"an independent online kurdish website

هەنگاو: چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە دوو حەفتەیە لە بەندیخانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش دوو حەفتە لە گواستنەوەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی هێشتا چارەنووسی نادیارە و ئەمش نیگرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سەردانی دادگای شۆڕشی ئورمیەیان کردووە، داواکاری گشتی ئورمیە لەوێ نەبووە و جێگرەکەی بە شێوەیەکی ناشایست و بێڕێزانە بە هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە: “مادام کە ئیدارەی ئیتلاعات وەڵامتان ناداتەوە، کەواتە بڕۆن لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن.”

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە.

هەمان ڕۆژ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بوارە بڵاو کردەوە و داوای کرد کە بە نیسبەت ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو بەندکراوە سیاسیە بێنە دەنگ.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.

هەواڵی تر لەم بارەوە

*******

کوردپا: دیپلۆماتە ئورووپاییەکان بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” نیگەرانییان دەربڕی

12:24 – 3 جۆزەردان 2720

٦ کەس لە نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا و دیپلۆماتەکانی بێلژیک، لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی حکوومەتی ئێران لە بروکسێل، خوازیاری ڕوونبوونەوەی بارودۆخی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بوون.

دیپلۆماتە ئورووپاییەکان لەو نامەیەدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، ئاماژەیان کردووە بە کوژرانی کۆڵبەران و درێژەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، زیندانیی سیاسیی مەحکووم کراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دادگوستەریی شاری ورمێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو زیندانییە خۆیان دەبوێرن.

“هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی “بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران”، بەسەر “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین جار بە ئێعدام مەحکووم کراو و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست کرا و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

پێشتریش، یەکێک لە نزیکانی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” سەبارەت بە وردەکاریی ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراو، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندبووە: “پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووەمین جار لەسەر داوای حیفازەتی ئیتلاعات، دادگا حوکمی ئێعدامی بەسەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپاند”.

دۆسیەی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” هەنووکە لە کۆمیسیونی لێبووردن و لێخۆشبوونی شاری ورمێدایە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی