"an independent online kurdish website"

فیلمی”استاد” واتە “مامۆستا” لە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن تاجیک فیلم بە ڕژسیۆری دەوڵەت خودانەزەرۆڤەوە بە زمانی ڕووسی بڵاو بۆتەوە کە هاوکات سناریۆکەشی نووسیوە. ئەوانەی خوارەوە بە یارمەتی دەقی ئەو سیناریۆیە نووسراون و هەندێک زانیاری زیاتریشیان ئاوێتە کراوە:

لە سەرەتای فیلمەکەدا باس لە سەردەمی ژیانی لاهووتی دەکرێ. لاهووتی لە  کۆتایی سەدەی نۆزدە[ساڵی ١٨٨٧] لە کرماشان لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک بوو. باوکی لەبەر هۆگری و خۆشەویستی ئەبولقاسمی فیردەوسی شاعیری ئێرانی، ناوی ئەبولقاسمی لەسەر داناوە. جارێکیان لە کاتی منداڵیدا دەچێتە مەدرەسە، مامۆستا لە لاهووتی دەدات و باوکی بە زانینی ئەم کارە ئیتر لاهووتی بۆ ئەو مەدرەسەیە نانێرێ. لە جەوانی‌دا لاهووتی لە ژێر کاریگەریی بیر و نووسراوەکانی میرزا مولکم خان بوو. لە بزووتنەوەی مەشروتەی ئێران (١٩٠٦) و گرتنی تاراندا بەشدار بووە. بۆ هەوەڵ کەرەت لە کاتی بوونی سپای تزار لە کرماشان لە ساڵی ١٩١٦ لە ڕێگای ئەفسەرێکی بۆلشویک بە ناوی ‘کلانیسۆڤ’ەوە لەگەڵ نێوی لێنین ئاشنا دەبێ. لە ١٩١٧ دا لە کرماشان ڕۆژنامەی “بیستون”ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٩١٨ چووەتە تورکیا و لەوێ لەگەڵ حسن مقدم ڕۆژنامەی “پارس”ی چاپ و بڵاوکردۆتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە ئێران. لە ساڵی ١٩٢١ کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ناسراو بە جەنگەڵ لە گیلان بووە و لە تەورێز بەشداری بزووتنەوەی شێخ محەمەدی خیابانی کردووە، ئینجا هەر خۆی بە یارمەتی ژاندارمەکانی ژێردەستی خۆی لە شارەکەدا حکوومەتی سووری دامەزراندووە و پاش شکستی حکوومەتەکەی، کۆچی بۆ سۆڤییەت کردوە.

لە سەر سنووری ئازەربایجان لە گەڵ هاورێکانی چەک دەکری و بۆ نەخجەوان و پاشان باکۆی دەنێرن. لەوێ بە هۆی دەسەڵاتداریی مساواتچی‌یەکان دەیگرن و لە بەندیخانەی دەخەن و گەلێک شکنجە و ئازاری دەدەن. بە هاتنی سپای کیرۆڤ یەکێک لە فرماندەکانی سپای سوور و ئەندامی ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەت بۆ باکۆ ئازاد دەکرێ. لاهووتی لەسەرەتا دەچێتە مۆسکۆ و پاشان شاری دوشنبە پایتەختی تاجیکستان. هەوەڵ کتێبی لاهووتی لە ساڵی ١٩٢٣ لە مۆسکۆ چاپ کراوە. لە ساڵی ١٩٢٤ ساڵی مەرگی لێنین دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەت. لە تاجیکستان ڕۆڵێکی گەورە لە گەشەپێدانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی تاجیکی و پەروەردەکردنی گەنجانی ئەو وڵاتە دەگێرێ. ئەو هەوڵێن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و ڕۆژنامە بۆ دوشنبە دێنێ، خەڵکی تاجیک لەگەڵ شکسپیر و نووسەرە بە ناوبانگەکانی جیهان ئاشنا دەکات، هەوەڵین ڕۆژنامە واتە “بیداری تاجیک” بڵاو دەکاتەوە. لە دامەزرێنەرانی یەکەمین ئۆپێرا-بالێتی تاجیکستانە. یەکەم سروودی میللی تاجیکستانی نووسیوە. لە کاتێکدا “صدرالدین عینی” نووسەری بەناوبانگی تاجیک بە بیانووی ئەوەی کتێبەکانی شا پەرەستانە و ناسیۆنالیستین، ئیزنی بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی پێ نادرێ، ئەو کتێبەکەی بۆ چاپ دەکات. لە ساڵی  ١٩٣٧ کە عینی دەگرن و کتێبەکانی دەسوتێنن، بوێرانە دەچێتە لای یەکەم سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی تاجیکستان عوسمان یۆسوفۆڤ و داوای ئازاد بوونی ئەوی لێ دەکات. ئەمە بۆ کەسێک کە بۆخۆی پەنابەری ئەو وڵاتە بووە کارێکی گەلێک مەترسیدار بەڵام بوێرانە بووە. عەینی لە نامەیەکدا بۆ لاهووتی دەنووسێ، ئەگەر شتێکم بەسەر هات دەزانم تۆ تەنیا کەسێکی دەتوانی فریای منداڵەکانم بکەوی.

لاهوتی لە بەشدارانی سەرەکی یەکەمین کۆنگرەی نوسەرانی یەکیەتی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٣٣ بووە و لە فیلمەکەدا لە تەنیشت ماکسیم گۆرگی دانیشتووە، لە ساڵی ١٩٣٥ بەشداری  لە کۆنگرەی “بەرگری لە ئەدەبیات” لە پاریس کردوە و وتاری خوێندۆتەوە. چەندین جار میداڵیای جۆراوجۆر  و یەکێک لەوان میداڵیای لێنینی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٤٦ پاش دامەزرانی حکوومەتی ئازەربایجان و کوردستان هیوای گەڕانەوە بۆ وڵات تێدا زیندوو دەبێتەوە و بە وتەی کوڕەکەی “دڵێر”، بەردەوام  هەوای “مامیرویم ما میرویم بە کرماشان”١ دەڵێتەوە، بەڵام شکستی ئەم بزووتنەوانە کاریگەرییەکی ناخۆشی لەسەر دەبێ. منداڵی بە گشتی زۆر خۆش ویستووە و ماڵەکەی جێی هاتوچووی کاڵخۆزنیکەکان بووە و پێوەندییەکی گەلێک خۆشی لەگەڵ خەڵکی زەحمەتکێش هەبووە. لە ڕۆژنامەی پراودا و گۆڤارەکانی دیکەی سۆڤییەتدا زۆرجار بابەت لە سەر گەورەیی کەسایەتیی ئەو لە گەشەسەندنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی تاجیک نووسراوە.
لەم فیلمەدا کوڕەکانی، گیو و دڵێر، کچەکەی لەیلا و خێزانەکەی خاتوو سیسیلیا لاهووتی، شاعران و نووسەرانی ئێرانی وەکو خاتوو ژالەی اصفهانی، نێرسیس نێرسیسیان، ڕەحیم خۆشیم، شەریف حوسێنزادە، میر سەعید میرشاکار، دیمتری لیاشکۆیچ، ئاندرێ ستانسینسکی و … باسی بیرەوەری و کەسایەتی لاهووتی دەکەن.

لە کۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ی زایینیدا کەسانێک لە کاربەدەستانی حیزبی کۆمۆنیستی تاجیکستان نارەحەتی دەکەن و ئەو بە بنەماڵەکەیەوە دەچێتە مۆسکۆ . کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧ لە کۆنگرەی ٢ی نووسەرانی تاجیک بەشداری دەکات سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ٦٠ ساڵە بوونی بڵاو دەبێتەوە کەس پیرۆزبایی لێ ناکات و گوڵی ناداتێ. لە ڕاستی‌دا ڕێبەرانی ئەو کاتەی تاجیکستان دژایەتی و نارەحەتیان کردوە. لە ساڵی ١٩٥٤ لە دووهەمین کۆنگرەی نووسەرانی یەکیەتی سۆڤییەت لە مۆسکۆ بەشداری دەکات. بە هۆی ئەو خۆشەویستییەی کە بە ستالینی بوو، کۆنگرەی ٢٠ی حزبی کومۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەتی و زانینی هەواڵی ئەو کارەساتانەی کە لە کاتی ئەودا ڕووی داوە شوێنێکی زۆر ناخۆشی لەسەر دادەنێ. کاتێک خرۆشۆڤ سەردانی شۆلۆخۆڤ نووسەری کتێبی”دۆنی هێمن” دەکات لێ دەپرسن خرۆشۆڤ بۆلای تۆ نەهاتووە؟، دەڵی نا، ئەگەر بێ بۆ لام دەبێ چی بڵێم، ئێمە نووسەر و شاعیرەکان بووین کە ئەو سیمایەمان [مەبەست سیمای باشە]لە ستالین بۆ خەڵکی درووست کرد و لەم کارەدا هەمووومان شەریکین. لە زستانی ١٩٥٧ لە نەخۆشخانەیەک لە مۆسکۆ کۆچی دوایی دەکات، پەرستارەکان باسی ئەوەیان کردوە لە ئاخر خولەکەکانی ژیانی بە زمانی زگماکی قسەی کردوە و کەس لێی حاڵی نەبووە دەیەوێ باسی چی بکات، کوڕ و خێزانی باس لەوە دەکەن کە بە فارسی یان تاجیکی دەبێ قسەی کردبێ. ڕێورەسمی ١٠٠ ساڵە بوونی لاهووتی لە ساڵی ١٩٨٧ بە چەشنێکی شکۆدار لە تاجیکستان بەرێوە چوو. لە خولەکانی ٥٣ و ٥٧ هەروەها ئاخرین خولەکی ئەم فیلمەدا گۆرانی و شێعر بە دەنگی لاهووتی بڵاو دەبێتەوە.

ئەم فیلمە مێژووییە، گەلێک زانیاریی سەبارەت بە کەسایەتی و شیعر و ژیانی لاهووتی لە کرماشان، تاران، تەورێز، باکۆ، مۆسکۆ و دوشنبە بە بینەر دەدات کە لەگەڵ ڕووداوە ڕاستەقینەکانی مێژووییدا یەک دەگرنەوە. هیوادارم بکرێت فیلمەکە دوبلە بکرێتەوە یان ژێرنووسی کوردیی لەسەر دابنرێت و لەسەر تەلەفیزیۆنێکی کوردی لە باشووری کوردستان پیشان بدرێت. لاهووتی ڕۆڵەیەکی گەلی کوردە کە لە یەکیەتی سۆڤییەتیدا گەیشتۆتە پلەی بەرزی وەک جێگری یەکیەتی نووسەرانی سۆڤییەتی.

یادی بەرز و بەڕێز بێت!

لینکی فیلم:

https://www.youtube.com/watch?v=AmN7vwLb-og

١.‌ دەڕۆینەوە، دەڕۆینەوە بۆ کرماشان

نویترین هەواڵ و بابەت