"an independent online kurdish website

 پێشتر خوێندنەوەم بۆ هەردوو بەرگی ١ـ٢ ی کتێبی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی کاک عەتا قەرەداخی کردووە و بە دوور و درێژی لەسەرم نووسیوون. لێرەدا نامەوێ جارێکی تر بگەڕێمە سەر نووسەر و ئەو میتۆدانەی کاری پێ دەکات.

ساڵی ٢٠١٩   چاپی یەکەم/ ٢٩٥ لاپەڕە، دەزگای جەمال عیرفان

 ئەم بەرگەش کە هەوڵێکی تری کاک عەتایە بۆ خوێندنەوەی گوتاری ناوبراو، ئەمجارە لەبری بزاڤ و حیزبی کوردی، بەرهەمی کۆمەڵێ  نووسەری هەڵبژاردووە، کە بەشدارن لە هەڵچنینی کۆشک و تەلاری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی. ئێمە دەزانین هیچ کارێک بێ کەموکورتی نییە، بۆیە کارەکەی کاک عەتاش هەر دەلاقەیەکی گەورەی تێنەکەوتووە و بەڵکە ڕووبەرێکی پانوبەرینی تەمومژاوی و گومان لێنیشتوویشی سازداوە ،کە  پرسیاری جۆراوجۆر هەڵدەگرێت.

سەرەتا پێویستە بە گوتەیەکی Samuel Coleridgeدەست پێدەکەم:” بلیمەت و زاناکان خاوەن ئایدیان، دەنا زۆرینەی خەڵک لەلایەن ئایدیاوە داگیرکراون”. کەواتە پێویستە ئەوە بڵێین کتێبەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورە بە ناوی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی. دیار نییە بۆ ئەم کارە کاک عەتا چ پێوەرێکی لەبەرچاو گرتووە؟. چونکە نە لە ڕووی کرۆنۆلۆژیاوە کاری لەسەر هەڵبژاردنی  ئەو نووسەرانە کردووە و نە هیچ پێوەرێکی تری تێدا لەبەرچاو گیراوە. بەشی زۆری ئەو نووسەرانەی کاک عەتا دیاری کردوون، کۆچی دواییان کردووە،جگە لە د. کەمال مەزهەرـ تەندروستی باشی بۆ دەخوازین ـ . هەر بە گەزومقەستی خوێندنەوەکەی خودی کاک عەتا، نووسەر هەیە ناکەوێتە خانەی خاوەن گوتاری ناسیۆنالیستی کوردییەوە،  خودی قەرەداخیش بابەتییانە ئەمەی ساخ کردۆتەوە. کەچی هێناوێتی و شەنوکەوێکی دوورودرێژی بۆ بەرهەمەکانی کردووە.  کەواتە چەند ناوێک بەرچاو دەکەون کە نەدەبوو بەرچاو بکەون، کۆمەڵێکی تر نابینرێن، کە دەبوو وەک سەرمەشق دابنرانایە. ئەمەش نیشانەی تێکەڵی و پێکەڵی و نەبوونی پێوەر و بنەمایەکە بۆ کارەکەی قەرەداخی.

ئەم خوێندنەوەیەی بەندە لەسەر بنەمای دوو شت بوو، ڕاسکردنەوەی هەڵە و بۆچوونەکان لەسەر مامۆستایان مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەز و ڕەخنەگرتن لە ڕیزبەندی ناوەکانی خوالێخواشبوو برایم ئەحمەد و بەڕێز د. کەمال مەزهەر  بە تایبەت لەم توێژینەوەیەدا.

 بۆ نموونە، قەرەداخی خوێندنەوەیەکی تێروتەسەلی ورد و بابەتی بۆ گوتاری خوالێخۆش بوو “برایم ئەحمەد” دەکات و دەگاتە ئاکامێک لە دوا دێڕی نووسینەکەیدا دەڵێ: ” بەم پێودانگە کە گوتاری مێژوویی و سیاسی نووسەر ـ برایم ئەحمەد ـ لە دەرەوەی بازنە و سنوور و پێناسەی گوتاری نەتەوەیی یان ناسیۆنالیزمی کوردییە و گوتارێکی پان عەرەبییە”.

ئەوەی سەیر و سەمەرەیە، قەرەداخی ئەم ڕاستییە دەزانێ و ناونیشانی کتێبەکەشی بە ئاگاییەوە هەڵبژاردووە و کەچی دێت ناوی برایم ئەحمەد دەهێنێتە ژێر چەتری باسەکەیەوە و لەتەک خاوەن گوتارە نەتەوەییەکاندا ڕیزیان دەکات!. وەک خوێنەرێک لەم تێکەڵوپێکەڵکردنە حاڵی نابم و دەپرسم: کاک عەتا چۆن ئەمە دەکات و، بۆ خۆی دەخاتە هەڵەی وا زەقەوە؟ مەبەستی  لەم کارە چییە؟. ئەمەی بە ئاگاییەوە یاخود بێئاگاییەوە ئەنجام داوە؟..

کاک عەتا  بەڕێز” د. کەمال مەزهەر”یشی خستۆتە ناو لیستی ئەوانەی وەک خاوەن گوتاری نەتەوەیی/ ناسیۆنالیزم کاری لەسەر کردوون. گەرچی دەشزانێ ئەم خوێندنەوەی ئەو بۆ کەسانی خاوەن گوتاری ناوبراو، جێی کەسێکی تێدا نابێتەوە ـ وەک د. مەزهەر ـ  لە دیدێکی ئایدۆلۆژییەوە، پرۆژەی بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتیش نەبێت، کار لە پسپۆڕیەکەی خۆیدا ـ مێژوو ـ بکات دوور لە گوتاری ناوبراو ، کە دەکەوێتە دەرەوەی خانەی ئەوانەی  کاک عەتا لە پێشەکییەکەیدا ڕیزبەندی کردوون و دەڵێ: ” هاوکات بیر و ئایدۆلۆژیای چەپ بەسەر هەندێکی تریانەوە دیارە و ئەمەش لایەنگری مانەوەی کورد دەکات، لە سایەی ئەو دەوڵەتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و ئەوان ئێستا داگیرکەری کوردستانن(…) ئەوەش لەو ڕوانگەیەوە هاتووە، کە بیری چەپ پێی وایە دەشێ لەسایەی دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەردا نەتەوەی بن دەست بژی، وەک ئەوەی سیستێمی سۆڤیەتی بانگاشەی بۆ دەکرد لەژێر دروشمی دیموکراتی بۆ دەوڵەت و ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەی بن دەست”.

پێڕەوانی هەردوو ئاڕاستەکە ـ عێراقچێتی و چەپایەتی ـ هەر لە سەرەتاوە، ناڕاستی شکستی خۆیان کردۆتە ناسنامەی گوتارەکەیان ، چونکە هەر لە پێشڕا بە باوەڕەوە:

ـ باوەڕیان بەو کیانە دەستکردانە هەیە، کە ئیمپریالیزم دروستی کردوون و دەوڵەتی کورد نیین.

ـ خۆ بەکەمزانین و هەستی پەستی و گرێی دەروونییان هەیە، بۆیە تاکێکی تێکشکاون.

ـ بە ناوی خەباتی برایەتی و پێکەوە ژیان و چینی کرێکارەوە، دۆزی نەتەوەیی پەراوێز دەخەن و خزمەت بە میللەتە سەردەست و دەوڵەتە بیژۆ و نامۆکان دەکەن، پڕوپاگەندە بۆ بەرجەستەکردنی دەسەڵات و دەوڵەتی بێگانە دەکەن.

ـ زڕە خەونی دیموکراسی و سۆسیالیزمی دەبینن و پێیان وایە لە وڵاتێکی وەک سویسرادا دەژین.

ـ دەیانەوێ دیموکراسی بەرن بۆ پایتەختی داگیرکەران و فشە ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد دابین بکەن.

ـ داوای دەوڵەت بۆ فەلەستین دەکەن، خۆیان دەخەنە سەنگەری عروبەی دژ بە زایۆنیزم و  دەیانەوێ کوردیش ڕاکێشنە، نێو  شەڕێک، کە ئامانج و ستراتیژ و ئەرکی سەرەکی ئەو نییە.

ـ گوتاری داگیرکەرچێتی و عێراقچێتی گوتاری پێکەوە ژیانێکی یەکسان و ماف پارێزراو و کەلتوورێکی پێشکەوتووی ژیانی مۆدێرن نەبووە وەک نموونەی سویسرا. بەڵکو وتاری قبووڵکردنی داگیرکەر و داگیرکراو،سەردەست و بندەست،زاڵم و زوڵملێکراو،جەللاد و قوربانی ،بە کورتی ڕازیبوونە بەوەی  بێگانە حوکمی کورد بکات ….هتد.

ڕەنگە گەلێ باس و خواستی تریش هەبێت لێرەدا ئاماژەیان پێ نەدراوە، لێ خوێنەری زیت لێی بە ئاگایە. ئەمەش دژی بە گوتاری نەتەوەییە و واتای خۆ بەدەستەوە دان و دەستهەڵگرتنە لە دۆزی نەتەوە و بەزین و دۆڕاندنە.

کەواتە هیچ پێوەر و بنەما و توخم و ڕاستیی و ئەزموون و زانستێکیش نییە، بیسەلمێنێ کەسێک لەژێر کاریگەرێتی گوتاری پان عەرەبیزمدا بێت و کار بە گوتاری ناسۆنالیزمی کوردی بکات، کە دوا ئامانجی سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونە!. یاخود ڕازی بێت بە دەستوور و سنوور و قەوارە و ناسنامەی دەوڵەتی دەستکردی داگیرکەر و داوای دیموکراسی بۆ بکات و خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی هەوڵ بدات. ئەم بیرکردنەوە و گوتارە هەر لە پێشڕا دەیسەلمێنێ، واز هێنانە لەو پرۆژەیەی ناسیۆنالیزم لەخۆیدا هەڵی گرتووە. کەواتە هەردوو تێزەکە هەم ناگونجێن و هەمیش تەواو پێچەوانەی گەوهەری ئامانجی نەتەوەیین و دەبوو ببنە پرۆژەیەکی تری سەربەخۆ لەژێر ناوێکی پێچەوانەی ناوی ئەم کتێبەدا.

پرسیار ئەوەیە، بۆ قەرەداخی هاتووە و خوێندنەوەی بۆ ئەمانە کردووە ؟  ناوی خستوونەتە پاڵ نووسەرگەلێک کە خاوەنی جیهانبینییەکی تەواو نەتەوەییانەن!. ئەمە جێی سەرسووڕمان و پرسیارە؟. هەڵبەت ئامانجی من کەمکردنەوەی ناو و ناوبانگی ئەو دوو زاتە نییە، نادیدە گرتنی بەرهەمەکانیان نییە! خۆشم نادەم لە قەرەی ئەو باسە و ڕۆڵی سیاسی و مێژوویان و مەبەستیشم نییە بێ نرخانە تەماشای کارەکانیان بکەم. لێ باش دەزانم کەوا ئەوان و گوتارەکەیان لەگەڵ ئەم ناونیشان و باسەدا ناگونجێ، کە قەرەداخی لەبەرچاوی گرتووە و دەیەوێ پێشکەشمان بکات.  سەرەتا لەوێوە دەست پێ دەکەم، قەرەداخی لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەدات. ئەوسا دێمە سەر ئەو نووسەرانەی کە هەڵیبژاردوون و بەو ڕەگەزانەی گوتاری ناوبراوەوە.

پێناسەکردنی گوتاری نەتەوەیی کردنەوەی دەرگای باسەکەیە، ئەوجا عەتا قەرەداخی داوا دەکات: ” گەرەکە گوتار ڕوویەکی شارستانی مرۆیانەی هەبێت”!. لەدیدی قەرەداخییەوە ئەمەش بەوە دەبێت:  ” ئەم گوتارە لەسەر بنەما و مانای ڕەتکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گوتاری ئەوانی تر بنیات نەنرێت. بەڵکە گوتاری ناوبراو هەر چۆن ڕەوایەتی بە بوونی خۆی دەدات، بە هەمان شێوەش، ڕەوایەتی بە بوونی ئەوانی تر بدات. واتە نابێت گوتاری نەتەوەیی کوردی، ڕەگەزەکانی بە سووک یان کەم سەیرکردنی ئەوانی تر بارگاوی کرا بێت”. ئەم بۆچوونەوە بەدیوێکدا ڕاستە نابێت بە چاوی سووک و کینەوە تەماشای گەل و نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی تر بکەین. بەدیوێکی تر کاک عەتا داوای ئەوەمان لێ دەکات، ئەوانە ڕەت نەکەینەوە و هەڵونەوەشێنییەوە، ڕێزیان لێ بگرین و بە چاوێکی بەنرخەوە تەماشایان بکەین!. ئەگەر وانییە، چۆن قسەی وا دەکات!؟. ئاخر پێویست بوو قەرەداخی ئاماژەی بە گوتاری ئەوان بکردایە و ڕوانگەی ئەوانی بخستایەتە بەرچاو و  پێگە و بوون و نرخی بوونی کوردی تێدا بخوێندایەتەوە. بەڵام قەرەداخی هەر داوا لە کورد دەکات، گوتارەکەی مرۆڤدۆستی و مۆدێرن و شارستانی بێت. کە لە هەقیقەتدا گەوهەری گوتاری نەتەوەیی کورد، بەم تێڕوانینانە بەرجەستە بووە.

ئەم پێناسە و دیاریکردنە بۆ گوتاری ناسیونالیستی کوردی، وەک وشە و ڕستە و مانا، جوان داڕێژراوە، لێ تەواو تەواو پێچەوانەی واقیعی مێژوویی و ئەزموونەکان و ئەرگومێنتەکانە. ئاخر گوتاری ئەوانی دیکە! گوتارێکی نەک بارگاوییە بەو دوو سیفەتەی باسکراوە، بگرە ناوەڕۆک هەڕەشە ئامێز و هەڵچووە لەسەر بناخەی کوشتن و بڕین و قڕکردنی کورد. گوتاری ئەوان داوای ژیانە بۆ خۆیان و مەرگیش بۆ کورد،بەواتایەکلی تر لە بوونی کورددا مەرگی خۆیان دەبیننەوە. گوتاری ئەوان باوەڕی بە بوونی تۆ نییە، تۆی کردۆتە پاشکۆی خۆی و هەوڵی لەناوبردنت دەدات. کەواتە ڕەتکردنەوە و بەربەرەکانی و هەڵتەکاندن و هەڵوەشانەوەی ئەم گوتارە، ئەرکێکی سەرەکییە و دەرفەت بە تۆ دەدات، گوتارێکی تەندروست و شارستانی هەبێت. جەخت دەکەمەوە بێ خۆهەڵدانەوە ناوەڕۆکی گوتاری نەتەوەیی بۆ خۆی لەم ڕووەوە گەش و بێگەرد و لێوانلێوە، لە بەخشندەیی و مرۆڤدۆستیی.  گەرنموونە  بخوازن هێندەی ژمارەی شەهیدانی کوردستان  نموونەمان لەبەر دەستدایە.

بە واتایەکی تر قسە سەوز و سوورەکانی کاک عەتا، هی سکی تێر و باخەڵ فەرەحی و کەوتن بە شەوارەی دەقی کۆمەڵێ کتێبی تۆز لێ نیشتوون و هەڵەوەرییەکی بێ بنەمای دوور لە واقیعە و بە پۆزلێدانەوە و بە هەڵە کراوە. ئەگەر کاک عەتاش پێویستی بەوە بێت، جارێکی تر وێنەیەکی مێژوویی گوتاری خوێناوی و شەڕانگێزی نامرۆڤانە و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی تورک و فارس عەرەب بەسەر  بکەینەوە، ئەوە خوێنەری کورد ئەو نمایشتەی پێویست نییە.

بێشکچی گەورە زانای سۆسیۆلۆژی تورک دەڵێ”: دوژمنایەتیکردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان،یەکجار بە دڕندەیی و خوێنڕێژانە کراون. بنیادەم ببڕای ببڕ نموونەیەکی تری بۆ ئەم دڕندایەتی و کۆنەپەرستییە لە هیچ جێیەکی تری جیهاندا بۆ نادۆزرێتەوە. کورد و کوردستانیان بە ڕادەیەک زەوت کرد،کە هەتا ناوی هەردووکیان لەسەر ڕووی زەوی سڕانەوە”.

گوتاری ناسیۆنالیزمی تورکی، باوەڕی بە کورد نییە و هەڵگری هەرچی ڕەگەزە نامرۆڤایەتییەکانی مێژووە. گوتاری فارس، تۆی وەک برا بچووک و ئامۆزاش قبووڵ نییە، دەبێت ملکەچ و پاشکۆی خۆی بیت جێگەت لە چوارچێوەی بۆتەقەی ئێرانچێتیدا بێت. گوتاری عەرەبیش، جارێک  بە ئومەی ئیسلامی و جارەکەی تر بە کوتەکی دەستی زایۆنیزم و ئیمپریالیزمی داناویت و نیشتمانەکەشت بە هی عەرەب قەبڵێندراوە. لە هەر سێ گوتارەکەدا، کورد وێنا کراوە بە شەیتانێکی نەفرەت لێبوو. کوشتنی کورد و لەناوبردنی بە هەموو مەزهەبەکان حەڵاڵ کراوە. ئەوەتا سێبەری ئەم گوتارە لە بواری سەربازی و ئابووری و ڕۆشنبیریی و سیاسی و هەموو بوارەکانی تر چەندین سەتەیە شانی قورسی داداوە، لای ئەوانەی لەسەر حوکم و ئەوانەشی بەڕێوەن دەسەڵات بگرنە دەست. نموونەی حکومەتەکانی تورکیا و ڕژێمەکانی ئێران و حکومەتەکانی عێراق و دەسەڵاتەکانی سووریا، مێژوویەکی زیندووە.

 من لێرەدا نموونە لە خودی کتێبەکەی نووسەرەوە دەگوازمەوە بۆ بەرچاوی خوێنەر، تا ئەو دژبەیەکییەی کاک عەتا پێوەی گرفتارە بخەمە ڕوو  .جەمیل ڕۆژبەیانی دەڵێ: ” قەڵەمی دوژمن جارێ ئێمەی کردووەتە جنۆکە ،جارێ ئێمەی کرووەتە زۆڵ، جارێ ئێمەی کردووەتە نەتەوەی کوردی کوڕی مەرد، جارێ ئێمەی کردووە بە فارس، جارێ پیاوانی ئازامانی ناوناوە دز و درۆزن و شوانە وێڵە، ئەمەشیان بۆچۆتە سەر” .   

ئەوەی جێی سەرنجی وردە، هەر سێ گوتاری ئەوان دژ بە کوردە، بە ناوەڕۆک دژ بەیەکتریشن، کەچی  هەمیشە پێکەوە کۆکن لەسەر نکۆڵی و قڕکردنی ناسنامەی کوردبوون. لە نێو خۆیاندا بە بەرنامەن و هاوکار و هاوپەیمانن. بەکورتی و کرمانجی لە پشت گوتاری هەر سێکیانەوە، دەیان پرۆژەی ئاشکرا و نهێنی بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزاڤی کورد و ناسنامەکەی هەیە. مامۆستا مەسعوود محەمەد لەم ڕووەوە ـ خەباتی ئینتەرناتسیۆنالی ئایینی یان ئایدۆلۆژیایی کورد ـ  خاوەنی وتەیەکی هێجگار جوانە و دەڵێ ئەم جۆرە بیرکردنەوە وەک ئەوەیە: ” سواڵکەڕێک دەستکەوتی ڕۆژێکی سوڵکردنی خۆی دەخاتە سەر سامانی ملیۆنێرێک، لە بەرانبەریشدا نە سوپاسی دەکرێ و نەخەڵات دەکرێ”.

جا کاک عەتا وەرە و تێمان بگەیەنە، کورد و گوتارەکەی لەم ڕووبەڕەدا، چ شوێنێکی پێ دەبڕدرێت؟!. یاخود چۆن ڕەفتار بکەن.  دواتر دەڵێ: ” هیچ کام لەو نووسەرانە نەبوونەتە خاوەنی گوتاری تەواوی نەتەوەیی، بەو مانایەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی  کە تەنیا لە سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیدا خۆی دەبینێتەوە” . ئێمە بەوردی کاردەکەین لەسەر ئەم بۆچوونە، لە چوارچێوەی بەرهەمی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی قەرەداخی دەسنیشانی کردوون.   دواتر ئەم نووسەرانە بەسەر چەند گرووپ و ئاڕاستەیەکی جیاوازدا دابەش دەکات. پێشتر ئاماژەمان بە پان عەرەبیزم و چەپ کرد. بەشێکی تریان پۆلێن کراون بەوەی لەژێر کاریگەرێتی ئایین دان، بەتایبەت ئیسلام و ئەوی تریشی لەژێر کاریگەرێتی گوتاری دواکەوتوو و داخراوی ناسیۆنالیزمی عەرەب، کە خاسێتی کۆنەپەرستانە و شۆڤێنیزمی هەیە. کاک عەتا دەیەوێ ئەم ناونیشان و بکاتە دەروازەی تۆمەتبارکردنی، ڕەوانشاد جەمال نەبەز و کاژیک و پاسۆک،بۆیە لێرەدا ڕیزبەندییان دەکات. دواتر دێینە وێزەی ئەم بۆچوونەی قەرەداخی.

هەر لەم پێوەندییەدا تۆمەتی ناوچەگەرێتی و خێڵایەتی و سەربەخۆخوازی بۆ یەک بەشی کوردستان دەداتە پاڵ مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەز و ئەوانەی  خاوەن گوتاری ڕاستەقینەی  ناسیۆنالیستانەن.

لەبەرئەوەی جارێ قەرەداخی دەرگای پرۆژەکەی دانەخستووە و بەردەوامە لەسەر کارکردن لەسەری، وەک لە پێشەکییەکەیەدا پێمان دەڵێ:” ژمارەیەکی دیاری تر لە نووسەر و مێژوونووسان ماون کە بەرهەمەکانیان لە ڕوانگەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردییەوە شایانی قسە لەسەر کردنن”. بۆیەکا منیش نامەوێ پێش بکەوم و ناوی ئەو نووسەر و خاوەن گوتارەنەتەوەییانە /  ناسیۆنالیستانە بەرم، کە کاک عەتا ناهەقی گەورەی دەرهەق کردوون.

 ئاخر مێژوو وێنەی  لەبیرکراو و فەرامۆشکراوەکانمان بە جۆڕێکی تر نیشان دەدات. چونکە هیچ پێوەرێک و خوێندنەوەیەک بۆ ئەم کارەی نووسەر دەرک پێناکەین،نازانین بۆ لەبیری کراون؟!. ئەوانەی لەم کارەی قەرەداخیدا شایستەی بەرزن، بکەونە ناو ئەم خوێندنەوەیەوە، جگە لە ڕەوانشادان مامۆستا مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەز، هەر یەک لە ( شەرەفخانی بەتلیسی و رەفیق حیلمی و عەلادین سەجادی و مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی و شوکور مستەفا) یە. خوێنەری کورد ئاگادارە ئەمانە بە شاکارەکانیان، مێژوویان، بیر و هزریان سەلماندوویانە خاوەنی گوتاری ناوبراون.ئەم ڕاستییەش چ دەمەتەقێیەک هەڵناگرێ و لای خوێنەری کورد بڕاوەتەوە.

لەم خوێندنەوەیەدا گەرەکمە بەشێکی هەرە زۆری ئەو هەڵە و خراپ تێگەیشتن و شێواندنەی لکاندوویەتی بە هەردوو مامۆستایان مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەزەوە، ڕاست بکەمەوە و ڕووناکی دروست بخەمە سەر ڕاستییەکان. تا وێنە ڕاستەقینە و بێ ڕتووشەکەیان وەک هەن بخەمە بەردەست خوێنەری ئازیز.

بە کورتی بۆ ئەوەی بە خێرایی زانیارییەکی گشتی ئەم کتێبە بەخشمە خوێنەران، قسە لەسەر یەکە بە یەکەی ئەوانە دەکەم خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

شەرەفخانی بەدلیسی ١٥٤٣ـ ١٦٠٤

شەرەفخان لەسەدەی ١٦ دا شەرەفنامەی بە زمانی فارسی نووسیوە. کاتێ کورد لە پەراوێز و تاریکایی مێژوودا ناشیرین کراوە، ئەم مێژوونووسە، دێت ڕایدەکێشێتە مەیدانی بوون و دەیهێنێتە سەر شانۆی بوون و بەپێوە ڕایدەگرێت و هەوڵ دەدات تیشکی ڕووناکی بخاتە سەر تایکستانەکەی..

شەرەفخان بە تۆمارکردنی ڕووداوەکان و باسکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییە کوردییەکان و بیرکردنەوە لە کێشانی نەخشەی کوردستان و کێشانی سنوورەکەی تا دەگاتە دیاریکردنی ڕەگەزی سەربەخۆی کورد لەو ئالۆزییەی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەم هەموو  بیرکردنەوە و کار و خزمەتە نەخشەی ناسنامەی کورد و کوردستان بە تایبەتمەندییەکانی خۆیە دەنەخشێنێ. سەردەمی ئەویش هەردوو بەرداشی سەفەوی و عوسمانی لە ئارادا بووە،لەگەڵ ئەوەشدا تائەوپەڕی گونجان هاوسەنگێتی ڕادەگرێ، دواجار فاکتی ئایین سەنگەری دیاری دەکات و دەکەوێتە لای عوسمانییەکان و شەڕی سەفەوی شیعە مەزهەب دەکات.

سەرباری کۆمەڵێ باری سەرنج و تێبینی، هێشتا شەرەفخان پانتاییەکی گەورەی لە گوتاری نەتەوەیی کوردی داگیر دەکات. شەرەفخان ٤ـ٥ سەدە لەمەوبەر هزر و ئەندێشەی هەبووە و بەدوای ناسنامەی نەتەوەکەیەوە بووە. کاک عەتا خوێندنەوەیەکی وردی بۆ کردووە و کەموزۆر هەقی خۆی داوەتێ.

محەمەد ئەمین زەگی بەگ ١٨٨٠ ـ ١٩٤٨

فەرهاد شاکەلی دەڵێ:” ئەوانەی لە توریاوە گەڕانەوە دوو دەستە بوون تۆفیق وەهبی،محەمەد ئەمین زەکی ،ڕەفیق حیلمی و پیرەمێرد. ئەگەر بە تێرمە سیاسییەکەی ئەم سەردەمە قسە بکەین،دەتوانم بڵێم پیرەمێرد و حیلمی کوردستانی بوون. وە‌بی بەگ و زەگی بەگ عێراقچیبوون.  پیرەمێرد و حیلمی لە نەتەوەکەی خۆیانەوە نزیکتر بوون،وەهبی بەگ و زەگی بەگ زیاتر خانەدان و ئەریستۆکرات بوون و نەیاندەویست دڵی کورسی و دەسەڵاتیان لێ بڕەنجێ”.

قەرەداخی باسی لە ژیاننامەی کردووە. ئێمە هەموو ئەوە دەزانین دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی زەگی بەگیش یەکێکە لەوانەی بە پلەیەکی بەرزی سەربازییەوە دەگەڕێتەوە وڵات. چونکە دەوڵەتی فرە نەتەوەیی عوسمانی بە ئایینی ئیسلامەوە وردە وردە ناسنامەی دەوڵەتی تورکی لە خۆدەگرێت. بەڵام هەر زوو لەسەر داوای ئینگلیز ڕووەوە بەغدا دەچێ بە هانای دەوڵەتە دروستکراوەکەی عێراقەوە. ئەمیش گوایە بەهەمان پێوەر دەوڵەتی فرە نەتەوەیی موسڵمان ! لەوێ ڕۆڵێکی گەورە لە دروستکردنی سوپای عێراقدا دەگێڕێ و وەک پیاوێکی ئەرستۆکرات و پیاوی دەوڵەت  پلەوپایەی پێ دەبەخشن. ئەم پێگە و خزمەتە بە عێراق لە کاتێکدایە، کورد بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود لە شۆڕشدا بووەبۆ سەربەخۆیی  بە دەوڵەتبوون.

دواتر لە بەرەو کۆتایی تەمەنیدا وردە وردە هەست و نەستێکی کوردانە دەیخاتە بەردەم پرسیاری قەومی کورد لە چ نەتەوەیەکە، چی بەسەر هاتووە؟ ئەم بیرکردنەوەیە ناچاری دەکات دەست بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەر کورد و کوردستان بکات. کۆمەڵێ بەرهەمی مێژوویی دەخاتە کتێبخانەی کوردییەوە. نووسینەوەکانی بە زمانی کوردی دەبێ،ئەگەرچی داوای لێ دەکەن بە عەرەبی یاخود بە تورکی بەرهەمەکەی بنووسێ. عەتا دەڵێ:” ئەم و بەشێکی تری ئەوانەی لە دەوڵەتی عوسمانییەوە گەڕانەوە لە ڕووی تیورییەوە گوتاریان بارگاوین بە ناسیۆنالیزم و لە ڕووی کردەییەوە پان تورکیزم و دواتر پان عێراقیزمە. بە هەرحاڵ عەتا ئاماژە بە کتێبیکی ئەمین زەکی نادات،ـ دوو تەقەلای بێ سوود” کە هەوڵێکی گەورەیە بۆ بیر و تیکۆشان و پرۆژەی داخوازییەکانی ناوبراو بۆ کورد و گوتاری نەتەوەییانە و ڕەنگە کۆمەکێکی باشتری بە نووسەر بکردایە. ئەوەی لێرەدا ئەمین زەگی وەک پرۆژە بۆ کورد لە حکومەتی عێراقی دەکات،دەوڵەمەندە بە داخوازیی نەتەوەیی. لە پەیڕەو و پرۆگرام و داخوازی گەلێ حیزبی کورد ئەوسا و  هەتا ئێستاش زیاترە. بۆیە گرنگ بوو، قەرەداخی لێی بەئاگا بێت، تا مافی تەواوی بداتە ئەمین زەگی بەگ.

شێخ محەمەدی مەردۆخی کوردستانی ١٨٨. ـ ١٩٧٨

ئەم مێژوونووسە لە نێوان گوتاری کوردی و ئێرانی، سووننە و شیعەدا بە گشتی کوردییەکی هاوبەشی فارسی لە ئێراندا و سووننەیەکی ناکۆک بە شیعەدا بووە.

خۆی بە عەرەب نەزانیوە و هێرشەکانی ئیسلامی بەداگیرکاری و زیان بە کورد و کولتوورەکەی داناوە. زۆر بە قووڵی باوەڕی بە هاوچارەنووسی کورد و فارس بووە. کەواتە سێکوچکەی کوردبوون، سووننەبوون و ئێرانی بوون، زەمینەی بیرکردنەوەی ئەو بووون. دەکرێ بکەوێتە خانەی خاوەن گوتاری پان ئێرانیزم. ئێرانیش بە موڵکی دوو ڕەگەز کورد و فارس نەژاد ئاری بینیووە. لە ڕوانگەی ئەم سەردەمەوە دەکرێ بڵێێن باوەڕی بە برایەتی کورد و فارس هەبووە و  ڕاستگۆیانەتر ئێرانچێتی هەبووە. وەک زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. مێژووش هەزاران لاپەڕەی بە ڕووداوی سەیروسەمەرە و تراژیدیاوە لەم بوارەدا بۆ تۆمار کردووین. قەرەداخی خوێندنەوەیەکی باشی بۆ کردووە و مافی خۆی داوەتێ بەو گوتارەی ئاماژەمان پێدا.

رەفیق حیلمی ١٨٩٨ ـ ١٩٦٠

حیلمی هێشتا گەنجێکی خوێن گەرمە بە گیانی بەرزی کوردایەتییەوە دەردەکەوێ و خێڕا دەبێتە جێی سەرنج و هیوای شێخی نەمر. حیلمی بە وزە و هێزێکی گەورەوە دەچێتە نێو ڕووداوە پێچەڵپێچەکانی ئەو ڕۆژگارەی دوای داڕمانی عوسمانی و کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی و هاتنی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز بۆ ناوچەکە و شۆڕشی شێخی نەمرەوە. پەیمانی سیڤەر و سەرنەکەوتنەکانی شەریف پاشا و نەگەشتی دەنگی کورد بە جیهان ، دەبنە جێی پەرۆشی گەرمی مامۆستا حیلمی. بە هەموو پێوەر و نیشانەکان حیلمی کەسایەتیی و سیمبۆڵێکی دیاری نەتەوەیی کوردە و بە هزر و چالاکی سیاسی و زرنگانەوە، بە ئاگا و خەمخۆر  لە کایەی ئەدەبیشدا کاری بۆ سەربەخۆیی نیشتمانەکەی کردووە. پاشان گەورە ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگری واقیعبینی سەردەمەکەی خۆی بووە. کۆمەڵێ زمانی زانیوە، ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی جیهان بووە. لە هەمووی گرنگتر، خاوەنی سەرنج و تێبینی زۆری خۆی بووە لەسەر شۆڕشەکەی شێخ و کەسانی دەوروبەری، لەگەڵ ئەوەشدا دەیتوانی وەک زۆری تر بچێتە بەغدا و لە ئینگلیزەکان نزیک بێتەوە و یان لە ئۆزدەمیر و تورکەکان، بە پارە و پلە و پایە فریو بخوات، لێ چونکە ڕەسەنایەتی باوەڕە کوردایەتییەکەی تووند گرتبوو، پشتی شێخ بەرنادات و سەنگەرەکەی کوردایەتی چۆڵ ناکات.  ئەمەش گەورەترین بەڵگە و شانازی ناو و مێژووی مامۆستا رەفیق حیلمییە.

مامۆستا بەردەوام دەنووکی لەسەر هۆشیارکردنەوەی کورد و هاندانی خوێندەواری و بایەخدان بە  ڕۆشنبیران بووە. کاری بۆ پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی کردووە، سەنگی خۆی لەنێو تەوژمی پان تورکیزم و ئینگلیزدا نەدۆڕاندووە. هیچ کاتێ بیری لە بەرژەوەندی خۆی نەکردۆتەوە. بەرهەمەکانی یاداشتەکان بە تایبەت و کارە ئەدەبییەکانی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی بیروبۆچوونی نەتەوەیین و لێوانلێون لە ڕەگەز و توخمەکانی گوتاری هۆشمەندانەی ریالیستی نەتەوەیی کوردی. هەڵبژاردنی بە سەرۆکی حیزبی هیوا و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووی پڕ لە تێکۆشانی کوردایەتی،هەموو بەڵگە و گەواهی ئەوەن حیلمی نەک هەر خاوەنی ڕەگەزی گوتاری نەتەوەیی بووە، بگرە لەزۆر بواردا بەرجەستەش کردووە.

گەرچی قەرەداخی پێی وایە وتاری حیلمی گوتارێکی نەتەوەیی تەواو نییە، چونکە بۆ کوردستانی گەورە نەبووە و تەنها بۆ باشوور بووە. لێ پێم وایە غەدرێکی گەورە لە مامۆستا حیلمی دەکات. ئاخر ئەو سەردەمە گەرمەی کڵپەی شۆڕشەکانی شێخ مەحموود لە باشوور لە ئارادا بوون. بەڵگەیەکی تریش حکومەتەکەی شێخ هی بەشی باشوور بووە، واتە بەشەکانی تر، لە بیرکردنەوەدا  ئامادییان هەبووە، لێ دەرفەتەکە جارێ بۆ باشوور کراوە بووە. چەندین جار مامۆستا جەمال نەبەز، کە دۆستێکی هێجگار نزیکی مامۆستا حیلمی بوو، حیلمی وەک کەسایەتی و سیمبۆلێکی گەورە دادەنا، باسی بیروباوەڕی کوردستانی گەورەی حیلمی بۆ کردووم. جگە لەم خاڵە كاک عەتا پۆترێتێکی جوانی تەمەنە کورتەکەی حیلمی کێشاوە.

عەلادین سەجادی  ١٩٠٧ ـ١٩٨٤

مامۆستا فەرهاد شاکەلی پێی وایە: ” لەنێو دەستەی ڕۆشنبیرە کلاسییەکانی کورد، کەس هێندەی سەجادی بە بەرنامە کاری نەکردووە، کاری حکومەتێکی کردووە، چونکە زانیویەتی کورد حکومەت ؟ دەوڵەتی نییە”.  

   سەجادی کاری لەسەر مێژووی کورد کردووە، مێژووی ئەدەبی نووسیوەتەوە، خزمەتی بە فەرهەنگ و زمان کردووە.بە هەموو مانای وشە هوشیاریی فەرهەنگی هەبووە و  بایەخی داوە بە بەیت و بەسەرهات و دابونەریتی و تایبەتمەندێکانی کوردی تۆماری کردوون. هەرچی بەردەست کەوتبێت بۆ تەواوکردنی پرۆژە فەرهەنگییەکەیی و چەمکی کوردبوون کردوویەتی. هەموو خەون و ئاواتی ڕزگاری و سەربەخۆیی بووە، بەواتایەکی دیکە کوردیش ناوی ون نەبێت و بێتە نێو ڕیزی گەلانی خاوەن کیانەوە. تێکۆشاوە بۆ یەکێتی و یەکبوونی کورد. زۆر شارەزای مێژووی نەتەوەکەی بووە و لە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی باش ئاگادار بووە.  ناوی سەجادی لە پێناسەی ناسنامەی کورد جیا ناکرێتەوە. تەمەنێکی دەوڵەمەند بە خزمەت بە کوردبوون واتە ناوی سەجادی.  تەمەنێک کە باڵای خزمەتەکانی لە باڵای خۆی بڵندتر دەنوێنێ. ئەمیش لەو کەسانەیە باوەڕی بەوەیە بیری نەتەوایەتی خۆڕسکە و بەرهەمی هیچ چین و قۆناغێک نییە و ڕۆڵی تاکەسی بە گرنگ زانیوە، وەک لوتکەی هەرەم یاخود شوان و بەرپرسی کاریزمایی گەل. لە پشت ئەم بۆچوونە هزرێکی دیاری کراو هەیە.  گوتاری ئەم کەڵە پیاوەی کورد هەمیشە بارگاوی بووە بە نەتەوەیی بوون و خەونە پیرۆزەکانی نەتەوە بندەستەکەی.

سەبارەت بەمیش کاک عەتا، دەنووسێ: گوتاری مێژوویی سەجادی تا ئەندازەیەک بارگاوی کراوە بە بەشێک لە ڕەگەزەکانی ناسیۆنالیزم، بەڵام نەگەشتووەتە ئاستی گوتاری خاوەن شوناسی ناسیۆنالیزم، کە بە زانیاری سەربەخۆیی و دەوڵەت بە تەواوی بارگاوی کرا بێت.

من پێم وایە ئەمە کاتێ ڕاستە گەر بێت و کەسایەتی سەجادیمان لەبەرچاومان نەبێت. ئەو نە سیاسەتی کردووە و نە ویستوویەتی وەک بیرمەندێک ئامادەیی هەبێت. ئەو لەتەک سەختی ژیانیدا لە بەغدا، ویستووەیەتی بایی ئەوەی هەلومەرج و بێگانە و ناوخۆیی لێ پەسەند دەکەن، وەک ڕۆشنبیرێک بە کار و خزمەت و بیرکردنەوەکانی، بەشداری لە داڕشتنی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا بکات. ئاشکراشە خەرمانێکی گەورەشی لە خزمەتکردن لەدوای خۆی بۆ بەجێهێشتووین.

ئیبراهیم ئەحمەد ١٩١٤ ـ ٢٠٠٠

من چاپی دووەمی  کتێبی الاکرادوالعرب ی ساڵی ١٩٦١م خوێندۆتەوە، بە پێشەکییەکەی ڕەوانشاد مام جەلالەوە. ئاگاداری تەواوی ژیانی سیاسی برایم ئەحمەد و بیرکردنەوەکانیم. بەختیش یاوەرم بوو، لە ڕۆژی ناشتنەکەیدا لە گردی سەلیم بەگ لە ڕیزی هەرە پێشەوە بووم. لەوێ کاتێ برادەرانی ڕێکخەر و بەڕێوەبەری سەرامۆنییەکە بە سەرکردایەتی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دوو زمان قسەیان لە بارەی برایم ئەحمەدەوە دەکرد. بە کوردی بە مامۆستای کوردایەتی ناویان دەهێنا و هەمان چرکە لەبەر خاتری دڵێ میوانە عێراقی و ئێرانییەکان بە زمانی عەرەبی، بە بیرمەندی عێراقی ناویان دەهێنا. ئەم دووفاقییە لە بیرکردنەوەدا نیشانە و بەڵگەی هەر هەموو شتێکە. مام جەلالیش و تێکڕای یەکێتی سەردەمانێکی زۆر  بە گوتار و جوڵانەوەیانەوە بەرۆگری ئەم هێڵە فیکری و سیاسییەن، کە مامۆستا برایم ئەحمەد بۆی ڕەنگڕێژ کردوون. .هەر لەم باوەڕەوە دروشمی ” لەسەر بەردی بناغەی برایەتی کورد و عەرەب پیلانەکانی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم وردوخاش دەبن”. هەوڵ بۆ بەرجەستەکرنی درا. هەروەک کاک عەتا قەرەداخیش لە خوێندنەوە ورد و بە دیقەت و بابەتییەکەیدا ئەمە دەسەلمێنێ.

بە کورت و کرمانجی چەقی بیرکردنەوەی برایم ئەحمەد، ڕازیبوونە بە واقیعی ناسروشتی داسەپاو بەسەر کورد دا و هەوڵی دامەزراندنی برایەتی!!!! لەتەک عەرەب دا گەوهەری بیری ئەو هێڵە سیاسییە،  لە دوای بەجێهێشتنی عێراق لەلایەن ئینگلیزەوە پەیڕەو کراوە.

لە ڕاستیدا عەتا قەرەداخی، هەموو هەقێکی بە برایم ئەحمەد داوە وەک خاوەن ناگوتاری  ناسیۆنالیزمی کوردی بە برایم ئەحمەد دەدات و خوێندنەوەیەکی ورد و ئەقلانی بۆ ئەم بەرهەمەی دەکات.  عەتا دەڵێ بەرهەمێک: ١ـ شەڕی عوسمانی و سیاسەتی خراپیان بەرامبەر بە کورد و عەرەب ٢ـ مێژوویەک لە برایەتی و هاوچارەنووسی کورد عەرەبی لە خۆ گرتووە . لە گەشتێکدا بۆ سەلماندنی ئەم بنەما برایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئیسلام، کورد چی بۆ عەرەب کردووە. ئیسلامیش وەک دەسەڵاتێک یەکسان خواز و ئاشتی بۆ گشت لایەک دەخاتە ڕوو.

مێژوو باسی ئەوە دەکات، کاتێ دەوڵەتی عوسمانی، پیاوە نەخۆشەکە، کەوتە سەرە مەرگ، هێزە هاوپەیمانەکانی ئەو سەردەمە ئینگلیز و فەرەنسا،هەوڵییان دا نزیک بنەوە لە ناوچەکە، بە نێتی دەست گرتن بەسەر میراتی ئەو ئیمپراتۆرییەدا. ئەو کاتەی سوڵتان هەستی بە نزیک بوونەوەی هێزی کافرەکان دەکات، فەتوای کوشتنیان ڕادەگەیەنێت. بەرامبەر بەمە ئینگلیز بیرۆکەی زیندووکردنەوەی پەیامی ئیسلامی دەخاتە گەڕ. دەست دەکات بە گەڕان بەدوای خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئیسلام دا. ئەوە بوو بنەماڵەی هاشمی دەستنیشان کرد، هانیان دان و تێیان گەیاندن پێویستە شمشێری ئیسلام هەر بەدەست ئێوەوە بێت. ئیدی عەرەب بە ڕووی عوسمانیدا ڕاپەڕی و ئینگلیزیش بووە هاوکار و ئەندازیاری زۆرینەی دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی عەرەب. بەکورتی ئینگلیز وەک ڕزگارکەری عەرەب هاتە مەیدانەوە. لۆرانسی عەرەب و خاتوونی عێراق مسس بێل دوو کارەکتەری جێبەجێکاری ئەم پرۆژەیە بوون.

دوای ئەوە عوسمانی ڕوخا و دۆڕا ئینگلیز نەخشەی ناوچەکەی کێشا و دواتر گەلێ ڕاپەڕین بەڕوویدا بەرپابوو، بیرۆکەی کشانەوە لای ئینگلیز سەری هەڵدا. کشانەوەیەک بە مەرجی ئەوەی حکومەت لەو دەوڵەتە تازانەدا پێک بێت و لە لایەن دەستەیەکی کەمینەی دەستەبژێرەوە  سەر بە خۆیان لە دوورەوە بە ریمۆنکۆنترۆڵ بێنە سەر حوکم و هەر خۆیان بیبەن بەڕێوە. پرۆفیسۆری مێژوو، Dietmar Rothermund  لە تێزە بەناوبانگەکەیدا بۆ ناسیۆنالیزمی ئاسیا دەڵێ: دەوڵەت و سنوورەکەی لە ئامانجی لەبەرچاوگرتنی ناسیۆنالیزمدا هەیە، خاوەن دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی پێشوو بڕیاری لەسەر دەدەن. ـ واتە ئینگلیز هەڵۆـ.  کورد لە عێراقی تازە دروستکراو دا، ملی نەدەدا… ئیدی بە هەموو جۆرێک و بە زۆر و فروفێڵ و ستراتیژ و تاکیتیکی جیاواز کەوتنە رازیکردنی کورد بەوەی مل بە عێراقی تازە دروستکراو بدەن. یەکێ لە کارەکانیان دروستکردنی رێکخراوی کوردی و هاندانی خەڵکی کورد بوو بۆ گیانی برایەتی کورد و عەرەب وەک دروشم و بەرجەستەکردنی عێراقچێتی لای کورد.خوێنەوار و دەستەبژێری کورد لە بەرایی ئەلتەرناتیڤەکانی بەردەستی ئینگلیز بوون.  ئەم کتێبە بەرهەمی ئەو قۆناغەیە و کتومت لەگەڵ سیاسەتی ئەوان! وەک بڵێی لەسەر داخوازی ئەوان  هاتۆتە نووسین !!  .

لەم ڕووەوە د. کەمال مەزهەریش لە کتێبی  ” کرکوک و توابعها حکم التاریخ والضمیر” دەڵێ: لە کۆنگرەی قاهیرە کاتێ باسی کێشە و هەرای کورد دەکرێ بڕیار دەدەن” ان تدار بصورە من قبل المندوب السامی، و تبقی منفصلە عن العراق نفسە” الی ان یتم ظهور” رآی عام کردی معتبر یوثر الانضمام الی العراق”.ل ١٢١. واتە بڕیار دەدەن کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن مانداتی بەریتانییەوە بەڕێوە ببرێ و بۆ خۆی سەربەخۆ بێت لە عێراق، هەتا ڕایەکی گشتی کوردی کاریگەر سەرهەڵدەدات بۆ خۆ لکاندن بە عێراقەوە”. ئەمەش دەقاودەق واتە عێراقچێتی. گرنگە ئاماژە بدەین، ئەم ئاڕاستە لە کاتێکدایە، هێشتا کڵپەی شۆڕشەکانی شێخ  بە تەواوی دانەمرکاوەتەوە.

ئەم سیاسەتەی ئینگلیز کتومت لەگەڵ ئەو سیاسەتی دژی شێخ مەحمود و داواکارییەکانی کورد دا هاوجووتە. کاتێ ئینگلیز لەنادیاری شێخ دا بەدوای ئەڵتەرناتیف دا دەگەڕا، و هەوڵەکانی  لەگەڵ حەمدی بەگی بابان و مستەفا پاشای یاموڵکی ، بەڵگەیەکی گردەبڕی ئەم ڕاستییانەن. بەڵام کەسیان توانای دژایەتی شێخیان نەبوو، یاخود ئامادە نەبوون بچنە ئەو ململانێیەوە!.

وەک ئاماژەم پێدا قەرەداخی کاری دروستی خۆی کردووە و من چ زیادەیەکم نییە بیخە سەر خەرمانی باسەکان. بەڵام ئەوەی لێرەدا جارێکی تر دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە چۆن کاک عەتا لە بری خەڵکی تر ناوی برایم ئەحمەدی خستۆتە پرۆژەکەیەوە؟. لە کاتێکدا بیرکردنەوە و گوتاری بەڕێز برایم ئەحمەد دەکرێ بچێتە ژێڕ ناوی ئەنتی نەتەوەیی یاخود نانەتەوەی کوردییەوە؟!. ئایا ئەمە کاری ڕێکەوتە یاخود بە ئەنقەست هێناوێتییە پێشەوە؟!. کاک عەتا بەر لە ئێمە دەڵێ: گوتاری برایم ئەحمەد گوتارێکی پان عەرەبی و عێراقیزمە.  بەواتایەکی ئاشکرا و بەهێزتر دەڵێ: ” ئەوەی خزمەتی نەتەوەی خۆی نەکات لەو بوارانەدا  بۆ نەتەوە و  مێژووەکەی هیچ نرخ و بەهایەکی نییە”. لە شوێنێکی تردا توند تر قەڵەم لەسەر بۆچوونەکەی دادەگرێ و دەنووسێ:” خزمەتکردنی کەلتووری مرۆڤایەتی بە گشتی خاڵێکی گەشە.، بەڵام خزمەتکردنی ئەندامانی نەتەوەی بندەست بە کەسێک و کەلتوور و عەقڵ و بوونی نەتەوە و کەلتوور و عەقڵی نەتەوەی سەردەست ملکەچی و خزمەتکاری و خۆ سوکردنکردنە لەبەردەم ئەو سەردەستەدا”.

کتێبی کوردەکان و عەرەب، پتر پاکانەیە بۆ خراپەکارییەکانی عەرەب  بەرامبەر بە کورد و  باسی برایەتییەکی بێ بنچینە و واقیعی دەکات. بە هەموو مانایەکی خزمەتکردنە بە عێراقی بەچکەی ئینگلیز و پاراستنی و وەستانەوە بەرامبەر بە ناحەزانی تورک و عەجەم. بەدوای سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازە سیاسییەدا، دروشمی پووچەڵی ” لەسەر بەردی بناغەی برایەتی کورد و عەرەب پلانەکانی ئیمپریالیزم وردوجاش دەبن”. بووە دروشمێکی دیاری ئەم بەرەیە.

عەتا قەرەداخی لە لاپەڕەکانی ١٣٦ ـ ١٣٧ دا زۆر بە توندی  گوتاری برایم ئەحمەد ڕەتدەکاتەوە  و بە  ” ملکەچی و پان عێراقیزمی لە قەڵەم دەدات ” . کاک عەتا هیچ ئاماژەیەک بە شاکارەکانی برایم ئەحمەد  لە بواری ئەدەب و رۆژنامەگەریدا نادات. دیارە ناوی برایم ئەحمەد لە  شیعر و ڕۆمان و گۆڤاری گەلاوێژ دا  مێژوو و  پێگەیەکی گەشی جیاوازی هەیە.

 مەلا جەمیلی رۆژبەیانی   ١٩١٣ ـ ٢٠٠١

مێژوونووسێکی هەڵکەوتوو و دیار و دەستڕەنگینی کوردە و مێژوویەکی لێوانلێوی لە خزمەت و هەڵوێستی کوردانە بۆ تۆمار کردووین. بایەخی زۆری بۆ مێژووی کۆنی کورد هەبووە و کاری وەرگێڕانی لە کوردی بۆ عەرەبی و بە پێچەوانەوە کردووە. قورسایی کارەکانی لەبواری مێژوودایە پێی وابووە ئەوەی نەتەوە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە مێژووە. ئەمەش نیشانی دەدا ئەم مێژوونووسە چەند لە پەرۆشی بنەمایەکی گرنگ و هەستیاری دۆزی نەتەوەکەیدا بووە. بۆیە قورسایی کاری خۆی بۆ مێژوو تەرخان کردووە. ناوبراو باوەڕی وابووە کورد خاوەنی دەوڵەتی ماد بووە و کۆمەڵی دەوڵەت و دەسەڵاتی تریشی پێکهێناوە و بە بەڵگە و نووسین ئەمانەی بڵاو کردۆتەوە. ئەمەش بەڵگە و نیشانەیەکی تری ئەوەیە پێش مۆدێرنە کورد دەوڵەتی هەبووە، یاخود دەوڵەت هەر هەبووە. بەشێک لە دەسەڵاتی کوردی دراویشیان لێداوە و خەونی بەدەوڵەتبوونیان لە مێشکدا بووە.

وەک ئاماژەمان پێدا نووسەر زۆر وێڵی ساخکردنەوەی مێژووی کۆنی کورد بووە. کەمن ئەوانەی وەک رۆژبەیانی شەونخوونی و ئازار و مەینەتیان لە سەرەڕێی خزمەت بە مێژووی نەتەوەکەیاندا کێشا بێت. پاڵنەری ئەمەش هەست و هوشیاری و باوەڕی نەتەوەیی بووە، بەواتا فراوانەکەی کوردایەتییەکی بێگەرد و بێنیاز. ساخکردنەوەی گەلێ پرسی ئاڵۆز و تیشکی ڕووناکی خستنە سەر ڕابووردووی نێو شەوەزەنگی مێژوو، مانای نەخشاندنی ناسنامەیە بۆ نەتەوە. لە ڕێی مێژووە ڕەگەزی کوردیشی دیاری کردووە وەک ڕەگەز و بنەچەیەکی جیاواز لە عەرەب و فارس و تورک، پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کورد ئارییە و خاوەنی ئاینی زەردەشتیش بووە.

 کەواتە کار لە کایەی مێژوو و دیارکردنی بنەچە و ڕەگەزی کورد، دوو بنەمای گرنگی پێناسەی نەتەوەن یاخود کورد نەتەوەیە. لە هەمووشی گرنگتر ڕۆژبەیانی پێگەیەکی ئایینی هەبوو و مەلا بووە.کەچی هێرشی ئیسلام بۆ سەر کوردستان پاساو نادات و بە داگیرکاری ناو دەبات.ئەمە هەستیارترین و گرنگترین خەسڵەتی بیرکردنەوەی نەتەوەییانەی مامۆستا ڕۆژبەیانی بەدیار دەخات. چونکە ئەوساش و ئێستاش زۆر کەسایەتی لەم جۆرە و بگرە پارتی سیاسیشمان هەیە،نەک ئامادە نین ددان بەم ڕاستییەدا بنێن،بەڵکو لە ڕۆگاری ئەمڕۆدا وەک نموونە، ئامادە نین کردەوەکانی لەشکرێکی دڕندەی تاریکپەرستی مرۆڤکوژ و بەربەریئاسای وەک داعش تاوانبار بکەن. بەواتایەکی تر هێشتا داعش بە هێزێکی جیهادی لە پێناوی خوادا دەناسن. ئەمەش گەورەترین کارەساتی کوردی ئیسلامی سیاسییە.

کارەکانی رۆژبەیانی بەرهەمی خوێندنەوە و لێکدانەوە و بیرکردنەوەیە، دوور لە کاریگەری دوو فاکتی ئایین و ئایدۆلۆژی و گێڕانەوەیەکی وشکی مێژوویی . بە هەموو مانای باوەڕ و وشە نەک باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان هەبووە، بەڵکو بە دڵ و گیان بۆی تێکۆشاوە. نە ڕقی لە گەل و نەتەوەی تر بووە نە هیچ، بەڵام بە بانگاشەی درۆزنانە و دروشمی سەوز و سووری ئایدۆلۆژی و ئایینی نەخەڵەتاوە. وەک مەسعوود محەمەد دەڵێ:(( ئای کورد چەند پێویستی بەوەیە بە گڵۆپ لەبەر دەرگای ماڵەکەی ئەم گوتە بەنرخە بنووسێ” گەلی کورد باوەڕی بە خۆی و مافەکانی خۆی هەیە و بە قەدەر ئەو ڕێزەی لێی دەگرێ،ڕێزی گەلان دەگرێ”)). 

کاک عەتاش تا کۆتایی باسەکەی ، ڕۆژبەیانی بە خاوەن گوتارێکی سێکۆلاری نەتەوەیی دادەنێ و مەسەلەکەشی باش پێکاوە. کۆتایی باسەکەی بەم کۆپلەیە دەهێنێ:” لەم ڕووەوە هەموو ئەو تێز و تێڕوانینانەی ئایینی یان مارکسیزم کە باس لە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و بەفریودانی بیر و ئایدۆلۆژیا و ئایین و مەزهەبەکان دەزانێت و تەنانەت لەو ڕووەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیش بەسەر کوردستاندا بە داگیرکاری دەداتە قەڵەم”. کەواتە بە هەموو شێوە و بەڵگەوە بۆمان ڕوون بۆوە کە ناوبراو شایانی ئەوەیە ناوی بچێتە لیستی سەرەوەی خاوەن گوتاری نەتەوەیی.

هەڵۆ بەرزنجەیی٢٠٢٠/٥/١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی