"an independent online kurdish website

مانگی ڕەمەزانە و کاتی خێرو چاکەو دەسگیرۆیی پـیداویستانە ، بـۆیە مـنیش دەمەوێ لـەو مانگە پیرۆزەدا ئـەوەندەی دەیـزانم و بـیرو هزرم بـڕ دەکا،

خدەیەک بناسێنم کە مەترسیدارترین خدەی ئینسانە، لـەسەر هێندێک لـەو تـایبەتمەندیانە بـنوسم کە وەک خـۆرە مـرۆڤ دەپـۆکـێـنـێ و شـەڕافـەت و کەڕامەتی لـیدەستێنێ . لـیرەدا ڕوی قسەم لـە مـرۆڤە بـەگشتی و بەتایبەتیش لە موسوڵمانانە.

دەگەڵ ئەوەی دەرون ناسان لەسەر پێناسەیەک بـۆ خەیانەت ڕێک نین، بەڵام مانـای کورت و پـوختی، شکانـدنی عەهـدو پـەیمانە بـە هەرشـێوەیەک بێ. کردەوەیەکی قێزەون و بێ ئەخلاقیە بەلای هەموو کلتور و ئـایینەکانیشەوە. مرۆی خائین کەسێکە شیاوی بـڕوا پـێکردن و ئـیتمینان نـیە. کەسێکە هـەست بەئازاری غەیری خۆی ناکا. بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەڕواو دەیەوێ لە پێشەوەی هەموان بێی، ئەوانیتر لەسەر ڕێگای خۆی لابـا، ئـەگەر لـە نیزیکانی خۆشی بن. فەتایەکە لەو کڕۆنـایـەی ئـێستا دنـیای گـیرۆدە کردوە گەلـێک خراپترە. چونکە ئەوە سەرئەنجام دوایی د ێو وەک زۆربـەی نـەخۆشیەکانیتر دەرمانێکی بـۆ دەدۆزنـەوە ، بـەڵام خەیانەت دەردێکی بێی دەرمانە. خائن مرۆیەکی پەستی چاو چنۆکی دوورلە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆڤانەیە. جیا لە بەرژەوەندی خۆی هیچ بەهایەک ڕەچاو ناکا.

بـا بـزانین مرۆڤ بـۆچی ئەو نەخۆشیەی دەگرێ : یەکێک لەو هۆیانەی کە مـرۆڤ تـۆشی فـەتـای خەیانەت دەکـا ، بـێبەش بـونیەتی لـە دیـن و ئـەخلاق و بـێی ئیرادەیی و بڕوا بە خۆ نەبونە . پابەند نەبونە بەو ئایین وئیدەیەی کە بەخەیاڵ بـڕوای پێیانە . بێبەشیە لـە هەر دیـاردەیەکی ئـەخلاقی و مـرۆڤانە. من نامەوێێ وشەی قەڵەوو رەقی بۆ دەکار بێنم، بەڵکو زۆر سادە بـاسی دەکەم کوردانە. لێرەدا کەباسی دیـن دەکەم تـەنـیا ئـیسلام نـیە بـەڵکو هەمـو ئـایینە عـاسمانـیەکان و دنـیـای بەهرەمەند لە ئەخلاقی ئینسانی بە خراپی دەزانن و ڕەدی دەکەنەوە. هەروەها پێشموانیە خاوەن دین و ئیدەکان توشی ئەو هەڵدێرە نابن. چونکە ئە نجام نەدانی بەرپرسایەتی لە بەرانبە خواو ویژدانی خۆت دووجار تـاوانـە. هـۆکارێکی سەرەکیە بۆهاندانی تاکەکان بۆ خەیانەت کردن لە هەموو پەیمان و بەڵێنیەکان. بڵاو بونەوەی ئەو خدە پەستە و هەست نەکردن بەتاوانباری گرینگترین هۆی توشبون بەو تاوانەیە . ئەوەی مرۆڤ دەخاتە ژێـر پـرسیار بـۆ مـوسوڵمانان لە سەرەوەی هەموان خوایەو بۆ کەسانیتریش قانون و ویـژدانـە . بێگومان ئەوانەی بڕوایان بە لێپرسینەوە نیە سەرەڕۆیی دەکەن چی بـۆیان بـلوێی ئـەنجامی دەدەن، بـەبێی ئـەوەی مافێک بـۆ هـیچ کەسێک ڕەچاو بکەن، جانەوەرێکی دڕندەن و کەس ناپارێزن.

 هێندێک شیوازی جۆراو جۆری خەیانەت:

(١) خەیانەت بە نیشتمان کە بەلای زۆرینەی نیزیک بەتەواوی زانایانی خاوەن ویژدانو گەلەکەشمان، قورسترین و ناماقوڵترین جۆری خەیانەتە. لەودا زۆر کەس بەناڕەوا لیدەدرین و تـەرت وتـونـا دەکرێن. زۆر بنەماڵە هەڵدەوشێن وژن بێی هاوژین و منداڵ هەتـیوو بێنازدەبن ، زیانەکەی سنوردارو بـۆ چینێکی تـایبەتیش نیە، بـەڵکو سەرجـەم گەلو دانیشتوانی وڵات دەگرێتەوە . یان باشتر بڵێم : گەلو نیشتمانی بۆ قازانجی خۆی فرۆشتوە و لە هەموو ئـەو جینایەتانەی دەرهـەق بـە گەلو وڵات دەکرێی بـەرپـرسـیارە .

 (٢) خەیـانـەت بـەخـوداو ڕەسـول: هـەمــوو ئـیمانـدارەکان ئـەمـینداری ئـەوانـن کە دەبێ فەرمانەکان بەڕێوەبەرن وبیان گەێێنن، ئەگەرنـا خەیانـەتکارن.

(٣) خەیانەت بەخۆت: خوا ئەو هەموو ئەندامەی لەش و مێشک و بیرو توانای داوە بەتۆ بۆ بەرژەوەندی خۆت و کۆمەڵگای دەکار بێنی ئەگەر بە پێچەوانەکەیت کرد خەیانەتت بە خۆت کردوە.

 (٤) خەیانەت بەخەڵک:  ئەوەیان چەند جۆری هەیە

(یـەک) خەیانەت لە مـاڵ دا واتە کەسێک شتێکی لەلا داناوی بە ئەمانەت و حاشای لـێبکەی.

 (دوو) نەهێنی کەسێک ئاشکرا بکەی.

 (سێ) ئامۆژگاری و ڕێنوێنی نادروست بدەی وەک: خـڕاپی بـە چاک نـیـشان بــدەی و خەڵک بـۆ تـاوان و کردەوەی نـەشیـاو ڕێـنـوێـنی بـکەی.

 (چوار) لە نێوان ژن ومێردان دوزمانی و فزولی بکەی.

(پێنج )خەیانەتی ژن و مێرد بە یەکتری، کە بەداخەوە ئێستا کەمیش نیە و بـەزۆری ژن و مـنداڵ یان باوک و مناڵ بـونە قوربانی ئەو خەیانەتە. (شەشەم) خەیانەت لە ئەرک و بەرپرسایەتیدا. واتە ئەرکێکت لەسەر شانە تۆ نەیکەی یان بەدەغەڵی بیکەی و بەپێجەوانە ئەنجامی بدەی. پێت ئەسپیردراوە دەسگیرۆیی خەڵکی بکەی ئەتۆ بچی موشکیلەیان بـۆ دروست بکەی. پێمان ئـەسپێردراوە نـیشتمان ڕزگار بکەیـن ئێمە بیفرۆشین.!

(حەوتەم) خەیانەت لە رەفاقەت دا جا چ ژن بن چ پیاو. واتە نەهێنیەکی لەلا درکاندوی تۆ بچی لێی لـەقـاو بـدەی.

(٥) خەیـانـەتی ڕووحی: ئـەو جۆرەیـان بـەداخەوە بـەزۆری لـە نـاوکۆمەڵگادا بڵاو بـۆتەوە و گەیشتۆتە حاندێک کە ژن و مـێرد، باوک و کوڕ و دایک و کچی لێک کردوە. ئەگەر کورت بڵـێم: دروستکردنی دەنگۆی قـێزەون و نـەکراو و نـەکوتـراو بـۆ یـەکتر بـڵاو دەکەنەوە و ئـازاری ڕوحی بـەنـاڕەوا بــۆ یـەکتر دروست دەکـەن، بـوخـتـانی دوور لـە ڕاستی بـۆ یەکتر هەڵدەبەستین.

چۆن دەتوانین خۆ لە خائینان بپارێزین؟

بـۆ خۆپاراستن و تـووش نەبوون و نەکەوتنە داوی ئەو کەسە دەرون گەنیوانـە، دەبێ بڕوا بە هەموو کەس نەکەین. سفرەی دڵمان بۆ هەموو کەس ڕانەخەین. لەپێشدا دەبێ بە ئەزمونەوە کەسەکە بناسین و بزانین کێیە و چەندە سەنگ و ئیعتیباری هەیە. بـە قسەی چەورو شیـرن هـەڵنەخەڵەتێین و دەبێی سەرنجی کردەوەکان بـدەین. بەگشتی دۆزینەوەی کەسی بـڕوا پێکراو کارێکی هاسان نیە و خەیانەتکاریش ئـەوەنـدە خراپـە کە نـاتوانی و نـازانی کـتومت بیناسی و پێناسەی بکەی. خائین دەڵەچەیە، واتە ڕواڵەتی شیرن و ناوەرۆکی ژاراویە. خەیانەت دژی ئەمانەتە. ئەگەر خەیانەتکار نەناسی قسەی دڵتی بـۆ بکەی وەک ئەوە وایە بڕوا بەدوژمن بکەی و نەهێنی خۆتی پێ بڵێی. خەیانەت هەڵـوەشاندنی پـەیـمـانـێکی مـرۆڤانـەیـە بـەدزی. شۆڕشگێرانی کورد بـاجی زۆر قورسی خەیانەتیان داوە. بـا بزانین بە دوژمن ناکوترێ خائن ، بـەڵکو خائن لەخۆتە و خۆی بە دوژمن فرۆشتوە .

ئاسەوارە خراپەکانی خەیانەت  بەکورتی چەند نمونەیەکیش لەو بوارەدا دێنینەوە.

(١) نەمانی سیقە و ئیعتیبار بە یەکتری ئەوەش بەهۆی ناپاکی کردنی کەسانی نیزیک لە خۆت.

(٢) چاندنی تـۆوی بێ موتـمانـەیی و لێک تـرازانـدن. بڵاوکردنەوەی ئەو نەخۆشیە لە کۆمەڵگادا کە پچرانـی شیرازەی کۆمەڵگای لـیـدەکەوێـتەوە.

(٣) ڕوخانـدنی کۆشکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئایینی.

(٤ ) بڵاو کردنەوەی درۆ و فریوکاری و ڕەخسانـدنی کەش و هـەوای زوڵـم و زۆرداری.

(٥) پـشت لـە خـواو لـە خۆیی کـردن، واتە نـە شەرمی لەخوایـە و نە لـە خەڵک. خەیانـەت نـەبوونی مەحـیـبەت و خـۆشەویستیە.

 (٦) لە جل و بەرگی برایەتیدا دوژمـنایەتی کردن.

(٧) داڕشتنی بـناغـەی ڕق و نـیفاق و درۆ و و دوو ڕوویی. کە بەلای خــواوە تـونــدتریـن سەزای بـەدواوەیـە، لـەلای گەلــیش شـەرمـەزاریـە. خەیانەت پـەستترین و مەتــرسیـدارتـریـن ئـاکـار و خـوو و خـدەیـە کـە هــیـچ خەسڵەتێکی بـاشی بـۆ خائـن نـەهـێشتـۆتـەوە، هـەم خـۆی و هـەم گـەل و نیشتمانەکەی هەرزان فـرۆش کردوە. سەرئەنجام یان بەسەرشۆڕی دەمرێ یان بەڕووڕەشی دەگەڕێتەوە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ی کوردی

٢/ ٥/ ٢٠٢٠ ی زایینی ٩ی ڕەمەزانی ١٤٤١ کۆچی

خەیانەت (بەشی دووهەم) ، مەلا برایمی مەجید پور

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی