"an independent online kurdish website

١١-ی ئاوریل دوو ساڵ لە مەرگی سارەمەدین سادق وەزیری لە تاراوگە تێ دەپەڕێ. سادق وەزیری لە تەمەنیی درێژی خۆی دا ئەوەی لە دەستی هات کردی

 بۆ پارێزگاری لە مافی نەتەوەی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێران. یەک لەو کەسانە بوو کەدەورێکی باشی هەبوو لە زیندوو کردنەوەی چالاکی و خەباتی سیاسی لە ڕٶژهەڵاتی کوردستان لە دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان.

سارمەدین سادق وەزیری وەکوو وەکیلێکی دادگوستەری لە تاران ئەوەی لە دەستی دەهات دەی کرد بۆ بە دەنگەوەهاتنی موکیلەکانی. لە هەمان کات دا لە بواری ڕۆژنامە گەریش دا چالاک و لە سەردەمی بەر لە کودەتای ١٩٥٣ بەدژی حکوومەتی موسەدیق سەرنووسەری ڕۆژنامەی ” شەهباز ” ئۆرگانی جەمعییەتی خەبات بە دژی ئیستیعمار ” نزیک لە حیزبی توودەی ئێران بوو. سادق وەزیری لە بەراییەکانی ساڵی ١٩٥٢ بۆ چوونە نێو پاڕڵمانی ئێران بەربژێری مەهاباد و ناوچەی موکریان بوو ، هەر چەند دەنگی یەکەمی هێناوە بەڵام بە فەرمانی ئەڕتەش و شاویستان ئیعتیبارنامەیان نەدایە و لە جیات وی سەید حەسەنی ئیمامی ئێمام جومعەی تاران چووە پارڵمان کە قەت مەهابادی نەدیتبوو، هەر چەند دەوری ئەو خولەی مەجلیس زۆر کورت بوو.

دوای کودەتای ئەمریکایی ساڵی ١٩٥٣ و لادرانی حکوومەتی موسەدیق چەندین ساڵ گیرا و لەو ماوەیەی کە لە زیندان دا بوو لەگەڵ دوکتور حوسێن فاتمی وەزیری کاروباری دەرەوەی کابینەی موسەدیق کە دواتر تیرەباران کرا دۆستایەتییەکی گەرمی پەیدا کرد و لەکتێبێک دا بە زمانی فارسی کە بە ساڵان دواتر لە دەرەوەی ووڵات بڵاوی کردەوە باسی ئەو تەجروبەیەی خۆی کردووە. دوای هاتنە دەر لە زیندان درێژەی دا بە چالاکییەکانی و یەک لە پارێزەرە هەڵسووڕاوەکان بوو لە چوارچێوەی ’کانوونی وکەلای دادگوستەری ‘ دا ، لە زەمانی شا هەر چەند لە تاران دەژیا تێکەڵاوی و پێوەندیی خۆی لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد بە نهێنیش بێ هەر پاراستبوو. من یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٣ لە تاران دیتم. بیستبوومان پارەێزەرێکی پێشکەوتوویە، جارێک لەگەڵ سمایلی شەریفزادە چووینە دەفتەرەکەی .

سارم خان بە دەم پەرەسەندنی خەباتی دژی ڕێژیمی شا حەولی زۆری دا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕێکخراوە ناکوردییەکان بۆ سەر مافی و پرسی کورد و دەوڕێکی سەرەکی هەبوو لە ڕێک خستنی “کۆمەڵەی کوردەکان دانیشتووی ناوەند ” دا ، خاوەن ئیمتیازی ئۆرگانی ئەو ناوەندە ” برووسکە” و هەر وەها سەرنووسەری ڕۆژنامەیک بوو بە ناوی ” صدای معاصر ” کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا دەردەکەوت. لە کاتی نەورۆزی خوێناوی سنە لەگەڵ ئایەتوڵا تالەقانی و شاندی دەوڵەتی بارزگان چووە سنە و هەمێسە حەولی دەدا لە گوشار و هێرش بۆ سەر بزووتنەوەی کوردستان کەم بكاتەوە. سادق وەزیری ئەو کەسەیە کە گەڵاڵەی ٢٦ مادەیی خودموختاری کوردستانی ئامادە کردووە ، دیارە بە هاوفکری لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان. دواتر هەر ئەو دەستپێشخەر بوو بۆ ئەوەی کوردەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دا دەنگ بدەن بە کاندیدای موجاهیدین واتە مەسعوود ڕەجەوی.

لە ساڵی ١٩٨٠ سادق وەزیری بۆ تەداوی چووە سویس و بە داخەوە ڕێگای گەڕانەوەی ئێرانی لێ گیرا. بە دەم پێک هاتنی شووڕای میللی موقاوەمەت بۆ ماوەیەکی کورت نوێنەری حیزبی دێمۆکڕات بوو لەو شووڕایە دا. سارم خان لە ماوەی ژیانی لە هەندەران بەردەوام لەگەڵ تێکۆشەران و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان دا لە پێوەندی دا بوو و هەموان وەک کەسایەتییەکی جیی باوەڕ و لێ زان پرس و ڕایان پێ دەکرد. بۆ ماوەیەک سەرنووسەری ڕٶژنامەیەکی کوردی بوو بە ناوی  ’سەردەمی نوێ‘ کە نەمر کەریم حیسامی وەڕێی خستبوو . ئەمن لەوەتا سەرەتای هاتنی سارم خان بۆ سویس پێوەندیم لەگەڵی هەبوو و زۆر نامەمان ئاڵوگۆڕ کردووە کە هیوادارم ڕۆژێک بکرێ لە گەڵ بیروڕای گشتی کوردانی بەش بکەم. مامۆستا بوشرا کەسنەزانی کە دوو بەرگ کتێبنامەی لە ئاڵوگۆڕی نامەی لە نێوان نووسەران ، شاعیران و ڕووناکبیران ئامادە کردووە بەحەق نێوی ناوە ” ئیتر لە دەرگا نادات پۆستەچی ! ” ئەوە لە پێوەندی من و نەمر سادق وەزیری ش دا هەر وا بوو، هەرچەند لەو ساڵانەی دوایی دا ئیدی ئەو پێوەندییە نامەیی نەما بوو جار جار بە ڕێگای تەلەفون ئەو پێوەندیم هەر پاراستبوو . یادی هەرمان بێ.

 حەسەن قازی

2020.04.11

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی