"an independent online kurdish website

سکرتێری یەکێتی دوای نائومێد بوونی لە ھەڵوێستی پاسۆک، داوای لە یەکێتی کرد بوو بەھێزەوە بێنە سەر پاسۆک و ئەو خوێندکارانە ئازاد بکەن.

بۆ ئەوەی خۆیان بە پیاوەتی بۆ عروبە بیاندەنەوە یان پێیان بفرۆشنەوە. هێزێکی گەورەی زیاتر لە 300 پێشمەرگەوە کەوتنە دووی ھێزەکەی پاسۆک.

ملازم شوان، وەک سەرکردەیەکی کارامە و چاونەترس و خاون ئەزموون و دەرچووی ئەکادیمیای تایبەتی لەشکریی، دەستەیەک لە هاوبیرە ئازا و بەجەرگەکانی پاسۆک، بۆ تاوتۆکردنی ئەم دۆخە لە گوندی پوشێن کۆبوونەوەیەک ساز دەدات و چەند بڕیارێک دەدەن: یەکەم  ھێزەکە دابەشی ٣-٤ مەفرەزەی بچووک بچووک دەکەن و خوێندکارەکانیشیان بەسەردا دابەش دەکات. دووەم  بە دابەشکردنە بۆ خۆپارێزی لە ڕژێم کە لە زەمین و ئاسمانەوە بەتەمای ھێرش و دابەزین بوو، ئەرکەکە دژوار و قورس دەکەن. سێیەم ھاوکات بۆ خۆ لادان لە شەڕی برایانی یەکێتی، بڕیار دەدات بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێ بکەوێ.  تا دواتر لەوێوە بگەنە سەرکردایەتی پاسۆک کە لە داوداوێ بوو. ڕۆژێک ھێزەکەی یەکێتی بە پلان و فرت و فێڵ و بەناوی داوای کۆبوونەوە گەمارۆی ھێزێکی پاسۆک بە فەرماندەیی رەوانشاد مولازم کەریم لە گوندی عازەبان دەدەن. کاتێ دەزانن خوێندکارەکان لای ئەم ھێزەی پاسۆک نییە، تەڵەکە بەڕووی خۆیاندا دەتەقێتەوە و ناوچەکە بێ ئەنجامدانی ھیچ کۆبوونەوەیەک بەدەست بەتاڵی بەجێ دێڵن. شایانی ئاماژە پێدانە، بڕیار و پلانی چوون بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای 3 خاڵ بوو:

١ـ حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران، دۆستێکی نزیکی پاسۆک بوو. پاسۆکیش لە ڕۆژانی میحنەتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و ئازادکردنی ناوچە کورییەکان کۆمەکی پێویستی حیزبی دیموکراتی کرد بوو.
٢-  حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێشتر  ھۆشیاری بە ھەموو لایەنەکان دابوو، ھەر لایەک لەو بەشەی ژێر دەسەڵاتی ئەودا شەڕی یەکتر بکات، دیموکراتیش لێی دەدات. بەم دوو خاڵەش دەتوانرێت  ڕێ لە یەکێتی ببەسترێتەوە و ئەوە بوو کۆڵیان دا.

٣-  دەوڵەتی عێراقیش ناتوانێ لە ڕۆژھەڵات، ھیچ ئۆپەراسیۆن و چالاکییەک بکات.
شێرە کوڕانی پاسۆک لە پووشێنەوە بە گوندەکانی دۆڵپەموو و چاڵەخەزێنە و  پەڕینەوە لە چەم و ڕووباری خوڕ و سەرکەتن بە شاخ، بە ھیلاکی و شەکەت و ماندوویەتییەکی زۆر بەڕێگای شێخەڵمارێن و ئاوی گۆڵێ و سوورەبان بە سەرماوسۆڵەی زستانی ئەو دەڤەرە کوێستانە خۆ دەگەیەننە بلەکێ ؟ ئیدی ئالێرە  دەبێت کەشوھەوایەکی سارد و زریانی زستانێکی سەخت و تووش و جوگرافیایەکی پڕ لە ھەوراز و نشێو و چیای بەرز، بھێنیتە بەرچاوی خۆت ، مرۆ خۆی بەتەنھا توانای ڕێ کردنی ، کەچی پێشمەگەکانی پاسۆک کۆمەڵێ دیلی عەرەبیشیان پێش خۆیان داوە!. بەڕاستی ئەم باس و دیمەن و قارەمانێتییە، بۆ خۆیان کەرەسەیەکی ھێجگار زۆر باشن بۆ نووسینی دەیان ڕۆمان و سازدانی فیلمی کوردی. ئاخر قارەمانێتی و ڕەوتی ڕووداوەکان ھیچیان لە دیمەنی فیلمەکانی ھۆڵیۆد کەمتر نییە!. ئازایەتی ژەنەڕاڵی مێژووی گەلان ھەر ھێندەی لێھاتوویی و ئازایەتی مولازمە کوردەکەی پاسۆک و پێشمەگەکانی بووە!. ئەی بۆ نا؟! خۆ خەڵکی تریش نیوەی ئەوانەی ئێمەیان کردووە/ نەکردووە، کەچی ناویان بە گەورەیی چۆتە مێژووەوە و نەوە بە نەوە دەیگێڕنەوە و شانازی پێوە دەکەن.

لەم کاروانی ھات و نەھاتەدا جار ھەبوو پێشمەرگەکان شەو و ڕۆژێک بێ پشوو بە ڕێگای سەخت و ھەڵەمووت و دژواردا ڕۆیشتوون. ھەر بۆ خۆی پەڕینەوە لە پردی دۆڵێ سەرکێشییەکی تەواو گەورە بووە. بە تەنیا تەماشایەکی ئەو ئاوە خوڕە بەسەر ئەو پردەوە، لە شووڵک و بنەمێو دروستکراوە، بۆ خۆی دەبێتە مایەی سەڕسوورخوادن و گێژبوون و کەوتنە ناو ئاوەکە و ھەپروون بە ھەپروون بوون. لەبەر ئەم ھۆیە و پابەندی مۆڕاڵی و مرۆیی بە ژیانی ئەو بارمتانەوە، خودی ملازم شوان هاوکاری پەڕینەوەی یەکە بەیەکەی خوێندکارەکانی کردووە. لە ڕێگا خوێندکارەکان زەحمەتی ڕێ کردنیان ھەبووە. لەتەک ئەم ھەموو چەرمەسەرییەدا. ئینجا سەرماوسۆڵە و زریان بەفربارین ھەڕەشەی گەورەی لەسەر ژیانیان دروست کردووە. بەڕادەیەک ھەموو دوودڵ بوون لە مان و ژیان و وتوویانە: داخۆ بڵێی بەم هەموو گیانبازیی و ڕاکەڕاکەیە گەیشتووینەتە ئێرە و، ڕزگاربووین لە هەڕەشەی رژێم و یەکێتی، ئێستا سروشت  بەھەڕەشەکانی بمانکوژێ!؟…. بەڵێ سەرما و برسێتی فەرماندە و پێشمەرگە و دیلەکان بەتەواوی شەکەت دەکات . ئا لەم کاتوساتەدا ڕووداوێکی خۆش و ڕێکەوتی سەیر دەبێتە یادگارییەکی شیرینی لەیادنەچووەوەی ئەو چرکەساتە سەختانە. ئەویش ئەوەیە ڕۆژێ ھەموو بە ڕێگاوەن لەپڕ گەنجێکیان لێ پەیدا دەبێت ، سەروو ڕەحەتەلقومێکی قەبارە گەورەیان دەداتێ. ئەوانیش بەتامی نان و کەباب نۆشی دەکەن و ئاھێکیان وەبەردا دێتەوە. دواتر چەند پووشە خورمایەکی بەجێماو دەدۆزنەوە، ئەوانیش ھەر بە تامی کەباب لەگەڵ دیلەکان دا دەخۆن.  تادواتر بە دژواری و زەحمەتێکی زۆر دەگەنە سەرکردایەتی لە داوداوێ.

ـ دەرئەنجام دوای کۆبوونەوە و گفتۆگۆی چڕی سەرکردایەتی ، لەسەر داوای چەندین جارەی مام جەلال و دکتۆر مەحمود ، ئوردونییەکان ئازاد دەکەن و دواتریش بەرودوا عێراقییەکان. ئەمە چیرۆکی ئەو داستانەیە کە نەخش بووە، بە کۆمەڵێ باس و خەسڵەت و تایبەتمەندی زۆر جیاواز، کە لە مێژووی ئەوانی تری جودا دەکاتەوە. ئامانجی ئەم نووسینە ، بەیاد ھێنانەوەی ئەم باسە گرنگ و بە بایەخە و سەرنج گرتنە لێی لە 3 ڕەھەندەوە :

لە ڕووی سیاسییەوە:

ـ وەشاندنی ئەم گورزە لە ڕژێم و لەردەمەدا، گەورەترین چالاکی نموونەییە، کە ڕەھەندیی سیاسی لەناوەوە و دەرەوە وەرگرت .

ـ پەیامێکی کوشندەی دایە مەلیک حسین و لەشکرەکەی، کە ھاتبوونە ھانای سەددام و لە کوردستان نیشتەجێ کرابوون. گفت وابوو ھێزی تریش ڕەوانە بکەن، دواجار کشانەوە و ھیچی دی نەھات.
⁃  ئازادکردنی کۆمەڵێ گیراوی سیاسی ھەموو لایەنەکان، کەسوکاری پێشمەرگە، لە منداڵەوە ھەتا پیر و پەککەوتە.

ـ  دامودەزگاکانی ڕژێم لە سلێمانی و کوردستان بەخۆیاندا ھاتنەوە و تێگەشتن لە شوێنیک بن، دەستی پۆڵایینی کوردیان هەر دەگاتێ. دەبێت هەمیشە وەک کەسی تۆقیو ژیان بەسەر بەرن.

⁃  بەرزبوونەوەی ورەی جەماوەر و ھێزی پێشمەرگە.

 

لە ڕووی ئایدۆلۆژی و فیکرییەوە:

لەم ساتەوەختەدا گیانی حیزب حیزبێنە و دڕندوگی لەیەکتر و ململانێی ناپیرۆز و شەڕی یەکتر و ناکۆکی سیاسی و ئایدۆلۆژی نێوان ھێزەکان دیاردەیەکی زەقی سەر گۆڕەپانەکە بوو. پاسۆک ساڵێک پاش ڕسکانی بەرنامەی « بەرەی کوردستانی یەکگرتوویی ھاوتای» پێشکەش بە ھەموو لایەنەکان کرد بوو. مەخابن ئەم باسە جێی بایەخ و باوەڕی ھیچ لایەنێک نەبوو. بۆیەکا ھیچ جۆرە بەرەو و فۆڕمێکی پێکەوە کارکردن لە ئارادا نەبوو. بەڵام پاسۆک وەک ھێزێکی پابەندی جددی بە پرنسیپ و ستراتیژ و بیروباوەڕەکەی و چەمکی کوردایەتییەوە، توانی باز بدات بەسەر ئەم ھەموو ئاستەنگ و دابڕدابڕبوون و خۆخۆیی و خۆویستییەدا و بە باوەڕ بەخۆبوون و گەورەییەکی تر و رۆحی کوردانەیەکی بەرز مامەڵە دەکات. لەم هەلومەرجەدا پاسۆک بۆ خەباتکردنەکەی وەک ھەمیشە چ جیاوازییەکی ئایدۆلۆژی و فیکری و حیزبی ناکاتە پێوەر. ھەورەک دەبینن لە پاکێجی داواکارییەکان دا، داوای ئازادکردنی 20 گیراوی ھەر یەک لە: یەکێتی و زۆر بەتایبەت پارتی کۆمەنیستی عێراق! و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان دەکات . تەنانەت کۆمەڵەی مارکسی!، کە باڵێکی سەرەکی یەکێتی بوو، بەجیا داوای ئازادکردنی 10 خێزانی گیراویان دەکات و لە خواری خواری لیستەکەوە، داوای ئازادکردنی 10 خێزانی پاسۆکیش دەکات. ھەڵوێست و مامەڵەی لەم چەشنە و بە ئەقڵێتی پێوەری ئەو سەردەمەی ململانێ ناپیرۆزەکانی پاش شۆڕشی ئەیلوول،زۆر تاقانە و بێھاوتایە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە چ حیزبێکی سیاسی؟!، نەک هەر سیاسەتی کردبێ و بکات، بەڵکو لە قۆناغی خەباتی چەکداریشدا بێت، دێت و کاری وا دەکات!. تەنها مەگەر ئەوانەی بە قەناعەت و باوەڕ و ئیمانەوە، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی حیزبی و کەسی دەخەن. ئەو حیزبە پاسۆکی ناوە. لەم هەڵوێستە مێژوویەدا بە باوەڕی بەندە، داواکاری ئازادکردنی کەسوکاری پارتی کۆمۆنیستی عێراق، سەرتۆپی ئەو شانازییانەن کە پاسۆک بە کردەوە و لەسەخترین ساتە وەختەکانی خەبات و تێکۆشان دا و لەگەرمەی ڕۆژگاری ململانێ گەرم و خوێناوییە ئایدۆلۆژییەکاندابە ناوازەیی تۆماری کردووە.

با.. خوێنەر بچێ و ئەرشیڤی بڵاوکراوەکانی ئەو ڕۆژگارەی لایەن و قەڵەم بەدەستە چەپ و مارکسییەکان بخوێنێتەوە. تا بزانێ چۆن سیخناخن بە ھێرشی ناشایستە و داتاشینی چیرۆکی قێزەون و ھێرشی نامەردانە، بۆ سەر بیری نەتەوەیی و باوەڕ و ئیمانی کوردایەتی کردن بە پاسۆکیشەوە !. جا ئەوسا لە بایەخی بێھاوتای ئەم بیرکردنەوە و ھەڵوێستەی پاسۆک تێدەگات. چەپ گێڕ و فەریکەمارکسی و کۆمەنیستی کۆپیکراوی کوردی و دەروێشەکانی ماو  لاساییکەرەوەی  گەلانی سەردەست، لەچاوی بەرژەوەندی باڵای ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشقەوە سەرگەرمی ناشیرینکردنی وێنەی بیری نەتەوەیی و ڕێبازەکەی بوون . ھەندێکیان پەنایان بۆ توندوتیژی و تیرۆریش دەبرد و لەھەوڵی گەمارۆدان و لەناوبردنی پاسۆکدا بوون.  کەچی پاسۆک دێ و چاوپۆشی لەم ھەموو ڕاستییە بەد و تاڵانە دەکات و داوای ئازادکردنی کەسوکاری ئەو لایەن و گرووپانە دەکات. ئەمە مەگەر ھەر لە پاسۆک بوەشێتەوە وەک زۆر جارانی تریش لێی وەشاوەتەوە. ئاخر پاشخانی ھاندەر و بزوێنەر و تۆمارکەری ئەم ھەڵوێستە بێوێنەیە ، ئەو ھێز و وزە و ئیلھام و پیرۆزییەی ” چەمکی کوردبوون” ە، کە لە پانتایی و قوڵایی باوەڕ و ڕێبازی نەتەوەیی کوردایەتی کردندا بەرجەستە بووە.

ئەم ھەڵوێستە و زۆری تریش تا ئێستا کوتەکێکن بۆ لمۆزی ئەوانەی بێ پسان خەریکی دژایەتی بیری نەتەوەیی و ھەڵڕشتنی ژەھراون . بنۆڕن! لە ئێستا ھێز و کەسانی تر گەندە و خراپەکارن، کەچی ئەم دارودەستەیە، هەورەک ڕسپێردرابن! یەکبینە ھێرش دەکەنە سەر بیری کوردایەتی!.. ئاخر زۆرن ئەوانەی ژەنگی چڵکنی ئایدۆلۆژی ھێشتا بەری نەداون و پاسۆک بە داخراو و دژە کۆمەنیست و ڕەگەزپەرست و عەرەبکوژ و تەنانەت زیادڕەویش دەکەن بە شۆڤێنی ناوزەد دەکەن.
ئەوە ئێمە بەم نموونەیە و گەلێ ھەڵوێستی تریش ـ بەرە بەرە لە داهاتوودا دێینە سەریان ـ لەسەر زەمینەی واقیع ئەوەمان تۆمار کردوە. ئەی ئێوە کوا تیۆری و پراکتیکتان بۆ دۆزی کورد؟!….کوا شەڕی ئێوە لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا؟!. کوان ئەو کادێرانەی ئێوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان پەروەردەتان کردوون؟! کوان هەڵوێستی بەرزی ئێوە بۆ کورد،وەک چەپی میللەتانی تر بۆ نەتەوەکەی خۆیان تۆماریان کردووە؟ ئێوە هێندەی خەباتتان دژ بە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم کردووە، دەتانویست لەم ڕێگایەوە ئاڕاستەی ستراتیژی کورد لە ململانێ و شەڕی داگیرکەرانی بکەنە پاشکۆی بزاڤی ناسیونالیستی عەرەب و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بووە، تاکە خەون و ئاوات و ستراتیژتان و…ھتد. سەبارەت بەم هەڵوێست و بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیاپەرستییە،مامۆستا مەسعوود محەمەد،وتەیەکی جوانی هەیە و دەڵێ:” کۆمیۆنیستی کورد ئەگەر با بدنەوە بەرەو ئامانجەکانی قوەمایەتی و چارەنووسی نەتەوایەتی کورد،بادانەوەیەک کە پێداویستی بیروباوەڕێکی تازەیان بێ، لە هەموو تاقمێک زیاتر دەتوانن خزمەتی کورد بکەن.چونکە هەم پێوەندی دۆستایەتییان بەملاو بەولادا شریتەی کێشاوە ـ ئەمە ساڵی ١٩٨٤،نوسراوە شورەوی و بلۆکی سۆسیالیستی پایەدار بوون .هەڵۆ ـ هەم پتر لە خەڵق قسەیان لێ دەسەلمێندرێ”.

 

لە ڕووی نەتەوەیەوە:

گەر تەماشای ناوەڕۆکی داواکارییەکان بکەین و خوێندنەوەیەکی خێرایان بۆ بکەین، یەکەوە ڕاست ئەو ھەقیقەتەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ناواخنی داواکان نەتەوەیین و ھیچ داوای حیزبی و کەسی نین. لەمەش زیاتر سوود و قازانج و دەستکەوتەکە بۆ بەرەیەکی فراوان و فرە ئایدۆلۆژی و جیھانبینی جیاوازە. بۆ کۆمەڵێ حیزبە لەم پەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی. داواکان داوای پارە و پلە و پایە و خۆبردنە پێشەوە لەداگیرکەر و موزایەدەی حیزبی نییە.
لە ڕیزی داوای ئازادکردنی کەسوکاری پێشمەرگەدا، ناوی پاسۆک دوای ھەموو لایەنەکان ھاتووە. واتە ئێمە درەنگ خۆمان وەبیر ھاتۆتەوە. ئەمەش خەسڵەتێکی گەوھەری شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەیە. لەمەش گرنگتر پاسۆک ئامادەیی دەربڕیوە، دەستەبەردای گیراوەکانی خۆی بێت بەمەرجێ ھی لایەنەکانی تر بە مسۆگەری ئازاد بکرێن. ئەمەش ڕەگەزێکی تری بیری کوردایەتییە، کە هەڵگرانی ئەم بیر و ڕێبازە بێنیاز و زۆر لە خۆبووردوون لە خەباتکردن دا.

ئەوەی لێرەدا شایانی ئاماژە پێدانە، پێویستە تیشکێکی بخەینە سەر ئەوەیە، ئەو سەردەمە لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕی کوردکوژی و براکوژی و هیواکوژی لە نێوان بەشێکی بەرچاوی حیزبەکانی سەر گۆڕەپانەکەدا گەرم بوو. پاسۆک ئا لەم چرکە ساتەدا مۆڕی ڕەسەنایەتی و پیرۆزی بیر و هەڵوێستی نا بە تەوێڵی مێژووی خەباتییەوە. ئەمەش سەروەرییەکی نەتەوەیی و مێژوویی و ڕوو سووریی و هەڵوێستی بان ماناکانی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕییە.

گەلۆ .. دەزانن باوک و دایکی پیر و پەککەوتەی سەروو 70 ساڵەی خودی فەرماندەی ـ م. شوان ـ ئەم قارەمانێتییە، یەکێک بوون لە گیراوەکان لە شاری بەسرە. ئیدی دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی و بێنیازی لە خەبات و گیانبازی بۆ کوردایەتی، لەمە گەورەتر ھەیە؟ داخۆ ھیچ بەڵگە و ئارگومێنتێکی ترتان گەرەکە؟. هەقە ئەوە بڵێین لەسەردەمی بوونی بەرەی کوردستانیش دا، کە ھەموو ھاوپەیمان بوون و ئیمزای پرۆتۆکۆلی لە نێوان حیزبەکاندا ئەنجام درا بوو، لایەنەکان ھەر بە ئەقڵی زلھێزی و خۆخۆری و تاکڕەوانە مامەڵەیان دەکرد. بەداخەوە لە زۆر بواردا ئێستاش بە بوونی حکومەتەوە و ھەر حیزبەی بەدوای دەستکەوتی خۆیەوەیەتی.

 لەم ڕووەوە نموونەی ناشیرین زۆرە ئێمە باسی بکەین. ھەر لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ دەستەی باڵای بەرەی کوردستانی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات و بۆ کۆڕەوەکەی١٩٩١١ و پێشتر بۆ کەمپەکانی پەنابەرانی کورد لە تورکیا. ھەمووی لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، بە ئاشکرا دیزە بەدەرخۆنە کرا. خۆم لەم ڕووەوە ئاگاداری ٤-٥ نموونەی زیندووم،ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە.

ئەو ڕاستییەی لێرەدا خۆی دەسەلمێنێتەوە و وەک پرسیارێ قووت دەبێتەوە، ئەگەر بھاتایە و ھەر لە سەرەتاوە و پێکەوە بە رۆح و گیان و باوەڕ و پرنسیپ و ستراتیژی نەتەوەییانە/ پاسۆکانە کار بکرایە، داخۆ کورد لە قۆناغێکی تەواو جیاواز و گەلێ پێشکەوتووتر لە ئێستا نەدەبوو؟!. بێگومان و ھیچ دوودڵییەک حاڵمان حاڵی ئێستا نەدەبوو.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٦/٤/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی