"an independent online kurdish website

ئاکام و پێشنیار بۆ ئەوەی کە ئێمە دەبێ ئێستا چی بکەین.

خۆێنەرانی بەرێز و تێکۆشەرانی کورد بە گشتی ڕۆژهەڵاتییەکان بە تایبەتی! داگیرکەران هەموو هەوڵ و تێکۆشانییان ئەوەیە کە ئێمەی کورد بەرامبەر مێژوو، هێزە سیاسییەکان و رێبەرانمان- چ ئەوانەی پێشوو و چ ئەوانەی ئێستا – تووشی شک و گومان بکەن بۆ ئەوەی کە متمانەمان پێیان نەمێنێ. ئەوە ئامانجێکی سەرەکیی دوژمنە. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە کە نابێ ئەو ئیزنە بدەین کە ڕێژیم بە ئامانجەکانی بگات و ئێمە بخاتە تەڵەی خۆی.

بەڕێزان! ئەوەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێداوە کە ڕێژیمی ئاخوندی چلۆن بە دژی خەباتگێڕانی کورد پیلانی گێڕاوە، شتێکە کە رووی‌داوە و تازە دەرەنگە پێشی پێبگرین و ئەو زەرەرانەی کە لە کورد دراوە، قەرەبوو ناکرێ. ئەوەی کە هێناومە بەرباس تەنیا و تەنیا بۆ ئاگاداری ئەم بەشە و یان ئەو خەڵکانە بووە کە رەنگە زۆرئاگاداری ئەم روداوانە نەبووبن.  بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوەیە کە بتوانم بە گێرانی ئەو هەموو پیلانانەی دوژمن (کە لە ڕاستی‌دا قەترەیەکە لە دەریایەک) رووی لە هەموو هێزە سیاسییەکان ، رێبەر و هەموو تێکۆشەرەکی بەرپرس و وەلاتپارێزی ڕۆژهەڵاتی کردستان بکەم و جارەکی دیکە وەبیریان بێمەوە کە دوژمن و داگیرکەران چەندە یەکگرتوو، بە پیلان و بە خەداری و بێ رەحمانە دژی نەتەوەکەمان کار دەکەن و زەربەمان لێدەوەشێنن و لە بەرامبەردا، بەڵام ئێمەی کورد ( هێزە سیاسییەکان) چەندە دژ بە یەک و بێ بەرنامە و پلان و ستراتێژین بۆ نەتەوەکەمان. دەمهەوێ جارەکی دیکە وەبیران بێنمەوە کە بزانن هەر لە تەمەنی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی نرخەکی گەورە و بێ‌هاوتای داوە، دەمهەوێ وەبیریان بێنمەوە کە ئەو هەموو رێبەرانە و ئەو هەموو کادار و پێشمەرگە وخەڵکی بێ دیفاع  کە شەهید کران، ئەو هەموو خەڵکە لە کۆمەڵکۆژییەکانی خەڵکی کوردستان گینیان بەخشی و هەزاران زیندانیی سیاسی لە سێدارەدران و یان ڕاستی ئیشکەنجە و زیندانی‌کران هاتن، دەمهەوێ وەبیریان بێنمەوە کە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەیان هەزار بنەماڵەی شەهیدان بە تایبەتی چاوییان لە کار وخەباتی ئێوەیە کە رۆژێک بە ئازادییەوە بگەرێنەوە کوردستان و ئێوە و خەڵک و نیشتیمان پێکەوە یەکتر لە ئامێز بگرن.

هەر بۆیە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەم کە لەو وەزعە زۆر حەساس و ناخۆشەدا وەرن رابردوو بکەین بە دەرس و ئەزموون بۆ لێ فێربوون. دەبێ قەبووڵ بکەین کە ئێمە بە شەڕ و دژایەتیی یەکتر، بە “انشعاب” و جیابوونەوە، یەکتر قەبووڵ و تەحەمول نەکردن، یەکتر رەزیل و رسواکردن نەمانتوانی نە خزمەتی حیزب و گروپی خۆمان بکەین و نە خزمەت بە گەل و نیشتیمانی خۆمان. بە ئەم کارانە تەنیا و تەنیا دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان سودمەند بوون. ئەو “اعتماد” و باوەرییەی کە پێشتر لە نێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان دا هەبوو، لاواز و زوعیف بووە. دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان و تاکی شۆڕشگێڕی کورد بە بەرپرسایەتیی خۆیان هەڵسن و دەست لەو قسە و گۆتاری بێ‌عەمەل کە هەموو خەڵک لێی ماندوو و شەکەت بووە، بەردەن و بە یەکگرتوویی و بە بەرنەیەکی نەتەوەییەوە وەرنەوە میدان و ئەو “اعتماد” و باوەرییە لە دەستچووە بگەڕێننەوە سەر جێگای خۆی و بەو شکڵە ئەنگیزەیەکی تازە بدەن بە تێکۆشەڕان و خەباتگێڕان لە کار و خەباتییان‌دا بۆ ئازادی. پێویستە کە ئێمە شێوەی بیرکردنەوە و کاری خۆمان بگۆڕین و بەپلان، تۆلێرانس و یەکگرتوویی لە کردەوەدا هەنگاوی بەهێز هەڵبگرین بەرەوە ئامانج. دەنا دوای ڕۆخانی ڕێژیمی ئاخوندیش ناتوانینن ماف و ئازادییەکانی گەل وەدەست بێنین و بپارێزین. بە لە بەر چاوگرتنی ئەو ڕاستیانە، پێشنیارەکانی خۆم بە شکڵێکی کۆنکرێت و کورت و پوخت بەو شێوەیەی خوارەوە ئاڕاستەی حیزب و ڕێکخراوەکانی تێکۆشەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم:

1. دوژمنانی گەلی کورد بۆ کوشتنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە نێو کورددا بەو پەڕی هێزەوە کار دەکەن. ئەوان دەیانەوێ لە لایەک بە پیلانگێڕی و پرش و بڵاوکردنی کوردەکان، پرۆژەکانی نەتەوەسازیی کورد تێک بدەن و فاکتەرەکانی گرینگی نەتەوەسازی لاواز بکەن و لە لایەکی دیکەش دابەشبوونی کوردستان بکەنە ئەمری واقع و کوردەکان لە هەبوونی نیشتمانی هاوبەش بێ‌بەش بکەنەوە و بسەلمێنن کە شتەک بە نێوی کوردستان بوونی نیە. یانی ئەوان بۆ تۆناکردنی نەتەوە و نیشتمانی کوردەکان کار دەکەن. سەرەکیترین ئەرکی هێزەکانی کوردستانی و بە تایبەتی حیزب و رێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتیە لە پۆچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە. نابێ لە بیر بکرێ کە لە سەردەمی ئێستادا نەتەوە تەنیا لە سەر بنەمای ئێتنیک و کولتووری هاوبەش ساز ناکرێ. بەلکوو هەستی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەشیش گرینگن. ئەگەر چی بە هۆی هەڵکەوتەی عەردنیگارییەوە هندێک جار هێزەکانی کوردستانی مەجبوور بوونە کە لە پێناوە مانەوەیان‌دا بە جۆڕێک لە گەڵ دوژمنێکی کورد بسازێن، بەڵام نابێ ئەو یەکە لە بیر بکەنەوە کە ئەو سازانە بە واتای بەرژەوەندیی هاوبەش لە گەڵ ئەم دوژمنانانەدا نیە. بۆ نموونە ئەگەر لایەنێکی کوردی لە گەڵ حکوومەتی تورک، ئێران و یان عێراق پێوەندیی بازرگانیی هەبێ، بەو واتایە نیە کە ئیدی لە گەڵ ئەو حکوومەتانە دەبینە برای لە یەک دایک و کێشەکان تەواو بوونە. ئەو دوژمنانە ئەگەر ڕۆژێک بۆیان بکرێ، بە کیمیای و زیندەبەچاڵکردن، قڕمان دەکەن. ئەوان هندێک جار بە زانینەوە پشتیوانی لە لایەنێک و دژایەتیی لایەنێکی دیکە دەکەن و یان کێشە بۆ خەڵکی پارەچەکەی کوردستان بە دەستی رێکخراوێکی کوردی پارچەیەکی دیکەی کوردستان زاد دەکەن بۆ ئەوەی کە ئێمە لە یەکتر دوو بکەوینەوە و ئەو جۆڕە کارانە دەبنە سەدەمی درووستبوونی تێروانینی هاوبەش لە لای خەڵکی هەر یەک لەو پارچانەی کوردستان بە دژی یەکتر و بێگانەبوون و دوورکەوتنەوە لە یەکتری. کە واتە دەبێ کار بۆ پڕەنسیپێکی هاوبەش بکرێ کە هەموو ڕێکخراوەکانی نەتەوەیی کوردستانی، سەربەخۆی لەوەی کە خاوەنی چ ئیدئۆلۆژی و باوەڕێکن، کە کار و چالاکییەکانی هەموو لایەک دەبێ لە پێناوی بەهێزترکردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بێ. هێزەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەم مەبەستە هەر وەک جاران و لە جارانیش زیاتر دەبێ بۆ  ئەم ئەرکە پێشقەدەم بن.

2. دیاردەی بنکۆڵ کردنی ژێر پێی یەکتر لە کاتی قەیرانە نێوخۆییەکان و تەنانەت تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانی سیاسی بە مەبەستی زەربە لێدان لە لایەنێکی ڕەخنەگر یا ڕەقیبی نێوخۆیی یەکێک لە لەمپەرە کارەسات خۆڵقێنەکانی نێو بزووتنەوەی کوردی بووە. زۆر جار  خیانەتی نێوخۆیی زەربەی وا قورسی لە بزووتنەوەی کوردستان داوە کە کاریگەرییە نەینیەکانی لە ئەنجامی هێڕشی ڕاستەوخۆی دوژمن کەمتر نەبوە. لە هەمان کاتیش دا نەبوونی لێڤەگەر یا مەرجەعێکی نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی هێڵەسوورەکان کارێکی کردوە کە هەر لایەن و جاری واشە تەنانەت هەر تاکێک خۆی بە مەرجەع بزانێ، چوارچێوە بۆ هەموو کەس و لایەنەکانی دیکە دیاری بکا و زۆر بە ئاسانی لایەنێکی دیکەی بەشدار لە بزووتنەوەدا بە خیانەتکار ناو ببا.

خیانەت هێڵی سوورە و پێویستیمان بە لێڤەگەرێکی نەتەوەییە کە ئەو هێڵە سوورە دیاری بکا. هەر بەو شێوەیە دەبێ تاکی کوردیش خۆی لە بەرامبەر هەر هەڵوێست و دەربڕینێک دا کە بکەوێتە خانەی تێڕۆری کەسایەتی و هێڕشی ناڕروا بۆ سەر نرخەکانی بزووتنەوە بە بەرپرس بزانێ.

3. هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزراندنی ناوەندی هاوکاری هەنگاوێکی گرینگیان ناوە بۆ کاری  هاوبەش؛ بەڵام لە کردەوەدا ئەو ناوەندە تا ئێستا نەیتوانیوە  لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک‌دا چالاکتر و ڕێک‌وپێکتر بێتە مەیدان. بۆیە دەبێ هەوڵ بدرێ کە هەم ئەو ناوەندە بەرینتر بێ و حیزبەکانی زیاتر تێیدا ببنە ئەندام و هەم ئەوەی کە کار بکرێ بۆ ئەوەی کە ئەو ناوەندە وەک ئۆرگانێکی مەشرووع و بڕیاردەری نەتەوەیی بۆ رؤژهەڵاتی کوردستان بڕیارەکانی لە سەرووی بڕیاری حیزبەکانەوە بێ و هەموو لایەکیان پێڕەوی لە بڕیارەکانی ئەو ناوەندە بکا.

4. ناوەندی هاوکاری دەبێ ببێتە دەزگایەک کە خەتی گشتیی سیاسی لە مەر پرسەکانی دیپلۆماسی، چەکداری، لەشساخی، ڕاگەیاندن و بڕیارەکانی گرێدراو بە چارەنووسی گەلی کورد دەستنیشان بکا و لەو مەیدانانەدا بڕیاردەری یەکلاکەرەوە بێ.

5. ناوەندی هاوکاری دەبێ لە پێناوی پەروەردەکردنی کادری نەتەوەیی، خاوەنی دەزگایەکی پەروەردەیی بێ بۆ بەڕیوەبردنی دەورەی هاوبەشی کادر لە ئەندامانی هەموو حیزبەکانی ئەندام لەو ناوەندەدا.

6. ناوەند دەبێ لە زووترین کات‌دا هێزەکانی چەکداری حیزبەکانی ئەندام یەک بخات وەک هێزێکی نەتەوەیی. ئەگەر ئێمە لە ئێستادا نەتوانین چەند هەزار پێشمەرگەیەک وەک هێزی نەتەوەیی سازمان بدەین، دوای ڕزگاریی کوردستان ئەو کارە ئەستەمە بکرێ. دەبێ لە تەجربەی باشوور دەرس وەربگرین.

ئەگەر هەموو ئەو خاڵانە لە یەک ڕستەدا کورت بکەمەوە، بە بڕوای من گرینگە کە ناوەندی هاوکاری بەهێز بکرێ بۆ ئەوەی کە بتوانێ رۆڵی حکوومەتێکی دوفاکتۆ بگێڕێ. بەو یەکە زۆر کێشە لە کۆڵمان دەبنەوە.

بە سوپاسەوە،

سولەیمان کەلەشی

بابەتەکانی پەیوەندی دار

پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی، بەشی 4

پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی، بەشی 2و3

پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی،بەشی1

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی