"an independent online kurdish website"

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ماڵپەڕی “MEMORY OF NATIONS” کە تایبەتە بە گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەری تاکە بەرجەستەکان لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی جیهان، چەند لێدوان و وێنەی تایبەت بە “مینا نۆرلین”، کچی “د. عەبدولڕەحمان قاسملوو”ی بڵاو کردەوە

کە لەبەر گرینگی بابەتەکە و گواستنەوەی بۆ خوێنەرانی کوردزمان، لێرەدا دەقی لێدوانەکانی بەڕێزیان دەخەینە بەر چاو:

لە بارەی “مینا”وە

“مینا نۆرلین” لە ١٩ی ئاوریلی ١٩٥٣ لەدایک بوو، دایکی، “هێلێن کرۆلیچۆڤا” خەڵکی چێک و باوکی “عەبدولڕەحمان قاسملوو” خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بوو. لە پاییزی هەمان ساڵدا، “مینا” کاتێک منداڵێکی شەش مانگان بوو برایە ئێران، لەو شوێنەی باوکی لە دژی “شا” لە خەباتدا بوو. لە ماوەی چەند مانگی پاش ئەوە، “هیوا” خوشکی “مینا” لەدایک بوو. لە کۆتایی ١٩٥٧دا، “عەبدولڕەحمان قاسملوو” حوکمی لەسێدارەدانی درا. هەر بۆیە، بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ژن و منداڵەکانی دا و داوای مافی پەنابەری لە چێکۆسلۆڤاکی کرد. بە هۆی سەفەری خێرایان بە پاسپۆرتی بیانییەوە، بنەماڵەکە لە ژێر ناوی ساختە تا ١٩٦٨ لە پراک ژیان. بەم جۆرە، “مینا” هەر لە تەمەنی پێنج ساڵیدا پاش ئەوەی ناسنامەی بیانیبوونی بۆ مانەوەی هەمیشەیی پێدرا، لەگەڵ ناوی بنەماڵەیی خۆی بۆ یەکەم جار ئاشنا بوو. لە ١٩٧٣دا، باوکی وەکوو  سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تاراوگە هەڵبژێردرا. لە ماوەی ساڵانى ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، باوکی چووە دەرەوەی وڵات و لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا بەشدار بوو. هەر لەو کاتەدا، ئەو هەوڵی دا منداڵەکانی لەگەڵ نەبێت لەبەر پاراستنی گیانیان. خاڵێکی وەرچەرخان لە ١٩٧٦ رووی دا کاتێک دەسەڵاتدارانی چێکۆسلۆڤاکی درێژکردنی پێناسی مانەوەیان بۆ بنەماڵەکە رەد کردەوە. “مینا” و “هیوا” داوای مافی پەنابەرییان لە سوێد کرد. دایک و باوکیان چوون بۆ پاریس، لەو شوێنەی قاسملوو لە زانستگای “سۆربۆن” دامەزرا. پاش چەند ساڵ مانەوە لە ستۆکهۆڵم، “مینا” هاوسەرگیری کرد و “بیناسازی” خوێند. لە ١٣ی جولای ١٩٨٩دا، “عەبدولڕەحمان قاسملوو” و یارانی لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڤییەن بە بەشداری نوێنەرانی ئێران کوژران. لە ژێر سێبەری ئەم تراژێدییە بنەماڵەییەدا، “مینا” بینی “پەردەی ئاسنین” (سنوورەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتیی پێشوو) نەماوە و هەر لە ١٩٩2دا کاتێک یەکەمین دەرفەتی گەڕانەوە بۆ “پراگ”یان پێدا، دوودڵی نەکرد و گەڕایەوە.

تیرۆرەکە:

“باوکم دەویست بچێتە ئەمریکا بۆ بەشداری لە کۆنگرەیەکی بەرینی سۆسیالیستەکان. تەنانەت بۆ ئەوێ بانگهێشت کرابوو کە مانای وابوو وەکوو نوێنەری بەرحەقی نەتەوەکەی رێزیان دەگرت. بە دڵنیاییەوە، ئێرانییەکان ئەمەیان پێ باش نەبوو. کەوابوو، بۆ ڤییەن بانگهێشت کرا و باوکیشم چوو بۆ ئەوێ. ئەو ئێوارەیە ئەوان کۆبوونەوەیەکیان بوو کە لە ئاپارتمانێکدا بەڕێوە چوو. دەگوترێ کە ئەو (باوکم) لەو کاتە بە ئاکامی دانیشتنەکە رازی بوو. لە رواڵەتدا، هەستی دەکرد بە شوێنێک گەیشتوون. ئەو ئێوارە، ئەوان بانگیان کردەوە تا باسی شتی تر بکەن و بۆ جارێکی تر لە ١٣ی جولایدا بانگهێشتیان کردەوە. دەرکەوت کە تەڵە بوو و هەر سێ کەسەکە بکوژ بوون. نێونجیگەرێک کە لە نێوانیان هەر دوو لایەنەکەدا بوو، باوکم و هاوڕێیانی لەوێ بوون. ژمارەیەک لە دراوسێکان دەنگەکە دەبیستن و پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە. ئەو دوو کەسەی کە تەقەکەیان کردبوو، لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کران. یەکێکیان راست بەرەو فرۆکەخانە بردرا و بەرەو ئێران سواری تەیارەیان کرد. ئەوی دیکەیان بۆ ماوەی سێ ساڵ خۆی لە باڵوێزخانەکەی ئێراندا حەشار دا”.

یاری “من کێم”

“بە پاسپۆرتی عێراقییەوە لە چێکۆسلۆڤاکییەوە چووم بۆ ئەوێ و خۆم بە ئێرانی ناساند. بەڵام هیچ بەڵگەیەکم نەبوو بیسەلمێنم جگە لە پاسپۆرتە ساختەکە. ساڵێک لەوێ چاوەڕێم کرد تا مافی پەنابەرییان پێدام و پاش چەند ساڵێک داوام کرد وەک هاووڵاتی سویدی بناسرێم. لەو کاتەدا هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نەبوو، تەنیا داوایان لێکردم دەستبەجێ هاووڵاتیبوونی ئێرانی لە کۆڵ خۆم بکەمەوە چونکە لەو کاتەدا هێشتا ئیزنی ئەوە نەدەدرا کە هاووڵاتی دوو وڵات بێت لە یەک کاتدا. بەم جۆرە ورەم وەبەر خۆم دا و چووم بۆ باڵوێزخانەی ئێران. پێمگوتم کە کێشەکەم چیە لە بارەی ئەوەی من کێم. بەڵام هیچ بەڵگەیەکم نەبوو بیسەلمێنم. کارمەندی باڵوێخانەکە قسەی لەگەڵ کردم و بەردەوام پرسیارێکی لێدەکردم و دەچوو لە پشتی درگای داخراوە لەگەڵ یەکتر باسی بکەن. بە بۆچوونم زۆری خایاند چونکە نزیک کاتژمێرێک دەبوو لەوێ بووم. دەمزانی دەزانن من کێم، بەڵام خەریکی یاریکردن بوون لە بارەی ناسنامەکەوە. کێشەم نەبوو چونکە نەمدەویست بچمە نێو هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی لەگەڵیان. لە کۆتاییدا، کارمەندەکە هاتە لام و وتی ئەگەر هیچ بەڵگەیەکم نیە نیشانی بدا من کێم و خوازیاری سڕینەوەی هاووڵاتیبوونەکەمم بەبێ بەڵگە، ئەویش دەتوانێ بەبێ هیچ بەڵگەیەک بیسڕێتەوە. وەڵامەکە بۆ من زۆر باش بوو بەڵام پێویست بوو لەم مەسەلەدا، پۆلیسی سوێد بەقەناعەت بگەیەنم. کەوابوو، داوام لە کارمەندەکە کرد زانیارییەکانی پەیوەندی پێوەگرتن لەگەڵیم پێبدا و قسەکەی بە پۆلیسیش بڵێ. نازانم پۆلیس و باڵوێزخانە دواجار چییان کرد، بەڵام دواتر هاووڵاتیی سوێدیان پێدام”.

لەوێ خۆشم لە هیچ نەهات

“ئەوە بۆ من جۆرە مردنێک بوو چونکە نەمدەویست ئەوێ بەجێ بهێڵم. هێشتا پێموابوو ئەوه خراپتێگەیشتنە لەوەی کە من دەگەڕێمەوە. یەکەمین کارێک کە کردم ئەوە بوو کە چووم بۆ باڵوێزخانەی چێکۆسلۆڤاکی و داوای روونکردنەوەم لێکردن. بەپێی هەندێ لە پاراگرافەکان، پێیان گوتم کە من ئەو مافەم نیە. کە چووم بۆ ئەوێ بە چێکی، رووسی و بڕێک فەڕانسەوی لەگەڵیان دوام. هەموو ئەوانەی لە دەورووبەرم بوون بە سوێدی یان ئینگلیزی دەدوان و منیش خۆشم لەو شتەیان نەهات. لەوێ خۆشم لە هیچ شتەیەکیان نەهات. ماوەیەکی زۆری پێچوو نزیک بە ساڵێک. خۆشم لە وڵاتەکەش نەدەهات، خۆشم لە خەڵکەکەشی نەدەهات، ئەگەرچی بەڕاستی مرۆڤی گەورە بوون. راستە کە هیچ وڵاتێکی تر منی بەو شێوە قەبووڵ نەدەکرد، بەڵام ئەوە باری دەروونیم بوو. تەنیا دەمویست لە پراگ بم، لە کۆماری چێک”.

باوکم “پاڵمە” نیە

“کاتێک باوکم لە ١٩٨٦ سەردانی ئێمەی کرد، پێویستی بوو ماوەی ڤیزاکەی درێژ بکاتەوە. بە فەرمی وەکوو میوانم لەوێ بوو، کەوابوو ناچار بووین پێکەوە بچین بۆ ئیدارەی پۆلیس. لەوێ زانیم کە ئەوان دەزانن باوکم کێیە و چ پێگەیەکی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە، پێشنیاری ئەوەیان پێکرد کە پۆلیس بیپارێزێت. باوکم رەتی کردەوە و وتی ئەو “پاڵمە” نیە. بۆیە ئەمەی گوت چونکە “پاڵمە” ساڵێک پێشتری کاتێک دەچووە سینەما لە ستۆکهۆڵمدا تەقەی لێکرابوو. ئەویش هیچ ئیسکۆرتێکی لەگەڵ نەبوو. بەڵام راستە کە لەو کاتەدا من نەمدەزانی باوکم ژیانێکی پڕمەترسی هەیە”.

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

Mína Norlin

بابەتی پەیوەندی دار

بە بۆنەی دەستوێڕاگەشتن بە دوو وێنەی دوو ڕێبەری سیاسی کورد، قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق، حەسەن قازی

یادی 25ساڵەی شەهید قاسملوو لە سوید کە لە کۆتایی دا مینا خانم قاسملوو سوپاسی خەڵکەکە دەکا 

نویترین هەواڵ و بابەت