"an independent online kurdish website"

ئێمە ئیمڕۆ لە بەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین… کە زیاتر لە نیو سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا .


 لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.

بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ….

بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای – ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور لە زەبروزەنگەکەی – لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات…. لە خۆ ڕابفەرمووێ و بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا بکات.

بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و واقیعییەوە پێشکەشی کردووین .

ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.

مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.

ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی، ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا، ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.

ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە… ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.

ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی، بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە 55 شوێن لە شەقام و قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..

ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت….!!

     ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد، واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی. ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{ ٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر… ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..

ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!…

بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە. کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.

ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس، ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت، بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت… حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.

ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە. یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.

ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ، کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات…

سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.

بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.

ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،. ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە، نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود محەمەد بسڕنەوە.

بۆ ئەم یادی18 ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی تێهەڵکێش کردووە.

ھەڵۆ بەرزنجەیی

1.4.2020

نویترین هەواڵ و بابەت