"an independent online kurdish website

پاییزی ساڵی ١٣٦٩ بوو و  بە پێی ئەساسنامەی حیزب دەبا زستانی ئەو ساڵە کۆنگرە ی ٩ گیرابا.  سەددام کوێتی داگیر کردبوو و ئابلۆقەیەکی توندی ئابووریی لە سەر. هاوپەیمانان هەڕەشەیان دەکرد ،

گەر سەددام لە کوێت نەکشێتەوە  بە زەبری هێز  دەکەنە دەر کەلە ئاخەریش دا هەر وای لێهات. بەگشتی دۆخی ناوچە هەتا دەهات ئاڵۆزتر دەبووە.

ئەو ساڵە مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری  ئۆرگانێكی چالاک و پڕ دەستکەوت بوون. تیمە تەشکیلایەتییەکان بەردەوام لە قووڵایی  شوێنی ئەرک و تێکۆشانیان دا بوون و پەیوەندیان بە خەڵک و تەشکیلاتەوە بوو. لەو ساڵە دا ئەوەی لە بیرم بێ  ٣ پایەگای دوژمن گیران (کەلەڕەشی خواروو، شەروانی و کەڵانکانی). لەو ساڵە دا عەمەڵیاتی زۆر گەورەتریش کران لە قەرەغان ، لە بەند، لە سرتی خەلیل، لە مەیدانی دۆستان و…………

هەر وەها لەو ساڵە دا ٣ شەهید مان هەبوو کە یەکێکیان پێشمەرگەی فیداکار  شەهید  فەیسەڵ ئوستادی کەلە دەرگیرییەکی سەخت دا لە پشتی گوندی تازەکەندی  کەناربەڕۆژ شەهید بوو. هەر وەها فاخر ڕەحمانی کادری کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە بوو کەلە کەمینێکی هێزەکانی دوژمن لە گەرووی زینێ ی مەڕگەوەڕ دا شەهید بوو کە تیمە ٣ کەسییەکەیان ( تیمی تەشکیلاتیی بەراندێز، قاسملوو، و مەرگەوەر) لە کاتی گەڕانەوە بۆ لای تەڕگەوەڕ کەوتبوونە کەمین. (تاهیر سۆفی بەرپرسی تیم و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە، فاخر ڕەحمانی و سەیفولا ڕەحمانی کادری تەشکیلات). هەروەها جەلال نەبی زادە جێگری پەل لە کاتی دەست بەسەرداگرتنی پایەگای گوندی کەڵانکانی ی گەلی بەردەڕەش  شەهید ببوو، یادیان بەخێر دوو تێکۆشەری پاک و سادق و بوێری دێمۆکرات بوون.

مانگی یەکەمی  پاییز بوو کە دەبا بگەڕێینەوە بنکەی خۆمان لە باشووری کوردستان کە ئەوکات بنکەمان لە گوندی ىێشێ ی بناری حەسەن بەگ بوو. کاتێك ئێمە  وەک کۆمیتەی شارستانی  سەڵماس گەیشتینەوە مەڵبەند(من ئەوسالە واتە ٦٩ کادری ماڵی و بەشی شەهیدانی سەڵماس بووم و وەک سازماندەهیی فەرمی کادری کۆمیتە نەبووم ، بەڵام بەهۆی دۆخێك کە بۆ تیمێکی تەشکیلاتیی کۆمیتە هاتە پێش ، من لە سەر داوای کاک نایب مەشایەخی  بەرپرسی کۆمیتە ی شارستان، لە کۆمیتەش کارم دەکرد.) ، گەلی بەردەڕەش دوای تێکشانی هێرشی گەورەی دوژمن لە ١٣ی خەرمانان  بە دەستی هێزی ئاگری و کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس کە  تەنانەت جەنازەکانیان  لە ڕێگای تورکیەوە بردرانەوە، ئەو ناوچەیە دەیان مۆڵگەیان لێ دانابوو  و بە قەولی خۆیان ڕێگایان لێگرتبووین تا ڕزگارمان نەبێ، مەڵبەند  و هێز لە کیوارستان چەند چادرێکیان هەڵدابووە و چاوەڕێی ئێمە بوون. کە گەیشتینەوە  ماوەیەک لەوێ بووین و کاتی ئەوە هاتبوو حەرەکەت بکەین، ڕۆژی پێش حەرەکەت کاک نایب مەشایخی هات و لە کۆبوونەوەیەکی کورت دا بۆ کادرەکانی کۆمیتە گوتی : من و هاوڕێیان کاک ڕۆستەم  جیهانگیری و کاک کەماڵ شەریفی لەگەلتان نایەینەوە و ئەرکێکی حیزبی مان بۆ دیاری کراوە . دواتر لەگەل ئەندامانی کۆمیتەش ، کاک محمد ساڵ قادری و کاک سادق باقری(ڕووحی شاد)  کۆبوونەوەیەکی کورتی  پێکهێنا و خوا حافیزیی لە ئێمە کرد و گەڕایەوە. دیارە ئەرکەکە لە لایەن مەڵبەندی شیمال ، دەفتەری سیاسی  و بەتایبەتی سکرتێری گشتی  کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بوو  و من ناچمە سەر ئەوبابەتە و ئەرکی من نیە.

ئێمە گەڕاینەوە و ئەگەر لە بیرم بێ ئاخرو ئۆخری مانگی ڕەزبەر بوو کە گەیشتینەوە شێخانی خاکورک و کاک فەتتاح سەعیدی بەرپرسی بنکەی ئێمە لە بێشێ کە  هاوکات بەرپرسی تەداروکات و شۆفێری مەڵبەندیش بوو، هاتەوە پێشوازیمان و  هەرچی لەندروێری دیانان  و دەوروبەری بوو  بە کرێی گرتبوون و هێنابوونی . ژمارەمان سەدان کەس بوو.

ئەوەبوو شەڕی دەرکرانی سەددام لە کوێت و دواتریش ڕاپەڕینی باشوور و کۆڕەوی کورد و دیاری کردنی هێلی ٣٦ دەرەجە بۆ کوردی باشوور و نەمانی ترس لە سەر ئێمە کە ئەگەر ئەو شەڕەی سەددام لەگەل هاوپەیمانان نەبوایە ئێران و سەددام  و تورکیە خەریک بوون پیلانێکی هاوچەشنی ١٩٧٥ی باشوور بە دژی بزووتنەوەی کورد ئیجرا بکەن، ئەوانە کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە وێڕایی ناڕوونیی دۆخی ناوچە و جیهان و نەبونوی ئەمنیەتێکی ئەوتۆ بۆ کۆنگرە، نە کۆنگرە گیرا  و نە کۆنفڕانسی تەرمیمی مەڵبەند و کۆمیتە شارستانەکان گیران . ئەوەبوو سازماندەهی  ئۆرگانەکان وەک ساڵی پێشوومایەوە.

بەهاری ساڵی ١٣٧٠ هات و ترسی ئەوەمان نەبوو کە سەددام ئیزنمان نادا بڕۆینەوە ناوخۆ و چالاکی بکەین، سنوورەکان ئازاد بوون، خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش گەشابوونەوە بەو دۆخەی باشوور. هێزی پێشمەرگە لە ساڵانی پێشتر تەیار تر ببوو. ئەوساڵە وابزانم یەکەم ساڵ بوو کە ئێمە وەک مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری هەموومان بە یەک تیم بڕۆینەوە ناوچە. ئیمکاناتی زۆریشمان بردبوو، وەک تەقەمەنی و ……هتد.

کە گەیشتینەوە گەلی بەردەڕەش  وتەڕگەوەڕ، هە رڕۆژانی یەکەم کاک نایب، کاک ڕۆستەم و کاک کەماڵ هاتبوونە شاخ و چاوەڕێمان بوون. هەڵبەت بە پەیامی رادیۆیی ئاگادار کرابوونەوە. هەروەها ٣ هاوڕێشمان (مام ئەبووبەکری مێهری، عەلی عەلیزادە و مەحکووم جابری) کە ماوەی ٤ ساڵ بوو لە زیندانی تورکیە دا بوون ئازاد ببوون و هاتبوونەوە لای نایب و ئەوان ، هەروەها  کاک  محمد حەقداریش کە ئەوساڵە هەر لەو سنوورانە مابووە و نەهاتبووە باشوور ، گەیشتبووە ئەوان، یەکمان گرتەوە و دیسان بۆ ماەیەک چادرەکانمان هێنا و لە شاخ هەڵمان دابوون تا سازماندەهیی کۆمیتەکان بکرێ و هیندێک بحەسێینەوە  . چوونکی کاک ڕۆستەمیش بەرپرسی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە بوو، بۆیە هەردووک کۆمیتەش سازماندەهی نەکرابوون. ماوەیەک لەوێ بووین تا سازماندەهی تەواو بوو .

ئەوەی لە بیرم بێ کۆمیتەی شارستانی سەڵماس ٣ تیمی تەشکیلاتی بووین:

هاوڕێیان  کاک محمد ساڵح قادری، کاک سەڵمان کووهی و  کاک  ئەنوەر کۆهەنسال. تیمی تەشکیلاتیی سەڵماس ، شپیران، سەرووی سۆما و برادۆست.

هاوڕێیان سادق باقری، فەیسەڵ مەزیدی و سەید محمد تاهیری. تیمی تەشکیلاتیی  ئەنزەل، کەناربەڕۆژ و ڕۆژهەڵاتی سۆما .

 بەرپرسی کۆمیتەی شارستان کە ڕاستەوخۆ بەرپرسی تەشکیلاتی ناوشار بوو، (مەوقعیەتی جۆغرافیایی ئێمە وابوو کە کاتێك دەمانگوت ناوشار واتە هەم سەڵماس و هەم ئۆرمیەش) فەرهاد میرۆزادە و من(کاووس عەزیزی) هاوکاری  کاک نایب بووین. هەڵبەت بەشی ماڵیی مەڵبەند کە کاک عەسکەر عەلیزادە بوو بەهۆی ئەوەی کە ساڵی پێشتر هاوکاری ئەو بووم و ئەزموونێکم لە بەشی ماڵی هەبوو ، هیندێک بەڵگەی گومرکات و بەڵگەی وەرگرتنی یارمەتیی لە خەڵک بۆ حیزبی پێدابووم و بە گوێرەی  مەجال کاری ماڵیشم دەکرد و  خوا هەڵناگرێ داهاتی باشمان هەبوو.

هەر دوای چوونەوەمان بۆ ناوچەکانی تێکۆشانی خۆمان، ئیدی هێز و مەڵبەند لە  ناوچەی تەرگەوەڕ مانەوە . 

وەک ساڵانی پێشوو دیسان تیمێکی ٦ کەسیی پێشمەرگە کە چووبوونە نێو شاری ئۆرمیە و عەمەڵیاتیان کردبوو. بەڵام بەداخەوە  بۆ بەیانیەکەی واتە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ لە نیزیک  گوندی ئاسنگرانی گەلی بەردەڕەش  بە هۆی جاسووسێکەوە شوێنیان ئاشکرا کرابوو  و بە هێزێکی زۆرەوە گەمارۆ درابوون کە ٢ کەسیان شەهید و ٤ کەسیشیان بەدیل گیران کە ئەمانەبوون: جاسم ئیسماعیلی جێگری لک بە برینداری گیرا و ساڵی دواتر ئیعدام کرا. حسێن ستوەت جێگری پەل هەر لەوێ شەهید ببوو، محمد ساڵح ساهینی(دربۆ) جێگری پەل هەر لەوێ دوایین فیشەکی لە سەری خۆیدا تەقاندبووە و شەهید ببوو. ئەیووب جیهانگیری بە برینداری بەدیل گیرا  ودواتر ئیعدام کرا، میرزا محمد قاسمی بە دیل گیرا و دوای ٨ ساڵ لە زیندان ئازاد بوو. عوسمان مستەفاپوور کە ٢٨ ساڵ لە زیندان مایەوە و بوو بە قارەمانی نێو سیاچاڵەکانی ڕێژیم و سەری نەوی نەکرد و ماوەیەک لەمەوبەر ئازاد بوو.  بەڵێ ئەو زەبرە قورسەمان هەر لە یەکەم حەرەکەتی نیزامی دا وێکەوت و باندۆرێکی زۆر خەراپی کردە سەر خەڵك و بگرە پێشمەرگەش.

لە هەمووی خەراپتر ئەوەبوو کە دوای ئەو ڕووداوە تاڵە، کۆمەڵێک کێشە لە نێو ئۆرگانی مەڵبەند دا سەریان هەڵدابووە ، یان باشترە بڵێم : کێشەی پێشوو بوون و  زیندوو ببوونەوە. ئەو کێشانە هەردەچوون و قووڵتر دەبوونەوە. کێشەکان لە بێشێ دەستیان پێکردبوو، لە کۆبوونەوەیەکی کادرەکانی شیمال دا بە حوزووری بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی کە کاک مستەفا هیجری بوو و هاوکات جێگری سکرتێریش بوو، باس کران. دواتر دیسان لە کۆبوونەوەی گشتیی هێز دا لە لایەن پێشمەرگە و فەرماندەرانیانەوە باس کران. لە کۆبوونەوەکاندا  بە شاهیدیی هەموو ئەو هاوڕێیانەی ئەوکات کە شوکور بەشێکیان لە ژیان دا ماون (بەداخەوە زۆریان شەهید بوون) داوامان کرد کە مادام کێشەکە لە نێوان بەرپرسی یەکەم کاک تەیموور مستەفایی  و فەرماندەری هێز کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی دایە، لانی کەم  یەکێکیان بگۆڕن ، بەداخەوە قسەمان بڕی نەکرد و وڵامەکە ئەوەبوو کە : کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری داوە هیچ ئاڵ و گۆڕێک لە سازماندەهی دا نەکرێ. ئەوەبوو لە ناوچەش کێشەکان درێژەیان کێشا و  بوو بە هۆی ئەوەی کە کادر  وپێشمەرگە بێزار بێ لەو کێشانە. نەگونجان گەیشتبووە ئەوپەڕێ خۆی، مەڵبەند دابەش ببوو بە سەر دوو جیناح دا و هەر ئەو  بێزاریەش بوو کە ئەگەر لە بیرم بێ نیزیک ٥٠ کەس لە کادر و  پێشمەرگەی ئێمە ئەوسالە وازیان لە پێشمەرگایەتی هێنا و بەشێکیان تەسلیمی دوژمن بوونەوە، بەشێکیان لە باکووری کوردستان مانەوە و چەند کەسێکیش چوونە دەرەوەی وڵات .

لێرە دا مەبەستم ئەوە نیە کە هەموو خەتا کە بخەمە سەر شانی هەردوو هاوڕێی بەرپرس، بەڵکوو کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی و بە تایبەتی بەرپرسی کۆمیسیۆن، ئەندامانی  مەڵبەندی شیمال، کادر و بەرپرسانی دیکەی نیزامیش خەتابار بوون لەم دۆخە دا. ئەگەر بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی گوێی بۆ داواکاریی کادر و پێشمەرگە ڕاگرتبا کار بەوە نەدەگەیشت کە بینیمان. ئەگەر ئەندامانی مەڵبەند هەوڵیان داباوە لە باتی بوونە بەشێک لە جیناحەکە، چارەسەریان پێشنیار کردباوە و کاریان لە سەر لێك نیزیک کردنەوەی هەردوو بەرپرسی یەکەم و دووهەم کردباوە ،کار بەوە نەدەگەیشت. ئەگەرکادر و بەرپرسانی نیزامیش دابەش نەبوونایە سەر دوو جیناح و دواتر پێشمەرگەکانیش بە هەمانشێوە دابەش نەبوونایە، دڵنیام ئەو خەسارەمان نەدەکرد کە کردمان. بۆیە من قامکی ئیتیهام تەنیا بۆ دوو بەرپرس درێژ ناکەم، ئەوان دوو ئینسان بوون و زۆر نۆرماڵە کە دوو مرۆڤی بەرپرس لە قۆناغێک دا نەتوانن پێکەوە کار بکەن و تووشی گرفت ببنەوە. بەڵکوو لە بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی ڕا خەتابار بوون هەتا دەگەیشتە ئێمە وەک کادر و پاشان پێشمەرگەکان.

سەرەتای مانگی گەلاوێژی ١٣٧٠ بوو کە ڕۆژێکیان کاک نایب، کاک فەرهاد و من  چووینە شاخێک و پەیوەندیمان لەگەل مەڵبەند گرت  و بە پەیام ئاگاداریان کردینەوە کە هێز دێتەوە لای ئێوە و ئامادەگیتان هەبێ هەم بۆ تەداروکات و هەمیش بۆ پێشیاری چەند جێگایەک بۆ  ئەنجامی عەمەڵیاتی نیزامی. ئەوان هاتن و یەکمان گرتەوە کە تیمە تەشکیلاتیەکانی کۆمیتەی سەڵماسیش ئاگادار کرابوون و  ئەوانیش گەرابوونەوە لامان. بەرپرسی مەڵبەند نەهاتبوو. فەرماندەری هێز و هەردوو فەرماندەری لک واتە کاک سەعید گوڵێ و کاک سمایل بازیار هاتبوون.

دوای چەند ڕۆژێك مانەوە بڕیاریان دا کە عەمەڵیاتێک لە نێوان گوندەکانی سوڵتانی و حەسەنی لە دەڤەری سۆما ئەنجام بدەن. ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ  کەمینێک لە بەینی گوندی سوڵتانی و حەسەنی دانرا و هاوکات کەمینێکیش بۆ تیمی مهندسیی  پایەگای ژاندارمێریی سوڵتانی دانرا کە خەریکی نەخشەکێشان بوون بۆ جادە و لێدانی چەندین پایەگای نوێ لەو سنوورە. ئەوەی لە بیرم بێ ٢٥ کەس لەو عەمەڵیاتە دا کوژران، ٢ ماشێن سووتێندران، چەند ئەسیرێک هەبوو کە  فەرماندەری پایەگاکانی سوڵتانی و  حەسەنی لە نێو ئەسیرەکان دابوو. شەوەکەشی بە مەبەستی دەست بە سەرداگرتنی پایەگای سوڵتانی چوونە سەر پایەگاکە  بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و بە بێ خەساری پێشمەرگەکان ئەو ڕۆژە عەمەڵیاتەکە ئەنجام درا.

ئەوەی لەو نێوە دا جێی داخ بوو شەهید بوونی چەند کەس لە خەڵکی سوڵتانی  بوو . کاتێک شەڕ لە کەمینی سەرەوەی سوڵتانی دەستی پێکرد، هێزەکانی ڕێژیم هەرچی ماشێنی خەڵکی بوو لەو مەسیرە دا گرتنی و پڕی کردن لە هێزی خۆیان و بە زۆر هێنانی بۆ مەیدانی شەڕەکە و پێشمەرگەکانیش چارەیەکیان نەمابوو ، یان دەبا هەڵێن کە ڕێگا نەبوو، یان دەبا  لە هێزەکانی دوژمن بدەن کە شۆفێری ئەو ماشێنانەش لە ژێر دەستی پاسدارەکان دا بوون. بەداخەوە ٣ کەس شەهید و ٤ کەسیش بریندار بوون. سەرەڕای سەرکەوتووی عەمەڵیاتەکە لە سەر دوژمن، شەهید  و بریندار بوونی ئەو خەڵکە هەم پێشمەرگەکانی خەمبار کرد و هەم دوژمن زۆر تەبلیغاتی لە سەر کرد . بەڵام نە تەبلیغاتی دوژمن و نە لە دەستدانی جگەر گۆشەی ئەو خەڵکە  نەبوونە دڵگرانیی خەڵک لە حیزب و پێشمەرگە و نەهاتن بڵێن حیزب بۆ لە ئێمەی کوشت  و بریندار کرد؟ بەڵکوو کەس و کاری ئەو شەهید و بریندارانە نەک لێمان لالووت نەبوون، بگرە بەردەوام گوتیان و دەڵێن ئەوە ڕێژیم بوو مناڵەکانی ئێمەی ناردە مەیدانی شەڕ و پێشمەرگە خەتابار نیە. ڕووحی شەهیدان شاد. دوای ئەو عەمەڵیاتە هێز گەڕایەوە تەڕگەوەڕ و ئێمەش  وەک کۆمیتەی شارستانی سەڵماس لە ناوچەکانی جێی تێکۆشانمان ماینەوە.

دەبا ئێمە وەک کۆمیتە دیسان بگەڕێینەوە ناو قووڵای ناوچە و هەر تیمەی کاری خۆی بکا. تیمی سەڵماس شپیران ڕۆیشتن. تیمی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ ڕۆیشتن بەڵام ، نازانم هۆکار چی بوو، سەید محمد تاهیری لەگەل تیم نەچوو و لەگەل ئێمە مایەوە . فەرهاد میرۆزادە نەخۆش بوو  و لە ڕێگای خزم و دۆستێکەوە بە قاچاغی  چوو بۆ  دوکتۆر لە باکووری کوردستان. نایب مەشایخی زۆری هەوڵ دا تا مەڵبەند خەرجی دوکتۆرەکەی دابین بکا، بەڵام بەداخەوە هەر لە داواکاری دامایەوە و خەرجی دوکتۆری فەرهاد هەر ئەو خزمە کێشای.

لەوبەینە دا نابێ قسەی خۆشیش لە بیر بکەین!

 ڕۆژێكیان کاک نایب مەشایخی  گوتی : کەس نابێ بچیتە گوند  بۆ کڕینی سیگار یان شتێک تا وەزعەکە ئارام دەبێ. فەرهاد گوتی وەڵا من دەڕۆم! نایب گوتی مەڕۆ ، ئەوگوتی دەڕۆم و ڕۆیشت. دوای  چەند سەعاتێك هاتەوە. نایب گوتی فەرهاد باشە نەمگوت مەڕۆ؟ بۆ ڕۆیشتی؟ جوابی فەرهاد زۆر سرنج ڕاکێش بوو!  گوتی:  جا چیە تۆ گوتت مەڕۆ و منیش گوتم دەڕۆم! ئەوە بوو ڕۆیشتم و گەڕاشمەوە ، چ بووە؟! نایب هیچی بۆ نەما هەر بێ دەنگ تەماشای فەرهادی کرد. منیش گوتم نایب  جوابەکە تەواوە  قانیع بە ئیدی! تۆ گوتت مەڕۆن، فەرهاد گوتی دەڕۆم و رۆیشت و گەرایەوە ! جا  خۆشیەکەشی لەوەدابوو  کە فەرهاد لە سەر ئەو لێکدانەوەیەی من لێم توورە بوو  و هەڵوێستی گرتبوو.

درێژەی هەیە……..

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی