازانجی نەتەوەکانی ئێرانی تێدابێت.

لەو قۆناغەدا و بە پێی ئەزموونی سەرکووتی دەسەڵات لە پێشووتردا ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو بە گرووپی بە دەسەڵاتی نێو شۆرشگێران دەدوێ و لەنێو ئەوانیشدا کەسێک دەکات بەردەنگی خۆی کە زۆرینەی دژبەرانی حکوومەتی پاشایەتی رێبەری ئەو کەسەیان قەبوڵ کردبوو!

بە کورتی لێرەدا کردارێکی گونجاو لە کاتێکی پێویست بەرانبەر بە کەسێک کراوە کە ئەو کات خۆی وەک کەسێکی پارێزەری دێمۆکراسی دەناساند.

کە وایە بۆ نوسینی ئەو نامەیە سێ شت لەبەر چاو گیراوە:

یەکەم: دەسەڵاتی پێشوو چارەنووسی ڕوون نییە و ئەگەری هەیە لە ئێران ئالۆزی زۆر گەورەتر ساز بێت ، بۆیە دەبێت لایەنی بە‌هێزی پێش دەسەڵات لە خواست و ویستی خۆمان ئاگادار بکەینەوە، بەو شێوەیە ئامادەکاری بۆ هەرچەشنە ئەگەرێک بکرێت.

دووهەم: بنەما گشتییەکانی شۆرشی ٥٧ وەک ئامرازێک بەکار هاتوون بۆ ئەوەی  درگای گفتوگۆ لەگەڵ خومینی وەک کەسی بەرچاوی نێو بەرەی شۆرشگێر لەوکاتدا بکرێتەوە.

سێهەم: لەو قۆناغەدا کە هەموو لایەنەکان سەرخۆشی ڕووخانی دەسەڵاتی کۆنن، نامەی حیزبی دێموکرات باس لەسەر شێوازی دەسەڵاتدارێتی نوێ دەکات، ئەوە  یانی حیزبی دێموکرات هەم دەیزانی چی وچۆنی دەوێت و هەم دەیزانی چی ناوێ!

 لە پاش ئەو باسانە دەچینە نێو تاوتوێ‌کردنی نێوەرۆکی نامەکە:

ئەو نامەکەیە کە ڕوو بەخومینی نوسراوە بە کورتی دەکرێت، بەسەر سێ بەشی دابەشی بکەین؛

بەشی یەکەم

بەشی یەکەم هەموو باسەکانی لە ئاستی ئێران و دەسەڵاتداری تاراندا دەکات، لەوێ ئاماژە بە بزوتنەوەی گەڵانی ئێران دەکرێت و قائیل بەوە نییە کە بزوتنەوەی ساڵی ٥٧ لەلایان کەسێکەوە یان گروپێکی تایبەتەوە رێکخرابێت و هەتا قۆناغی سەرکەوتن هاتبێ، بەڵکوو بە ڕاشکاوی ناوی ئەو بزوتنەوە دەنێت : شۆرشی گەلانی ئێران!

گرینگی ئەو خاڵە لەوە دایە کە ئەو کات بەناوی یەکێتی و یەکگرتووی زۆر لایەن تەنانەت لایەنی نائیسلامیش خومینیان بە دارێژەی شۆرشەکە دادەنا، بەڵام نامەی حیزبی دێموکرات، سەرچاوەی دەسەڵاتی شۆرشی گەلانی ئێران دەگەرێنێتەوە بۆ خەڵکی ئێران، نەک دەسەڵاتی بان سروشتی یان چینی مەڵا لە ئێراندا! لەبیرتان بێت ئەو نامەیە کاتێ نوسراوە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لەسەر سەربانی ماڵی خۆیانەوە وێنەی خومینیان لە مانگدا دەدیت!!

هەر لە بەشی یەکەمدا لەگەڵ ئەوەی لەنامەکەدا رێز لە خومینی وەک بەردەنگی نامەکە گیراوە، بەڵام تەنیا رێز لە هەڵوێستی شۆرشگێری لە یەکساڵی پێش شۆرشی ٥٧ گیراوە و هیچ ئاماژەیەک بە ڕوانگەی دینی ئەو ناکرێت و بە کورتی بە پێچەوانەی کرداری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ئەو کاتی ئێران، هیچ هەوڵ نەدراوە دەقی نامەکە لەگەڵ ڕوانگەی دینی خومینی یەک بگرێتەوە!

ڕەنگە بەرچاوترین خاڵی نامەکەش لەو بەشەدا هەر ئەوە بێت کە ئاماژەیەک بە ئاسمانی بوونی دەسەڵات ناکات و بە پێچەوانە هەوڵدەدات  کە دەسەڵات وەک باسێکی سەرزەوی ئاماژەی پێبکات ، هاوکات نامەکە هیچ پیرۆزییەک بۆ شۆرشگێر و تەنانەت گوتاری باڵادەست لە نێو شۆرشگێراندا قائیل نییە و بە ڕاشکاوی باسی ئەوە دەکات کە شۆرشگێر دەبێت پێبەندی دێمۆکراسی، پۆلۆرالیسم و پێکەوە هەڵکردن بێت، نامەکە پێداگرە لەسەر ئەوەی کە نابێ گرووپێک هەوڵبدات باقی گرووپەکانی‌تر پەراوێز بخات کە وایە دژی دەسەڵاتی سەرەرۆ و دیکتاتۆر بوون، بەتەنیا شۆرشگێری نییە، بەڵکوو هەبوونی گەڵالەیەکی بۆ دابینکردنی دێمۆکراسی، باوەر بەرێزلێنان لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا  و باوەر بە پێکەوە هەڵکردنە کە بایەخ بە کاری مرۆڤی شۆرشگێر دەدات.

جارێکی‌تر بگەرێنەوە رۆژە بەراییەکانی رێبەندانی ٥٧ ئەو کاتە زۆربەی گرووپە سیاسییەکانی  ئێران باسی پێکەوەبوون بۆ ڕووخان دەکەن، بەڵام نامەی حیزبی دێموکرات بە ڕاشکاوی باسی پێکەوە هەڵکردن بۆ داهاتوویەکی گەش دەکات.

دەقی نامەکە لەو بەشەدا دەڵێت: “نابێ شۆرشی بکەوێتە دەست تاقمێکی تایبەت، ناکرێت بزوتنەوەی گەورەی گەلانی ئێران لە ژێر دەستی گروپێکی دیاری کراو بخرێت، چون هەموو خەڵکی ئێران بە ئیدلۆژی جیاوازەوە لەو بزوتنەوەیەدا بەشداریان کردووە و لە خۆبروودیان نیشان داوە”.

هەر لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە: ” بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئێران و دامەزرانی ئێرانێکی نوێ و دێمۆکراتیک ئەوە زۆر گرینگە کە [هیچ گرووپێک نەکەوێتە پەراوێزەوە و هیچ گرووپێک نەکرێتە خاوەنی شۆرشەکە]”.

لە نامەی ١٩ی رێبەندانی ١٣٥٧ی کومیتەی ناوەندی حدکا بۆ خومینی هاتووە: ” بە هەر بیانوویەک گرووپێک خۆی بە دەمڕاستی شۆرشەکە بزانێ و گرووپەکانی‌تر بەبیانووی جیاوازەوە لە  پەراوێز بخات، بە پێی ئەزموونی وڵاتانی جیهان درنگ یان زوو ئەو وڵاتە تووشی دیکتاتۆرییەتی ڕەها دەبێت، کە وایە قەبوول کردنی دێموکراسی بە بێ هیچ پێش مەرجێک بۆ هەموو گرووپێک و لایەنێکی سیاسی مەرجی خوڵقانی دۆخێکی ساغە و هەر ئەوەش داهاتوویی گەش بۆ ئێران دەستەبەر دەکات”.

ئەو بەشە لە نامەکە بە ڕوونی لەسەر سێ بنەما نووسراوە :

ئا : شۆرش هی گەلانی ئێرانە ، نەک شۆرشی ئیسلامی و نەک شۆرشی کۆمۆنیستی و …

بێ: شۆرشگێر ئەرکی هەیە، بەرانبەر بە خەڵک و تەنیا شۆرشگێربوونی ئەو بە بەروڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی پێشوو ناسەلمێندرێ، بەڵکوو دەروەست بوونی بەرانبەر بە چارەنووسی خەڵک شۆرشگێری ئەو دەسەلمێنێ.

سێ: نەسەلمانی دێمۆکراسی و پێکەوە هەڵکردن بەمانای دامەزرانی دیکتاتۆرییەتە ئەگەر ئەو دیکتاتۆرییەتە بەشێوەی کاتیش ڕەوایی کۆمەڵایەتی یان شۆرشی لە پشت بێت، هیچ لە بابەتەکە ناگۆرێ و هەر دیکتاتۆر و دەسەڵاتی ناڕەوایە.

بەشی دووهەم

بەشی دووهەمی نامەکە کە گرینگی نامەکە چەند هێندە دەکات، باس کردن لەسەر مافی نەتەوەکانە و لەو بەشە کە زۆرینەی نامەکەی بەخۆوە گرتووە هاتووە: “هیچ رەژیمێک لە ئێران رەژیمێکی جەماوەری و دێمۆکراتیک نییە، مەگەر ئەوەی کێشەی نەتەوەی کە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێرانە چارەسەر بکات”.

لە درێژەدا لەنامەکەدا هاتووە: “ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەلانی زوڵم لێکراو کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران پێکدێنن و خوێندن بە زمانی دایک، گەشەی فەرهەنگی نەتەوەی، لابردنی هەڵاواردنی ئابووری و سیاسی و لە هەمووان گرینگتر مافی دیاری کردنی چارەنووس ، مافی بەڵگەنەویستی ئەو گەلانەیە”.

پێش هەموو باسێک باسی بەشی یەکەم لە ڕاستییدا رێگەخۆشکەرە بۆ بەشی دووهەم واتە دێمۆکراسییەک دەتوانێ پەسندی حیزبی دیمۆکرات بێ کە لەو دێمۆکراسییەدا مافی نەتەوەییی نەتەوەکان دابین بکرێت، نەک مافی شارۆمەندی یان دێمۆکراسی زۆرینە و کەمینە، یان شێوەکانی‌تری دێمۆکراسی!

لە پاش ئەو باسە دەکرێت سێ خاڵی گرینگیش لەو بەشەدا دەستنیشان بکەین:

ئا:  باس لە مافی نەتەوەکان نێو ئێران کراوە، نەک مافی نەتەوەی کورد، بەتەنیا ئەوەش مانای ئەوەیە که هەنگاوێکی بەرایی بۆ سازکردنی بەرەیەک لەنێو نەتەوە نافارسەکاندا هەڵێندراوەتەوە، ئەو هەنگاوە لە ڕاستییدا هەوڵ بۆ سازکردنی هاوپەیمانییەکی زەینییە و دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی نەرمەوە کە تۆ بێ ئەوەی نوسراوەیەکت یان هاوپەیمانییەکت لەگەڵ کەسێک ئیمزا کردبێت، هێندێ قسە دەکەی، کەسانێکی‌تر  چون بە قازانجیانە پشتگیریت دەکەن، ڕوونە رووی ئەو نامەیە لێرەدا لە نەتەوەکانی ئێرانەوە دەیەوێت، پرسی نەتەوەی بیر نەتەوە نافارسەکان بخاتەوە!

بێ: فەلسەفەی بوونی حیزبی دێموکرات “مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد”ە، لەوە نامەیەدا بێ هیچ ئەملاوئەولایەک ئەو فەلسەفەیە هێنراوەتە بەر باس جەختی لەسەر کراوە، ئەوەش واتە دیپلۆماسی بەمانای سازان لەسەر بنەماکان نییە، بەڵکوو بەمانای سازان لە پێناو بنەماکانە!

سێ: باسی باوی ئەو کات لە شەقامەکانی ئێران پرسی ئیمپریالیزم و دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزم بوو و بەرەیەکی ئیسلامیش کە لە بەستێنی ئەو کاتدا هێزیان گرتبوو هاوکات لەگەڵ پرسی دژایەتی ئیمپریالیزم ، باسی زیندووکردنەوەی ئیسلامیان دەکرد، لە نامەی حیزبی دێمۆکراتدا، باسی پرسی نەتەوەکان دەکات و وەک پرسی سەرەکی ئێرانی لە قەڵەم دەدات و ئەوەش ڕاسانێک لە بەرانبەر بە گوتاری سەردەستە! لە ڕاستییدا ئەو نامەیە شۆرشێک لەنێو گوتاری شۆرشگێران دایە!

ئەو بەشە لە نامەی کومیتە ناوەندی حدکا کە لە ١٩ی رێبەندانی ١٣٥٧دا نوسراوە، بەجوانی دەریدەخات کە بریاردەرانی ئەو کاتی حیزب ئاگادار بوون کە قۆناغی رووخانی دەسەڵاتداری محەمەدرەزا پەهلەوی بۆ کورد قۆناغی کۆتایی نییە، بەڵکوو لە ڕووی مافی نەتەوەی کوردەوە قۆناغی سەرەتاییە، و کورد کێشەی تەنیا دیکتاتۆریت و سەرەڕۆی لە تاران نییە، بەڵکوو کێشەی داگیرکردنی کوردستان و پێشێلکاری مافی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تەناهییە!

بەشی سێهەم

بەشی سێهەمی نامەکە کە بەشی کۆتایی نامەیەکە باسی تەجزیە تەڵەبی دێنێتە گۆرێ!

ئەو بەشەش گرینگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو ڕووەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان چەک کردنی فکری تاقمی خومینییە و ئەوان پێش ئەوەی دەسەڵاتی تاران بیڵێ دەڵێن: “ئێوە بە بیانووی پاراستنی سنووری ئێرانەوە دواتر ئێمە سەرکووت دەکەن”.

ئەو باسە لە ڕاستییدا ئاماژە بە دوانەی دیکتاتوریت_ ئالۆزیی لە مێژووی سەردەمی ئێرانییەکان دا دەکات، دوانەیەیک کە لەودا دیکتاتۆرەکانی ئێران سەرەتا ئالۆزی دەنێنەوە و پرسی نەتەوەکان وەک کێشەی تەناهی دێنە بەرباس و لەسەر ئەو بنەمایە لە بازنەی یەکەم دا کورد و نەتەوەکان سەرکوت دەکەن و لەبازنەی دواتر دا هێزە فارسەکانی دژی خۆیان سەرکوت دەکەن، ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت، سەرجەمی ئەو کەسانەی میدالی شانازی زولفەقاریان وەرگرتووە کە باڵاترین میدالی نیزامی لە ئێران دایە یەک کەسی لێدەرچێ هەموویان هۆکاری وەرگرتنی ئەو میدالەیان شەر لە کوردستان بووە و میدالی زولفەقار میدالێکە کە لە سەردەمی رەزاشای پەهلەوییەوە وەک باڵاترین شانازی نیزامی دەرێت، بە کەسانی نیزامی و لە سەردەمی رەزاشاوە هەتا ئێستا کە ٩٤ ساڵ تێدەپەرێت هەموو ئەو کەسانەی میدالی زولفەقاریان وەرگرتووە، هۆکاری پێدانی ئەو میدالە دڕندەییان لە شەری کوردستاندا بووە.

 لە بەشی سێهەمی نامەی کومیتە ناوەندی حدکا بۆ خومینی دا هاتووە: ” بە پێچەوانەی ئەوەی دوژمنانی خەڵک دەیڵێن، دانی مافی گەلان تەجزیە تەلەبی نییە و لە ئێران پرسی نەتەوەی هەیە و هیچ جۆرە خۆگێلکردنێک لە بایەخی ئەو پرسە کەم ناکاتەوە”.

ئەو دێرانە لە کۆتایی بە بەشی دیپلۆماسی نامەکەدا دێت و بەشی سێهەمیشی لە ڕاستییدا لە خزمەت مافی نەتەوەکان یان بەشی دووهەم دایە و سەرجەمی دەقەکە دەقێکی دیپلۆماتکارانەیە کە وێرایی دەستنیشان کردنی مافی نەتەوەکان، پرۆسەی سەرکوتنی نەتەوەکان لە مێژووی سەردەمی ئێرانیش دێنێتە بەرباس.

نامەی رۆژی ١٩ی رێبەندانی ١٣٥٧ یەکێ لە دەقە دیپلۆماتیکەکانە کە بەرهەمی هزر و رووناکبیری کوردە، هەر بۆیەش ئەو نامەیە دەکەوێتە، چوارچێوەی مێژووی رووناکبیری سیاسیی کوردستانەوە! وەکوو باس لە وردەکاری نامەکە کرا ئەو نامەیە بنەماکەی لەسەر دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دۆزینەوەی هاوپەیمان بۆ کوردستان و سەقام‌گیرکردنی دێمۆکراسی لە ئێران لەسەر بنەمای مافی نەتەوەکان دایه، هەر بۆیەش دەتوانین بڵێن نامەی رۆژی ١٩ی رێبەندان هەتا ئێستاش بناغەی دیپلۆماسی کوردستان لە ئاستی ئێراندا دیاری دەکات.

سەرجەم بابەتەکە بە پ د ف 

نویترین هەواڵ و بابەت