"an independent online kurdish website"

خانەنشین

بولبولێک بووم لە ڕکەی دا بە بەهاری ڕەنگین

دوور لە گوڵزار و لە دیداری گوڵاڵە و نەسرین

کازیوە ، بۆ لک و پۆپی گوڵی باغی دەفڕیم

پەڕ و پۆم پێوە نەما نیمە ئیتر هێزی فڕین

دەستی ئەو ڕاوکەرە بڕزێ کە بڕی باز و بڕست

سووڕی سوور گوڵ بدەم و ڕوو بکەمە مێرگی شین

من چریکەم هەموو سووچی چەمەنی پڕ کرد بوو

ئێستە نایە لە گەرووم بێجگە لە ناڵەی خەمگین

من کە شێن گێڕی هەموو سوورە گوڵی پەڕ پەڕ بووم

ڕەنگە هەر دڕکی پەڕیو لێرە بکا بۆ من شین

من کە بۆ دیتنی گوڵ هێڵی سنوورم دەپەڕاند

هەر لە سەر هەق گوتنی ڕووتە کرام خانەنشین

شاوە ڕیخنە دەگەڕێ وا لە دەراوی چومەڵ

دینی دینی گوڵە ئەو بولبولی دڵ پڕ لە ئەوین

تازە دڵخەستە و پەربەستە و بێ دەستەم من

وەرە دەر ڕاوکەری دڵڕەق لە کەلێن و لە کەمین

تێ پەڕێ هێندە بە ناخۆشی ئەگەر ژینی درێژ

خۆزگە سەد خۆزگە بە وانەی کەم و ئاسوودە دەژین

شیلاناوێ ١٣٦٠ [١٩٨١ ]

بۆ نووری چاوم جەعفەری خۆشەویستم کاکت هێمن ورمێ

ئیمزا … … ١٣٦٣

بە پێی بۆچوونی هێمن ناسی چاک دوکتور جەعفەر شێخەلیسلامی ئەمە یەک لە دوایین شێعرەکانی  هێمن ە و بە ئیمزای خۆی پێشکێشی وی کردووە.

وەرگیراوە لە لاپەڕەی کاک حەسەن

کێن خاوەنی ئەم وێنانە؟، حەسەن قازی 

شاعیر و وەرگێڕ جەعفەر حوسێن پوور (هێدی)  لە ماڵپەڕە بە نرخەکەی دا کە بەداخەوە ئیدی دەست وێی ڕاناگا و کاتی خۆی ئەمن ئەو نووسینەی خوارەوەیم لە ماڵپەڕەکەی لەگەڵ وێنەکان کۆپی کرد بوو  ئەو شەرحەی خوارەوەی لەمەر ئەم چەند وێنەیە نووسیوە کە لێرە دایانبینن.وێنەکان هەموویان هێدی چرکاندونی جگە لەووێنەیەی نەبێ کە خۆی تێدایە و ئەوەیان ڕەحمەتی هونەرمەند سمکۆ پاکزاد کێشاویە. بەو پێیە بە درەنگیشەوە بێ لە دنیای مەجازی دا حەقیان دەپارێزرێ.

وینەی شەشەم لە ڕاستەوە : هێمن ، ئەسعەد لاجانی (کوڕی شەهید ساڵە لاجانی کە لەگەڵ هێمن لە لە گەرمێنەوە هاتبووەوە کوێستان) ، سمکۆ پاکزاد

وێنەی حەوتەم: جەعفەر حوسێن پوور ( هێدی) ، هێمن ، مامە ساڵە لاچینی

شوێن: ماڵی هێمن لە مەهاباد ، بەراییەکانی ساڵی ١٩٧٩

بەسەرهاتی چەند وێنەی هێمن

 ساڵی ١٣٥٨(١٩٧٩) کە هێمن تازە لە گەرمێنێ گەڕابۆوە، دەگەڵ “سمکۆی پاکزاد”ی ئاواڵم، کامێرایەکی وێنەهەڵگرتنەوەمان لە کەسێکی بە ئەمانەت وەرگرت و شەوێکی چووینە ماڵێی؛ بەر لە ماڵاوایی ئەو وێنانەم هەڵگرتنەوە. پێش وەدەرکەوتنم لە مەهاباد، ئەو وێنانەم، بە نێگاتیوەکانیانەوە، بە “سمکۆی”ی سپاردن. سمکۆ پاشان نێگاتیوەکان دەدا بە وێنەگرێک هەتا لە بەریان هەڵگرێتەوە. وێنەگرەکەش، بۆ ئەوەی خێریان لێ ببینێ، چەند وێنەی بۆ خۆی لێ هەڵگرتبوونەوە و بە بێ ئیزن بڵاوی کردبوونەوە! پاشان لێرولەوێ هەر لە بەریان هەڵگیراوەتەوە و هێندێکیان بە هەراوی بڵاو بوونەوە. هەتا ئێستاش کەس نەیزانیوە وێنەگری ئەو وێنانە کێیە. جاروبار کە یەک دوو وێنەم لەو وێنانە دە ماڵپەڕاندا دەدیتنەوە، دەمپاراستن و بە ئاواتەوە بووم هەمووم وەدەست کەونەوە. لەو دوایانەدا ئەوانیدیشم وەدەست کەوتنەوە، بەڵام نێگاتیوەکانیان نەماون؛ بە پێی وتەی “سمکۆ”ی، ڕۆژێکی دایکی، لە ترسی پشکنینی ماڵێ، وێڕای چەند کارتۆن کتێب، کردوونی بە ئاوردووی تەندوورێ. ئێستا سەرجەمی ئەو وێنانەی وەدەستم کەوتوونەوە، بڵاو دەکەمەوە، با وێکڕا بکەونەوە بەر چاوان. بەو پێیە کە دە نێو مەدا کەس بە ڕببەی “کۆپیڕایت” ناپێوێ، چاوەڕوان نیم لە داهاتوودا ئاماژە بە وێنەگر و سەرچاوەی وێنەکان بکرێ، بەڵام بە پێویستم زانی بە کورتی بەسەرهاتەکەیان بگێڕمەوە. – هێدی

نویترین هەواڵ و بابەت