"an independent online kurdish website

 ساڵی ١٣٦٨ چەند رۆژێکی لە مانگی پوشپەڕ لای دابوو  کە  ئێمە وەک هێزی ئاڕبابای بانەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران

 لە بناری سورکێور بەرەو  قوڵایی ناوچەی بانە و بە دیار کراویی بەرەو  مەنتیقەی مەیدانانی  بانە  کەوتینە رێ، هەڵبەت  بەر لەم جەولەیە چەند جاری دیکە بە تیمی چووکە سەردانی ناوچەمان کردبوو بە تایبەت بەر لە جەولەی هێز و کۆمیتە شارستان، ئيمە تیمێکی ١١ یازدە کەسی بە سەرپەرەستی شەهید  عەبدوڵا خزری ناسراو بە  عەبە سپیدارەیی، بۆ ماوەی دوو ‌حەوتو لە ناوچە دا  خەریکی بەرێوە بردنی کاری  حیزبی بووین. پاش چەند رۆژ لە دەستپێکی گەڕیان لە ناوچەی بانە رۆژی ١٩ی پوشپەڕی ١٣٦٨ بۆ دابین کردنی  تەداروکات کە پێشتر بە هۆی کۆمیتەی شارستانەوە  لە ناو شار نەفەری تایبەت راسپێردرابوون بۆ هينانی ئازوقە  روومان لە گوندی شێنان کرد و پاش مانەوە بۆ چەند سەعات و خواردنی نان و چا و کەمێک ئیسڕاحەت کردن شەو  بە درەنگیەوە گوندمان بەرەو کوێستانەکانی مەیدانان  بەجێ هێشت. بەیانی زوو کە قەرار بو تیمی کەمین و دیدەبانی ئێمە کە دیاری کرا بوون و  دەبوایە سەعات ٥ی بەیانی چوبانە شوێنی دیاری کراو ئەو پيشمەرگەیەی کە دەبوایە هەڵیان بستێنی  بە هۆی  شەکەتیەوە  لەبیری چوبوو و راست لێی نوستبۆوە!!  تولعی بەیانی نەمر خاڵە مە‌محمود کە ئەوکات تەمەنی زیاتر لە پەنجا سال دەبوو شەهیدی نەمر کاک کەریم سەقزی کە ئەو ساڵە هاوکات بەرپرسی کۆمیتە شارستان و سەرپەرەستی هێزیش بوو لە خەو هەڵستاند، بە کاک کەریمی کووت، کاکە لەو سەرەوە خەڵکی جل سپی دەبینم نازانم کێن! بێ خەبەر لەوە کە  ئەو دۆڵەی ئيمە لێی خەوتبووین بەرزایەکانی پشتی  گوندی شێنان هەموی بە جاش و پاسدار تەندرابوو. هەر ئەوەندەی کە بە خێرایی هەستاین  و خۆمان پێچاوە.  لە هەموو بەرزایەکانرا دەستیان کرد بە تەقە کردن لێمان، بەداخەوە بەشی زۆری تەداروکات و خواردنەکەمان لە کیس چوو بەڵام  بە سەلامەتی خۆمان گەیاندە شوێنی نەدیو، دیتمان لە یەکێک لە بەرزایەکان را تیميکی چەکدار بەر پەرچی هێزەکانی رژیمان دەداوە  و نەیان دەهێشت بەسەر ئيمەدا زاڵ بن! چونکە ئيمە لە دۆڵێکی قوڵ دا مابوینەوە. دواتر بە هۆی بێتەلەوە (بێسیم) کە پەیوەندیمان گرت دەرکەوت کە هێزی قارەمانی بەیانن کە لە ناوچەی سەقز تووشی شەڕ لە گەڵ هێزەکانی رژیم ببوون و چەند پيشمەرگەیان بریندار ببوو  و گەڕابونەوە  بەرزایەکانی سەرتون و مەیدانانی بانە.

رۆژی ١٧ی مانگی پوشپەڕ هيزی بەیان لە ناوچەی سەقز لە چیای وەنەوشە توشی  تيکهەڵچون لە گەڵ بەکرێگیراوانی رژیم دەبن و پاش شەڕێکی قارەمانانە کە زیاتر لە ١٤ سەعاتی خایاندبوو  چەند پێشمەرگەیان بریندار ببوون، ناوی دوو کەسیان “حوسێن هەوشاری و عوسمان مەمێل … ئیبراهیمی” بوون. دیارە کاک عوسمان رۆژی دواتر بە هۆی خۆمپارە بارانی رژیم  لە گوندی گەرمەڵە بریندار ببوو. ئەو رۆژە تاکوو ئێوارێ سێ جار هێلیکۆپتەرمان هاتە سەر  و بە رۆکێت لە نیزیک سەنگەرەکانی ئێمەی دەدا. تۆپ و خۆمپارە باران تا  دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوو.  ئێوارێ بە درنگیەوە  لە گەڵ هێزی بەیان  لە بەرزایەکان یەکترمان گرتەوە  و  دەبوایە تیمێک بریندارەکان بگەیەننە سنور  و لەوێوە بۆ نەخۆشخانەی ‌حیزب واتا نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ بەڕێان بکەن.

لە هیزی ئاڕبابا شەهید عەبدوڵا سپی دارەیی و جەماڵ تاژەبانی و خال مە‌‌حمود  و ئەمن.. حەیدەر محەمەدی.. عومەر… و یاسین قەدیمی و لە هێزی بەیان ئەو بەرێزانەی کە لە بیرم ماون.. محێدین خان ئەحمەدی و خەلیل محەمەدی ناسراو بە دکتۆر خەلیل کە وەک کادری دەرمانی لەگەڵمان بو  و خاڵە تۆفیق   و  هاوڕێیەک بە ناوی ئەسکەندەر و  چەند پێشمەرگەی نەخۆش و بریندار کە دەیان توانی بە پێی خۆیان بڕۆن  و برینەکەیان سوک بوو، لە بەرزایەکانی سەرتون را بە تاریک بوونی هەوا کەوتینە رێ و  بە شەکەتی و برسیەتی هەتا بەری بەیان بە رێگا دا رۆیشتین لەبەر  ئەو هێزەی کە رۆژی پێشتر لە شاخەکان  بوون و بۆ خۆپاراستن لە کەمینی هێزەکانی رژیم مەجبور رێگای خۆمان زۆر دوور کردەوە . بوڵێڵی بەیانی لە جادەی بانە سەردەشت پەڕینەوە و زۆر دوور نەبوینەوە  لە نێو پۆلە دەوەنێکی چڕ خۆمان حەشاردا… دیارە ئێمە زۆر لە جادە دوور نەبوین  بە باشی جادەمان دەدیت و ئاگامان لە هەموو جموجۆڵێکی دوژمن هەبوو. دیارە بەیانی زۆری نەبرد کە چەند منداڵ گاڕانیان وەپيش خۆیان دابوو هاتن لە خوارە ئێمە کە شوينی مۆڵدانی  ماڵاتەکانیان بوو، پەیدابوون و  بە گەرم بوونی هەوا خەریکی مەلە کردن  بوون شەهید عەبە  پاش نیوڕانێ دەرنگ چووە لایان  و قسەی لەگەڵ کردن و کەميک نان و ماستی هێنا دیارە ئێمە لە رۆژێ پێشترەوە  هیچ خواردنێکی ئەوتۆمان نەخوارد بوو! دیار منداڵەکان بەدیتنی شەهید عەبە سپیدارەیی تەواو کەیف خۆش بوون و هەموو لەدەوری هاڵا بوون! منداڵەکان بە شەهید عەبەیان کوتبوو مەترسن ئێمە لێرەین هەرچی بێت زوو خەبەرتان بۆ دێنین!

کاک خەلیل بریندارەکانی تیمار کرد و  ئامادەی کردن بۆ کاتی رۆیشتن،   ئێوارەێ رۆژی ٢١ی پوشپەڕی ١٣٦٨هەر زوو بە روناکی خۆمان کۆکردەوە و بریندارەکانمان سواری یەکسم کرد و کەوتینە رێگا مەبەستمان ئەوە بوو ئەو شوێنانەی  کە ترسی کەمینی هەیە زو تێپەر بکەیەن و دەبوایە شەو لە خوار گوندی تاژەبان لە چەمی .. چۆمان.. پەڕیباینەوە.  هێشتا تەواو  خۆر ئاوا نەببوو کە  چووینە نيو  ماڵی گوندێکی چووکە کە بەداخەوە نێوی گوندەکەم بیر نەماوە، کەمێک نان و پێخۆرمان هەڵگرت و دانەنیشتین و لە بەر گیانی بریندارەکان زو کەوتێنە رێ. ئەو شەوەش هەتا  نیزیک سەعات ٤ی بەیانی بە رێگاوە بووین  پاش ئەوە لە خوار گوندی تاژەبان  لە چەمی نێوان باشور و رۆژهەڵات کە بە چەمی .. چۆمان.. ناسراوە پەڕیینەوە، خۆمان لە  مۆڵگەی گوندی نیروان بە دوور گرت چونکە زۆر  شەوان کەمینیان دەچووە سەر ريگا  و زۆر جار لە خۆیانەوە تەقەیان لەو شاخ و دۆڵە دەکرد! بەرێگایەکی یەکجار ناخۆش و بەردەڵان و پڕ دار و دەوەن لە بناری چیای سورکيو وەسەر کەوتین  ئەو رێگایە  بریندارەکانی زۆر ئەزیەت کرد چونکە بە سەر پشتی یەکسمەوە بوون زۆر جار یەکسمەکان بازیان دەدا یان خۆیان لە دار و دەوەن دەخشاند .

 بەیانی رۆژی ٢٢ی پوشپەڕی ٦٨  لە پاش رێگە بڕینێکی زۆر و شەکەتی و ماندوبوونی زۆر بەڵام  زۆر خۆشحاڵ لەوەکە بریندارەکانمان گەیاندۆتە  شوێنی ئەمن، گەیشتینە سەر سنوری دەست کردی ئێڕان و عێڕاق .    لە ترسی مۆڵگەی  هێزەکانی عێڕاق دەبوایە بە ئەسپایی  لە  سنور نیزیک بینەوە .بریندار و  پێشمەرگە نەخۆشەکانمان لە نیزیک  مۆڵگەکانی عێراق دانا  و ئێمە ئەو تیمەی کە دەبوایە  بگەرێینەوە قوڵای ناوچە  و پەیوەست بینەوە بە باقی هێز، لەوان جیابوینەوە بە روناک بوونی هەوا  ئاگامان لێیان بوو کە بانگی عەسکەری عێراقیان دەکرد بۆ ئەوەی تەقەیان لێنەکەن لە دوورەوە  دیتمان کە لە سەنگەرەکانیان هاتنە خوار و پێشمەرگە کانیان  بردە لای خۆیان ئێمە نەمان دەویست  سەربازی عێراقی بمان گرن  بۆیە بە ناچار بریندار  و نەخۆشەکانمان لە نیزیک سەنگەری عێڕاقیەکان بە جێ هێشت. وابزانم ئيمە تیمێکی  نۆ ٩ کەسی مابوین.. لە پشتی گوندی نیروان لە بناری چیای سورکێو رۆژی ٢٢ی پوشپەڕی ٦٨  هەتا ئێوارێ لە  دۆڵێکی بەردەڵان، رەقەن و ئیشاکارۆ  ماینەوە و  تەواو  بێ ئاوی بڕستی لێ بڕیبووین! شوێنەکە زۆر ئاستەم و جێگەی مەترسی بوو چونکە کەوتبۆ نێوان هێزەکانی عێڕاق  و ئێران و شوێنی شەڕی ٨ ساڵەی ئەو دوو وڵاتە و هەروەها  خوار سەنگەرکانی هێزەکانی عێڕاق هەموو مین رێژ کرابوو . سەعات دووی نیوەرۆ لای دابوو کە ئەمن و شەهید عەبە قومقومە و یەک دوو کەتری هاوڕێیانمان هەڵگرت و بە  نێو دۆڵەکەدا بە پارێزەوە و بە شوينی نەدیودا چووینە خوار کە کانی و ئاوێکی زۆر خۆشی لێ بوو. دیارە زۆریش جێگای ترس بوو چونکە مەودایەکی ئەوتۆی لەگەڵ مۆڵگەی پاسدارەکانی رژیم نەبوو. هەڵبەت پيشتر خەبەرمان هەبوو کە رژیم ئەو ناوچەی  مین رێژ کردوە بۆیە  زۆر بە وریایەوە هەنگاومان دەنا. هەرچۆنێک بو خۆمان  گەیاندەوە لای هاوڕێیان و چامان لێ وەسەرنا و تێر چای شیرن و نانی  ئیشکیمان خوارد! ئێوارێ خۆمان پەیت کرد و  حازر بووین بۆ گەڕانەوە بۆ لای هێز کە لە ناوچەی مەیدانان  قەراری یەک گرتنەوەمان هەبوو. ئەو دوو یەکسمەی کە بریندارەکانمان پێ راگوێزت بوو هی خەڵکی ناوچە بوو  و بە ئەمانەت وەرمان گرتبوون.

شەهید عەبە سپیدارەی  کوتی لە تاژەبان دەیان دەم بە  نەفرێک بۆمان بەرنەوە  بۆ خاوەنەکانیان. ئيوارە بە پارێزەوە و بە وریاییەوە کەوتینە رێ… جەمال تاژەبانی لە پێشەوە دەرۆیشت بەڵام لە پشتی رێگا.. شەهید عەبە لە دوای  ئەو   و بەسەر رێگاکەدا لە پێش من و هاوڕێ خەلیل بوو، کاک خەلیل محەمەدی لە دوای شەهید عەبە و من .. حەیدەر.. لە لای راستی  کاک خەلیل دەرۆیشتم تازە هەوا دەهات تاریک و رون بێ گەیشتینە سەر بستوویەک کە مۆڵگەی رژیم بە دەیار دەکەوت، دونیایەکی یەکجار کپ و بيدەنگ بوو  زۆر هەستێکی تایبەتم هەبوو، لەو قسانە دابووین کە شەهید  عەبدوڵا بە کاک خەلیل  و کاک محيدینی کووت – کاکە خەمتان نەبێ با ئەو یەکسمانە جێ بە جێ بکەین دوایە خۆمان بە ئیسرا‌‌حەت  و  بە بێستان  رنین دەچینەوە  کويستانی مێرگە نەخشینە و سەرتون  کە لە پڕ بە گرمەی تەقینەوە مینێک  کۆتایی بە بێدەنگی سامناکی ئەو چیایە هێنا! من زو هەستم کرد چاويکم ناتوانم هەڵێنم و تەوای گیانم  وردە بەرد و ساچمەی بەر کەوتبوو..

هەر زو هاواری کاک خەلیلمان گوێ لێ بوو کە دەیکوت هیچ نابینم لە خوار  دکتۆر خەلیل شەهید عەبە کەوتبووە سەر زەوی  و بەداخەوە لاقی چەپی بە مین پەریبوو. جەماڵ تاژەبانی بە وریایەوە  کاک خەلیلی هێنا دوایە و دواتر بە  کۆڵ شەهید عەبەی هينا سەرتر. ئێمە لە ترسی هەبونی مینی دیکە نەمان دەتوانی  هەمومان بە هانای ئەو دوو بریندارەوە بچین،  بە خێرایی  و ئەوەندی لەدەستمان دەهات برینی دکتۆر  خەلیل و شەهید عەبدوڵامان پانسمان کرد بەڵام بەداخەوە برینی شەهید عەبە زۆر قورس بوو. بەو یەکسمانەی پيمان بوون  بە زەحمەتێکی زۆر توانیمان بریندارەکانیان سەر بخەین و بگەڕێینەوە بۆ لای سنور. کاک جەماڵ تاژەبانی و شەهید عەبە بە لاقی بریندار وەک بەڵەدی ريگا  و شارەزای ناوچەکە  لەگەڵمان بوون. شەهید عەبە بەو پەڕی ورە و غیرەت  لە کاتێکدا  لاقێکی لەدەست دابوو لەسەر پشتی یەکسمەوە ئێمەی  ڕێنمایی دەکرد بۆ ئەوەی  لە رێگا لانەدین چونکە کەوتبوینە نێو مەیندانی مینی  بەجێماو لە شەڕی عیراق  و ئێران! ئەو هەموو  شەهامەت و خۆڕاگرییەی کە من لەو مرۆڤە قارەمانم دیت  بەراستی لە گيڕانەوە نایەت. تەقریبەن چارەگە سەعاتێک پاش بریندار بوونی  دکتۆر خەلیل و  عەبە سپیدارەیی بە بێسم نەمر کاک کەریم سەقزیمان کە ئەوکات بەرپرسی کۆمیتە شارستانی بانە بە وردی لە ‌ حاڵ و وەزعی خۆمان ئاگادار کردوە. لە کاتی تەقینەوەی مینەکە دا مۆڵگەکانی رژیم کە لە خوار چیای سورکيو بوون دەستیان بە تەقە و خۆمپارەباران کردنی بناری چیایەکە کرد هەر ئەوە وای کرد سەربازەکانی عێڕاقیش  بکەونە ئامادە باشیەوە. هەر چۆنەک بی خۆمان گەیاندە سەر سنور و بۆ ئەوەی سەربازەکانی عێراقی تەقەمان لێ نەکەن لە دورەوە بانگمان کردن کە ئێمە موعارەزەین و بریندارمان پێیە. عەسکەرەکان هاتن ئێمەیان بردە نێو سەنگەرەکانیان و  کە دیتیان  شەهید عەبە زۆر بە دژواری زامار بووە بەڵام ئیمکاناتيکی دەرمانی ئەوتۆیان نەبوو  و کێشە گەوری ئێمەش ئەوە بوو کە کاک خەلیل  کادری دەرمانی ئەو تیمە بوو بەداخەوە ئەویش بریندار ببو توانای دیتنی نەبوو .

  عەبەی قارەمان و چیای ورە  لەسەر برینی قورسی خۆی ورەی دەدا کاک خەلیل.  لە هێوارەی رۆژی ٢٢ی پوشپەڕ نیزیک سەعات ٧ی ئێوارێ  مینەکە  تەقیەوە رێک ئەو رۆژ و ئەو کاتەی رێبەری هەڵکەوتە و بلیمەتی کورد کاک دکتۆر قاسملوی هەمیشە رابەر لە وییەن شەهید کرا. ئێمە و بریندارەکان بەو وەزعە هەتا بەیانی لەو چیایە ماینەوە و سەربازەکانی عێڕاقی  ئیزنیان نەدا بچینە خوار بۆ تەداوی بریندارەکانمان، هەرچەند چلەی هاوین بوو بەڵام ئەو شەوە، شەوێکی زۆر سارد بوو بایەکی زۆر بەتەوژم و بە هێز هەڵی کردبوو.   هەتا بەیانی بریندارەکان و بە تایبەی شەهید عەبەی قارەمان بە دەم ئازار  و ژانی قورسی برینەکەیەوە  مایەوە. بەیانی ئێمەیان  سواری ماشێنێکی عەسکەری کرد و بەرەو نەخۆشخانە کەوتینە رێ..! لە چیای سورکێو بە دیوی باشوری کوردستان دا چووینە خوار و لە بناری چیایەکە بە هەزار داخ و کەسەر  عەبدوڵا خزری ناسراو بە عەبە سپیدارەیی بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک داناو و ماڵئاوایی لە هەواڵان و  لە نیشتمان کرد و پەیوەستی کاروانی لە بڕان نەهاتوی  شەهیدانی کورد و کوردستان بوو.

دوای زیاتر لە یەک سەعات رێگا بڕین گەیشتنە نەخۆشخانەی سەربازی  دکتۆر هاتن سەیری چاوەکانی کاک خەلیلیان کرد لە لای ئەو هیچیان نەدرکاند  دوایە بە ئێمەیان کووت کە ئەو برادەرە تازە بۆ هەمیشە چاوەکانی لەدەست داوە. ئەو رۆژە واتا ٢٣ی پوشپەڕی ١٣٦٨ تاکو دوای نێوەڕۆ هەر لەو نەخۆشخانە سەربازیە ماینەوە کە دەکەوتە بەینی قەڵا چوالان و سنوری   ناوچەی بانە، دوای نیوەرۆ سواری  ماشینی سەربازی بووین  و بەرەو سلێمانی کەوتینە ڕێ ئێوارێ گەیشتینە نێو شار  هەر  زو بنکەی ‌ حیزبیان ئاگادار کردبۆوە و  هاوڕێیان هاتن کاک خەلیلیان بردە نەخۆشخانە و شەهید عەبەیان بردە  مزگەوتی  گەورەی سلێمانی.

هێوارێ کاک جەعفەر حامیدی کە ئەوکات بەرپرسی  پەیوەندیەکانی حیزبی بوو لە سلێمانی هات و ئێمەی بردەوە مەقەڕ  ئەو رۆژە هەتا ئێوارێ  غەمی لە دەستدانی شەهید عەبدوڵا و بریندار بوونی هاوڕێ خەلیل  ئێمەی تەواو دڵگران  و تازیەبار کردبوو بێ خەبەر لەوە بووین کە رۆژی پێشتر رابەر و گەورە پیاوی نەتەوەکەمان کاک دکتۆر قاسملوو  بە دەستی جنایەتکارانی رژیم ئاخوندی شەهید کراوە بە بیستنی ئەو هەواڵە جەرگبڕ و ناخ هەژینە  هەموو دەستمان بە گریان کرد و فرمێسکی چاوکانم بۆ غەمی لەدەست دانی دکتۆری رێبەر هيشتاش زرۆ جاران لێزمە دەبەستن.

بەڵێ خوێنەری هێژا شەهید عەبدوڵا خزری خەڵکی گوندی سپیدارێی بانە  ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانە ئاوا شەهید بوو گیانی پاکی کردە فیدای خاکی کوردستان و گەلە بەش خوراو  مەینەت دیدەکەی. بەیانی رۆژی ٢٤ی پوشپەڕ تەرمی پیرۆزی شەهید عەبدوڵامان وەرگرتەوە و بە ئامبوڵانسی حیزبی کە لە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ را ناردبویان ئەمن لە گەڵ تەرمی شەهید عەبە گەڕامەوە دەفتەر کاتی گەیشتینی تەرمی شەهید عەبدوڵا بەشی  زۆری هاوڕێیانی  محەوەتەی دەفتەر  و بنەماڵەکانیان و   پێشمەرگە کانی هێزی ئاڕبابا کە لە بنکەی ئینتزامات مابونەوە لەسەر کڵکۆی شەهیدان لە بۆڵێ لە بناری قەندیل  کۆببونەوە، شەهید عەبدوڵا  دەزگیرانی هەبوو کە قەرار بو پاییزی ئەو ساڵە زەماوەند بکەن! کاتەک دەزگیرانی شەهید عەبە هاتە سەر جەنازەی لە خۆێندا شەڵاڵی شەهید عەبدوڵا   بە هاوار  وگریانێکی ناخ هەژێن   تەرمی شەهید عەبەی دەلاواندەوە! کە لە دیتنی ئەو گریان و تازیەبارییە ئەو خوشکە بەشی زۆری خەڵکەکە دەستیان  بەگریان کرد.

 کاک خەلیل محەمەدی ناسراو بە دکتۆر خەلیل خەڵکی ناوچەی بۆکان  سی ساڵە لە نێعمەتی دیتن بێ بەشە و ئێستا لە وڵاتی فینلاند دەژیت. هیوادارم  حیزبی دێموکڕات بۆ جاريکیش بێ ئەو هاوڕێ بەرێزە بەسەر بکەنەوە و هەڤاڵانی تیشک تیڤی بتوانن چاو پيکەوتنێکی  لەگەڵ ساز بکەن  و رێز لە خەبات و ماندو بوونی بگرن. لە کۆتایی دا  داوای لێبورینم هەیە ئەگەر ناوی هاورێکەم فەرامۆش کردبێ یان ناوی گوند  و شوێنەکانم  بە رونی نەنوسی بێ. هەڤاڵان ئەو روداوە سی ساڵ لەمەو بەر بوو زۆر زەحمەتە مرۆڤ بەو ژیانە پر روداوەی پيشمەرگایەتی هەموو  وردەکاریەکانی لە بیر بن.

‌حەیدەر محەمەدی.. عومەر.. نەرویج بانەمەڕی ٢٠٢٠

rahener@gmail.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی