"an independent online kurdish website

ئەوەبوو دوای نیزیک بە ١٠ ڕۆژ مانەوە لە سنوور، بڕیارماندا جەولەیەکی تەشکیلاتیی ناوچەی سۆما بکەین. هەر وەک گوتم فەرهاد کەمێك نەخۆش بوو و کاک نایب مەشایخی داوای لێکرد ئەو نەیە بۆ ئەو جەولەیە و لە لای خزم و دۆستان بۆ ماوەیەک ئیستراحەت بکا و کاک فەرهادیش بە نابەدڵی قەبووڵی کرد و ڕۆی بۆ ئەو جێگایەی کە دەبا بۆی بچێ تا ئیستراحەت بکا.


ڕۆژێکیان لە شوێنێک بووین کە دواتر ناومان نابوو: کەلا بەرخوەدانێ ، لە نەکاو بارانێکی خور باری و لافاو هەستا، ئێمە لە بن بەردێک دا بووین کە تەڕ نەببووین، بەڵام کە باران کەمێک ڕاوەستا کاک نایب گوتی ئاخ بۆ چایەک لە دوای ئەو بارانە! گوتم سەید محمد تۆ بڕۆ سەر کانی ئاو بێنە منیش چیلکە و شتی وا کۆ دەکەمەوە. هەمووشتێک تەڕ ببوو بۆیە پەنام بردە ژێ بەرد و کونە بەردان کە با هەڵز و شتی وای تێ کردبوو و تەڕ نەببوونەوە.
چوومە بن بەردێک کە وەک ئەشکەوتێکی بچووک وابوو ، دیتم تەقریبەن بەشی چایەکە هەڵز و چێلکە و شتی وا کە با تێکردبوون دەستم کەوت. گوتم ئاها دیتمەوە ! و بە خۆشحاڵی یەوە سەرم بردە کونە بەردەکەوە و ویستم دەریان بێنم، لەنەکا ڕێوییەکی بچووک کە وادیار بوو بەچکە ڕێوییە لە ناو دەستەکانم دا دەرپەڕی کە لە نێو ئەو هەڵز و چیلکەیە دا خۆی حەشار دابوو. زۆر خەراپ ڕاچەڵەکیم! هەر خۆم دەزانم چەندە ترسام و کاک نایبیش چاوی لێم بوو. کە ڕاچڵەکیم سەرم وە بەردەکە کەوت و سەرم شکا و خوێن تا بەری پێم هات. هەر چۆنێک بوو سەری خۆمم بە ئاغابانوو بەستەوە و خۆم نەشکاند و درێژەم بە چایەکە دا تا کوڵاندم ، هەرچەند بە دڵی سەید محمد بوو و هەتا چایەکەشمان خوارد هەر پێدەکەنی و تیروتوانجی تێدەگرتم.
ڕۆژی دوایی بەیانی زوو جەڵەبێک کە وابزانم ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ سەر مەڕ دەبوو و خاوەنەکەی کەسێکی خەڵکی هەرەکیان بوو بەرەو سنوور دەچوو تا بڕواتە باکووری کوردستان. کابرامان دەناسی و گومرکمان لێ وەرگرت و گوتی ئەو مەڕەش بکەنە کەباب، هەرچی گوتمان پیویست نیە، گوتی هەر دەبی سەری ببڕن. مەڕەکەشمان سەر بڕی و بە ٣ کەسی ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارێ خواردمان، کە عەسری ئەو ڕۆژە دەمانەویست حەرەکەت بکەین بۆ جەولەکەمان، سەید محمد گوتی وەڵا با ئێسکی مەڕەکەشم کە لە کتری دا کوڵاندوومن بیخۆین و جا بڕۆین، ئەوەبوو ئێسکەکانیشمان کڕاند و حەرەکەتمان کرد.
کە گەیشتینەوە نیزیک گوندی حەسەنی، جارێ دونیا ڕووناک بوو و ویستمان نیو سەعاتێک دانیشین تا هیندێک تاریک دەبێ، چوونکی حەسەنی ٢ پایەگای دوژمنی لێ بوو . تەنیا من سیگاری بووم لەو ٣ کەسە. دانیشتین و گوتم با سیگارێک بکێشم. سیگارێکی ونستۆنم دەرهێنا ، لەم لا فەندەک، لەولا فەندەک، نەمابوو و دیار بوو لە گیرفانم دا کەوتووە، بەدڵێکی شکاو سیگارەکەم لە گیرفان نا. سەید محمد گوتی: نایب دەزانی بەرپرسێکی تەماعی؟ نایب گوتی بۆ؟ سەید گوتی : تۆ جارێک مەڕێک مان بۆ ناکڕی بیکەینە کەباب! نایب گوتی ئەدی سەید محەممەد ئەمڕۆ لە بەیانی یەوە تا ئێستا یەک مەڕت نەخوارد؟ سەید گوتی : نە مەبەستم ئەوەیە تۆ بە پارەی حیزب بۆمان بکڕی.
شەو چووینەوە گوندی حەسەنی کە گوندی سەید محەممەدە . وابزانم دەوروبەری سەعات ١٢ بۆ ١ی شەو بوو لە گوند هاتینەدەر و شاخی سەرکەش مان گرتە بەر و هەڵکشاین. سەرکەش هەمیشە ساردە کە دەکەوێتەوە ڕۆژئاوای سۆما . بۆ بەیانیەکەی گەیشتینە پشتی گوندی جووجەهی و لەوێ ماینەوە. ئێوارە داهات و بڕیارماندا لە جووجەهی شام بخۆن و بەرەو مەبەستەکەمان بڕۆینەوە. هەر واشمان کرد . لە درێژەی جەولەکەمان دا سەردانی چەند گوندێکی ناوچەمان کرد و چاومان بە کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب و بنەماڵەی شەهیدان کەوت .
هەر لەو جەولەیە دا شەوێكیان دەمانەویست بچینە مەسیری گێچە و هەڵەقۆشک. لە پەنا پردی جۆهنی، واتە پردی چەمێ زەرک، کانییەکی لێ یە وابزانم ناوی کانیا عەرەبان ە” واتە کانیی عەرەبان “( دیارە عەرەب کانیەکەیان لێ داگیر کردووین). لەو دەشتە کانییەکی وەک ئەو کانییە نێعمەت بوو. ئاوێکمان خوارد و زۆریش ماندوو بووین. کە گەیشتینەوە خوار گێچە و دەبا بچینەوە بەینی گێچە و هەڵەقۆشک بمێنینەوە ، من بە فاسیلەی ٣٠ بۆ ٤٠ میترێک لە پێش هاوڕێیانمەوە بووم و ساندیسێک نازانم لە دووکانی کام گوند کڕیبووم لە دەمم دا بوو هەڵم دەمژی، (آب انگور مەبەستمە). لەگەل ماندووبوونەکەش ئیحتیماڵی کەمین و ئەوانەش هەبوو بۆیە کەمێك بە ئیحتیاتەوە تەماشای پێش خۆمم دەکرد. شوێنەکە خڕێک بوو هەر بۆ خۆی وەحشەتی لێدەباری. هەر هەنگاوێکت هاویشتبا قرچەی گیا و کەنگەری وشک بوو هەڵدەستا. کەندەڵانی وای تێدا بوو ٤ ، ٥ میتر قووڵ بوون. ئەو ناوچەیە جێی لافاوی گەورەن و عەرزەکەشی خیزەاوییە ، بۆیە کە لافاو دێ هەڵدێر و کەندەڵانی وا دروست دەکا هەربۆ تەماشا دەبن.
دەنگی سیسڕک وەک ڤیۆلۆزن و ئۆرگ مێلۆدیان دروست دەکرد. هەر ئەوندەم زانی لە ٢ میتریی من، ڕێویەکی بێ شەڕەف یەک بە خۆ قیژاندی! ساندیسەکەم لە دەم بەربووە و ئێستاش نەمخوارد. لە جێی خۆم دانیشتم ! نایب و سەید محەممەدیش ئاگایان لێ بوو کە چیم بەسەر هات. ڕێوییەکە هەڵیش نەدەهات و ڕاوەستا بوو تەماشای دەکردم، بە هەموو سەداقەتمەوە دەڵێم کە هیندە ترسام و ئەو دەنگە ئازاری دام ،ویستم تەقەی لێ بکەم ، بەڵام دەستم هیندە دەلەرزین چەکەکەم بۆ نەگیرا تا تەقەی لێ بکەم. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بە بێ تاریف لە خۆم، من پێشمەرگەیەکی جەسوور بووم وەک هەموو پێشمەرگەیەکی حیزب لەو سەردەمی و بەتایبەتی لە هێزی ئاگری کە هەر کامەی خۆی ئوستوورەیەک بوو. کە ئەوان هاتنەوە ،نایب پێدەکەنی و گوتی ئەوساڵ لە دەست ڕێوی نیجاتت نابێ . سەید محەممەدیش بە قەوڵ لە خۆیدا پێدەکەنی و نەیدەوێرا ئاشکرای بکا و دەیزانی تووڕەم، بەڵام زۆری بەدڵ بوو کە ئەوەشم بەسەر هاتووە. خولاسەی کەلام هیندە عەسابم داغان بوو، سیگارێکم هەڵکرد کە ڕاست بەرانبەر پایەگای سوپا لە گوندی جلغەرانیش بوو و گوێم نەدایە پایەگاکە، بەڵام دیار بوو ئاگایان لێ نەبوو و تەقەیان نەکرد. کاک نایب گوتی ئەوە چیت کرد؟ پایەگا نیزیکە و سیگارەکەت دەبینێ. گوتم لێمگەڕێ پایەگا بمکوژێ باشترە لە قیژە و زەجرکوژ کردنی ڕێوی!

**************

لەدرێژەی جەولەکەمان دا شەوێکیان دوای ماندووبوونێکی زۆر ، ئێمە و تاو هەڵاتن پێکەوە گەیشتینە نیزیک بەرزترین لووتکەی چیای کۆتۆل. بەیانی کە گەیشتینەوە من تا توانیم بە خەبەر بووم و دوای خۆشم بانگی سەید محمدم کرد و خەوتم. من کە خەوتبام بە دەنگی ئاسایی هەڵنەدەستام، واتە خەو گران بووم ، بەڵام کاک نایب بە خشپەیەک وەخەبەر دەهات. بە دەنگەدەنگی کاک نایب و کاک سەید وەخەبەرهاتم کە نایب دەیگوت: خۆ دار نیە دەیانشکێنی! سەید محمد عادەتێکی هەبوو، هەرکات بێکار بوایە فیشاری بۆ قامکەکانی دەست و پێی دێنا و قرچەیان لێ بەرز دەبووە. بەتایبەتی شاخی کۆتۆل کە هەمووی ڕەوەزە بەرەدە و دەنگیان دەدایەوە.
کە منیش هەستام خەوم لێ نەکەوت و تاویش هاتبووە ناوەڕاست و هیچ سێبەرێک نەبوو لە بەری ڕاکشێم. قومقومەیەکی سەربازیی قەدیمیم پێ بوو ، گوتم با چایەک دروست بکەم. بڕیک ئاومان لە دەشتێ ڕا لەگەل خۆمان هێنابووە. شوێنەکەش بەرانبەر نیوەی سۆما و هەموو برادۆست بوو کە زیاتر لە ٨٠ پایەگای لێوە دیار بوو. شوان و شتەش لەو مەسیرە نەبوون کە ئاگر کردنەوە و دووکەڵ ئاسایی بێ، بۆیە بەناچاری بە کەمترین ئاگر و بە پووشکە چایەکەم دروست کرد. کە هاتینە سەر ئەوەی چا یەکە بخۆین و نان و پەنیرێکی خۆشی سۆماش لەگەل مان بوو، تەماشا دەکەین من و نایب ئەو پلاستیکانەی کە پێمان بوو بۆ چای خواردنەوە لە شوێنی ڕۆژی پێشوو لە بیرمان چووە بە جێ ماون. سەید محمد ئیسکانێکی هەبوو. گوتی بە مەرجێک دەتاندەمێ کە چای پێ بخۆنەوە، یەکەمجار من ئیسکانەکەم پڕ بکەم و بیخۆمەوە، جا ئیسکانەکەتان دەدەمێ. چارە نەبوو قەبووڵمان کرد.
ئێوار داهات و سێبەری چیای کۆتۆل زوو دادەگەڕێتەوە دەشتی سۆما و برادۆست. هاتین تا نیزیک گوندی بچووکی سیارک بووینەوە و کە دیتمان کەمێک تاریکی کرد چووینە ناو دێ و سەردانی ماڵێکمان کرد و بەرەو گوندی کەینێسی چووین کە مانگیش دەرکەوت و مانگەشەوێکی خۆش بوو. گەیشتینەوە نێو دێ زۆر رووناک بوو و تەقریبەن خەڵک خەوتبوون.کاتێک بەرەو ئەو ماڵە دەچووین کە دەبا بڕۆین و مەبەستمان بوو سەردانی بکەین، لەنەکاو دیتمان دوو کەس کە دیار بوو ژنن، لە سەربانی ماڵێک ڕاوەستابوون. ئێمەش بۆ ئەوەی نەمان بینن و نەزانن چووینە کام ماڵ ، خۆمان دایە بەر سێبەری هیندێك دارەبی و دانیشتین. دیارە ناوەڕاستی گوند بوو.
من ڕووم لەوان بوو ،نایب و سەید محمد پشتیان و کەمێک فاسیلەیان لەگەل یەک هەبوو کە دەکرێ نیو میتر بێ. چاوم لێ بوو کە یەکێک لەو ژنانە ڕۆبووە عەرز و وەک ئەوەی پێم بڵێن ئەوە بەردی هەڵگرت و بە ئێوە دادەا، کەوتە دڵم. هەر ئەوندە بوو دیتم بەردەکەی بۆ لای ئێمە فڕێ دا. گوتم نایب هات! نایب و سەید محمد هەریەکەی بە لایەکدا خۆیان نەوی کرد و منیش لە سەر تەنیشتێک ڕاکشام. بەردەکە بەڵکوو کیلۆیەک دەبوو، لە بەینی نایب و سەید محمد کەوت و کەمێک وەشانی ڕاستم کەوت و دەرباسبوو. من هەستام و بۆیان چووم. نەیانتوانی هەڵێن و گەیشتمەوە لایان گوتم ئەوە بۆ بەرد داوێن؟ ئەوەی بەردەکەی خستبوو گوتی ببەخشە وەڵا نەمزانی پێشمەرگەن. پێم وابوو لات و لووتی گوندن دەیانەوێ عەزیەتمان کەن! دیاربوو مەبەستی کورە گەنجەکان بوو. پێم گوت لای کە س باسی نەکەن و ئێمەتان نەدیوە و گەڕامەوە لای نایب و سەید محمد کە ٢٠ میترێک لەولاتری من لە بەر سێبەری دیوارێک چاوەڕێم بوون و کچەکانیش چوونە ژوور و زۆریش خەجاڵەت بوون لەو کارەیان.
کە چووینە حەوشەی ماڵی مەبەست، دیتمان ئەوە دوو کچی گەنجی ئەو ماڵە چرایەکی فانۆسیان داناوە و خەریکی ئەوەن گۆشت ورد دەکەن. دیار بوو بەرانێکیان بە وێنجە مردبوو و سەریان بڕیبوو. ئەو کچانەش خەریکی کەوڵ کردن و جیاکردنەوەی گۆشتەکە بوون. یەکیان گوتی: دەزانی پیاوەکان هەموویان چوون خەوتن و هاوکاریان نەکردین؟ ئەوی دیکەش گوتی: دەی خۆیان زەرەدیان کرد ، من و تۆش جەرگ و دڵی بەرانەکە سوور دەکەین دەخۆین جا دەخەوین! ئاگایان لێمان نەبوو کە هەمووی ٢ میتر فاسیلەمان بوو. من گوتم : وەلا منیش شەریکم! ئەوان ڕاچەڵەکین و یەک جێ کاک نایب یان بەر لە ئێمە ناسی . چوونکی ئەوان بەڕاستی بنەماڵەی خۆمان بوون، بە خێرهاتنەوەیان کردین و گوتیان هەر بەڕاستی ئێوەش بوونە شەریک.یەکیان گوتی : ڕاستیان گوتووە کە کەس ڕزقی کەس ناخوا!
بەپەلە گۆشتەکەیان تەواو کرد و دەستیان کرد بە پڕۆژەکەیان کە سوور کردنی جەرگ و دڵی بەرانەکە بوو. دەستیان خۆش و یادیان بەخێر ، پیاوێک لە ماڵەکە دەبا ببینین چوون لە خەویان هەستاند و ئەویش هات بوو بە شەریکمان و بە دەم خواردنەکەمان، قسە و باسی پێویستی خۆمانیش کرد و ئیدی شەو هیندەی نەمابوو. لە گوند دەرکەوتین و ڕۆژەکەی نیزیک فریزیان ماینەوە کە هەتا ئێوارێ لە ترسی مناڵی ئەو گوندە نەمانوێرا لە جێی خۆمان ببزوێین.
ئێوارە داهات و چووینەوە فریزیان و لەوێش سەردانی چەند کەسێکمان کرد و سەردانی گوندی سیناواشمان کرد و لەوێش سەردانی کەسێکمان کە ئامانجمان سەردانی کردنی بوو. ئەو شەوەش چووینە شوێنێک کە پێێ دەڵێن گۆزەلخاتوون و نیزیکە لە گوندەکانی کۆران، سیناوا، بێردووک و فریزیان . کاتێک گوێمان لە ڕادیۆ گرت پەیامێک بۆ کاک نایب هاتبوو کە دەبێ پێش ١٥ی مانگی خەرمانان بگەنە مەڵبەند لە تەڕگەوەڕ . دیارە ئەو پەیامە بە دڵمان نەبوو و جارێ زووبوو بۆ گەڕانەوە، بەڵام بڕیاری حیزب بوو و دەبێ جێ بە جێی بکەین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی