"an independent online kurdish website

سەبارەت بە ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا (سارس كۆڤ-2)، بە گوێرەی قسەی پزیشكان بێت، براوە ئەو كەسەیە كە تووشی ڤایرۆسەكە نابێت، بەبەختیش ئەو كەسەیە، خاوەن سیستمێكی بەهێزی بەرگرییە و ئەگەر تووشیش بوو، زوو چاكدەبێتەوە و لەو 5%ـەی كە بەو دەردەوە دەمرن، نەبێت!

دەكرێ تووشبووەكان بكەینەوە سێ چینەوە:

– ئەوانەی بەرگەی لەشیان بەهێزە، هیچ نیشانەیەكی پەتایەكەیان لێ دەرناكەوێت و هەر زوو كۆئەندامی بەرگرییان، ڤایرۆسەكەی لەنێودەبەن. ئەوانە نیوەی تووشبووەكانن 50%.

– نیوەی دووەمی تووشبووەكان، دەبنە دوو بەشەوە: ئەوانەی كۆئەندامی بەرگرییان نیوەچڵ و مامناوەندە كە نیشانەكانی پەتایەكەیان بە سووكی لێدەردەكەوێ و زۆربەی هەرەزۆریان بە هەفتەیەك چاكدەبنەوە. ئەمانەش 80%ی نیوەی دووەمی تووشبووەكان پێكدەهێنن.

– هەندێ كەس بەرگرییان لاوازە و نەخۆشییەكە خێرا و قورس دەیانگرێت و تووشی تایەكی بەرز، كۆكەیەكی وشكی تووند، داهێزران و ئازاری ماسوولكە دەبن و پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی و چاودێرییە لە نەخۆشخانە. ئەمانەش 15%ی بەشی دووەمی تووشبووان پێكدەهێنن كە زۆربەیان بە دوو هەفتە چارەسەر دەبن. بەڵام 5%ـەكەی دیكەیان، لەبەر سستی كۆئەندامی هەناسەیان و لاوازی بەرگرییان، جگە لە نیشانەكانی سەرەوە، تووشی هەوكردنی هەناسەڕێ و سیپەلاك دەبن و هەناسەیان سواردەبێ و پێویستییان بە ئامێری هەناسەی دەستكرد و چاودێریی چڕە و ئەگەری مردن لەو كەسانەدا زۆرترە، بەتایبەتی ئەوانەیان نەخۆشییەكی درێژخایەنیشیان هەبێت، كە ئەم نەخۆشییانە دیسانەوە كار دەكەنە سەر لاوازی بەرگرییان.

كەواتە، چەند بەرگریی مرۆڤ بەهێزتر بێت، مەترسیی كۆرۆنا و نەخۆشییەكانی دیكە لەسەر ژیانی كەمترە و نیشانەكانی نەخۆشیشیان سووكترە و زووتریش چاكدەبنەوە.

زانا و شارەزاكان دەڵێن لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە، مرۆڤ كێشە و بەڵای گەورەی بەوشێوەیەی تووش نەبووە. ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە هەمەگیرەی كە سەرتاسەری دنیای گرتووەتەوە، بێوێنە بووە، لەوانەیە هۆكاری سەرەكیی بڵاوكردنەوەی ئەم ترس و دڵەڕاوكێیە، ئەو بۆمبەبارانەی راگەیاندن و سۆشیالمیدیا بێ كە بەردەوام و بێوەستان، باسی مەترسییەكانی ئەم ڤایرۆسە و ژمارەی تووشبوو و قوربانییەكانی دەكەن و بەداخەوە هەندێكیشان دەكەونە داوی تەم و گومانی تیۆری پیلانگێڕی Conspiracy Theory و پەرەپێدانی دەنگۆی تۆقێنەر و هەواڵی درۆیینەی سامناكەوە، كە وەك دەروونناسانی كۆمەڵایەتی باسی یاسای تەشەنە و تەنینەوەی كۆمەڵایەتی Social Contagion دەكەن، ترس و دڵەڕاوكێ و فۆبیای كۆرۆناش، وەك كاریگەری تۆپەڵەبەفر Snowball Effect، خێراتر لە ڤایرۆسەكە بە ناو خەڵكدا داگوازرێتەوە.

ئەم ترس و دڵەڕاوكێیە، ئەگەر درێژە بكێشێت یان بەرزەفت نەكرێت، جگە لەوەی خۆی دەبێتە مەترسی و كێشەیەكی گەورە و خولقێنەری نەخۆشییە دەروونییەكانی دیكەی وەك خەوزڕان، خەمۆكی، پەنیك، وەسواسیی ناچارەكی OCD، پارانۆیا، شیزۆفێرنیا و هایپۆكۆندریا (ئەوانەی كە بەردەوام لە دڵەڕاوكێدان نەوەك تووشی نەخۆشییەك ببن، بە دیتنی نیشانەیەكی بچووك، وەك كۆكەیەك یان خورانی لووت یان قوڕگ، وا دەزانن كۆرۆنایان گرتووە)، بەرگریی جەستەی مرۆڤیش لاواز دەكات و لە بەرامبەر شەڕی كۆرۆنادا، ئەگەری زۆر دەبێت، كەسی تووشبوو لە بەشی سێیەمی نەخۆشەكانی سەرەوەدا پۆڵین بكرێت.

ئەوەی ئەم ڤایرۆسەی لە ڤایرۆسە هاوچەشنەكانی دیكەی سەر بە خێزانی كۆرۆنا، جیاواز و مەترسیدارتر كردووە، ئەو چەند تایبەتمەندییەی خوارەوەن:

1- زۆر خێرا دەگوازرێتەوە و كەس نازانێ چۆن و كەی، لە چ كەسێك یان لە چ شتێكەوە بۆی دێت. سەرەتا، 67 رۆژی پێ چوو تاوەكو ژمارەی تووشبووان گەیشتە 100هەزار كەس. بەڵام 100هەزار كەسی دووەم، تەنیا بە 11 ڕۆژ و 100هەزار كەسی سێیەمیش، هەر بە 4 رۆژ تووشبوون.

2- 5%ی تووشبووان دەكوژێت و بەشێكی زۆریش دەكەونە نەخۆشخانە و شەڕی مان و نەمان دەكەن و تەنانەت دوای چاكبوونەوەش، ئەگەری ئەوە هەیە بەشێكیان تاوەكو مردن، پاشماوە و كاریگەری نەخۆشییەكەیان پێوە بمێنێت.

3- پەتایەكی ناوچەیی نییە، بەڵكو جیهانی و گشتگیرە (لە ئێندێمیك و ئێپیدێمیكەوە بووەتە پاندێمیك) و رەچاوی هیچ پێوەر و پێودانگێكی دیمۆگرافی، جوگرافی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و كولتووری ناكات.

4- تائێستا نە دەرمانی هەیە، نە پێكوتە (ڤاكسین). دەبێ خۆت تەسلیمی بەرگریی جەستە بكەیت و بەخۆی بە گژ ڤایرۆسەكەدا بچێت.

5- هیچ پەتایەك وەكو كۆڤید-19، لە راگەیاندنەكانەوە ئەوەندە باسنەكراوە. رۆژ و شەو ، زانیاری و هەواڵی كۆرۆنا دەرخواردی خەڵك دەدرێت و هزر و دەروونیان ئاڵۆز دەكرێت.

6- كەم قەیران بووە، ئەوەندە ئاكامی جۆراوجۆری كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و كولتووریی لێكەوتبێتەوە (لە وتاری پێشوودا باسمانكرد).

ئەم تایبەتمەندییانەن كە هیستریا و دڵەڕاوكێیەكی جیهانی و بەرفراوانی ناوەتەوە و لایەنی دەروونی تاكیش كەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە، كە بە دڵنیاییەوە شایانی گرنگیدانی زیاتری پسپۆڕان و بەڕێوەبەرانی قەیرانە، كە لە سای هەواڵی كۆرۆناوە خەریكە دەروونی تاكیش شپرزە دەبێت.

زانست سەلماندوویەتی لەنێوان باری دەروونی (بەتایبەتی سترێس – دڵەڕاوكێ) و بەرگریی مرۆڤ، پەیوەندییەكی راستەوخۆ هەیە. زانایان (پزیشكان و دەروونناسان) دڵنیان كە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و تەنانەت ئەو گوشارە دەروونیانەی كە دەرهاویشتەی ژینگە و كێشە كۆمەڵایەتی و خێزانییەكانن، بەرگریی جەستەی مرۆڤ كە شەڕی ڤایرۆس و بەكتریا و هەموو زیانۆك (پاتۆجین)ـێك دەكەن، لاوازدەبێ و بگرە لە درێژخایەندا ئەگەری زۆرە كە رێگە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دیكەی وەك شەكرە، بیربڕان و خەرەفیان (زەهایمەر)، نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەش خۆش بكات.

زۆر جار، دوای خەم و دڵەڕاوكێیەكی زۆر، یان مۆتەكە و خەونی ناخۆش و ترسناك، لێو هەڵدەزرێت و تووشی تامیسكە (شەوترسك) دەبێت. هۆكاری هەڵزڕان و تامیسكە، ڤایرۆسێكە بە ناوی هێرپێس سیمپلێكس HSV كە لە جەستەی زۆربەی خەڵكدا هەیە، هەركات بەرگری لەبەر هەر هۆكارێك لاواز ببێت (وەك: ترس و دڵەڕاوكێ، تای بەتین، كەمداگەڕانی هەندێ ڤیتامین یان كەم و زیادكەوتنی هەندێ هۆرمۆن)، ئەو ڤایرۆسە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و لە هەندێ شوێنی جەستەمان بەتایبەتی لێو و دەمولووتمان ئاوسان و تامیسكە دروستدەكات. ئەوانەی بەرگرییان لاوازتر بێت، بۆ نموونە تووشبووانی ئایدز یان ئەوانەی لەبەر نەخۆشیی شێرپەنجە كیمۆتراپی دەبن، ئەم تامیسكانە لەوانەیە لە ئەندامانی دیكەی لەشیش وەك چاو، كۆئەندامی هەرس، هەناسە، زاوزێ و تەنانەت مێشكیش دروستببێ.

بۆ ئەوەی بزانین كە ترس و دڵەڕاوكێ چۆن كۆئەندامی بەرگریمان لاواز دەكات، یان دەبێتە لەمپەر لەبەردەم شەڕەكەی لەگەڵ ڤایرۆس و بەكتریاكان، پێویستە سەرەتا كەمێك لە سرووشت و پێكهاتە و مكانیزمی ئەم كۆئەندامە لە لەشماندا بزانین كە لە سەرتاسەری جەستەماندا بڵاوە و جێگیرە و سەربازەكان و شەڕڤانانی، لە هەموو ئەندامی جەستەماندا سەنگەریان هەیە و بۆ بەرگریكردن و بەرپەرچدانەوەی هێرشی هەر ڤایرۆس و بەكتریا و شتێكی نامۆ، شەو و رۆژ لە كەمین و ئامادەییدان .

كۆئەندامی بەرگری بریتییە لە پێست و، سپیگرێ lymph nodes، هەندێ شانە و ئەنزیم و، خڕۆكە سپییەكانی ناو خوێن WBC پێكدێت، لە هەر مایكرۆلیترێكی خوێنی تاكێكی باڵغ و پێگەیشتوودا، چوار تاوەكو 11 هەزار خڕۆكەی سپیی تێدایە. خڕۆكە سپییەكان، هەڵگری چەند جۆر سەربازن كە هەریەكە و شەڕی جۆرە ڤایرۆس و بەكتریا و پاتۆجینـێك دەكەن و، هەریەكەو رۆڵ و ئەركی تایبەت و، چەكی تایبەت بە خۆیشیان هەیە. ئەو سەربازانە بریتین لە:

1- نۆترۆفیلەكان Neutrophils: كە ژمارەیان لەنێوان 55% تاوەكو 75%ی خڕۆكە سپییەكانە و شەڕكەری زۆر بەهێز و چالاكن و وەك كۆماندۆ، شەڕی ڤایرۆس و بەكتریاكان دەكەن.

2- لینفۆسایتەكان Lymphocytes: كە رێژەی 20% تاوەكو 40%ی خڕۆكە سپییەكان پێكدەهێنن. رۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە بۆ دروستكردن و دەركردنی دژەژەهری تایبەت بۆ لەنێوبردنی ڤایرۆس و بەكتریاكان كە پێیدەگوترێ: تەنكوژەك یاخود ئەنتیبادی Antibody.

3- مۆنۆسایتەكان Monocytes: كە ژمارەیان لەنێوان 2% تاوەكو 8%ی هەموو خڕۆكە سپییەكانە. ئەركیان هێرش و هاڕین و هەڵلووشینی ڤایرۆس و بەكتریایە. ئەم سەربازانە لە هەموو ئەندامانی جەستەدا سەنگەریان گرتووە و بەردەوام لە بۆسەدان.

4- ئیۆزینۆفیلەكان Eosinophils: كە تەنیا 1% تاوەكو 4%ی خڕۆكە سپییەكان پێكدەهێنن. ئەم سەربازانە ئەركیان شەڕی مشەخۆر parasite و خانەی شێرپەنجەگرتەیە و كاریان بە ڤایرۆس و بەكتریاوە نییە.

5- بازۆفیلەكان Basophils: كە 0.5% تاوەكو 1%ی خڕۆكە سپییەكانن، بەرامبەر ئەو شتە نامۆیانەی كە ئاڵۆش (ئەلەرژی و حەساسیە) دروستدەكەن، كاردانەوەیان دەبێ و ئەركیان دروستكردن و دەركردنی ماددەیەكی كیمیاییە لەكاتی ئاڵۆشكردندا.

كەواتە، لەو 5 چینەی سەرەوە، تەنیا نۆترۆفیل و مۆنۆسایت و لینفۆسایتەكان شەڕی ڤایرۆس و بەكتریایان پێدەكرێت. ئیۆزینۆفیل و بازۆفیلەكان، شارەزای شەڕی ڤایرۆس و بەكتریا نین. هەموو ئەو سەربازانە لە مێشك و مۆخی ئێسكدا دروستدەبن و دەڕژێنە نێو خوێنەوە و خوێنیش بە هەموو شوێنێكدا دەیانسووڕێنێت بۆ ئەوەی بەرامبەر هەر هەڕەشەیەك، بەرگری بكەن.

هەروەك دەزانین، ڤایرۆسەكان بەگشتی مردوو و بێ زیانن تاوەكو لە دەرەوەی لەشی مرۆڤدان، بەڵام هەر كە چوونە نێو لەشی مرۆڤ و لەوێشەوە بۆ خانەكانی ئەندامی تایبەت، زیندوو و چالاك دەبن و زۆر خێرا كۆپی دەبن و هەر ڤایرۆسێك كە چووەتە نێو خانەیەك، دەبێتە دەهەزار ڤایرۆس و ئەوانیش هێرش دەبەنە سەر خانەكانی دیكە و بەوشێوەیە خانەكانی ئەو ئەندامە، پڕ لە ڤایرۆس دەبن. هەر ڤایرۆسێك لە ئەندامێكی تایبەتدا دەژیت و لە ئەندامانی دیكەدا ناتوانێ كۆپی ببێت. بۆ نموونە ڤایرۆسی هێپاتایت (زەردكە) دەچێتە جگەرەوە، ڤایرۆسی ئایدز لە خوێندا، ڤایرۆسی كۆرۆناش لە كۆئەندامی هەناسەدا و بەتایبەتی نێو سییەكانی كەسی بەركەوتەدا جێگیر دەبێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنا قەبارەكەی 0.000125ی میلیمەترە و زانایان دەڵێن 20 دەنكە ڤایرۆس، بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ نەخۆش بخەن. گریمان ڤایرۆسەكە چووەتە نێو كۆئەندامی هەناسەوە، با بزانین چۆن خڕۆكە سپییەكان شەڕی ڤایرۆسەكە دەكەن و چۆن سترێس و دڵەڕاوكێش، بە هانای ڤایرۆسەكەوە دەچێت و لەمپەر دەخاتە بەردەم شەڕی خڕۆكە سپییەكان.

سەرەتا ئەو سەربازانەی كە گوتمان لە شانەكانی سیپەلاكدا جێگیرن و بەردەوام لە سەنگەردا بۆسەیان گرتووە، هێرش دەكەنە سەر ڤایرۆسەكە. ئەم سەربازانە كە یەكەم هێڵی بەرگرین، هەمان مۆنۆسایتانی نێو خوێن بوونە، بەڵام دوای ئەوەی لە موولوولەكانی خۆینەوە دەرچوونە و خۆیان گەیاندووەتە ئەو شانانە و لەوێ جێگیر بوونە، هەر زوو فۆرمی خۆیان گۆڕیوە و دەبنە سەربازێكی جەنگاوەری بەهێزی نوێ كە پێیدەڵێن: ماكرۆفاژ Macrophage (گەورەخۆر). ماكرۆفاژەكان تاوەكو چەند مانگ لەو شانانەدا جێگیر دەبن و بە دیتنی هەر شتێكی بێگانە و نامۆ وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەستبەجێ هێرشی بۆ دەبەن و شەڕێكی فیداكارانە لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا دەكەن، كە پزیشكان بەو شەڕە دەڵێن فاگۆسیتۆز Phagocytosis (بێگانەخۆری). فاگۆسیتۆز، واتە قووتدان و خواردن و هەرسكردن و لەنێوبردنی ڤایرۆس لەلایەن ماكرۆفاژەكان و فڕێدانی پاشماوەكەی لەنێو شانەكاندا، كە دواتر ئەم پاشماوانە كە ژەهراوین، دەبنە هۆی فەرمانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش لەلایەن هایپۆتالامۆسی مێشكەوە، كە لە پزیشكیدا پێیدەڵێن “تا”. هاوكات لەگەڵ ماكرۆفاژەكان، كە لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆریان لەنێودەچن و رێژەیان كەم دەبێتەوە تاوەكو ئەو رادەیەی كە چیتر دەرەقەتی ڤایرۆسەكەیان ناهێڵێت، بەتایبەتی ڤایرۆسێكی وەك كۆرۆنا كە زۆر سەرسەختە و سرووشتێكی تایبەتی هەیە، جەستەمان هێڵ و هێزی دووەمی خڕۆكە سیپییەكان كە نۆترۆفیلەكان بن، لە ماوەی كەمتر لە دوو كاژێردا رەوانەی سییەكان دەكات بۆ یارمەتی و پاڵپشتیكردنی ماكرۆفاژەكان. هەردوو سوپاكە پێكەوە، ڤایرۆسەكان فاگۆسیت دەكەن. لەم شەڕە گەرمەدا، ژمارەیەكی زۆر لە سەربازەكان دەبنە قوربانی، بۆیە جەستە فەرمان دەداتە سوپای سێیەم و پاڵپشت كە مۆنۆسایت و لینفۆسایتەكانن بۆ ئەوەی خێرا خۆیان بگەیێننە بەرەی جەنگ لە سییەكان.

مۆنۆسایتەكان، سرووشتیان بەشێوەیەكە ناتوانن لەنێو خوێندا شەڕی ڤایرۆسەكان بكەن، بۆیە هەر كە لە مووڕەگەكانی خوێن دەرچوون و چوونە نێو شانەكانەوە، خۆیان دەگۆڕن و دەبنە ماكرۆفاژ و دەستدەكەن بە هەڵمەوقووتكردن یاخود فاگۆسیتۆز. لینفۆسایتەكانیش كە دوو جۆرن لینفۆسایتی B و Tبەشێوازێكی ئاڵۆز و جیاوازتر لە خڕۆكە سپییەكانی دیكە، بەرەنگاری ڤایرۆسەكە دەبنەوە.

لینفۆسایتی B، دوای ئەوەی زانیارییەكی تەواو لەسەر سرووشت، تایبەتمەندی و كۆد و شێوازی رەفتاری ڤایرۆسەكانی لەلایەن خانەكانەوە پێدەگات، دەستبەجێ ماددەیەك دروستدەكات بە ناوی تەنكوژەك یاخود ئەنتیبادی Antibody، كە دژەژەهرێكی تایبەتە بەو ڤایرۆسە. ئەم ماددەیە، ڤایرۆسەكە ژەهراوی و لاواز دەكات و وای لێدەكات ماكرۆفاژ و نۆترۆفیلەكان، زۆر ئاسانتر و خێراتر هەڵمەوقووتی بكەن. لینفۆسایتی Tـیش كە لە رژێنی تیمۆسی سینگماندا، خولێكی راهێنان دەبینن و بۆ ئەركێكی تایبەت پێدەگەیێندرێن تاوەكو ئەو خانانەی سیپەلاك بتاوێننەوە كە ڤایرۆس تێكیداون، یان زیانی پێگەیاندوون، لەوەوە سیپەلاك هەو دەكات و تووشی هەڵاوسان دەبێت، كەوابێ نەخۆش كۆكە دەیگرێت و دەستدەكاتە كۆكینێكی وشك. هەورەها تایەكی بەتین دەیگرێت كە نیشانەی شەڕی خڕۆكە سپییەكان و خاوێنكردنەوەی ئەو پاشماوانە ژەهراوییانەیە كە دوای هەڵمەوقووتكرانی ڤایرۆسەكان لەنێو خانە و شانەكانی سییەكاندا فڕێدراون. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی دەركردنی كۆمەڵێك ماددەی كیمیایی (وەكو سایتۆكاین Cytokine، ئینتەرلۆكێن Interleukin، كیمۆكاین Chemokine و فاكتەری نكرۆزكەری تۆمۆرەكان TNF ) لەلایەن ماكرۆفاژ و لینفۆسایتەكانەوە، نەخۆش هەست بە بێتاقەتی و داهێزران دەكات. ئەم شەڕە لەوانەیە سێ تاوەكو چوار رۆژ بەردەوامبێ و ئاساییە كە لە شەڕی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، ژمارەیەكی زۆر لە خڕۆكە سپییەكان ببنە قوربانی و لەنێو بچن، كە زۆربەی هەرەزۆری ئەو قوربانیانە، بە گوێرەی ئەزموون و تاقیكردنەوەكان، لە سوپای لینفۆسایتەكانە، بۆیە مۆخی ئێسك و جومگەكان، بۆ قەرەبووكردن و پڕكردنەوەی شوێنی قوربانیان، هەورەها پاڵپشتیی سەربازەكانی بەرەی جەنگ، دەستپێدەكات بە بەرهەمهێنان و ناردنی ژمارەیەكی زۆر لەو خڕۆكە سپیانە، كە لێرەدایە نەخۆش هەست بە ئێشوئازاری ئێسك و ماسوولكەكان دەكات. شایانی باسە كە مۆخی ئێسك دەتوانێ تاوەكو پەنجا ئەوەندەی حازری، خڕۆكەی سپی بەرهەمبێنێت.

پێش ئەوەی باسی چۆنیەتی كارتێكردنی ترس و دڵەڕاوكێ بكەین لەسەر ئەو شەڕەی ئاماژەمان پێكرد، حەزدەكەم ئاماژە بەو خاڵەش بكەم كە رێژەی ئەو ئەنتیبادییەی كە لینفۆسایتەكان دەیڕژێننە نێو خوێن و هەڵیدەڕژێننە ڤایرۆسەكاندا، ئەوەندە زۆر دەبێ كە تاوەكو ماوەیەكی درێژخایەن لەنێو خوێندا دەمێنێتەوە و ڤایرۆسەكە ناوێرێت جارێكی دیكە بێتە نێو لەشەوە و یەكسەر لەنێودەچێت، بە مەرجێك ئەو ڤایرۆسە، كۆد و تایبەتمەندییەكانی پێشووی خۆی نەگۆڕیبێت! بۆیە هەندێ ڤایرۆس هەن كە تەنیا جارێك مرۆڤێكیان پێ نەخۆش دەخرێت، وەكو سوورێژە، ئاوڵە، ملەخڕە و هتد.

بەداخەوە، بە پێچەوانەی بەكتریاكان، هیچ دەرمانێك نییە كە ڤایرۆسێك بە یەكجاری بنبڕ بكات، بۆیە پزیشكان چاویان لەو ئەنتیبادییەیە كە لە خوێنی نەخۆشدا، لەلایەن لینفۆسایتەكان دژی ڤایرۆسەكان بەرهەم دێت و هیوایان بە دوو رێگەیە:

یەكەم، بەكارهێنانی خوێناوگ (پلاسمای خوێن)ـی ئەو نەخۆشانەیە كە بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵبوونە، كە ئەنتیبادییەكی زۆری تێدایە، ئەو خوێناوگەیە دەكەنە خوێنی نەخۆشی دیكەوە بۆ ئەوەی شەڕی ڤایرۆسەكەی پێ بكات.

دووەم، دروستكردنی پێكوتە یاخود ڤاكسینە كە بریتییە لە ڤایرۆسەكی پەكخراو (ئیفلیجكراو) كە ئەگەر بچێتە نێو خانەكانیشەوە، ناتوانێ كۆپی ببێت و رێژەكەی ئەوەندە بەرز نابێتەوە كە مرۆڤ نەخۆش بخات. لینفۆسایتەكانی نێو خوێنی ئەو نەخۆشە، رێژەیەكی زۆری ئەنتیبادی لە دژی ڤایرۆسە لاوازكراو یاخود پەكخراوەكە بەرهەم دەهێنێت كە ئەگەر لە ئایندەدا، هەمان ڤایرۆس، بەڵام راستەقینەكەی بێتە نێو لەشییەوە، لەبەر ئەو تەنكوژە ئەنتیبادییەی كە پێشتر دەركراوە، ناتوانێ كۆپی ببێت و بژیت. (ئەوەی كە بەداخەوە تائێستا بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتەواوی دروستنەكراوە و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە).

بەڵام ئەگەر خڕۆكە سپییەكان لەبەر لاوازی، نەبوونی چەكی پێویست، لێتێكچوون و سەرلێشێوان، نەیانتوانی بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببن، لە كۆتاییدا نەخۆش لەبەر تێكچوون و لەنێوچوونی سییەكان و كپداگەڕانی هەناسە، دەمرێت. با كەمێك باسی ئەو سێ هۆكارە بكەین:

– كێشەی لێتێكچوونی خڕۆكە سپییەكان: جاری وایە بۆ نموونە ماكرۆفاژ و لینفۆسایتەكان شێتانە ماددەی سایتۆكاین لەخۆیانەوە دەردەكەن كە پزیشكان پێیدەڵێن: تۆفانی سایتۆكاین Cytokine Storm. ئەم ماددەیەش، دۆست و دووژمنی لێك جیا ناكەنەوە و خانەی تەندروستیش ژەهراوی دەكەن و تێكیدەدەن. ئەگەر شەڕەكە درێژە بكێشێت، بەشێكی زۆر لە شانەكانی ئەو ئەندامە كە لێرە مەبەستمان سییەكانە، لەبەر ئەو ماددە كیمیاییانە وێران دەبێت و ئەندامەكە وەك جاران ناشێت ئەركەكەی بەجێبگەیێنێت و لەوانەیە نەخۆش لەبەر كێشەی هەناسەدان بمرێت.

هەندێجاریش كۆئەندامی بەرگری بەگشتی لێی تێكدەچێت، بۆ نموونە لەجیاتی 10هەزار سەرباز بنێرێتە ئەو شوێنەی شەڕی لێیە، 10ملیۆن دەنێرێت. ئەمە خۆی دەبێتە هۆی وێرانكاری لەو ئەندامە كە شەڕەكەی لێیە. بۆ نموونە ئەگەر 5 داعشی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) بێنە قەڵای هەولێر (سییەكان) و بیانەوێ لەوێ كردەوەی خراپكاری و تیرۆریستی ئەنجامبدەن و خۆیان لە شوێنێك حەشار بدەن، ئەوا وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە (كۆئەندامی بەرگری و خڕۆكە سپییەكان) بۆ ئەم چەند داعشییە، لەشكرێكی 5 هەزار سەربازی لە پێشمەرگە و دژەتیرۆر و زێرەڤانی بنێرێت كە هەموویان خاوەن چەكی تایبەتن، لێیان تێكبچێت و شێتانە و كوێرانە ئەو قەڵایە گوللەباران بكەن و بەشێكی زۆر لە سەربازانی خۆیی بكەنە قوربانی. بەدڵنیاییەوە ئەو زیان و وێرانكارییەی كە لەشكرەكە لە دژی خۆی دەیكات، لەچاو هەڕەشەی ئەو داعشییانە زۆر زیاترە و لەوانەیە قەڵاكە بە یەكجاری بڕووخێت (سیپەلاك دابڕزێت).!

– كێشەی كەمی چەك و تەقەمەنی: هەروەك چۆن پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا پێویستیی بە چەكی گونجاو و بەهێز هەبوو، خڕۆكە سپییەكانیشمان هەریەكەو پێویستییان بە چەند چەكی تایبەت هەیە تاوەكو بە جوانی ئەركی فاگۆسیتۆز، دەركردنی ئەنتیبادی و بەرهەمهێنانی ژمارەیەكی زۆری سەربازی لێهاتووی نوێ ئەنجامبدەن، بۆ نموونە: بۆ ئەوەی ماكرۆفاژەكان بەهێز بن، دەبێ چەكی باش و گونجاو و بەردەوامیان پێ بگەیێنین. ئەو چەكانە بریتین لە زینك، ڤیتامین D و ڤیتامین A . چەكی نۆترۆفیلەكانیش بریتین لە: ڤیتامین A، ڤیتامین C و دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرە شەكر و شیرینیمەنیی دەستكرد. شەكر و شیرینی بۆ نۆترۆفیلەكان وەك ماددەی هۆشبەر و مەشرووبە كحوولییەكانە بۆ سەربازەكان لە مەیدانی شەڕدا و نۆترۆفیلەكان مەست و سەرخۆش دەكات و ناتوانن وەك پێویست فاگۆسیتۆز ئەنجامبدەن. مۆنۆسایت و لینفۆسایتەكانیش پێویستییان بە چەكی ڤیتامین Dیە. بۆ ئەوەی مۆخی ئێسكیش بە جوانی سەربازی نوێ بەرهەمبێنێ، پێویستی بە ڤیتامین A، ڤیتامین E و ڤیتامین B6ـە. ئەم ڤیتامینانە جگە لە ڤیتامین D، لە زۆربەی هەرەزۆری سەوزە و میوە، دانەوێلەكان، چەرەزات، گۆشتی سوور و سپیدا هەن. ڤیتامین Dیش لە بەركەوتنی پێستی لەش بە تیشكی خۆر یان حەب و ساپلێمێنتی ئامادەكراودا دابیندەكرێت.

– كێشەی لاوازی كۆئەندامی بەرگری: جگە لە نەبوونی چەك و تەقەمەنی كە لە خاڵی سەرەوەدا باسمانكرد، چەند هۆكارێكی دیكەش هەن كە دەبنە هۆی لاوازكردنی بەرگری جەستەمان وەكو: خەوی ناڕێك، قەڵەوی و زۆرخۆری، خورادنی ناڕێكی وەك فاستفوود، نەخۆشی شەكرە، چەوری، جگەرە و كحوول، نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر، نەجوولان و تەمبەلی، بەپێچەوانە وەرزشی قورس و ماندووبوونی زۆر، هەندێ دەرمانی تایبەت وەك كۆرتۆن و سترۆییدەكان و لە كۆتاییدا ترس و دڵەڕاوكێی بەردەوام، كە مەبەستمانە لێرەدا بە كورتی باسی بكەین.

لە وتاری پێشووماندا گوتمان كە ترس و دڵەڕاوكێ، پەیوەندی بە جۆری بیركردنەوەمانەوە هەیە. ئەگەر زانیاری و بیركردنەوە و لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنێكی هەڵە و ناڕاستمان لەبارەی دیاردەیەكی وەك ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەبێت، دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێ و ترسێكی نابەجێ و لەڕادەبەدەر. ترس و دڵەڕاوكێیەكەش دەبێتە هۆی دەركردنی رێژەیەكی زیاتر لە پێویستی هۆرمۆنەكانی سترێس، بەتایبەتی كۆرتیزۆڵ و ئەدرێنالین كە دیسانەوە دەبنە هۆی بیركردنەوە و لێكدانەوەی هەڵە و ناڕاست و نەرێنی و سیكل و بازنەیەك لە بیركردنەوەی نەرێنی و ترس و دڵەڕاوكێ دروستدەكات و هەردووكیان لەو خولەدا بەرهەمهێن و درێژەپێدەری یەكتر دەبن.

دەشزانین كە ئەو دوو هۆرمۆنە دەبنە هۆی كۆمەڵێك نیشانەی فیسیۆلۆجی، وەك: سپی هەڵگەڕانەوەی رەنگی دەموچاو و دەست و پێییەكان، چونكە لەكاتی خەمدا، جەستەمان وادەزانێت كە هۆكارێكی دەرەكی هەیە كە هەڕەشەی بۆ جەستەمان دروستكردووە، بۆیە بەشێكی زۆر لە خوێنمان دەگوازێتەوە بۆ ماسوولكەكان بۆ ئامادەیی، جا راكردن بێت یاخود بەرەنگاربوونەوە! خوێن كەمتر دەچێتە كۆئەندامی هەرسمان، بۆیە لەوانەیە تووشی دڵتێكهەڵچوون و سكچوون و ئازاری سك و كۆلۆن ببینەوە. دڵەكوتە دەمانگرێت و گوشاری خوێنمان بەرزدەبێتەوە، بۆ ئەوەی خوێن و ئۆكسجین بگاتە شوێنە هەستیارەكانمان بەتایبەتی مێشك، بۆ پاڵپشتیی دڵ، سییەكانیش تووندتر و خێراتر كار دەكات و تووشی تەنگەنەفەسی و هەناسە تووندی دەبین. ناتوانین بە باشی بیر بكەینەوە و تەركیزمان لاوازدەبێ و زۆر لە ماسوولكە هەستیارەكانمان تووشی ئازار دەبن و هتد.

گرنگترین ئاسەواری كۆرتیزۆڵ و ئەدرێنالین، وەك دەرمانە سترۆییدەكان كە كۆرتۆنیان تێدایە (كۆرتۆن لە ناوی كۆرتیزۆڵی ناو جەستەوە وەرگیراوە)، ئەوەیە كە بە نەرێنی كار دەكاتە سەر ژمارەی خڕۆكە سپییەكان، بەتایبەتی لینفۆسایتەكان B و T، هەروەها پێز و بڕشتیان كەم دەكاتەوە. واتە دڵەڕاوكێ و خەم و نیگەرانی بەردەوام، وەك ئەوەیە تۆ دەرمانی كۆرتۆن و سترۆیید بەكار دەبەیت!

توێژینەوەی زۆر كراون كە ئەو كەسانەی خەم و دڵەڕاوكێیان هەیە، ژمارەی لینفۆسایتەكانی كەمترە لەوكاتەی كە خەم و سترێسیان نەبووە. ئەگەر ژمارەی لینفۆسایتەكانیش كەم بێت، ئەوا كەموكوڕی دەكەوێتە ئەو پرۆسەیەی كە باسمان كرد كە بریتیبوو لە بەرهەمهێنان و دەكردنی دژەژەهر بۆ لەنێوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاتۆجینەكانی دیكە. رێك ئەو كێشەیەی كە نەخۆشی ئایدز دروستدەكات. واتە لینفۆسایتەكانی خوێن ئەوەندە كەم دەبنەوە، كە هەر ڤایرۆس و بەكتریایەك، تەنانەت لاوازیش بن، لە مەیدانێكدا خەریكی لەوەڕ دەبن، بەبێ ئەوەی كەس هەبێت شەڕیان بكات!

بۆیە ئەوانەی دڵەڕاوكێیان زۆرە، زیاتر لە خەڵكی ئاسایی تووشی هەڵامەت و نەخۆشی ڤایرۆسیی دیكە دەبن، چونكە هۆرمۆنەكانی خەم، تەنانەت جگە لە لاوازكردنی خڕۆكە سپییەكان هەم لەڕووی ژمارەوە، هەمیش لەڕووی ئەرك و كردەوەوە، دەبنە هۆی ئەوەی مێشك فەرمان بداتە سیستمی بەرگری جەستە، كەوا هەڕەشەیەكی دیكەش هەیە جگە لە مەترسییە راستەقینەكە كە بۆ نموونە ڤایرۆسی كۆرۆنایە، پێویستە سەربازەكان بۆ ئەو شوێنەش رەوانە بكرێن كە لە راستیدا هیچ هەڕەشەیەكی راستەقینە لە كایەدا نییە!

كەواتە، پێویستە ترس و دڵەڕاوكێمان لە هەموو بارودۆخێكدا كۆنترۆڵ بكەین، نەهێڵێن بەردەوامبێ و زۆر درێژە بكێشێت و هەموو رێگەیەكی نەهێشتن یان كەمكردنەوەی سترێس و دڵەڕاوكێ فێر ببین و بەكاریان ببەین.

ئەم وتارە درێژەی هەیە و لە بەشی دووەمیدا، چەند رێگەیەكی دەروونناسانەی واقعدەرمانی (Reality therapy)، ناسینەكی (Cognitive)، هەستەكی (Emotional)و كردەكی (Behavioral) دەخەینەڕوو.

سەرچاوە:  روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی