"an independent online kurdish website

ناسر ئاغابرا ناسرا به ژاکاو، ۲۰ی خەرمانانی ۱۳٤۷ی هەتاوی لە ئاوایی بەردەڕەشان لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لەدایک بووە.

لە تەمەنی سێ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی سوورێژە بووە کە بەچاو دەیگرێ و چاوەکانی لە دەست دەدا.

خۆی دەڵێ: “خووم بە دنیای تاریکەوە گرت بەڵام ڕووناکاییم لەبیر نەبردەوە بەڵکو ئەوم بە وڵاتێک دەزانی و پێم وابوو بەجێم هێشتووە”.

خوێندنی سەرەتایی وەکوو مناڵانی دیکە لە قوتابخانەی ئاوایی تەواو کردووە لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی دەستی بە هۆنینەوەی شێعری فارسی دەکا، لە کوڕ و کۆبوونەوەکانی شێعر و وتارنووسی لە شاری مەهاباد بەشداری کردووە و لە زۆربەی کێبەرکێیەکاندا خەڵات گەلێکی وەرگرتووە.

لە هەوەڵی دواناوەندی کە وەک قوتابیانی ئاسایی لە قوتابخانەی دواناوەندی وانەی دەخوێند لە کێبەرکێیەکی شێعر نووسین لە قوتابخانەکانی ئێراندا بەشداری دەکا خەڵاتی یەکەمی قوتابخانەکانی ئێران وەدەست دەهێنێ. جێگای ئاماژەیە ئەم شاعیرە کوردە بۆ چەندین وانەی وەکوو ئینگلیزی، بیرکاری و عەڕەبی جگە لە مامۆستایانی قوتابخانە، مامۆستای تایبەتی هەبووە لە خەتی بریل کە تایبەتی نابینایانە کەڵکی وەرگرتووە

ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی لە لقی ئابووری‌ کۆمەڵایەتی دیپلۆمی وەرگرتووە

بە کالۆریۆسی (فوق‌لیسانس) لە زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی ئازادی مەهاباد تەواو کردووە.

ئەم شاعیرە ڕووناک دڵە، ساڵی ۷۵ هەتاوی زەماوەندی کردووە، ساڵی ۷۷ لە شاری مەهاباد گەڕەکی سارم بەگ نیشتەجێ بووە، خاوەنی کچ و کوڕێکە.

دوو کتێبە شێعری بە ناوەکانی کەژاوەی دڵ و تریفەی ئاوات چاپ و بڵاو بووەتەوە. بەرهەمێکی دیکەی بە ناوی کۆلارە ئامادەی بڵاو بوونەوەیە.

جگە لە شێعر لە بواری نووسینی تەنز، شانۆ و چیرۆک دەستێکی باڵای هەبووە.

ناسر ئاغابرا ۱۷ی خاکەلێوەی ۹۹ی هەتاوی بە هۆی وەستانی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە: فەرهەنگی ئاوایی‌یەکانی مەهاباد

هۆنراوەی قەندیل  

قەندیل دەڵێ من سەر بە تەمم قەندیلم

تا خێڵی کوڕانم دەگەنێ هەر دیلم

زۆر هەوری دەبابەم بە سەرا هەڵدەتەقێ

زۆر تیری نەیاران لە دڵم هەڵدەچەقێ

زۆر دەکشێ بە سەرما سێبەری داڵاشان

زۆر دەڕژێ بە سەرما پەڵە خوێنی لاشان

زۆر شەو بە برینداری لە خەو هەستاوم

هەر بەرزە قەڵای کوردم و راوەستاوم

 ئەو جۆگەلە ئاوەی کە لە من ڕادەخوشێ

ڕۆڵەی گەلە وەک سوجدە لەبۆی ڕادەکشێ

کاتێ سەری زاماری لە کۆشی خۆمە

شەو تاکوو بەیان بۆ کوڕی خۆم لۆلۆمە

هۆ دوندی کەلیخانی ڕنووپۆشی بەسام

یادم کە لە ژێر هەوری دەبابان عەبەسام

دڵ کەوتووە و هێــزم نییە بیلاوێنم

سەد ڕۆستەمە کوژراوە لە سەر داوێنم

من باوکم و دڵ بە خەم و ئاواره

چوار خێڵی کوڕانی بێبەشم لێ دیارە

نەورۆزی ڕەهایی و هەڕەتی هاتی من

ڕۆڵەم دەوێ بینووسێ بەسەرهاتی من

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی