"an independent online kurdish website"

فێر بوون چیە؟ ئەو پرسیارە لەوانەیە یەکێک لە ساکارترین پرسیارگەلی جیهان بێ کە وڵامێکی دژواری هەیە، لەوانەشە باشتر بێ بێژین، هیچ وڵامێکی پڕبەپێست و بەپێزی بۆ نیە.

 هەر زانا و قوتابخانەیەکی هزری، پێناسەیەکی بۆ کردووە کە هەتا نهاژی ئەو پێناسەیە، نەیتوانیوە ڕەزامەندیی هەموو لایەک پێک بهێنێ. تەنانەت ئەگەر چاو لە فەرهەنگە دەروونناسیەکانیش بکەیت، دەبینی کە لانیکەم شەش وڵامی بۆ هەیە.

لە ڕوانگەی ئیفلاتوونەوە (پلاتۆ)، “فێر بوون بریتیە لە وەبیرهێنانەوە”، چونکوو لە ڕوانگەی ئیفلاتوونەوە، مرۆڤ بەر لە لەدایک بوون هەموو ئەو زانستەی هەبووە کە هەیە بەڵام بە هۆی گوشارێک کە کاتی لە دایک بوون بۆ مێشکی دێت و ئەو زەربەیە کە لەدایک بوون سازی دەکات لە بیری چووەتەوە و بۆیەش ئەرکی مامۆستا و فێرکار، وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم ڕوانگەیە لەتەک هەندێک لە ئایینەکانیش دەیخوێنێتەوە. وەک لە قورئانی مسوڵمانەکاندا دەڵێ: “هەموو ناوەکانمان فێری ئادەم کرد”.

لە ڕوانگەی کورت لێڤین، دەروونناسی کۆمەڵایەتی (1949- 1880)، فێر بوون بریتیە لە “فێر بین تا شتێک یان کارێک باشتر لەوەی کە پێشووتر دەمانزانی بکەین.”

لە ڕوانگەی نۆرمان کرۆڤدێر، دەروونناسی ئەمریکیەوە، “فێر بوون بریتیە لە پێکهاتنی گۆڕانکاری لە کرداردا”.

بورهوس سکینێری دەروونناس ـیش لای وابوو کە، “کاتێک دەتوانین بێژین کە کردارێک فێر بووە کە بەرهەم بێتەوە و بەهێز بکرێت”، واتا ئەگەر تاکێک، کردارێک فێر بوو بەڵام نەیتوانی لە دۆخی تردا دووپاتی بکاتەوە و دواتر بەهێزی نەکات، ئەوا ناتوانین بێژین ئەو کردارە فێر بووە یان فێربوونێک لە ئارا دایە.

ڕه‌وشتیه‌کان فێربوون به‌ : پێک هاتنی گۆڕانکاری له‌ کرده‌وه‌ به‌رچاو و شیاوی هه‌ڵسه‌نگادنه‌کاندا پێناسه‌ ده‌که‌ن.به‌ڵام لایه‌نگرانی ڕوانگه‌ و مه‌کته‌بی گشتالت لایان وایه:‌ فێربوون بریتیه‌ له‌: وه‌رگرتنی ڕوانگه‌ی نوێ یان پێکهێنانی گۆڕوانکاری له‌ تێڕوانینه‌ کۆنه‌کاندا. وه‌ک ده‌بینین، چۆنی پێناسه‌ له‌ فێربوون پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی ‌‌ به‌ ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان و ده‌روونزانی په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌یه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر ڕوانگه‌یه‌که‌وه‌ که‌‌ فێربوون پێناسه بکرێت، بنه‌مای ڕه‌وشتی مرۆڤ پێک دێنێت و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی و به‌رچاویشی بریتیه‌ له‌ گۆڕان. گۆڕانێکی ئه‌وتۆ که‌ به‌ هێوری پێک دێت و تا ڕاده‌یه‌ک جێگیره‌ و له‌ ڕێی ئه‌زموونه‌وه‌ پێکهاتوه‌. له‌ ڕێی فێربوونه‌وه‌، تاک ژینگه‌ی خۆی ده‌ناسێت، زۆر جار هه‌مبه‌ری ده‌وه‌ستێت و بڕیاری گۆڕینی ده‌دات، هه‌ندێ جاریش ژینگه‌ شوێنی له‌سه‌ر داده‌نێت و هه‌ندێجاریش خۆی له‌گه‌ڵ دا ئه‌‌گونجێنێت.

که‌ واته‌ فێربوون پرۆسه‌یه‌که‌‌ که‌ له‌ودا ڕه‌وشتی بوونه‌وه‌ره‌کان، له‌ ژێر کارتێکه‌ری ئه‌زمووندا، ئه‌گۆڕدرێت.

یه‌کێک له‌ چڕوپڕترین پێناسه‌کان که‌ له‌ فێربوون هاتۆته‌ ئاراوه‌، پێناسه‌ی هیلگارد و مارکویزه‌ که‌ به‌م شێوه‌یه‌: فێربوون  بریتیه‌ له‌ پرۆسه‌یی گۆڕانکاری تا ڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام  له‌ ڕه‌وشتی شاراوه‌ی تاک دا، له‌ڕێگای ئه‌زموونه‌وه‌. ئه‌م پناسه‌یه‌ هه‌ڵگری چه‌ند چه‌مک و واتای نوێیه‌ له‌ فێربوون وه‌ک: ڕه‌وت یان پرۆسه‌ی گۆڕانکاری، تاڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام ، ڕه‌وشتی شاراوه‌، ئه‌زموون.

پرسیارێکی تر ئەوەیە کە “ئایا فێر بوون تەنیا مافی منداڵانە؟”، وڵام ڕوونە: “نەخێر فێر بوون مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە”، فێر بوونیش نابێ سنووردار بکرێ بە تەمەن، شوێن یان تەنانەت بابەت و …هتد. کەواتە فێربوون و فێرکاری مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە و بەتایبەتی کۆمەڵگای کوردی کە لە ژێردەستی داگیرکەردا، مافی فێربوونی بەتەواوی یان بە جۆرەی پێویست و وەک ئەوەی کە خودی سرووشتی فێر بوون و ئامانجی فێرکاریە نەبووە، پێویستە لە یەکەم هەنگاوی دوای پێکهێنانی حکومەت و سازبوونی سەروەریی نیشتمانی، بیر لە پەروەردە و سیستەمی پەروەردە بکرێتەوە. خودی ئەو باسە گەلێک ڕەهەندی جیای هەن کە دەبێ باسیان لێوە بکرێ، لێ لەم بابەتەدا باس لە پەروەردەی گەورەساڵان دەکەین و باس لە ڕەهەند و بەش و لایەنە جیاکانی سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕادەگرین ئەڕا باسێکی ترەک.

لە زانستی پەروەردە و پلاندارێژی و فەلسەفەی پەروەردەدا، لە تەنیشت پەروەردەی گشتی Pedagogy، جۆرێکی تر لە پەروەردە هەیە کە بە پەروەردەی گەورەساڵان Andragogy ناسراوە کە باسی ئەو بابەتەیە و هەڵبەت خوێنەر نابێ چاوەڕوان بێ کە کۆی بابەتەکەی لێرەدا بۆ شی کرابێتەوە، چون بابەتێکی زەوەند و قووڵە و هەڵگری ئەوەی کە دەیان پەرتووکی لەسەر بنووسرێ و مێژوویەکی کورت بەڵام پڕشنگدار دیری.

ئەگەر لە کۆی پێناسەکانی فێربوون، ئەو بەشە جیا بکەینەوە کە پێکهێنان یان پێکهاتنی گۆڕانکاریە”، ئەوا پێویستیی پەروەردەی گەورەساڵانمان لە تەنیشت پەروەردەی گشتی بۆ دەردەکەوێ. بۆ باشتر تێگەیشتن لە جۆری فێر بوون و چەندێتیی پێویستیی فێرکاریی گەورەساڵان، لێرەدا جۆرەکانی فێرکاری باس دەکەین کە خۆیان لە چوار بەش و جۆردا دەبیننەوە:

  • فێربوونی زەینی Cognitive Learning : ئەو شێوەیە لە فێربوون بە فێربوونی واتادار یان فێربوونی هۆشمەندانەش بەناوبانگە و تێیدا مرۆڤی فێربوونی ئاڵۆز، کۆگاکردنی زانیاری لە ناو مێشکیدا بۆ هەمیشە دەبێ تا بۆ چارەسەریی کێشەکانی لە ژیانیدا بەکاریان بێنێ و واتا لە مێشکی تاکدا شکڵ دەگرێ. ئەو شێوەیە لە فێر بوون بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزێکیانی بەستێنی ڕاستەقینەی ژیان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. شێواز یان شێوازەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کە بەشێکە لە فێربوونی زەینی یان مێشکی، بەشێکە لەو فێربوونە و فێربوون بۆ چۆن ژیان.
  • فێربوونی هەستی-جووڵەیی (Psychomotor Learning: ئەو جۆرە لە فێربوون ئاماژەیە بە وەدەستهێنانی لێزانیی جەستەیی و چالایگەلی دەروونی. واتا لەم شێوە لە فێربووندا فێر دەبین کە چلۆن ماسوولکەکانی لەش و دەمارەکانی مرۆڤ هەیە. بۆ نموونە هەندێک جووڵەی کاری وەک کاری ئەو کەسانەی کە کەرستە و بەرهەمێک بۆ فرۆشتن دەخەنە ڕوو یان ڕێکلامی بۆ دەکەن، ئەم چەشنە جووڵانە و هاواهەنگیەیان پێویستە.
  • فێرکاریی کۆمەڵایەتی: ئەم شێوە لە ڕەوتی فێرکردن بەتایبەتی بەو ئامانجەوە دەکرێ کە ستراتژیگەلی کرداری لەمەڕ پێویستیەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێت و هەروەها شێوازی پێکەوە جووڵانەوە لە پەیوەندیە تاکەکەسیەکان گۆڕانکاری بەسەر دابێ.
  • فێربوونی هەستی و ڕوانگە: ئەو شێوەیە لە فێربوون کە پێی دەگوترێ فێربوونی کارامە، فێرخواز فێر دەبێ تا ڕوانگە و هەست و ئاوەزەکانی بگۆڕێ، ئامانجی ئەم چەشنە لە فێربوونیش هەر ئەمەیە و پەیوەندیەکی قووڵی لەگەڵ هاندەرەکانی کردنی کارەوە هەیە. واتا تاک جیا لەوەی کە ماسوولکەکانی جەستەی دەخاتە کار و کەڵکیان لێوەردەگرێ، دەبێ تێڕوانین و ڕوانگەشی بگۆردرێ. ئەوەی کە تاک بەرەو ئاقارێکی دیاریکراو دەبات، ڕوانگەیەتی و شکڵ دانی ڕوانگە، سەرەکیترین ئەرکی سیستەمی پەروەردەیە.

هەڵبەت هەر کام لەو شێوە جیایانەی فێربوون، قۆناخی جیایان هەیە کە باسی ئەم بابەتە نیە و گەرەکە بە جیا و لە بابەتی تردا ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. لێ خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەبێ لە بیرمان بێ کە مەبەست لە پەروەردە و سیستەمی پەروەردە بە گشتی و پەروەردەی گەورەساڵان بەتایبەتی، پێکهێنانی گۆڕانکاریە لە توانایی  (ability) و لێزانی (Skill) و جیا لەوەش، پێکهێنانی توانایی لە ڕوانگە و تێڕوانین (Attitude). بێ پێکهێنانی گۆڕانکاری لە تێڕوانی تاکی کورد بە کار، کار کردن، کۆمەڵگا، نەتەوە، قازانجی گشتی و قازانجی تاکەکەسی و ….هتد، هیچ ئامانجێک ناپێکرێ. هۆکاری سەرەکیی پێشکەوتنی گەلێک کۆمەڵگای مینا چین، دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی تاکەکان. ڕوانگە و تێڕوانینێک کە لە سەر بەرژەوەندیی گشتی و کاری هەرەوەزی بینا کرابێ، لێکەوتەکانی فرە جیاوازن وەگەری ڕوانینێک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تاک و کاری تاکەکەسی ڕۆندرابێ.

بەشەکانی پەرەوەردەی گەورەساڵان لە دەوڵەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات:

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی پێشکەوتوو، نها بەشی فێرکاریی خوێندن و خوێندنەوە کۆتایی پێهاتووە. زۆربەی هەرە زۆری ئەم وڵاتەیلە، نها تاکەکانیان لانیکەم بەشی خوێندن و خوێندنەوە و ڕاپەڕاندنی کارە تاکەکەسیەکانیان، هەلی فێربوونیان بۆ ڕەخساوە و لە زۆربەشیان ئاستی ئەو پەروەردەیە بەرزترە و بۆ نموونە، فێربوونی کامپیۆتێر و ناسیاری لەسەر جیهانی دیجیتاڵ، بە پەروەردەی گشتی پێناسە کراوە، لێ لە ناو کورددا بەو هۆکارە کە کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نەبووە و زمانی خوێندن، زمانی نەتەوەیی خۆی نەبووە و زمانی داگیرکەر بووە و نەیتوانیوە هیچ کەڵکێکی بۆ تاکی کورد لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەبووبێ و هاوکاتیش سیستەمی پەروەردە لە ئێران، ئەگەر بە مێژوویەکەیدا بچینەوە، سیستەمێکی نوێیە، بەشێکی هەرە زۆر لە تاکی بەساڵاداچووی کورد و مامناوەند کە بەشی سەرەکیی بازاڕ لە کوردستان پێکدەهێنێت، ئاستی خوێندنی یان سیفرە یان نزمە. بۆیە لە دەوڵەتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، دەبێ بەر لە هەر قۆناخێک بیر لە پەروەردەی گشتی بۆ بەساڵاداچووان بکردرێتەوە کە خۆی دوو بەشە:

یەک: بەشی خوێندەوار و فەرمانبەر و بەتایبەتی مامۆستایانی قوتابخانە کە دەبێ بەر لە هەر کارێک، خولی فێرکاریی زمانی کوردیان لۆ بڕەخسێندرێت.

دوو: بەشی خەڵکی ئاسایی کە دەبێ لەپەنا ژیانی ئاسایی و لە وانە و پۆلی ئێواران و شەوان ـدا، دەرفەتی فێرکاریی نووسین و خوێندنی کوردیان بۆ بڕەخسێندرێت.

جیا لە بەشی پەروەردەی گشتی، پەروەردەی گەورەساڵان بەشێکی تری هەیە بە ناوی “پەروەردەی پیشەیی”، کە تێیدا تاک لەمەڕ پیشەکەی خۆی، بەردەوام و لە ڕێگای جیاجیا، زانیاریەکانی نوێ دەکرێتەوە. کەسێکی دروومانچی، نابێ هەتا دونیا بە دونیایە بە یەک شێواز بدوورێ، کەسێکی جووتیار بە هەمان شێوە دەبێ لەگەڵ تەکنیکی نوێی چاندن و دوورینەوە ئاشنا بێ و شێوە نوێیەکانی ئاوداشتن، ژارپاشین و …تاد، فێر ببێ و زانیاریەکانی بە ڕۆژ بکرێتەوە.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەر تاکێک کە بە نیاز بێ کارێک بکات، سەرەتا خولێکی شەش مانگ تا یەک ساڵی بۆ دەبینێ، دواتر لە ڕێگای گۆڤاری تایبەت کە خۆی ئابوونە کردووە، زانیاریی نوێی پێدەگا کە ئەو قۆناخە لە دوای دەرباز کردنی قۆناخی گشتیەوە دێت.

ئەو بەشە لە پەروەردە کە بە پەروەردەی پیشەیی ناسراوە، هیچ چەشنە دژایەتیەکی لەتەک پەروەردەی گشتی نیە و بگرە تەواوکەرێتی. کەسانێک کە لە دوای خوێندنی گشتی (کە دەبێ زۆرەملی بێ و بەخۆڕاییش بێ)، دەچنە ناو بازاڕ، دەبێ بەردەوام زانیاریەکانیان بەڕۆژ بکرێتەوە تا هەم پەروەردەی گشتیان وەک کورد دەڵێ. “ژەنگ نەهێنێ” و هەمیش بتوانن لە بازاڕەکانی کوردستاندا وەها چالاک بن کە شان بە شانی جیهانی هاوچەرخ و وڵاتانی پێشکەوتوو بچنە پێش. دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات دەبێ ئەوەی لە بیر بێ کە ئەگەر نەوت و ئاو، دوو سامانی سەرەکیی جیهانن، وزەی مرۆیی، ئەمڕۆ لە سەرەکیترین سامانەکانی وڵاتانی جیهانە و وڵاتگەلێکی وەک چین بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە، گەلێک هەڕەشەیان رەتاندووەتەوە. دەوڵەتی کوردستان ئەگەر لە داهاتوودا، نەتوانێ بە گوێرەی پێویست کەڵک لە نەوت وەربگرێ یان نەوت بایەخی ئەمڕۆی نەمێنێ و نەتوانێ داهات بخوڵقێنێ یان وەک هەندێک لە دژبەرانی کورد بۆ دڵسارد کردنەوەی کورد ئویشن، “کورد رێگای بەرەو زەریا نیە”، سامانێکی مرۆڤیی گەنج و بەتوانای هەیە کە ئەمڕۆ لە باشوور لە سایەی مووچەی بەلاش و سەردەمانێک بە هۆی، “نەوت لە هەمبەر خۆراک” ـدا خەسێندراوە و تەوەزەل بووە و لە هەمان کاتیشدا چاوەنواڕیەکانی هەڵکشاوە و ئەمڕۆ بووە بە بەڵایەک بە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستانەوە لە ئێرانیش لە خزمەت دەوڵەتی داگیرکەر دایە و لەلایەکی تریشەوە بە هۆی نەبوونی دەرفەت و توانایی گونجاو یان بووە بە کۆڵبەر یان وازی لە خوێندن هێناوە و یان بێکاری تووشی دەیان دەردی تری کردووە و خۆکوژیش یەکێک لە دەرەنجامەکانیەتی بەڵام ئەو وزە مرۆڤیە بەتوانا و داهێنەرە کە دەتوانێ دەیان کۆچەر بیرکار و داهێنەری تری تێدا بێ، بێ گومان، دەتوانێ دەوڵەتی کوردی بەرەو پێشکەوتنێکی خێرا ببات کە چاوەڕواننەکراوە لێ هەمووی بەندە بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و پێشخستنی.

شێوەکانی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە و جێ بە جێ کردنی پەروەردەی پیشەیی زۆرن و هەوڵ دەدەم لە بابەتێکی تردا، بە چڕی ئاوڕیان لێبدەمەوە تا ببن بە بەرچاوڕوونیەک بۆ سیستەمی دەوڵەتی داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کە ئەو ڕۆژە هات و نووسەریش نەما، نووسراوەکانی بتوانن بەرچاوڕوونیەک بن بۆ بەرپرسان.

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی، ماستەر لە بواری بەرێوەبەری و پلاندانان

نویترین هەواڵ و بابەت