"an independent online kurdish website

کاک مستەفا لە پەیامەکەی دا ، پێداگری لە سەر تەبایی  و یەکڕیزیی ڕیزەکانی حیزب دەکاتەوە و کاک تەیموریش رەخنەی لێدەگرێ کە کاک مستەفا ئامادە نیە وڵامی نامەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری بداتەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامێک لە مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

بۆ ئەندامان، لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان

وەک ئاگادارن، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، کۆمەڵێک زانیاری و لێکدانەوە لە سەر پرسێکی ناوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو بووەتەوە. بۆ بەرچاوڕوونیی سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لێرەدا جەخت لە سەر چەند خاڵێک دەکەینەوە.

یەکەم: سەرجەم ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات دڵنیا دەکەینەوە کە لە ڕێڕەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سۆنگەی هەست بە بەرپرسیاریەتیی هاوبەشەوە، پێداگری لە سەر تەبایی  و یەکڕیزیی ڕیزەکانی حیزب دەکەینەوە.

دووهەم: لەمێژ ساڵە وەک پڕەنسیپێکی دێموکراتیک و ڕێکخراوەیی، ڕا و بۆچوونی جیاواز وێڕای پابەندبوون بە بنەماکانی کاری ڕێکخراوەیی، سەرمایەیەکی گەورەی حیزبەکەمانە، بۆیە ئێمە ڕێز لە دەنگی جیاواز لە حیزبەکەماندا دەگرین و هەموو ئەو کەسانەی بەلەبەرچاوگرتنی پرنسیپە دێموکراتیکەکان، بۆچوونی خۆیان لە ڕێگای ڕێکخراوەییەوە دەخەنە بەر باس، دڵسۆزی حیزب و خەباتەکەمانن و بە بایەخەوە سەرنج دەدەینە ڕای جیاوازییان.

سێهەم: داوا لە سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزب دەکەین کە بە وشیارییەوە بڕواننە ئەو نووسراو و پڕۆپاگاندانەی کە لە دژی یەکڕیزیی  تەشکیلاتیی حیزب بڵاو دەبنەوە و نیگەرانییان بۆ ئەندامان، لایەنگران و هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر پێکهێناوە.

چوارەم: لە حیزبی دێموکراتدا کاناڵی تەشکیلاتی و میکانیزمی دیاریکراو بۆ پرسیار و ڕەخنە و تێبینی و پێشنیار هەیە. بۆیە وەک بنەمایەکی کاری ڕێکخراوەیی پابەند بوون بەم خاڵە، ئەندامانی حیزبی ئەرکدار دەکات کە پابەندی چوارچێوەی کاری تەشکیلاتی و دیسیپلینی حیزبی بن و  لە سۆسیال میدیادا، خۆیان لە باس و خواستی ناسالم کە زیان بە یەکڕیزی تەشکیلاتیی  حیزب دەگەیەنێت، بە دوور بگرن.

لە کۆتاییدا سەرجەم ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب دڵنیا دەکەینەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکی سەرشانمان، لە ڕاستەڕێی یەکڕیزیمان لەسەر بنەمای پاراستنی یاسا پەسندکراوەکانی حیزب و، پتەوکردنی ڕیزەکانی خەبات لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاو دەنێین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

****

دەقی نووسینەکەی کاک تەیمور لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی

لە پەراوێزی پەیامی یەکڕیزیخوازیی بەڕێز کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبەکەماندا

وەک هەمووان ئاگادارن لە ماوەی ڕابردوودا لە پەیوەندی لەگەڵ هیندێک کێشەی تەشکیلاتیی نێوخۆیی حیزبدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە مەیدانی پێکهەڵپرژان و نووسینی جۆراوجۆر کە خەڵکی هەلپەرەست و نەیاری حیزبیش ڕادەی ململانێکانیان تا ئاستی جنێوفرۆشی و بێ ڕێزیکردن بە کەسایەتییەکانی حیزب دابەزاند و دیمەنێکی ناشیرینیان لە ململانێیەکی ڕەوا پیشانی بەشدارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا کە جێگای داخ و کەسەر بوو.

هاوڕێیانی ئازیز !

پاش چەند ڕۆژ باس و خواس ئیستا کە بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە پەیامێکدا داوای یەکڕیزیی لە کادر و پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگران کردووە جێگای خۆشحاڵییە و هیوادارم بە کردەوە هەنگاو بۆ ئەو یەکڕیزییە هەڵبگرێ و لە قاڵبی دروشمدا نەمێنێتەوە.

بۆ ئاگاداریی ئێوە ئازیزان ماوەی دوو حەوتوو لەمەوپێش کۆمەڵێک کادری ڕێبەریی کۆن و نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانێکی تەشکیلاتیدا کە بەهۆی ساختاری نوێی حیزبەوە بەرۆکی حیزبی گرتووە، نامەیەکی چەند خاڵێمان ڕوو لە بەڕێزیان کرد و داوای چارەسەرمان کرد کە هەموو ئەو خاڵانە لە چوارچێوەی ئوسوول و پرەنسیپە حیزبییەکاندا بوون و ئەگەر ڕۆحێکی دیموکراتیک هەبا دەکرا بە بێ کێشە و یەکتر بوغزاندن چارەسەر بکرێت، بەڵام مخابن وەڵامی هەوڵ و دڵسۆزییەکانمان بۆ چارەسەری کێشەکائ شەپۆلێک لە بوختان و سووکایەتی و بێڕێزیی سازماندراو بوو کە لە بەر بەرژەوەندیی گشتی حیزبەکەمان ناچمە ناو وردەکاریی ئەو بابەتەوە و بەداخەوە بەڕێز کاک مستەفا هیجری تا ئیستاشی لە گەڵ بێ، تەنانەت ئامادە نییە لە گەڵ نووسەرانی ئەو نامەیە بکەوێتە وتوووێژ، لە کاتێکدا کە بەرپرسی هەر حیزبێک نەک هەر پێویستە وەڵامی نامەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری بداتەوە، بەڵکوو تەنانەت ئەرکییەتی وەڵامی نامەی پێشمەرگەیەکی تازە پەیوەستبوو بە ڕیزەکانی حیزبیش بداتەوە.

لەم دەرفەتە کەڵک وەر دەگرم و هەموو هاوڕێیانی حیزبی و خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەمەوە ئەو کۆمەڵە هاوڕێیە کە ئەو نوسراوەیەمان ڕوو لە بەڕێز کاک مستەفا هیجری نووسیوە لە کادرە هەرە خەباتکارەکانی حیزبەکەمانین و یەکڕیزی و گەڕانەوەی شکۆی حیزب بۆ ئێمە بیر  و باوەڕە نەک دروشم و مانۆڕدان. هەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕابردوومان ئەم ڕاستییە بۆ هەموان دەسەلمێنیت. یەکێک لە خاڵە داواکراوەکانمان لەو نامەیەدا پێداگرییە لەسەر وەسەریەکخستنەوەی ڕیزە لێکترازاوەکانی حیزبی دیموکرات کە بڕیاری زیاتر لە ۸۰٪ ئەندامانی کۆنگرەی شانزدەهەم بوو.

ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی تەشکیلاتی لە پێناو شکۆی حیزبەکەمان و هەموو ئەو هاوڕێیانەش کە نەزەری جیاواز لە ئێمەیان هەیە جێگای ڕێزمانن و هەروەک چۆن بە مافی خۆمی دەزانم کە خەبات بکەم لە پێناو بیر و باوەڕ و بۆچوونەکانمدا، هەر ئەو مافەش بۆ ئەوان بە ڕەوا دەزانم و ڕێزی تەواوم بۆ بۆچوون و دەربڕینەکانیان هەیە.

ئەم نووسراوەیە ڕای تاکە کەسی خۆمە، تکایە هەرکەس بە باشی دەزانێ بڵاوی بکاتەوە.

تەیمور مستەفایی

٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩

*****

هەر لەم بارەوە، نامەی کاک مەجید حەقی کە یەک ساڵ پێش نووسراوە مای 2019

نامەی سەر ئاواڵە بۆ بەرێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:

رێزدار

ئەمرۆ باشترین و هەستیارترین کاتە بۆ ئەوەی ئێوەی بەرێز ئاستی رێبەریی (رهبریت) و دڵسۆزی، بەمشووری و خەمخۆری و شۆرشگێری خۆتان بە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشان بدەن و بسەلمێنن لە کاتە هەستیارەکاندا دەتوانن زاڵ بن بەسەر ویستی شەخسی و پرسە تایبەتیەکانی خۆتان لە گەڵ ئەو کەسانەی رۆژگارێک رکەبەریان بوون و چالشی سەر رێگەی بەرێزتان بوون بۆ گەیشتن بە لووتکەی بەرزی رێبەرایەتی حیزب. ئێوە لە شوێنێک دانیشتوون کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر دکتۆر قاسملوو دانیشتبوو و بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەوکات دکتۆر قاسملوو لەپێناو کەمتر بوونی هەزینەی خەباتی نەتەوەکەمان ئامادەی دیالۆگ و گفتگۆ لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بوو، کە بەداخەوە لەو رێگایەدا شەهید بوو و حیزبی دێموکرات و جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵات تووشی قەیرانی رێبەریی بوو. هەلومەرجی هەستیاری ئەمرۆ بەجیاتی کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان کە لە هەموو بوارێکەوە لە لاوازترین قۆناغەکانی مێژووی دەسەڵاتداری خۆیاندان، داواتان لێدەکات بەڵێنەکانی خۆتان کە لە پەیامی دوای ٢١ی خەرمانان و پەیامی نەورۆزی  و پەیامی خۆتان روو لە بەکرێگیراوان و مۆرەکانی سەر بە رژیم بڵاوتان کردەوە، وەدی بێنن. بەڵێنی یەکریزی. ئێوە لە پەیامی دوای ٢١ی خەرماناندا فەرمووتان کە ئێمە دەنگی خەڵکی کوردمان بیست و پەیمان دەدەین وەدیهێنەری داوکاریەکانی ئێوە بین.

لەم هەلومەرجە ناسکەدا دەرفەتێکی زێرین بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاوە، دەرفەتی بوون بە هێزی شوێندانەر، دەرفەتی کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکەن لە دەوری بەها، دروشم و ستراتێژیەکی هاوبەشی نشتیمانی، دەرفەتی وێکخستنی دیپلۆماسی و هێزی پێوەندیەکانی ناونەتەوەیی هاوبەش، دەرفەتی کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە ژێر یەک ئاڵای هاوبەش و دەرفەتی کردنەوەی دەرگای نوێ، دەرفەتی “کوردستانی بوون” کە سەردەمێک دروشمی بەرێزتان لە دوای کۆنگرەی هەشتەمی حیزب بوو، دەرفەتی وێکگرێدانی هەموو رەهەندەکانی خەبات و دەرفەتی دامەزراندنی ئادرێسێکی بەهێزی سیاسی و رێبەریی جۆڵانەوەی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دەرفەتی کۆتایی هێنان بە هەڕەشە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی باسکی نەتەوەکەمان.

ئەمرۆ کاتی ئەوەیە ئێوە لەو دەرفەتە زێرینە وەک رێبەرێکی سیاسی و کەسێکی بە مشوور رابردووی بریندارمان بکەنە هەوێنی پێکەوەبوونی ئەمرۆ و ئاوەدانکردنەوەی دوارۆژمان. بۆیە وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای کوردستان، وەک وەفادارێکی رێبازی حیزبی دێموکرات داوا لە بەرێزتان دەکەم، دروشم و بریارەکانی کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزب لە مەر بەکردەوەیی کردنەوەی یەکیەتی ریزەکانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتوویی دووبارە ماڵی گەورەی دێموکرات جێبەجێ بکەن. ئەمرۆ کاتی ئەوەیە کە “نسکۆ و دابڕان” ببێتە مێژووی کۆن و لاپەرەی خوڵقاندنی نوێ بکرێتەوە ،لاپەرەیەک کە لەودا مستەفا هیجری پێشەکی خەونەکانی وەدیهاتوو و مزگێنی بوون بە شانازی مێژوو دەدات. ئەمە کەمترین چاوەروانیە لە دەتوانرێت لە رێبەرێک هەبێت.

ئەرکی ئێمەیە هەموو تواناکانی خۆمان وەگەر بخەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی راسانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ئەرک و رەساڵەتە تەنیا بە یەک کەس و یەک لایەنی حیزبی دیموکرات و کۆبوونەوەی چەند حیزبێکی دابەشکراو کە نەیانتوانیوە پرسەکانی خۆیان چارەسەر بکەن وەدی نایەت. ئەو ئەرکە بە چارەسەری وەدی دێت و کلیلی سەرەکی ئەو چارەسەریە لە دەستی بەریزتاندایە.

بەرێزەوە

مەجید حەقی 15/5/2019 هێلسینکی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی