"an independent online kurdish website

بەشی یەکەم: ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی ئێمە تیمێکی ٣ کەسی لە کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی سەڵماسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران

 ئەرکی تەشکیلاتیی ناوچەکانی شپیران ،  سەڵماس ، سۆما و برادۆست مان لە سەر شان بوو کە کاک محمد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی شارستان و بەرپرسی ئێمە بوو، من و  فەیسەل مەزیدی(ڕووحی شاد) کادری تەشکیلات بووین.

نیزیک ١٥ ڕۆژ بەرلە شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو ، ئێمە لە سەر سنووری سەڵماس چووینە گوندێکی باکوور کە ڕۆژانە سەدان کەس لە سەڵماس و شپیران ڕا دەهاتن و دەچوون. فەیسەڵ لە ماڵێک مایەوە و محمد ساڵح گوتی کاووس تا فڵانە ماڵ دەچین کە لەوێ کەسێک دەبینین و زوو دێینەوە.  هەریەکەمان شەڵوارێک و کراسێکی عادی مان لە بەر کرد و هیچ چەک و چۆڵێکیش مان نەبرد، تەنانەت دەمانچەمان هەرنەبوو وەک ئەو تیمە.  کە چووین کەسەکەمان دیت و دیدارەکەمان زۆر باش بوو . ئەو ئامانجە تەشکیلاتەی کە هەمان بوو بۆ ئەو دیدارە جێ بە جێ بوو.

کە گەڕاینەوە ،دیسان ویستمان سەردانی ماڵێکی دیکەش بکەین  تا کەسانی تر ببینین، لەوێ پیاوێکی بەتەمەنی زۆر ڕێک و پێک دانیشتبوو دیار بوو میوانە. هەرکە ئێمەی دیت هەستا و محمد ساڵحی  ماچ کرد و پرسیاری کرد ئەوەش ؟ محمد ساڵح منی پێ ناساند و منیشی  ناسی و ماچ کردم  کە دیار بوو لەگەل بنەماڵەی ئێمە دۆستی دێرین بوون . ئەو کەسە لە خاڵانی  محمد ساڵح بوو.

کە هیندێك قسەمان کرد، ئەو پیاوە  گوتی   دەزانن فەرامەرزی هاوڕێی حەسەن بازووکەش لە سێدارە درا؟ گوتمان بەڵێ ئاگادارین.  دیار بوو ویستی بەو خەبەرە ئەسڵی حەسرەتی دڵی خۆی باس بکا.  گوتی باشە حیزب بۆ باسی حەسەن بازۆکەی نەکرد کە شەهید بوو؟

حەسەن بازووکە  پێشتر یەکێك لە فەرماندەرانی هەرە ناسراوی ئێمە بوو  کە تا فەرماندەریی هێزی شەهید حاتەم چووە سەر. بەهۆی دەردە حیزبی دەرکرابوو  ، بەڵام ئەو نەک نەچووبووە هیچ لایەک ، بەڵکوو چاوەڕوان بوو تا مەڵبەند لە  باشوورەوە بگەڕێتەوە  وئەویش و فەرامەرزی هاوڕێشی  دیسان بێنەوە. بەهۆی خیانەتی یەکێک لە دۆستە دێرینەکانی یەوە، لە نیزیک گوندی کرسیس، ی سەڵماس دوژمنی هێنرایە سەر و ئەو شەهید بوو و فەرامەرز  عوسمانی کە ئەویش هەم هاوگوندیی حەسەن  بوو هەمیش لە فەرماندەرانی بە ئەزموونی ئێمە بوو و ماوەیەک بوو وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا بوو، بە برینداری بە دیل گیرا و ئیعدام کرا.

وڵامەکەی هاسان نەبوو، بەڵام گوتمان بە هەر حال حەسەن پێشمەرگە نەمابوو و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو. محـد ساڵح ویستی بۆی تەوزیح بدا کە بڕیاری حیزب ئەوەیە  و ئێمەش پێ بەندی بریاری حیزبین.

ئەو پیرە دڵسۆز و نیشتیمان پەرەوەرە  دەسڕەی لە گیرفان دەرهێنا و فرمێسکەکانی سڕی یەوە و گوتی: خارزی  ئێمە کوردین، لە ناو کورد دا باوە کە مرۆڤێک ٧ ساڵ شوانی تۆش بێ، کە ڕۆژێك تووشی گرفت هات  و لێی قەوما، لە پێش هەموو کەس دا تۆ دەبێ فریای کەوی.

حەسەن بازووکە زیاتر لە ٧ ساڵ پێشمەرگە و فەرماندەری هەرە ناسراوی ئەم دەڤەرە بوو، چی دەقەوما ئەگەرلە ڕادیۆ دەنگی کوردستان  وەک خەبەرێک بڵاوتان کردباوە و سەرەخۆشی یەکتان لە کەس وکاری کردباوە چ زیانێک بە حیزب دەگەیشت؟

ئەوکات و ئێستاش باوەڕم بەوڵامدانەوەی خۆم و کاک محمد ساڵح نەبووە و ئەوەی تەوجیهمان دەکرد تەنانەت خۆشمان لێی دڵنیا نەبووین ، بەڵام کولتوورێك بوو  کە وامان دەزانی هەرکەس ئەندام نەبوو، یان پێشمەرگە نەبوو  لە ڕادیۆ نەخوێندرێتەوە ئاسایی یە.

بەداخەوە حەسەن و فەرامەرز لە لیستی شەهیدانیش دا ناوین نەهاتووە، سەرەڕای زۆر داواکاریشمان.

فەرامەرز و حەسەن بازووکا

****

بە ئەمانەتەوە!

 بەشی دووهەم

هەر وەک لە بەشی پێشوو دا باسم کرد حەسەن بازووکە و فەرامەرز عوسمانی بە خیانەت کەوتنە داوی دوژمن و بەداخەوە هەردووکیان بوونە قوربانیی خیانەتێک کەلە لایەن کەسێك بە ناوی خالید خەڵکی کرسیس (خالۆێ کرسیس) و بە هاوکاریی کەسێکی دیکە بە ناوی ئیدریس خەڵکی حاجی جەفان (ئدۆێ ڕەش) کە ئەویش یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیم بوو. خالید  دۆست و ناسیاری دێرینی حەسەن و فەرامەرز بوو  و بە قەول چووبوو خواردنیان بۆ بێنێ، کەچی لە ڕێگای ئدۆێ ڕەش ، ەوە چەند ماشێن پاسداری هێنایە سەریان کە شۆفێری یەکێک لە ماشێنەکان ئێستا لە وڵاتێکی ئەورۆپایی دەژی کە ئەوکات سەرباز بووە و بە درێژی بۆی باسکردووم کە چۆن اطلاعات ئاگادار کراوەتەوە.

***********

لەو جەولە تەشکیلاتیەمان دا ڕۆژێکیان چووینە گوندێکی دیکەی سەرسنوور و گوندەکە گەورە بوو. دەوروبەری نیوەڕۆ بوو کە فەیسەڵ ناردرا بۆ ئەوەی لەگەل کەسێك قسە بکا و من و محمد ساڵح قادریش چووین بۆ ئەوەی لەگەل کەسانێکی دیکە قسە بکەین. جێگای ئەوە نەبوو چەک و چۆڵ و لیباسی پێشمەرگایەتی بیبەین، دەبا بە لیباسی شەخسی و بە بێ چەک بڕۆین.

کە من و محمد ساڵح دوو کووچە ئەولاتری شوێنەکەمان ڕۆیشتین، کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەکانی سەڵماس خەریکی بار کردنی کەل و پەل بوون تا بیبەنەوە ئەودیو. ئێمە بە عادی سڵاومان کرد و دەرباس بووین.

نەفەرێک لەولاتر ڕاوەستا بوو، هەمووی ٢٠ میتر نەڕۆیشتین ، محمـد ساڵح گوتی کاووس ئەوە بە دوامانەوەیە لە سەرەخۆ بەڵام دەبێ خۆمان لێی بشارینەوە. کە بە لە سەرەخۆیی تەماشام کرد، دیتم ڕاستە و تەعقیبمان دەکا. گوتم کێ یە؟ محمـد ساڵح گوتی ئدۆێ ڕەشە! ناوم بیستبوو و بە قیافە نەمدەناسی و ئیدی زانیم چ باسە؟

دیار بوو ئەو محمد ساڵحی ناسیبوو و دڵنیابوو لە ناسینەکەی. قیافەی محمد ساڵح لەو قیافانەیە کە بە هیچ لیباس و تەنانەت ئارایش و ماکیاژیش ناگۆردرێ ، بۆیە زوو دەناسرا. ئێمە هەوڵمان دەدا تا کەمێك توند بڕۆین بێ ئەوەی ئەو هەست بکا کە ئاگاداری نیەتی ناپاکی ئەوین، ئەویش هەوڵی ئەوە بوو پەلە بکا تا بگاتە نیزیک و بە دەمانچەیەک کە پێیبوو لێمان بدات ، بەڵام ئەویش وا هەنگاوی هەڵدەگرت تا ئێمە هەست بەوە نەکەین کە ئەو نیەتی خەراپی هەیە. بە کورتی ئێمە لە خۆمان حاڵێ بووین و ئەویش دڵنیابوو کە ڕاوێکی دەستکەوتووە، بەڵام چۆن ڕاوەکە بکا جارێ ئیبتیکار لە دەست ئەودا نەبوو.

بەڵێ بە قەوڵی گۆرانیی کوردی: مرن هاتبووە بەرمالا مە! من و محمد ساڵح تەنانەت دارێکیش مان پێ نەبوو. دووکەسی بێ چەک و لە چەند میتریی کەسێك دا کە دەمانچەیەکی هەیە. کە گەیشتینە ناوەڕاستی گوندەکە کەندەڵانێکی هەڵدێر بوو و زوو خۆمان دەرباس کردە ئەوبەر و گەیشتینە مەیدانێک کە ٣ کووچەی باریکی هەبوو. ئەویشی بە دوامان دا بە عادی دەهات، بەڵام کە خۆی بەردایەوە نێو کەندەڵانەکە، تا ئەو سەرکەوت ئێمە کەوتینە نەدیوی ئەو و خۆمان لە کووچەیەک هاویشت و زوو چووینە حەوشی ماڵێک و بێ ئیزن و پرسیار خۆمان لە هۆدەکەیان کرد کە کەسی تێدا نەبوو. زوو چووینە ژوور و دەرگامان لە پشتەوە داخست و دارێک لەوێ بوو محمد ساڵح دەستی دایە و گوتی ئەگەر هاتە بەر دەرکە ، تۆ دەرکە بکەوە و من بە دار لە تەپڵی سەری دەدەم.

پەردەی ژوورەکە لانەبرا بوون ، لە بەر پەردە ڕا تەماشامان کرد ئەوە وەک ئەوەی بە دوای ڕاوەکەوەوە بێ چاو دەگێڕی و دەستێکی لە گیرفانی باڵتۆی ئەمریکایی دایە کە دیار بوو تەمانچەکەی لەوێ دابوو.

هیندێك خولایەوە و ڕۆی. دیتمان ئەو ئەو ڕۆی ،  دەرگامان کردەوە  هیندەی پێ نەچوو گەنجێکی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵ هاتە ژوور و سڵاوی کرد و نەشی پرسی ئێوە کێن. محمد ساڵح گوتی ئێمە خەڵکی لای سۆما براۆدستین و لێرە شارەزا نین ، هەر بە شانسی هاتینە ژوور. کابراش بە عادەتی کوردی گوتی ماڵی خۆتانە و بە خێڕ بێن سەرچاوان، با بڕۆم چایەک بێنم.

ئەوچوو  و محمد ساڵح لە قەراغ پەردە ڕا تەماشای ماڵێکی بەرانبەر پەنجەرەکە کرد و گوتی: ئاها ئەوەتە!  گوتم کابرا هات؟ گوتی نە ،  ها ئەو کەسە دەبینی دانیشتووە و چایەکی لە پێشە؟ گوتم کێ یە؟ گوتی فڵانەکە سە و دڵنیام دەمانچەکەشی پێ یە.

من ناوی ئەوکەسەم بیستبوو و دەمزانی ئەوە کوڕی کام ڕۆژی ڕەشی ڕووداوگەلی ناوچەیە و مێرخاسی و بوێری و ناو و ناوبانگی ئەوم دەزانی. منیش ئیدی دڵنیا بووم کە کەسی خۆمانمان دۆزیەوە.من نامەوێ لەوە زیاتر باسی ئەو گەورە مرۆڤە بکەم کە بەخۆشی یەوە لە ژیان د ا ماوە.

خاوەن ماڵ هات و محمد ساڵح گوتی ئیبراهیم ئەو کەسەی دانیشتووە دەناسی؟ گوتی بەڵێ دەیناسم. محمد ساڵح گوتی برۆ بە ئارامی پێی بڵێ دوو میوانم هەیە دەیانەوێ بت بینن، ئەگەر پرسیاری کرد کێن، بڵێ کوڕی حاجی……..

چاومان لەوکوڕە بوو کە چوو، زۆر بە ترس و لەرزەوە بناگوێی خۆی دەخوراند تا پێی گوت. ئەو کەسەش زەق بووە ناو چاوانی پەیکی ئێمە و دیار بوو سوالپیچی کردبوو، سەرەنجام چاومان لێ بوو کە هەردووکیان پێکەوە بەرەو لای مە هاتن. محمد ساڵح گوتی کاووس هیندێك وریابە ئەوە خەتەرناکە تا دەمان ناسی مەشکوک نەبێ بمانکوژێ. ئەو باوەر بە هەموو کەس ناکا و یەک و دوو دەمانچەکەی دەردێنێ.

کە هاتنە ژوور دەستی ڕاستی بەتاڵ بوو، بەڵام دەستی چەپی لە سەر دەمانچەکەی بوو. بەڵام دیار بوو زوو محمد ساڵحی ناسی و ماچی کردین و گوتی: هیندێک بە شڵەژاوی دەتانبینم ! گوتمان جەریانەکە ئەوەیە.زۆر قەڵس بوو و گوتی یانی ئدۆ بۆتە ئەو پیاوە قەسدی کوشتنی ئێوە بکا؟ هەرئێستا دەچم گوێی دەگرم! گوتمان نە لێی گەڕێ. جا بەڕاستیش پیاوی ئەوە بوو و شۆخیی نەدەزانی، قاڵبووی دەیان شەڕی قارەمانانە بوو.

ساحیب ماڵمان ناردە لای فەیسەڵ و ئەویشی هێنایە لای ئێمە. پیاوە قارەمانەکە کلیدی دایە ساحیب ماڵ و گوتی بڕۆ لە فڵانە ماڵ چەمەدانێکم لەوێ یە، قاپێک ڤۆدکای تێدایە بێنە و دەرگای چەمەدانەکەش داخە دیسان .

هەرچی گوتمان ناخۆینەوە ئەو قەبووڵی نەبوو گوتی من ڕەنگە جارێکی دیکە بە نسیبم نەبێ بتوانم دوو پەیک لەگەل ئێوە بخۆم. دەمەوێ بیێتە شانازیم کە لەگەل پێشمەرگەی حیزب ڤۆدکام خواردۆتەوە. کەمێکمان خواردەوە  و دیارە من سەرمام ببوو گەرووم بریندار بوو، هەر ئەوە بوو تامم کرد.  پێکەوە شاممان خوارد و ئەو سوار بوو  ڕۆی و  گوتی بەڵکوو لە ڕێگادا بگەمە ئدۆ و تەسفیە حیسابێکی لەگەل بکەم، بەڵام ئدۆ  کە زانی بووی ئەو کەسە لەوێ یە هەڵاتبوو  و یەکسەر چووبووە سەڵماس.

ئێمەش هەر ئەو شەوە درێژەمان دایە جەولەکەمان و بەرەو شوێنێکی تر چووین کە ئەویش داستانی خۆی هەیە بۆ بەشەکانی دیکە.

سەیر ئەوەیە کە ئێمە تیمێکی تەشکیلاتی بووین ، بە ٣ کەس دەمانچەیەک مان نەبوو، دووربینیش مان نەبوو!

محەممەد ساڵح قادری 

شەهید فەیسەڵ مەزیدی

****

بە ئەمانەتەوە!

بەشی سێهەم و کۆتایی

ئێوار داهات و  کاتی گرتنەبەری ڕێگا بوو بەرەو شوێنێکی تر و داستانێکی تر. ڕێگای خاکیی  ماشێن هەبوو، ڕێگای پیادەش هەبوو، بەڵام دۆخی ئێمە ئەوەی لێدەخواستین کە هیچکامیان هەڵنەبژێرین و بەوشوێنانە دا بچین کە ڕێگا نین و شوێن پێمان هەڵناگیرێ و بۆ بەیانی ناکەوینە ژێر تەعقیب.

شەوێکی تاریکی بەهاری بوو. ئەوشوێنانەی کە پێدا دەڕۆیشتین، هەمووی گوێنی و کیفار بوو کە دەست و پێ  وئەژنۆمان پڕ ببوو لە دڕک. بەرەبەیان بوو گەیشتینە نیزیک خاڵە عەزۆی دۆست و هاوڕێی  قارەمان و خەتەرناک مان. کە بە ئارامی خۆمان گەیاندە نێو ئاوایی و تەنانەت سەگەکان ئاگایان لێمان نەبوو.

خاڵ عەزۆی خاوەن ژ_٣ ی هەمیشە قامک لە سەر پەلاپیتکە خەبەری نیە کە ئێمە بەرەو خزمەتی دەچین. گەیشتینەوە نیزیک ماڵەکە و فەیسەڵ گوتی: ئەوە من پێتان دەڵێم کە ناوێرم بڕۆمە بەر  غەزەبی  ژ_٣ی  مام عەزۆ  ، من یەکەم کەس نابم بچمە حەوشە و لە خەو هەڵیستێنم! هەڵبەت محمد ساڵحیش کە بەرپرسی ئێمە بوو نەدەکرا ئەو بنێرینە بەردەم ژ_٣  بەو قەزا و قەدەرەی  بسپێرین ، دەبا من بچم.

محمد ساڵح گوتی کاووس بڕۆ حەوشە و بەجۆڕیک خۆت بگەیەنە نیزیک دەرگا و بەرلەوەی ئاگای لێ بێ لە دەرگا بدە و خۆتی پێ بناسێنە. گوتم ئێوە لە دەرەوەی حەوشەکەی ڕاوەستن. حەوشەکەش ئەوە نەبوو دیوار بێ، بەڵکوو دیوارێکی هەژەڵانی چڕ و نیزیک میتر و نیوێک بەرز بوو کە پشیلەش نەیدەتوانی توخونی کەوێ. هەژەڵانەکە داری شیلان و گۆیژە و ئەوانە بوون.

هەرچۆنێک بوو ئەو چەپەرەی کە وەک دەرگا بۆ هەژەڵانەکەی دانابوو کردمەوە و چوومە نیزیک باڵکۆن و ویستم لە پەنجەرە بدەم، هەر ئەوندەم زانی لوولەی ژ_٣ لە سەر سینگم  و گوتی : خۆ نەبزێوە! زوو فریای خۆم کەوتم و گوتم خالێ عەزۆ ئەزم! گوتی : کێی  زوو بێژە!  گوتم هێدی ئەم مێوانێ تە یێ هنگێنە! گوتی ڕاوەستا‌! لوولەی ژ_٣ ئەوە لە سەر سینگمە و سەری هێنایە نیزیکم و ناسیمی.

ئەوجار گوتی: وەی هندە نەمابوو ئەز مالاخۆ خراکەم! مەبەستی ئەوە بوو کە هیندە نەمابوو بتکوژم! محمد ساڵح زوو هات و گوتی : خالێ عەزۆ تە کووشکە مایی خارزیێ خۆ کوشتی! پێشتر کە چووبووین پرسیاری نەکردبوو کە ئێوە لە کام بنەماڵەن، بەڵام دەیزانی محمد ساڵح لە کام بنەماڵەیە!

ئەوەش بڵێم کە خاڵ عەزۆ نێوانی لەگەل هیندێك جاش و  سەرۆک جاشی ناوچە ناخۆش بوو و  بەردەوام هەرەشەی کوشتنیان لە مام عەزۆ دەکرد، بۆیە شەوانە نەدەخەوت و لەگەل ژ_٣ و فلاسکە چایەکەی لە حەوشە خۆی مات دەکرد و دەستی لە سەر پەلاپیتکەی تفەنگەکەی بوو،  بەس ڕۆژێ دەخەوت.

دوای چاک و چۆنی، زوو سەماوەری هەڵکرد و لەگەل چا  و  نان و ماستێک ، کەوتە پرسیار  وگوتی دەمەوێ بنەچەکەی ئێوە بناسم. لە محمد ساڵح ڕا دەستی پێکرد و لە ئاخەری دا گوتی دەی ئەوە خوارزامانی و دیار بوو ئەوی چاک ناسی! نۆرە  گەیشتە فەیسەڵ و پێداهات و لە ئاخەری دا فەیسەڵ گوتی فڵانەکەس خاڵێ منە، ئەوجار فەیسەڵیشی ناسی و گوتی خاڵت دۆستی نیزیکی منە و پیاوی چاکە. گوتی  جا نۆرەی تۆیە. گوتم من لە فڵانە بنەماڵەم ،  و لە دایکیشەوە فڵانە بنەماڵەم، کەوام گوت، زوو هاتە نێو قسەم و گوتی: تۆ کوڕی کامیانی؟ مەبەستی دایکم و خوشکەکانی بوون کە وابزانم لەگەل دایکم و پوورەکانم  ٦ خوشک بوون؟

گوتم خاڵ عەزۆ زوو پرسیارت کرد کە کوڕی کامیانی، منیش دەپرسم کامیانت خۆشویستووە لە جەوانی دا؟ مەکسێکی کرد و گوتی وەلا وەک حەز لێکردن نە بەڵام یەکیان جارێک لە زەماوەندێک دا کە ویستم  دەستی بگرم، ئەو دەستی نەگرتم و لە هەڵپەرکێ یەکە چووە دەر و قەت لەبیرم ناچێ! گوتم کامیان بوو؟ هیندێک ڕاوەستا و گوتی: نازۆ بوو ! گوتم دەی وەڵا منیش کوڕی نازۆم! دواتر لە دایکم پرسی گوتی ڕاست دەکا، لە زەماوەندی خزمێکمان لە دێلەزی کەسێک لە بەینی من و ئەودا بوو چووەدەر لە هەڵپەڕکێ، منیش بۆ ئەوەی دەستی عەزۆ نەگرم چوومە دەر. خولاسە عەزۆ هەرسێکمانی بە ڕەگ و ڕیشەوە ناسی. و لە دۆستانی نەبیی خاڵم بوو.

ڕۆژێ میوانی مام عەزۆی قسە خۆش  بووین کە وەک کۆنە کتێب تەواوی داستان و ڕووداوەکانی ناوچەی شپیرانی لەبەر بوو. ئێوارێ کە گوتمان دەڕۆین، گوتی ئەدی مەئمووریەتی من چیە تا ئێوە جارێکی دیکە دێنەوە؟ محمد ساڵح گوتی چ ئەرکێکت پێخۆشە بۆت دیاری بکەین؟

مام عەزۆ گوتی: ل مرۆف کوشتنێ رە هەتا ئاخرێ چ بۆ من دانێن فەرق ناکە! مەبەستی لە مرۆڤ کوشتن جاشەکان و قاتڵینی پێشمەرگە  و خەڵک  بوون. بە حەق مام عەزۆ هەم پیاوی ئەوە بوو ، هەم دەیتوانی و وەک ئاو خواردنەوە وابوو بۆی. ترس و ئەوانە لە وجوودی دانەبوو.

محمد ساڵح گوتی نە مام عەزۆ ئەوە ساڵڕۆژی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانە، هیندێک تراکت و بڵاو کراوەت دەدەینێ بیبە بڵاوی کەوە. گوتی کەمە ئەو مەئمووریەتە بەڵام هەرباشە، بەڵام لە کوێ بڵاو بکەم باشە؟ گوتمان لە دێلەزی و ستوون ڕەش و خوناوین. منیش هەمیشە تراکت و هیندێك بڵاو کراوەی حیزبیم هەر پێ بوو، نیزیک  ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ تراکت  و چەند ڕۆژنامەیەکی کوردستانمان دایە و گوتمان هەر لە ئێستا  ڕا هەرکات بۆت کرا بڕۆ بڵاویان کەوە. ماڵئاواییمان لێکرد و بەداخەوە بۆ من بوو بە دوایین ماڵئاوای و ئیدی چاوم بە مام عەزۆ نەکەوت و خەبەریشم لێ نەما. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە بۆ ساڵانی دواتر ئەرکی تری حیزبیم هەبوو  و  بۆم نەکرا بە خزمەت مرۆڤە بوێڕ  ونیشتیمان پەروەرەکەی شپیران بگەم تا لە دەریایەک زانیاریی ئەو لە سەر ڕووداوەکانی  ڕابردووی ناوچە پرسیار بکەم.

ڕۆژی دوایی ئێمە لە شوێنێک بووین  بۆ شەوەکەی چەند کەس لە ئەندامانی حیزب هاتنە لامان کە پێشتر ئاگادارمان کردبوونەوە. ئەوان گوتیان ئەم بەیانیە جاش و پاسدار بەرببوونە نێو گوندەکانی دێلەزی، ستوونرەش  و خوناوین بڵاوکراوەی حیزبیان کۆدەکردەوە و بەدوای ئەو کەسانە دا دەگەڕان کە بڵاویان کردبوونەوە. گوتیان ئەوە ئێوە بوون؟ گوتمان نەوەڵا ئێمە نەبووین. نەڵێی کە ئێمە مەغریب ماڵئاواییمان لە مام عەزۆ کردووە، ئەویش سواری ئەسپ و ژ_٣ لە شان چووە دوای جێ بە جێ کردنی مەئمووریەتەکەی.

بە هەرحاڵ لەگەل ئەو هاوڕێیانەشمان کار و بەرنامەکانمان جێ بەجێ کرد و کە گوێمان دایە ڕادیۆ دنەگی کوردستانی ئێران پەیامێک مان  لە  کاک سلێمان کەلەشی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کە هاوکات بەرپرسی ئەو تیمەش بوو کە بەهاری ئەو ساڵە زوو هاتبووینە ناوچە  بۆ هات کە نووسیبووی : بەزووترین کات بگەڕێنەوە تەڕگەوەڕ و مەڵبەند دێتەوە. مەڵبەند جارێ لە باشوور بوو و بەرنامەی هاتنەوەیان هەبوو و دەبا ئێمەش بچینەوە تەڕگەوەڕ تا مەڵبەند دێتەوە. دوای نیزیک بە ١٠ بۆ ١٢  ڕۆژ  کە کۆمەڵێك ڕووداوی تریش لەو ماوەیە دا هەبوون و لە کاتێکی گونجاو دا  ئەگەرتەمەن بەشی کرد  باسیان دەکەم، گەیشتینەوە لای هاوڕێیانمان لە تەڕگەوەڕ.

دۆستان و ئۆگرانی بیرەوەریی پێشمەرگایەتی،  ئەم بیرەوەریەشم بە هەموو سەداقەت و ئەمانەتەوە، بە ڕەچاو کردنی هیندێک پڕەنسیپی تەشکیلاتی و  نهێنیکاری  خستە بەردیدی ئێوە ئازیزان و  لێرە دا کۆتایی بەو بیرەوەرییەش دێنم و تا بیرەوەرییەکی دیکە هەر شاد و  بەکەیف بن.

ماڵئاوا

***********

تێبێنی:  ئەم گوندە هەرەکیان ە ، یەکێک لە گوندە خەباتکار و نیشتیمانپەروەرەکانی شپیران. وەک ڕێزگرتنێك ویستم وێنەی لەگەل ئەم بیرەوەرییە دابنێم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی