"an independent online kurdish website"

  منداڵان لە هەموو جیهاندا، گەورەترین و گرنگترین چینی پێکهاتەی کۆمەڵگاکانن.

وێنە: ئیتەرنێت

سروشتی و ئاساییە کە خاوەنی رۆشنبیری سەربەخۆ و تایبەتی خۆیان بن، چونکە جیهانی منداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازە.. مەبەستیش لە رۆشنبیری منداڵان، تەنها بە دەستهێنانی زانیاری و سەرکەوتن لە خوێندن و قوتابخانەدا نییە، یا لە رادەی بەکگراوندی زانیاری لە بوارێک لە بوارەکاندا نییە. منداڵانیش وەکو گەورەکان، یاسا و شێوازی گوزارشتکردن و دەربڕینی خۆیانن. خاوەنی زمانی ساکار و فەرهەنگی وشە و ئەدەب و هونەری خۆیانن. شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین و بڕیاری خۆیان هەیە، بۆ بەدەستهێنانی خواست و پێداویستییەکانیان.. هەموو ئەم میتۆدانە، شێوەیەکی تەواو پێکدەهێنن کە بە رۆشنبیری منداڵان ناودەبرێت.. رۆشنبیری منداڵان هەر ئەوە نییە کە هۆیەکە بۆ رۆشنبیریکردنی منداڵان.. بەڵکو ئەم سنوورە تێدەپەڕێنێت و مەودایەکی فراوانتر و گشتیتر دەگرێتەوە.

باسکردن لە رۆشنبیری منداڵان و لە گرنگی و لە ئامانجەکانی، باسکردن نییە لە رووی هزرییەوە، بەڵکو باسکردنە لە پێویستییەک لە پێویستییە گرنگییەکانی ژیان.. چونکە مرۆڤ بەبێ رۆشنبیری، دارێکی زڕی بێ بەر و بێ بەخشینە.

لەم سەردەمەدا، لە سایەی گۆڕانکاری و تازەگەری و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و داهێناندا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی پەرەوەردە و گەشەکردنی منداڵێتی.. لە سایەی جیهانێکی کراوە و هۆیەکانی خێرای گەیاندن و بێ سنووری و کرانەوە و لە یەک نزیکبوونەوە و تێکەڵبوون و فرە رۆشنبیری و بە جیهانی بوونی رۆشنبیری، رۆشنبیری بە گشتی، پێشکەوتنێکی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە، رۆشنبیرییە جیاوازەکانی گەلان، زۆر یا کەم کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە. هەندێ کۆمەڵگاکان، ئەم گۆڕانکاری و ئاشنابوونە بە فرە رۆشنبیری، وەکو هەڕەشەی دەزانن، کە رووبەڕووی ناسنامەی رەسەنی رۆشنبیری منداڵانیان بوونەتەوە.

بێگومان رۆشنبیری گرنگترین فاکتەرە، کە دەکرێت یارمەتییەکی زۆری منداڵان بدات، لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و پێشکەوتن دا، لەم سێ ئاستدا: ئاستی پیشەیی، ئاستی زانیاری، ئاستی کۆمەڵایەتی.

چۆن تا ئەمڕۆ لە جیهاندا، لەسەر دەقێکی پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری گشتی رێنەکەوتوون و چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. هەرەوها تا ئەمڕۆش لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری منداڵانیش رێنەکەوتوون، لە رووی بەرهەمهێنان و شێوە و ناوەڕۆکی سەرچاوەکانی رۆشنبیری منداڵان، چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. بەڵام بەپێی بەرهەمهێنانی رۆشنبیری منداڵان، دەتوانین هەندێ لە جۆرەکان و لە شێوەکانی جیابکەینەوە، وەکو: چیرۆک، هۆنراوە، شانۆ و ئۆپەرێت، سروود و گۆرانی، وێنەکێشان، قسەی خۆش و سوعبەتی جەڤەنگی، سەرەڕای داب و نەریت و بیروباوەڕ و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان. هەموو ئەم بابەت و سەرچاوانە، سەرچاوەی رۆشنبیری منداڵان پێکدەهێنن.. هەر بەرهەمێکی رۆشنبیری، نەکەوێتە ناو پانتایی توانای وەرگرتنی منداڵانەوە، ئەو بەرهەمە بە سەرچاوەیەکی رۆشنبیری منداڵان دانانرێت.. منداڵان توانای ئەقڵی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و زمانی تایبەتی و خەیاڵی خۆیان هەیە.. رۆشنبیری منداڵان، کۆپی رۆشنبیری گەورەکان نییە. ناشبێت وا تێبگەین و وا بڕوانین، کە رۆشنبیری منداڵان، شێوازێکی ئاسان کراوە و بچووک کراوەیە لە رۆشنبیری گشتی کۆمەڵ، بەڵکو رۆشنبیری منداڵان رۆشنبیرییەکی سەربەخۆی تەواوە، لە ناسنامەی تایبەتی و لە شێوازی ژیان و کەرەستە و لە سیما جیاوازەکانی منداڵان پێکهاتووە.

بە کورتی باسی چەند چەمکێک و چەند پێناسەیەکی رۆشنبیری منداڵان دەکەین:

رۆشنبیری منداڵان، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، لقێکی بنەڕەتی و سەرەکی گرنگە، لە لقەکانی رۆشنبیری کۆمەڵ یا لە رۆشنبیری گشتی.. یا بڵێین، جۆگەلەیەکی ئاوخۆڕە، کە لە رۆشنبیری گشتییەوە هەڵگیراوە.

نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان (عەبدولتەواب یوسف) لە پەرتووکێکیدا، بە ناوی (گەشەکردنی رۆشنبیری منداڵ) بەم جۆرە پێناسەی رۆشنبیری منداڵانی دەکات، دەڵێت: رۆشنبیری منداڵان، بریتییە لە تێکەڵەیەک کە منداڵ لە دایک و باوک و خێزانەوە وەری دەگرێت، لەو داب و نەریتانەی پێی دەگات، لەو زانست و زانیاییانەی وەریان دەگرێت، لەو هونەرانەی کاریان تێدەکات و دەیانکات، لەو بیروباوەڕانەی بڕوای پێیان هەیە، لەوانەی کە بەڕەوشت ناویان دەبەن، لە جیاوازی سیمای کەسایەتی، لە هەموو ئەو شتە باوانەش کە لە کۆمەڵگاکەیدا هەن، لە بیروڕا، لە یاساکان، لەو شتانەی کە لە رۆشنبیری گشتیدا بڵاودەبنەوە.

لە دەرەوەی پێناسەکەی عەبدولتەواب یوسف، رۆشنبیری منداڵان بریتییە، لەو شتانەی کە منداڵان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەدا وەریان دەگرن، لە سەرنج و تێڕوانینیان لە ئەنجامەکانی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆیان.. لەو بەرهەمە ئەدەبیانەی کە بۆیان دەخوێننەوە یا خۆیان دەیانخوێننەوە.. لەو چیرۆک و هەقایەت و نەزیلە و سەرگوزشتانەی کە بۆیان دەگێڕنەوە، لەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییانەی کە گوێیان لێیان دەبن، لەو شانۆیانەی کە دەیان بینن یا خۆیان بەشدارییان تێیاندا دەکەن.. لە هەر بابەتێک، کە سوود و چێژی لێوەربگرن.. ئەمانە هەموویان لە هۆش و لە دەروونیاندا گەڵاڵە دەبن.. دەتوانن بە زمانی خۆیان و بەو شێوازەی کە خۆیان دەیانەوێت، بە قسەی زارەکی بێت یا بە نووسین بێت، گوزارشتیان لێبکەن و بە رەفتاری دەریان ببڕن.

دەکرێ لەژێر چەمکێکی گشتیدا، چەمک و پێناسەکانی رۆشنبیری منداڵان کۆبکەینەوە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رۆشنبیری منداڵان، بریتیە لە: وەرگرتنی شێواز و رێبازەکانی ژیان، بیروباوەڕ، پێوەرەکانی رەوشت، ئەدەب و هونەر، زانست و زانیاری، بەهاکان، داب و نەریتەکان، یاسا و رێساکان، کارکردن بۆ گرێدانی ئەم میتۆدە بنەڕەتییانە، بە کەلەپوور و هـزر و رۆحی کۆمەڵەوە، هەموو دەبنە فاکتەری یارمەتیدەر بۆ سازان و هەڵکردن لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا، دەکرێت ئەوانەی وەریان دەگرن و فێریان دەبن، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی داهاتووشیاندا هاودەمیان بن، بە تایبەتیش لە بواری پيشەیی و زانیاری و کۆمەڵایەتیدا.

رۆشنبیری رەمەکێک (غەریزەیەک) نییە، کە لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵدا لەگەڵیدا بێت. بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، وەریان دەگرێت و لێیان هەڵدەهینجێنێت.

رۆشنبیری منداڵان، بە ناوەڕۆک و پێکهاتە تایبەتمەندییەکانییەوە، مۆرک و ناسنامە و تایبەتمەندی و سیما جیاواوەزەکانی منداڵانی کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان پێکدەهێنێت. کە لە کۆمەڵگاکانی تر جیای دەکاتەوە.. بە واتا رۆشنبیری منداڵان، شێوازی ژیانێکی جیاوازی منداڵانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوە.. کەواتە رۆشنبیری منداڵان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کەمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە.. ئەم جیاوازییەش، بۆ جیاوازی رۆشنبیری گشتی کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.. تەنانەت لە هەمان کۆمەڵگاشدا، رۆشنبیری منداڵان، یەک رەنگ و یەک شێواز نییە، کە هەموو منداڵانی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر چەترێکی رۆشنبیری گشتیدا کۆیان بکاتەوە.. رۆشنبیری منداڵان، بەپێی فاکتەرەکانی ژینگەی دەوروبەر و رەگەز و بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و جیاوازی زانیاری و رۆشنبیری هەر خێزانێک و باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و گوزەرانی ژیانی جیاوازی خێزانەکان، جیاوازی هەیە.. لەمانەش گرنگتر بوونی ئەو سەرچاوانانەن لە بەردەستی منداڵاندا، کە مەستی رۆشنبیرییان دەکەن و هۆیەکن بۆ بەشداریکردنیان لە بنیادنانی رۆشنبیری منداڵان. بۆ نموونە: جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی گوندنشین و شارنشیندا هەیە، کە لە دوو ژینگەی جیاوازدا دەژین و فاکتەرەکان و هۆیەکانی رۆشنبیری لێیان جیاوازن.. جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی خێزانە نەبوو و هەژارەکان و منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکاندا هەیە.. جیاوازی رۆشنبیری، لە نێوان منداڵانی خێزانە رۆشنبیرەکان و منداڵانی خێزانە ناڕۆشنبیرەکاندا هەیە.. کەواتە لە رۆشنبیری منداڵاندا، رۆشنبیری گشتی و رۆشنبیری تایبەتی هەیە.

بۆ هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی منداڵی، تا رادەیەک، پێویستیمان بە رۆشنبیری جیاواز هەیە، کە لە رووی ناوەڕۆک و شێواز و زمانەوە، لەگەڵ ئاستی ئەو قۆناغەی تەمەنی منداڵاندا گونجاوبێت.. تا سوود و خۆشی لێوەربگرن.. بۆیە پێویستە هەموو بابەتەکانی  هەموو جۆرەکان و شێوەکانی رۆشنبیری منداڵان، بەپێی مەرج و پێوەرە جیهانییە گشتییەکانی رۆشنبیری منداڵان، بە وردی و بە پیشەیی و بە شارەزاییەکی تەواوەوە، ئامادە بکرێن.. ناوەڕۆکەکانی بابەتەکان و داڕشتنیان، لەگەڵ تایبتمەندییەکانی جیهانی منداڵاندا بگونجێن.. گەر نەگونجێن، ناچنە ناو چوارچێوەی رۆشنبیری منداڵانەوە.

لە ئەمڕۆدا گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە ئەرکێکی پێویست و لە پێشینە و بە ئامانجێکی ستراتیژی گەلان و دەوڵەتانی جیهان، هەموویان هاوڕان لەسەر ئەنجامە ئەرێنییەکانی گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان.. کە دەبێتە بنەڕەتی رۆشنبیری داهاتوو.

رۆشنبیری منداڵان، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گۆڕینی لەدایکبوونی منداڵەوە، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە بۆ گیانلەبەرێکی کۆمەڵایەتی.. ئەم کارەش لە ساتی لەدایکبوونەوە تا کۆچی دوایی درێژەی هەیە.. کە منداڵ لەدایک دەبێت، هەندێ بۆماوەی لەگەڵدایە.. منداڵ کاتی لەدایکبوونی تەنها گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییە، یا تەنها کەسێکە.. لە میانەی پەیوەندییە جیاوازییەکانی لەگەڵ خێزانەکەی و دەوروبەرەکەیدا، بە خێرایی میتۆدەکانی رۆشنبیری کۆمەڵەکەی وەردەگرێت، وەکو: زمان، داب و نەریت، رەوشت و بەهاکان،…هتد. دەگۆڕێت بۆ کەسێکی کۆمەڵایەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵ دوو جار لەدایک دەبێت.. یەکەمیان لەدایکبوونێکی بایۆلۆژی، دووەمیشیان لەدایکبوونێکی رۆشنبیری.. منداڵ لە لەدایکبوونی دووەمیدا، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە، دەگۆرێت بۆ گیانلەبەرێکی رۆشنبیری.

هەر رۆشنبیریشە، کە مرۆڤ لە هەموو گیانلەبەرەکانی تر جیادەکاتەوە، مرۆڤ بە (گیانلەبەرێکی رۆشنبیرییە) ناودەبرێت.

گرنگترین ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان:

ئامانجی رۆشنبیری منداڵان، گەشەکردنی کەسایەتی دروستی منداڵانە، لە بوارەی جەستەیی و ئەقڵی و سۆزدارییەوە.. زۆرن ئەو ئامانجانەی، کە رۆشنبیری منداڵان دەیانهێنێتە دی.. بە کورتی ئەمانەی خوارەوە، هەندێکن لەو ئامانج و لایەنانەی، کە

لە سایەی رۆشنبیری منداڵاندا، گەشەدەکەن و دێنەدی:

١ـ لایەنی جەستەیی: رۆشنبیری منداڵان، لەو پێدانگەوە کە (ئەقڵی تەندروست.. لە جەستەی تەندروست دایە) گرنگی بە تەندروستی گشتی منداڵان دەدات، گرنگیش بە خۆراکی باشی تەندروست دەدات.. هانی منداڵان دەدات بۆ یاری کردن و وەرزش کردنی جۆراوجۆر.. فێریان دەکات کە پاک و خاوێن بن و خۆیان لە نەخۆشییەکان بپارێزن.

٢ـ لایەنی ئەقڵی: رۆشنبیری منداڵان، زاخاوی بیر و هۆش ئەندێشەی منداڵان دەدات، لە سایەی رۆشنبیری دا، ئەقڵی منداڵان زیاتر گەشە دەکات و زیرەکتر و زۆرزانتر دەبن، ئامادەیی و شارەزایی ئەقڵییان پێدەبەخشێت، لە بیرکردنەوە و خەیاڵکردن وەبیرهێنانەوە و لێکدانەوە دا، توانای داهێنانیشیان گەشە دەکات، توانای زمان و گۆزارشکردنیشیان زیاتر دەبێت.. بیرتیژتر و خەیاڵ فراوانتر دەبن.. هەوڵی داهێنان و تازەگەری دەدەن.

٣ـ لایەنی رەفتاری و هەڵچوون: رۆشنبیری یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی، کار لە گەشەکردنی رەفتاری منداڵان دەکات، ئامانجی رۆشنبیرییە، کە بە ئاراستەیەکی دروست و ئەرێنی پەروەردەی سۆزداری منداڵان بکات وەکو: خۆشەویستی کەسانی تر و کۆنترۆڵکردنی زیادەڕۆیی لە سۆزدارییان دا.. کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و هەڵچوونیان. رۆشنبیری ترس و دڵڕاوکێ و رەشبینی لە دڵی منداڵاندا دەردەکات و هەردەم متمانانە و هیوا و گەشبینی و سەرکەوتنیان پێدەبەخشێت.

٤ـ لایەنی رەوشتی: رۆشنبیری رەوشت و رەفتاری و ئاکاری جوان و نایاب، لە هۆش و لە دەرۆۆنی منداڵاندا دەڕوێنێت.. کە لە رەفتار و کرداری رۆژانەی ژیانیان دا بەرجەستە دەبن و رەنگدانەوەیان دەبێت.. گەشەکردنی ئەرێنی رەوشتیش، یەکێکە لە گرنگترین دیاردەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە لای تاک.. گەشەکردنی رەوشت لە هەمان کاتدا گەشەکردنی ویژدانە و گوزارشتە لێی.. رۆشنبیری کارتێکردنی لەسەر گەشەکردنی ویژدان هەیە.. رۆشنبیری بەها رەوشتییەکان دیاری دەکات، کە پێویستە لە منداڵییەوە گەشەیان پێبدرێن و لە هۆش و دەروونی منداڵاندا بڕوێنرێن.. تا پێیانەوە دەق بگرن.

٥ـ لایەنی کۆمەڵایەتی: رۆشنبیری، لە میانەی تێکەڵبوونی منداڵان، لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا، یارمەتی منداڵان دەدات کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن. ئەوەش دەزانن کە سەر بە کۆمەڵگایەکی دیاریکراون.. هاوبەستەبوونیان بۆێ دەبێت، لەگەڵێدا دەژین.. پابەندی بیروباوەڕ و بەهاکان و داب و نەریتەکان و یاساکان و کەلەپووری رەسەنی کۆمەڵگاکەیان دەبن.. رۆڵ و بوونی کۆمەڵایەتی خۆیان دەسەلمێنن.

٦ـ لایەنی پەروەردەیی: رۆشنبیری منداڵان، بە پلەیەی یەکەم پرسێکی پەروەردەییە، رۆڵێکی بنەڕەتی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، گرنگترین رێگا و هۆی فێرکردن و پەروەردەکردنی راستەوخۆی منداڵانە.. ئەو بابەتە پەروەردەییانە پێشکەش بە منداڵان دەکات، کە لەگەڵ تایبەتمەندییە سایکۆلۆژی و زمان و ژینگەی کۆمەڵایەتییان دا دەگونجێن، رەچاوی بەهرە و ئارەزوو و پێداویستییەکانیان دەکات.

٧ـ لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی: منداڵان لە میانەی ئەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییە نیشتمانیانەی کە گوێان لێیان دەبێت یان دەیانخوێننەوە، سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و سۆز و هاوبەستەبوون و دڵسۆزییەکی زیاتریان، بۆ نەتەوە بۆ نیشتمانەکانیان دەبێت، زیاتریش لایان شیرینتر دەبن.. هەر ئەم لایەنەشە، بوارێکی فراوانتردەڕخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە جوگرافیا و مێژوو و و سروشت و خەبات و بەسەرهاتەکانی گەلەکانیان.

٨ـ لایەنی جوانی: ڕۆشنبیری بەهاکانی جوانی لە هۆش و دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت. لە میانەی هەستکردن و چێژ وەرگرتنیان لە جوانی.. توانای رێکخستن و رازانەوە و  گونجاندنی شتەکانیان دەبێت.

٩ـ لایەنی زمان: رۆشنبیری گەشە بە زمانی منداڵان دەکات، و فەرهەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر دەکات، توانای دەربڕین و گوزارشتکردنیان بە زاری و بە نووسین زیاتر دەبێت.. ئازاییەکی زیاتری ئەدەبییان پێدەبەخشێت.. رۆشنبیری منداڵان بە زاری بێت یا بە نووسراو بێت، بە زمانێکی سادە و ئاسان و پەتی و تەڕ و پاراو و ناسک و شیرین، دەوترێن و دەنووسرین.

١٠ـ لایەنی کەسایەتی: رۆشنبیری، رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە بنیادنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵان، لە هەموو روویەکەوە.. لە ئامادەکردن و راهێنانیان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر.

١١ـ لایەنی زانیاری گشتی: منداڵانی رۆشنبیر، دەبنە خاوەنی بەکگراوندێکی رۆشنبیری گشتی، زۆرزانتر و هۆشیارتر دەبن.. دانامێنن و خیرا وەڵامدەر دەبن.. جیاوازیان لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنیاندا هەیە، کە رۆشنبیر نین و هەگبەکانی رۆشنبیریان بە تاڵن.

هەموو بیرمەندەکان و دەروونناسان و پەروەردەکاران، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە چاکسازی نەتەوە، لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، کە بناغەی کەسایەتی مرۆڤە.

لە ئەمڕۆدا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داهاتوویەکی باشتر، بووە بە ئەرکێکی پێویست و بە ئامانجێکی ستراتیژی و بە خەمی گەورەی گەلان و دەوڵەتان.. گرنگی دان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی جیاوازی پێشکەوتنی گەلانی جیهان.. چونکە گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، دەبێتە بنەما بۆ رۆشنبیری گشتی داهاتووی گەشتر.

دایکان و باوکانی خۆشەویست و میهرەبان، مامۆستایانی دڵسۆز، پەروەردەکاران، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، شانۆسان، میدیاکاران، هەموو ئەو کەسانەی خەمخۆر و دڵسۆزێ منداڵانن و هیواخوازی داهاتوویەکی گەشتر و شیاوترن بۆ کورد و کوردستان. لەم روانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکان و ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان، بۆ ئەمڕۆمان و بۆ داهاتوومان.. پێویستە هەموومان ئەوە بزانین، کە ئەرکێکی پیرۆز و پێویست، بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەستیار و چارەنووسازمان لە ئەستۆدایە.

رۆشنبیری منداڵەکانمان تەنها ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستاکان نین، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکمانە، پێویستە هەموومان، بە ئەوپەڕی توانا و دڵسۆزییەوە، هاوکاربین لە

رۆشنبیریکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆماندا.. تا دڵنیابین کە لە سایەی بە باشی و بە جوانی گۆشکردن و پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردن و ئاراستەکردنی دروستی جگەرگۆشەکانی ئەمڕۆماندا، هیوا و ئامانج و خواست و مافەکانی گەلەکەمان دێنەدی. پێویستە منداڵەکانی ئەمڕۆمان بە کوردستان پەروەری گۆش و پەروەردەیان بکەین.. هەمیشە بڕوا و متمانەبەخۆبوون و هـیوا و گەشبینی و پرەنسیپی بەرزیان لێبڕوێنین.

کورد وتەنیش:” چی بچـێنین.. ئەوەی دەدوورێنـەوە”

رەزا شوان

نەرویج: ٣/ مای/٢٠٢٠

  

نویترین هەواڵ و بابەت