"an independent online kurdish website"

چەند سەد ساڵێک لە پێش مێژووی زاینیدا، ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و ئیمپراتۆرییەتی بابیلییەکان، هەریەکەیان بە جیا و یەک لە دوای یەک،

 لە چەند هێڕشێکی گەورەدا پەلاماری وڵاتی جوولەکەکانیان دا، لەو شوێنەی کە لە ئێستادا (ده‌وڵه‌تی ئیىسرائیل)ه‌، وڵاتەکەیان لێ داگیردن و ماڵەکانیشیان تاڵان کردن.. ژمارەیەکی زۆریشیان لێ کوشتن، بە هەزاران خێزانی جوولەکەشیان، لە وڵاتی خۆیاندا سەرگەردان و دەربەدەر و ئاوارە کردن، روویان لە گەلێ لە وڵاتانی جیهان کرد.. ژمارەیەکی جوولەکەی زۆریشیان بە یەخسیری و بە ماڵ و منداڵەوە هێنان بۆ کوردستان و بۆ عێراق.. لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لە ناوچەکانی عێراقیشدا نیشتەجێیان کردن.. ئەوەشیان لێ قەدەغەکردن کە جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ زێد و وڵاتی خۆیان.

وەکو چۆن لە پێشا ئاشوورییەکان و بابیلییەکان، بە زۆر و بە یەخسیری جوولەکەکانیان هاورد بۆ کوردستان و بۆ عێراق.. کە لە (١٤/ یوونی/١٩٤٨) دا، (دەوڵەتی ئیسرائیل) راگەیاندرا. عێراق و هەموو وڵاتە عەرەبییەکان، دوای ئەوەی کە هەموو ماڵ و سامانی جوولەکەکانیان تاڵانیکردن، کە بە رەنجی شان و بە کوێرەوەری پەیدایان کردبوون، ناسنامەکانیشیان هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییان پێهێنان.. حکومەتی عێراق و هەموو حکومەتە عەرەبییەکان، بە زۆر و بە گیرفانی بەتاڵ و بە جانتایەکەوە، جوولەکەکانی وڵاتەکانیان، پەستانیانە نێو فڕۆکەوە و ناردیاننەوە بۆ ئیسرائیل.

جوولەکەکانی کوردستان، کونترین کۆمەڵە جوولەکەن لە هەموو جیهاندا، لە دەرەوەی ئیسرائیل دا.. لە زۆر رووەوە جیاوازییان لەگەڵ جوولەکەکانی تری جیهاندا هەبوو. میژووی بوونی جوولەکە لە کوردستاندا بو نزیکەی (٢٧٠٠) ساڵ دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامی هێڕشی ئاشوورییەکان بۆ سەر وڵاتی جوولەکەکان، بە هەزاران جوولەکەیان دەستگیرکردن و وەکو یەخسیری جەنگ هێنایانن بۆ کوردستان، تا نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێـد و نیشتمانی خۆیان.. بەڵام جوولەکەکانی عێراق بوونیان لەعێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (٢٦٠٠) ساڵ، لە سەردەمی (بابیلییەکان) دا، هێڕشیان کردە سەر وڵاتی جوولەکەکان و زیاتر له‌ (٤٠) هەزار جوولەکەیان بە ماڵ و منداڵەوە وەکو یەخسیری جەنگ، هێنانن بۆ عێراق و بە زۆری لە شاری (بابیل) دا نیشتەجێیان کردن.

کاتێکیش کە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری لە ساڵی (٦١٢) ی پێش زاینیدا لە لایەن سوپای (ئیمپراتۆریەتی میدیا)ی کورییەوە لە سەردەمی (كه‌یخوسره‌و) شا دا، بە هاوپەیمانی لەگەڵ (ئیمپراتۆرییەتی بابیلی) دا، هێڕشیان کردە سەر شاری (نه‌ینه‌وا) ی پایتەختی دەوڵەتی ئاشووری و داگیریان کرد.. دەوڵەتی ئاشووری رووخا و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات.. شاری نەینەوا و شاری کەرکووکیش لە ساڵی (٦١٤) پێش زاینی، دوو شاربوون لە شارەکانی ئیمپراتۆریەتی میدیا کە پایتەختەکەیان شاری (ئەکباتان) بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.. لە دواییدا ناوەکەیان گۆڕی و بوو بە (هه‌مه‌دان).

کە لە ساڵی (١١٥٨) ی زاینیدا، مەغۆلییەکان بە سەرکردایەتی (هۆلاکۆ) شاری بەغدا و بەشێکی زۆری عێراقیان داگیرکرد، مەغۆلییەکان رەشەکوژییەکی گەورە و خوێنێکی زۆری خەڵکی بەغدایان رشت.. بە رادەیەک دەڵێن، هێندە خوێن رژایە ناو رووباری دیجلەوە، ئاوەکەی سووربوو.. جوولەکەیەکی زۆریش لە نێو ئەو رەشەکوژییەدا بوون. لە کۆتایی سەدەی چواردەمین و سەرەتای سەدەی پانگزەمیندا، لە ترسی درێژەدان بە کوشتن و چەوساندنەوە لە لایەن مەغولییەکانەوە.. بەشێکی زۆری جوولەکەکانی بەغدا و خوارووی عێراق لە ترسان هەڵهاتن و روویان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان کرد و نيشتەجێ بوون و نەگەڕانەوە.

دێینە سەر کرۆکی سەرناوی باسەکەمان، دەربارەی (کارەساتی فەرهوود) و تراژیدیای کۆمەڵکوژی جوولەکەکان، بە دڕندەترین شێوە لە شاری بەغـدا لە ساڵی (١٩٤١) دا.

ژمارە جوولەکەکان لە عێراقدا (مه‌به‌ستمان لە ناوه‌ڕاست و لە خوارووی عێراقه‌.. نه‌ك كوردستان) پێش دەرکرد و ناردنەوەیان بۆ ئیسرائیل، بە پێی سەرژمێری (١٩٤٧) لە عێراقدا، زیاتر لە (١٣٠) هەزار جوولەکە بوون.. لە هەموو شارەکانی عێراقدا بوونیان هەبوو.. زۆرترینیان لە شاری (بەغـدا) دەژیان.. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا رێژەی جوولەکەکان لە (٤٠%) ی ژمارەی دانیشوانی شاری بەغـدا بوون. لە دوای بەغداش، ژمارەیەکی زۆریان لە شاری (بەسرە) لە خوارووی دەژیان.. لە ئێستادا، ژمارەی جوولەکەکان لە عێراقدا لە (١%) کەمترن. ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە. ناشوێرن بە ئاشکرا بڵێن ئێمە جوولەکەین، ناشوێرن هیچ بۆنە و جەژن و ریوڕەسمێکی ئاینیان ئەنجام بدەن. بەڵام لە باشووری کوردستاندا، لە ئێستادا نزیکەی شەش هەزار جوولەکە هەن.. بە فەرمی و بە ئازادی جەژن و رێوڕەسمی ئاینی خۆیان دەکەن.. نوێنەریشیان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستان دا هەیە.

جوولەکەکانی عێراق، زۆر بێوەی بوون و زیانیان بۆ هیچ کەس نەبوو. رۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە بنیادنانی عێراق و لە پێشکەوتنیدا.. چونکە چینێکی خوێندەوار و رۆشنبیر و داهێنەر بوون.. کەسایەتییەکی زۆریان لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی لێ هەڵکەوت.. کارتێکردنێکی زۆریان لەسەر گەشەکردن و پێشکەوتنی بواری ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی عێراقدا هەبوو.. بە دەیان هونەرمەند و نووسەر و رۆشنبیری و زانای ناسراوی عێراق، قوتابی وشاگردی مامۆستایان و هونەرمەندان و زانایان و رۆشنبیرانی جوولەکەکان بوون.. بۆ یەکەمین جاریش لە سەدەی نۆزدەمیندا، لە ساڵی (١٨٦٣) دا (موسا بـارۆخ مـزراحی)ی جوولەکە، یەکەمین چاپخانەی بۆ بەغدا هێنا. یەکەمین رۆژنامەشیان بە ناوی (هـادوفـیر) واتا (دوێنەر) کە بە زمانی عیبری بوو هەر لەو چاپخانەیەدا چاپیان دەکرد و بڵاویان دەکردەوە.. چەندین پەرتووکێکیشیان هەر بە زمانی عـیبری چاپکرد و بڵاویان کردەوە.

جوولەکەکان و کوردانی فەیلی، بڕبڕەپشتی ئابووری عێراق بوون.. خاوەنی گەورەترین دوکان و کۆگا و بازاڕی بازرگانی و هاوردن و فرۆشتن بوون، وەکو بازاڕی (شۆڕیجە) و بازايی (جەمیلە) لە بەغدا.. خاوەنی زەین و ئەقڵییەتێکی بازرگانی بوون.. بۆیە لە سەردەمی رژێمی بەعسی رەگەزپەرستدا، لە (٢٤/٧/١٩٩٢) دا، بە بڕیاری دیکتاتۆر سەدام حوسێن، زیاتر لە (٤٢) گەورە بازرگانی بەغدایان گرت و لە سێدارەیان دان، بەشێک لەو بازرگانانە کوردی فەیلی بوون.. هەندێک لە سێدارەدراوەکان بازرگانیش نەبوون، کریکار و کۆڵهەڵگر و فەرمانەبەر بوون لەو شوێنە بازرگانییانە، ئەوانیش لەگەڵ بازرگانەکاندا لە سێدارە دران.. ئەمەیە (یاسای دارستان). بازرگانەکانیش هیچ تاوانێکیان نەبوو، هەر ئەو رۆژەی گرتیانیان بۆ سبەینێکەی لە سێدارە دران.. چی سامان و ماڵ و پارەیەکیان هەبوو دەستیان بە سەریاندا گرتن.. مەبەستی سەدامیش سەروەت و سامانەکانیان بوو.. چەند بوختانێکیان بۆ لە سێدارەدانیان بۆ هەڵبەستن.

کارەساتی (فه‌رهوود): وشەی فەرهوود لە ناو عەرەبەکانی عێراقدا، لە کۆنەوە باو و بڵاو بوو.. وشەی فەرهوود لە زمانی کوردی دا، بەرانبەر بە وشەی (تاڵانیکردن) ە، یا دزین و بردن و داگیرکردنی ماڵ و سامانی خەڵکی بە ئاشکرا و بەبێ شەرم دێت.. ئەم کارە ناشیرین و قێزەوەنەش، لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینەوە، بووە بە بۆماوە و بەشێکی رەسەن لە ئایدۆلۆژیا و لە کولتووری بۆگەنی عەرەب و ئیسلام، کە بە ناوی دەستکەوتەکانی جەنگەوە (غنائم الحرب)، تاڵان کردن و دزینی ماڵ و سامانی گەلانی تریان حەڵاڵ کردوون.. عەرەبی موسوڵمان، تا ئەمڕۆش بێ شەرەمانە درێژە بەم کارە قێزەوەنەیان دەدەن، یا بە تاوانەیان دەدەن و بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن.. گەلی کوردمان، لە کۆن و لەم سەردەمە نزیکەشدا، گەورەتری قوربانیی ئەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەی عەرەبن.. چەندین جار لە لایەن نەوەکانی خەلیفەکانەوە ماڵ و رەنج و سامانی کوردیان تاڵان کردوون. بۆیە زۆر لە گەلانی جیهان بەبێ رێزی و بە چاوێکی سووکەوە لەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەی عەرەب دەڕوانن.. کە بووە بە پەڵەیەکی رەشی قێزەوەن و شەرمەزاری و بۆیان و لێیان نابێتەوە.. بە (عـەلی بـابـا) واتە بە (دز) ناویان دەبەن.

لە ساڵی (١٩٤١) دا، لە ئەنجامی رووخانی حکومەتەکەی (رەشید عالی گەیلانی) و راکردنی بۆ ئێران، لەگەڵ راکردنی چوار ئەفسەری سەرهەنگی سوپای عێراقیش بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ (سەڵاحەدین سەباغ) کە هەرچواریان لە شۆڕشەکەی رەشید عالی گەیلانی دا بەشدارییان کرد.. سه‌رهه‌نگه‌كانیش ئه‌مانه‌ بوون ( فەهـمی سەعـید، کامیل شبیب، مەحمود سەلمان، یونس سەبعاوی) کە گەڕانەوە بۆ عێراق، هەموویان لە  سێدارە دران.. ئەمانە بەوەش تاوانبار کرابوون، گوایە هەڵگـری بیرۆکەی نازییەتن و (نازی عەرەبی ) بوون. حکومەت نەما و بۆشاییەک کەوتە دەسەڵاتەوە.. دوای ئەوەش کە سوپای عێراق لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی سوپای بەریتانیا، لە شاری (الحبانیه‌) شکان و بەرەو ناو شاری بەغدا هەڵهاتن.. شا (فـه‌یسه‌ڵی دووه‌م) ی شای عـێراق و خاڵۆی راسپێراوی (عه‌بـدولئیلاه‌) و (نوری سه‌عـید) یش، لە بەغـدا هەڵهاتبوون. وەکو دەڵێن: شار بێ خاوەن بوو.

جوولەکەکان رۆژی یەکشەمەی رێکەوتی (١/ یوونی/١٩٤١) جەژنی (شەفۆئوت) یا جەژنی رۆژی دابەزینی تەورات بۆ جوولەکەکان بوو، بەم بۆنەیەوە خۆیان گۆڕیبوون و لە گەرمەی خۆشی و ئاهانگێراندا بوون.. گەنجەکانیان سەردانی پەرستگایەکیان کرد لە نزیک (فڕۆکەخانەی موسه‌نای شارستانی). عەسری ئەو رۆژەش شا فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاهی خاڵی و نووری سەعیدیش بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ بەغدا، کۆمەڵێکی لاوی جوولەکەکان پێیان خۆشبوو و چوون بۆ فرۆکەخانە بۆ پێشوازی شا فەیسەڵی دووەم. کاتژمێری سێی دوای نيوەڕۆ بوو.. لە ناو فڕۆکەخانەدا، دەمەقاڵییەک لە نێوان سەربازە پاسەوانەکان و ئەو لاوە جوولەکانەدا رووی دا.. سەربازەکانی عێراق، داخی دڵیان و خەم و شەرمەزاری هەڵهاتنیان لە بەردەم سوپای بەریتانیادا، وای لێکردن کە بە ناڕەوا پەلاماری ئەو لاوە جوولەکە بێتاوانانە بدەن و داخی شکان و شەرمەزرییان بە ئەوان بڕێژن.. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، بە حەربە و بەتەقەلێکردن دوو لاوی جوولەکەیان کوشت و حەڤدەشیان لێ بریندار کردن.. هەر لەو رۆژەدا لەسەر پردی (مەئموون) یش دیسان ئۆردوویەکی تری سوپای هەڵهاتووی عێراق لە شەڕەکانی رووبەڕووبوونەوەی سوپای بەریتانیا لە حەبانیەدا، ئیرەییان بە جوولەکەکان برد، کە جلوبەرگی جوانیان لە بەربوون و لە جەژن و شادی و خۆشیدابوون.. ئەوانیش بە حەربە و بە تەقەلێکردن چەند لاوێکی تری جوولەکەیان کوشت و چەندین لاویشیان لێ بریندار کردن.. شەڕ گەورەتر بۆوە.. ژمارەیەکی زۆری سوپا و پۆلیس و عەرەبی خەڵکی بەغدا، لە پیاوان و لە ژنان، لەگەڵ عەربە بەدووەکانی دەوری بەغدا، بە تفەنگ و خەنجەر و شمشێر و چەقۆ و تەور و تێڵاو و کوتەکەوە، لە هەموو کۆڵان و گەڕەکەکاندا، وەکو گورگی هار، بە شێوەیەکی دڕندانە، پەلاماری جوولەکەکانیان دا.. رۆژی جەژنیان لێ تاڵ کردن و بوو بە رۆژی دۆزەخ و مەرگ و ماتەمینیان.. زۆر بێ بەزەییانە، کەوتنە کوشتن و سەربڕین و فەرهوودکرن (تاڵانیکردن) و دزی و دەسترێژیکردنە سەر کچان و ژنانی جوولەکەکان.. زێڕە و هاواری جوولەکەکان دەگەیشتە حەلحەلەی ئاسمان.. زۆریان لێکوشتن و سەربڕین، تەنانەت منداڵی ناو لانکیشیان سەربڕی، سکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی.. بە بەرچاوی مێرد و برا و کوڕەوە، زۆر نامەردانە پەلاماری بە سەدان ژن و کچی جوولەکەیان دان و لاقەیان کردن، پەلاماری قوتابخانەیەکی ئامادەیی کچانیان دا و دەسترێژیان بۆ سەر کچە جوولەکەکان کرد و لاقەیان کردن، تەنانەت کچی بچۆکەلەی هەشت ساڵانیشیان  لاقەکرد.. بەڵکو کارێکی قێزەوەنی تریشیان ئەنجامدا، ئەندامانی زاوزێی نێرینە و مێینەی منداڵە جوولەکەکانیشیان دەسووتاند.. چیش ماڵ و سامان و پارە و خشڵ و زێڕی جوولەکە هەبوو، هەموویان فه‌رهوود کردن، لە دواییشدا ئاگریان بە خانووەکانیانەوە دەنا و دەیان سووتاندن.. بە درێژایی دوو رۆژ و دوو شەو، واتە لە (١ـ ٢/ یـوونی/ ١٩٤١) دا، دزی و فەرهوودکردن و کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی جوولەکە درێژەیان هەبوو.. تاڵانیکەران تا دەهات زیاتر دەبوون.. پەلاماری دوکان و گەنجینە و کۆگاکانی جوولەکەکانیان دا چی هەبوون تێیاندا، هەموویان تاڵان کردن و دزییان، لە دواییشدا سووتاندیانن.. سوپا و پۆلیسی بەغداش، شان بە شانی دز و تاڵانیکەران، ئەوانیش بەشداربوون لە دزی و لە تاڵانیکردنی ماڵ و لە دوکانەکانی جوولەکەکان، عەرەب خۆیان وتەیەکیان هەیە دەڵین (حامیهم، حارمیهم) واتە (پاسەوانەکانیان.. دزەکانیانن) دزەکان و فەرهوودکەرانی عەرەبە ئیسلامییەکان، لەگەڵ خۆشی و هۆسە و هەڵبەزینەوەدا، ئەم دروشمەیان دەوت:

(الله اشحلوا الفرهود، یا اسلام.. یاریت یعود کل سنة وکل عام) واتە (ئەڵڵاه چەند خۆشە تاڵانیکردن، ئەی ئیسلام.. خۆزگە هەموو ساڵێک دەگەڕایەوە) یا بە هۆسەوە دەیان ووت (حـلـو الفـرهـود.. کـون یصـیر یومیـة) واتە تاڵانیکردن خۆشە گەر ببێتە رۆژانە.

تەنانەت ئەو هاوسێ عەربە ئیسلامانەش کە چەندین ساڵ لەگەڵ ماڵەکان و دووکانەدارە جوولەکەکاندا، هاوسێ و دەرگا بە دەرگاوە بوون و لە منداڵییەوە پێکەوە گەورە ببوون، نمەکی ماڵە جوولەکانیان کردبوون.. کەچی زۆر بێ ئەمەک دەرچوون و ئەوانیش ماڵە جوولەکە هاوسێکانیان تاڵان کردن و پەلاماری کچان و ژنانیان دان و لاقەیان کردن.

لە رۆژی یەکەمی کارەساتەکەوە، سوپای بەریتانیا لە دەوری شاری بەغدا بوون.. بەڵام لە بەریتانیاوە فەرمانیان پێکرابوو، کە نەچنە ناو شاری بەغداوە و بێلایەن بن.. کاریش گەیشتە ئەوەی کە فەرهوودکەران، چەند دووکانێکی ئیسلامەکانیشیان شکاند و تاڵانیان کردن.. لە سێیەمین رۆژدا، باری نائاسایی راگەیەندرا و قەدەغەی هاتوچۆش لە بەغدا کرا. سوپای بەریتانیاش هاتە ناو شاری بەغدا هێزەکانیان بە شەقامەکاندا بڵاوکردنەوە. هێزێکی پۆلیسی عێراقیش، ئەوانیش لە چەند شەقام و گەڕەکێکی بەغـدا بڵاوبوونەوە. توانیان کونترۆڵی بارودۆخەکە بکەن.. بەڵام لە دوای چی؟! وەکو عەرەب خۆیان دەڵێن: (بعد خراب البصره‌) واتە لە دوای کاولکردنی بەسرە.

ئەمەیە نامەردی و بێڕوشتی عەرەبی ئیسلامی.. کە دزی و تاڵانیکردن و دەسترێژکردن، بوونە بە بەشێک لە کولتوور و لە ژیانیان.. فەرهوود و کۆمەڵکوژی جوولەکەکان بە پێی هەژماردنی فەرمی و گەواهی کەسانێکی جوولەکەکان، کە منداڵ بوون و لەو کارەساتەدا رزگاریان بووە، بەپێی هەندێ گەواهی خەڵکی شاری بەغداش، کە بە چاوی خۆیان لەو دوو رۆژ و دوو شەوەدا، کارەساتەکەیان بینیوە، بە داتا باسی زیانەکانی جوولەکەکان دەکەن لە کارەساتی فەرهوودا، کە (٢٠٠) کوژران، (٢٤٠٠) بریندار بوون، (٩٥٠) ماڵ تاڵان کران و سووتێنران و وێران کران (٥٨٦) دووکان و گەنجینە تاڵان کران و سووتێنران، دەستریژیش کرایە سەر زیاتر لە (٩٣) ژنان و کچان و لاقەیان کردن.. لەگەڵ تاڵانکردن و سوتاندنی پەرستگای جوولەکەکان لە بەغـدا.

کە لە رۆژی (١٤/ یوونی/١٩٤٨) دا، جوولەکەکان (ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل) یان راگەیاند، سوپاکانی عەرەبیش لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیلدا خۆیان نەگرت و شکان، سوپای عێراقیش بە شەرمەزارییەوە گەڕایەوە بۆ عێراق. هێندەی تر حکومەت و عەرەبەکان و ئیسلامەکانی عێراق، رق و قینیان لە جوولەکەکان دەبۆوە و کێچەڵیان پێیان دەکرد و بە چاوێکی سووکەوە لێیانیان دەڕوانین.

(فەرهوود) و کۆمەڵکوژی، جوولەکەکانی عێراقی تۆقاند و برین و کەسەرێکی قووڵی خستە دەروونیانەوە.. هەستیان بە ئاسوودەیی و بە دڵنیایش ناکرد و هیچ متمانە و بڕوایەکیشیان بە حکومەتی عێراق و بە عەرەبی عێراق نەما.. ترسی ئەوەشیان هەبوو کە کارەساتی فەرهوود و کۆمەڵکوژییان دووبارە ببێتەوە.. رەنجی ساڵەهای ساڵیشیان دزین بە تاڵانی بردیان.. حکومەت قەرەبووی زیانەکانیشیانی بۆ نەکردنەوە. هاتنە سەر ساجی عەلی.. ئەم بەسەرهاتەیان، بووە هۆی ئەوەی کە خێرا کۆچ بۆ ئیسرائیل بکەن.

دواییش سەرۆک وەزیرانی عێراق (تۆفیق ئەلسويدی) لە ساڵی (١٩٥٠) دا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی (رەگەزنامەی عێراقی) ی جوولەکەکانی عێراقی دەرکرد، هەرچیش ماڵ و موڵکیشیان هەبوو، گۆستراوە و نەگواستراوە، حکومەتی عێراق دەستی بە سەردا گرتن و لێیانی داگیرکردن.. جوولەکەکانی عێراق دوو جار فەرهوود کران. جاری یەکەم خەڵکی بەغدا فەرهوودی کردن.. جاری دووەمیش حکومەتی عێراق فەرهوودی کردن.. حکومەتی عێراق بڕیاری ئەوەشیان دا، کە لە ماوەی مانگێکدا، پێویستە جوولەکەکان رەگەزنامە عێراقییەکانیان بدەن بە حکومەت و ئامادەبن، تا رۆژانە بە فرۆکە رەوانەی ئیسرائیلیان بکەن.

کارەساتی فەرهوود، نە یەکەمین و نە دوایەمین، کاری نامەردی و قێزەوەنی عەرەب و ئیسلام نەبووە و نییە.. فەرهوود، بەراورد بە  کومەڵکوژی کورد لە (ئەنفال) ی بەدناو و بە کیمیابارانی کوردستان و کۆمەڵکوژی برا ئێزیدییەکانمان و دەسترێژی کردنە ژنان و کچانیان و فرۆشتنیان وەکو کۆیلە و دەستکەوتی جەنگ و کەرەستەیەکی بازرگانی.. ئەو هەموو کوشتن کارەساتانەش کە لە سەردەمی خەلیفەکانیانەوە، تا ئەمڕۆ بەسەر کوردیان هێناون و دەهێنن.. فەرهوود لە چاوی ئەمانەوە کارەساتێکی زۆر بچووکە.

سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕیش، کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو، لە رۆژی دوو شەممەی رێکەوتی ( ٢٧/ یانوار/١٩٦٩) دا، بە توومەتی هەڵبەستراوی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل (١٣) لە جولەکەکانی عێراقی لە سێدارە دان، كە لە نێوانیاندا (عه‌زرا ناجی زەڵخا)ی تێدا بوو، کە گەورە بازرگانێکی جوولەکە بوو لە شاری بەسرە، دەستیشیان گرت بەسەر هەموو پارە و سامانێکیاندا. لە گۆڕەپانێکی بەغدا و بەسرەشدا لاشەکانیان هەڵواسین.. ژنانی عەرەب بە دەوری گۆڕەپانەکەدا، وەستابوون و هەڵهەڵیان لێدەدا. هەموویان بێ تاوان بوون، تاوانیان تەنها ئەوەبوو کە جوولەکە بوون و دارابوون.

یەکەمین کاروانی ناردنەوەی جوولەکەکان بە فرۆکە لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل لە رۆژی (٦/مایۆ/١٩٥٠) دا بوو، تا ( ٥ی/یوونی/١٩٥١)، لە ماوەی (١٤) مانگدا، هەموو ئەو جوولەکانەی، ناویان نووسیبوون، کە ژمارەیان (١٢٠) هەزار جوولەکە بوون، بێجگە لەو ژمارەیەی کە لە رێی کوردستان و لە رێی ئێرانەوە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.. تێکڕا نزیکەی (١٥٠) هەزار جوولەکە لە عێراق و کوردستانەوە، گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.

هەر جوولەکەیەک بۆی هەبوو تەنیا (٢٥) دیناری عێراقی و یەک جانتای جلوبەرگ لەگەڵ خۆیدا ببات.. لەوە زیاتریان بۆ نەبوو.

لە وڵاتانی عەرەبیشدا زیاتر لە (٨٠٠) هەزار جوولکە هەبوون، دۆخ و ژیانی ئەوانیش لە ژیانی جوولەکەکانی عێراق باشتر نەبوون.. ئەوانیش ناردیاننەوە بۆ ئیسرائیل.

هەموو ساڵێک جوولەکەکان بە گشتی و جوولەکەکانی عێراق بە تایبەتی لە ئیسرائیل و وڵاتانی تردا، لە رۆژی (١/ یوونی) دا، بە غەمگینی و ماتەمینییەوە، یادی رۆژە رەشی (تراژیدیای فەرهوود) دەکەنەوە، کە بە (هـۆڵۆکـۆستی لە بیـرکـراو) یش ناوی دەبەن. ئەو جوولەکانەی کە لەو ساڵەدا منداڵ بوون و لەو کارەساتە رزگاریان بوو، بەشێکیان ماون و لە ژیاندان.. هەندێکیان باوک و برا و دایکیان لەو کارەساتەدا کوشتیانیان، بە فرمێسک و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە چیرۆکە تراژیدییەکانی کارەساتی فەرهوود بۆ نەوەکانیان دەگێڕنەوە.. تا ئێستاش چەندین باس و پەرتووک و لێکۆڵینەوە دەربارەی فەرهوودی جوولەکەکانی عێراق نووسراون و چاپکراون.. هەندێ لە نووسەرانی ئەو پەرتووکانە، خودی خۆیان لە فەرهوود رزگاریان بووە.. راستی کارەساتەکانیان بە چاوی خۆیان بینیون.. راستگۆیانە باس و چیرۆکەکانیان نووسیون.. بەڵام گەر بێتوو ئەو نووسینانە بخوێنینەوە، کە عەرەبە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکان نووسیویانن، دەبینین کە راستیی کارەساتی فەرهوودیان چەواشە کردوون، زۆر لە زیانەکان و لە ژمارەی کوژراوان و برینداربووانی جوولەکەکانیان کەم کردوونەتەوە، بە رووداوێکی بچووک و ئاسایشی دەزانن.

عێراق بە کۆچکردنی جوولەکەکان، گرنگترین پێکهاتەیان لە دەست دا، کە گەورەترین رۆڵیان هەبوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.. هەمیشە دەستپێشخەربوون لە داهێنانی کاری هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری دا.. ئیستا رۆشنبیرانی عێراق، لەو ستەمە گەورەیەی کە لە جوولەکەکانی عێراق کرا بە ئاگاهاتوون.. ئێستا هەست بە گرنگی رۆڵیان دەکەن.. دەزانن کە جوولەکەکان چاکە و پیاوەتيیەکی زۆریان بە سەریانەوە هەیە. بەڵام عێراقییەکان و حکومەت بە نامەردی پاداشتی دڵسۆزی و پیاوەتیان دانەوە.

شایەنی باسیشە، کەجوولەکەکانی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا هەبوون. بە پێچەوانەی جوولەکەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبییەوە، جوولەکەکانی کوردستان، زۆر ئاسوودە و کامەران شادبوون و بە دڵنیایی و ئاشتی و شادی و خۆشییەوە دەژیان. زوو تێکەڵی کۆمەڵگای کوردیمان بوون، زووش فـێری زمانی کوردی بوون، زۆر و بە ئاسانیش داب و نەریت و کولتووری کوردییان وەرگرت. بەپێی ناوچەکانی کوردستانیش ژنان و پیاوانیان جلوبەرگی کوردییان لەبەردەکرد.. بە ئەوپەڕی ئازادیشەوە رێوڕەسمی ئاینی و جەژنەکانی خۆیان دەکرد.. هێندە تێکەڵ بە داب و نەریتی کورد ببوون، لەگەڵ کورد دا لێکناکرانەوە.. تەنانەت ژن و ژنخوازی و خزمایەتیش کەوتە نێوانیانەوە. جوولەکەکانی کوردستان زۆر ئیشکەر و چالاک بوون.. هەموو ئیشێکیان دەکرد.. گەر لە بەردی رەقیش بوایە، نانی خۆیان پەیدا و خۆیان دەژیان.. گەر بە فشار و بە زۆر ناردنەوەیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە نەبووایە.. هەرگیز جوولەکەکان کوردستانیان بەجێ ناهێشت و ناچوونەوە بۆ ئیسرائیل.. ژمارە جوولەکەکانی باشووری کوردستان لە نێوان (٣٥-٤٠) هەزار جوولەکە دەبوون.. لە هەموو کوردستانیشدا، ژمارەیان لە (١٢٥) هەزار جوولەکە زیاتر دەبوون.. لە ئەمڕۆدا، ژمارەی کوردە جوولەکەکان، لە ئیسرائیل دا، لە (٢٥٠) هەزار کوردی جوولەکە نزیک بوونەتەوە، تا ئەمرۆش سۆز و رێز و دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ کورد و کوردستان کاڵنەبوونەتەوە.. لە جەژنی نەورۆزدا، بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە، ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن.. جار و باریش بە شێوازی کوردەواری، بە دەهۆڵ و زوڕناوە، بووکیان دەگوازنەوە.. خواردنی کوردیش درووست دەکەن.. شایی و هەڵپەڕکێ  کوردی دەکەن و گۆرانی کوردی دەڵێن. گەلێ کەسایەتی ناودار و ناسراو و نووسەر و هونەرمەند و گۆرانیبێژ و فەرمانبەر و کاربەدەستی باڵا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆریان ڵێ هەڵکەوتوون.. بۆ نموونە، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل (ئیسحاق مۆردیخـای) جوولەکەیەک بوو لە جوولەکەکانی قەزای (ئاکری) ی سەر بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان.

رەزا شوان

نەرویج: ٢٨/ مای/٢٠٢٠

(*) سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوون:

١ـ لٶي الشقاقی..  فرهود الیهود.. موقع الزمان. ٢٠١٧

٢ـ موقع ایلاف.. احداث مذبحة الفرهود في بغداد. ٢٠١١

٣ـ نسیم قزاز.. الفرهود الثاني في العراق.. موقع المعرفة.

٤ـ شبکة الموقف العراقي.. یهود العراق في اسرائیل.. الفرهود لیس کل الحکایة.

(تعرضنا لحرق الاعضاء التناسلیة)

٥ـ توفیق ابو شمر.. الفرهود وما ادراک ما الفرهود! موقع الرأي العام.. ٢٠١٨

٦ـ محمد جلاء ادریس.. یهود العراق والتعایش العربي الیهودي.. موقع الجزیرة.

٧ـ الامبراطوریة البابلیة الثانیة.. موقع المعرفة.

٨ـ العراق في التأریخ.. الامبراطوریة الآشوریة.

٩ـ اعدام الیهود في بغدار.. دنا الوطن.

١٠ـ چەند سایتێکی تر.

    

نویترین هەواڵ و بابەت