"an independent online kurdish website"

بەرێز ئەوەی کە ئێستا دەخوێنن و بەر چاوتانە، لە سەر بنەمای لێکۆلینەوەی بەڵگەنامەکان، دۆکوومێنتەکان و تێکستەکانی نووسراو نیە.

بەلکو زانیاریەکان لە سەر بناغەی ئەو شتانەیە کە بۆ خۆم لە مەیدانی کردەوەدا تەجربەم کردووە، وەک سەدان و بگرە هزاران کەسی دیکە کە ئێستا خوێنەرەری ئەو نووسراوەیەن، لە ژیان دان و حەتمەن بە جۆڕێک لە جۆڕەکان ئەم داتا و زانیارییانە پشت راست دەکەن – بۆ خۆم شاهدییان بوومە  ودەست و پەنجەم لە گەڵیان نەرم کردووە.

ئەوەی مەبەستە کە لێرەدا باس بکەم، بەشێکی دیاری پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هەن بە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. گومان لەوەدا نیە کە ڕەنگبێ هزاران پیلانی دیکەی نەپەنیی کۆماری ئیسلامی هەبن و هەن کە ئێمە لێیان ئاگادار نەبین و زانیاریمان لە سەر نیە. من تەنیا باسی ئەو پیلانانە دەکەم کە دژی ئێمە بە کار هاتوون و ئاکامەکانیان بە ڕۆشنی دەرکەوتووە و بە چاوی خۆمان دیومانە.

بەڵام ئیجازە بدەن پێش ئەوەی کە بچمە ناو باسەکە، بە کورتی باس لە هندێک خاڵی پێوەندیدار بە خەباتی ئێمەی کورد و شەڕی داسەپاوی داگیرکەران دژ بە ئەو خەباتە مافخوازانەیە بکەم.

1.     بالانسی هێز: شک و گومان لەوەدا نیە کە هێزو توانای ئێمە لە مەیدانی کردەوەدا (هێزی نەرم و سەخت) لە گەڵ هێز و توانای داگیرکەران قابلی مقایسە نیە و ئەوان بە هۆی هەبوونی دەوڵەت و حکوومەتی فەرمی و دانپێدانراو لە مەیدانی سیاسەتی نێونەتەوەیی‌دا، زۆر لە ئێمە بەهێزترن.

2.     ‌هێز و ئیمکاناتی ئابووری: لە باری ئیمکانات و دەوڵەمەندی لە هەموو بارەکانەوە دیسان هەر ناکرێ لە گەل یەکتر بەراوردیان بکەین و دوژمنانی گەلی کورد نەک تەنیا خاوەنی سەرچاوەکانی ئابووری نەتەوەی خۆیانن، بەلکوو بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکانی ئابووریی گەلی ئێمەش بە هۆی داگیرکراوبوونی کوردستان، هەر لە بەر دەستی دوژمنانی ئێمەدایە.

3.    نفووز لە نێو هێزی مرۆڤیی یەکتر و کەڵکوەرگرتن لەو هێزە بە دژی یەکتر:  بە هۆی زاڵبوونی دوژمنانمان لە سەر وڵاتەکەماندا و دەستبەسەرداگرتنی وڵات و خەڵکی ئێمە، دوژمنان بوونەتە ساحبی ئەرد و ئاسمانی ئێمە و هەبوونی سەرمایە و ئیمکاناتێکی زۆر و لەو ڕێگایەوە کاری سیستماتیک و بە پلان و بەرنامە لە نێو خەڵکی ئێمەدا، توانیویانە بە زۆر شێوە هەتا بەشێک هەر چەند پچووکیش بێ، لە خەڵکی ئێمەش کە پشتوان و سەرمایەیی ئەساسی ئێمەن، بەرەو لای خۆیان راکێشن و ئیجازە نەدەن نەک تەنیا ئەو بەشە بە شێوەیەکی گونجاو پشتگیری بزووتنەوەی خۆیان بکەن، بەلکوو دوژمنایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەشیان بکەن. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە ئێمە بە دەگمەن توانای ئەوەمان هەبووبێ کە کەسێک کە نەتەوەی سەردەست ڕازی بکەین کە پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بکەن.

4.    نەبوونی پلان و بەرنامەی درێژخایەن و ستراتێژیک: ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، شتێک نین کە کوردەکان پێیان خۆش بووبێ و لە توانایان‌دا بووبێ کە بگۆڕن، بەڵام پێیان نەکرابێ. بەڵام خاڵە لاوازەکانی کورد بەو چەند خاڵە کۆتاییان پێنایە.  نەبوونی پلانی ستراتێژیک  و لە گەڵ دووربینی بۆ کارەکان، لاوازترین خاڵی هێزی ڕزگاریخوازی کوردە. مەبەستم ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکانی کورد نایێن بناغە و خیمەکی پتەو بۆ خەباتی خۆیان دابنێن کە بتوانێ چەندین دە سال و یان نەسل دەوام بکا. هەر حیزب یان لایەنێکی خەباتکار تەنیا بۆ خۆیی بەرنامە دادەنێ. هەر وەها کوردی ڕۆژهەڵات( بێجگەل شەخسی دوکتور قاسملوو) تەنیا سیاست ئەساس دەگرن و بەشەکانی دیکە کۆمەلگا زۆر بەرچاڤ ناگرن و ئەوەش بۆخۆی کێماسییەکی مەزنە. هەر کارەک ئەگەر لە سەر ئەساسەکی دروست و مەنتقی و هەروەها ئێستراتیژی دانەنرێ، لەنگ و زەحمەت دەبێ. کورد هەتا ئەمرۆش لە گەل بێ، زۆرتر بیر لە قاوەت و هێزی چەکدار دەکا. راستە هێزی و قاوەت ئەساسە، بەڵام ئەو هێز و قاوەتە چەکدارییە چوون پێک دێنی؟ و دوای چوون ئەم هێزە بە کار دێنی و دەپارێزی  و لە بواری لۆجیستیکییەوە ئیمکاناتی بۆ دابین دەکەی هەتا بتوانێ درێژە بە کار و خەبات بدات؟ نەتەوەیەکی بن دەستی وەک نەتەوەی کورد کە لە نێوان چەندین وڵات‌دا دابەش کراوە، بۆ ڕزگاریی خۆی پێویستی بە خەباتەکی هەموو لایانە و بە پلان و بەرنامەی درێژخایەن هەیە. بزووتنەی کورد لە درێژایی مێژوی خۆیی دا – چ لەو کاتە دا کە بزووتنەوەکان بە رێبەری تاکە کەس و چ ئێستا کە بە شێوەی حیزب و پارتییەکان بەرێوەدەبردرێ -خاوەنی ئەو پلان و بەرنامەی پێوست نەبوون. ئەوانەی کە پێشتر گرێدراو بوون بە رێبەریی تاکەکەسی، بە هۆی زرۆف، تێگەیشتن و ئێمکاناتی ئەو کات  کە زۆر زۆرفەرقی هەبووە لە گەڵ سەردەمی ئێستادا، زۆر جێگای گازندە وگلێی نین. بەڵام هێزە سیاسییەکانی ئێستاش کە بە شێوەی رێبەریی جەمعی و مودێرن بەرێوە دەچن، زۆر کەمتر ئەهمییەت بە کاری تەخەسوسی و تیمی دەدەن. ئەوانەی کە دەچنە نێو بازنەی رێبەری حیزبەکان، پێیان وایە هەموو شتک دەزانن و دەبێ هەموو شتەک بە کەیف و مورادی ئەوان بچێتە پێش. ئیجازە نادەن کە پسپۆرانی هەر بوارێک بە پێی شارەزایی و تەخەسوسی خۆیان بە شێوەی تیمی کارەکانی خۆیان بەرێوەبەرن. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بێجگە لە ئەو هەموو هێز و ئێمکاناتەی کە هەیانە، دیسانیش زۆر بە پیلان و بەرنامە بۆ سەرکوت و ناوبردنی بزووتنەوەی کورد هەوڵی خۆیان دەدەن و کار دەکەن و هەرلەو ئاراستەیەش‌دا هەتا خۆیان لە هیچ پیلان و کردەوەیەکی دژی مرۆڤیش ناپارێزن

پیلانەکانی رێژیم

2.    دووبەرەکی‌نانەوە و سازکردنی ناکۆکیی نێوخۆیی لە نێوخۆی بزووتنەوەی کورد‌دا:

 پیلانی دوهەمی رێژیم ئەوە بوو کە “اختلاف” و دووبەرەکی لە ناو کوردا ساز بکا. بۆیە بە دابەشکردنی کورد لە سەر چەند بەشەک بۆ زەقکردنی جیاوازیەکانیان و داتاشینی پێناسەی چرووک بۆ هەر کام لەو بەشانە، هەوڵی‌دا کە هێز و گرووپەکانی کوردی تووشی ناتەبایی لە گەڵ یەکتردا بکا. بۆیە ڕێژیم هەوڵی‌دا کە بەشەک لە کورد لە ژێر نێوی “کوردی موسلمان و وڵاتپارێز” بۆ لای خۆی راکێشێ  و بزووتنەوەی کورد و لایەنی مافخواز بە دژ بە شۆرش، نۆکەری بێگانە وکافر بناسێنێ. کۆماری ئیسلامی هەروەها بە دانی پارە و مەقام بە هێندەک کەس، توانی لەو پیلانەدا هەتا ئەندازەیەک سەرکەتوو بێ و بەشێک لە خەڵکی قازانج پەرەست(بەرژەوەندی‌خواز) بۆ لای خۆی راکێشێ ومخابن بەشەکی پچووک لە وان هەتا ئەمرۆش هەر بەردەوامن.

3.    گەمارۆی ئابووری:

کۆماری ئیسلامی دوای ساڵی ٦١ و ٦٢ی هەتاوی بە شێوەیەکی زۆر ورد و دەقیق دژی بزووتنەوەی کورد بێجگە لە شەری ناڕەوای چەکدارانە و کومەڵکوژی و کوشتتنی بێبەزەیانەی خەڵکی کورد، هەروەها دەست بە پیلانگێری نەپەنی تایبەتی کرد. رەنگە هەتا ئێستاش زۆر کەس، بە تایبەتی جیلی نوێ، لەو کردەوانەی رێژیم ئاگادار نەبن. ئەوەی کە من لێرەدا باسی لێوە دەکەم شتەک نیە کە لە کتێب دا خوێندبمەوە، نە ئەوەی کە لە کسانی دیکە فێر بووبم و یان گوێم لێ ببێ. بەلکو شتەکە کە بۆ خۆم وەک پێشمەرگە و کادرەکی حدکا لە گەڵی‌دا بەرەوبوو بوومە و دەست و پەنجەم لە گەڵی نەرم کردووە. رەنگە سەدان وبگرە هەزاران کادر و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆئەم نووسینە شاهدی بدەن و هەر وەک من ئەو شتانەیان تەجربە کردبێ.

ئەو کاتە کە بەشەکی هەرە زۆری کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا بوو، رێژیم بۆ ئەوەی کە خەڵکی ئەم ناوچانە بخاتە ژێر گوشار کە دەست لە هاوکاری لە گەل بزووتنەی کورد هەڵبگرن و بە ناچار روو لە حکومەت بکەنەوە، ئەم ناوچانەی کە ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوی کورددا بوون، گەمارۆی ئابووریی خستە سەر و ئیجازە نەدەدا کە هیچ شتێک بە شێوەی نۆرماڵ بگاتە ئەم ناوچانە. 

ئەم گۆتارە درێژەی هەیە.

سولەیمان کەلەشی

نویترین هەواڵ و بابەت