"an independent online kurdish website

ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بنکەی هێزی ئاگری تازە لە گوندی کاولانی گەلی بەردەڕەش ڕا نەقڵی چیای قەرەغان کرابوو.

 ئەگەر لە بیرم بێ پاییزی ٦٥ لەوێ ٣ ژوور دروست کرابوو ئامادە بوون
ئاخروئۆخری مانگی خاکەلێوە دەستمان کرد بە گواستنەوەی بنکەکەمان و بەفر جارێ مابووە. کە چووینەوە ئەو سێ ژوورە ئامادە بوو و یەکیان کرایە بنکەی مەڵبەند و هێز، ، یەکێکیان درایە لکی ٢ و و کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە و ئەویتریان کرایە بنکەی لکی ٣ و کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و چەند چادرێکی گەورەمان هەڵدابوو و بەشێکیش لە هاوڕێیان بە بەرد ژووری ٣، یان ٤ کەسیان بۆ خۆیان دروست کردبوو. بەگشتی بنکەیەکی بەرینمان دانابوو و حاڵەتی کەمپی هەبوو.
دوای ماوەیەک مانەوە لە بنکە ، من و ئەبووبەکر ئیبراهیمی و ناجی فەقیپوور پێکەوە ساغ بووینەوە کە بۆ سەردانێکی کەس و کارمان بچێنەوە لای سۆما و شپیران. بنەماڵەم لە سوڵتانی بوون و بنەماڵەی ناجی هەم لە سوڵتانی و هەمیش لە سپیندارۆک لە شپیران و بنەماڵەی ئەبووبەکریش لە بەرازی کە لەگەل سپیندارۆک بە چەند دەقیقە فاسیلەیان بوو.
ئێمە ٣ گەنجی هاوتەمەن و کەمێکیش شلووغ بووین و پێمان خۆشبوو پێکەوە بچین. ناجی و ئەبووبەکر لەگەل کاک فەرامەرز عوسمانی کە فەرماندەری پەلی ٣٢ بوو و ئەبووبەکر و ناجیش لەو پەلە بوون قسەیان کردبوو و دەبا داوا لە فەرماندەری لک و فەرماندەری لکیش ئیجازە لە فەرماندەری هێز وەربگرێ بۆ مرەخەستییەکی ١٥ ڕۆژە.منیش کە بێسیمچیی کاک حەسەن فەرماندەری لکی سێ بووم داوام لێکرد کە ئیجازەم بدات.
بەڵێ دوای ٣، ٤ ڕۆژ بانگیان کردین و گوتیان ئەوە فەرماندەری هێزی ئاگری کاک ڕەحیم ساڵح زادە ئیجازەی داوە و گوتوویەتی نابێ یەک ڕۆژ تەئخیر بن و لە کاتی خۆیان دا بگەڕێنەوە ، چوونکی بەرنامەمان لە پێشە. هەر لەوێ کاک حەسەن گوتی : بەس یەک شت هەیە دەبێ بە قسەمان بکەن. گوتمان چیە؟ گوتی فڵانە هاوڕێش دەیەوێ سەردانی مناڵەکانی بکا، دەبێ تا سۆما لەگەل ئێوە بێ. و لەوێ ئیدی ئەو دەڕواتە دوای سەفەرەکەی و لەگەل ئێوەش ناگەڕێتەوە.
ئەوە خەبەرێکی خۆش نەبوو. ئێمە گەنج و ئەو برادەرەش بەڵکوو ٣٠ ساڵ لە ئێمە بەتەمەن تر بوو. نەشدەکرا بڵێین نا ! هەرچەند مافی خۆمان بوو بڵێێن نەخێر ئێمە ئامادە نین ئەو لەگەل مان بێت، چوونکی ئەوەی ئێمە و ئەویش مەئمووریەتی حیزبی نەبوو، ئیجازەمان وەرگرتبوو بۆ سەردانی کەس و کارمان، بەڵام ئەخلاقی شۆڕشگێری و پێشمەرگانە ئەو ئیجازەیەی پێ نەدەداین وەها قسەیەک بکەین ، ناچار لە بن لێوانمان دا گوتمان باشە ، بەڵام تا سنووری سۆما.
دوانیوەڕۆی ٩ی جۆزەردان لە قەرەغان وەڕێکەوتین و زۆر بە سەریعی بۆ ئەوەی دەست بە کاتەکەمانەوە بگرین گەیشتینەوە سۆما. کە گەیشتینەوە سنووری سۆما، بە هاوڕێکەی دیکەمان گوت: خاڵە گیان قەرارمان وایە تا ئێرە پێکەوە بین. ئەوە ئێمە ماوەیەک لێرە دەبین و باقیی ڕۆژەکانی دیکەش دەچینەوە شپیران تا ئەبووبەکر و ناجی سەردانی کەس و کاریان بکەن. ئەو هاوڕێ یەمان زۆری پێ ناخۆش بوو و گوتی: ئەگەر ئێوەم لەگەل نەبێ ناتوانم بچمە سەردانی مناڵەکانم. گوتمان ئاخەر مەسیری ئێمە و مەسیری تۆ یەک نیە، و هەروەها تۆ زیاتر لە ئێمە کاتت هەیە و یەک کەسی بۆ یەک شوێن. ئێمە ٣ کەسین و بۆ ٣ شوێن و کاتەکەشمان کەمە. کاک حەسەنیش لە حوزووری تۆ دا گوتی ئە وبرادەرە تا سۆما لەگەلتانە و ئەو لەوێ جیادەبێتەوە و دەڕواتە دوای سەفەرەکەی. هەرچی کردمان سوودی نەبوو. برادەر کەوتە گلە و گازەندە و گەرووی پڕ بوو و دڵی ناسک بوو.
((بەڵام با بە سەداقەتەوە ئەوەش بڵێم کە : ئێمە لەو برادەرە زۆر دڵنیا نەبووین و جارێک خۆی تەسلیم کردبووە و هەمووی ساڵێک بوو دیسان هاتبووە . داستانی هاتن و دیسان ساڵی ١٣٦٧ چوونەوەی و کارەساتەکەی کە بە سەر خۆی هێنا لەم بیرەوەرییە دا جێی نابێتەوە. بەڵام نیگەرانییەکەمان حەق و مەنتیقی و دەقیق بوو و ساڵی دواتریش هەمان نیگەرانیمان وەڕاست گەڕا و زیاتر لە ١٠٠ کەسی لە ئێمە لە خەودا بەجێ هێشت کە نیگەبان بوو و هەڵات و ………))

کە تەماشامان کرد ئەو برادەرەمان گەر ئێمەی لەگەل نەبێ ناوێرێ بڕوا. دیسان بە ناچاری قەبووڵ مان کرد لەگەل ئێمە بێ تا شپیران بیبەینەوە. بە گشتی سەفەرەکەمان کە داماننابوو وەک ٣ گەنجی هاوتەمەن خۆش بێ، لێمان بوو بە قۆزەلقۆرت و هەموو بەرنامەی سەفەری ئێمە تێکچوو و تامی نەما.
چوونکی سوڵتانی سەر ڕێگامان بوو ، یەکەم شەو سەردانێکی دایکی خۆم بوو(یادی بە خێڕ و ڕووحی شاد لە گەل مردووی ئێوە) کە بە بێ موبالیغە فەرقی بە من و ناجی و ئەبووبەکر نەدەکرد و ئەوانیشی هەر بە کوری خۆی دەزانی. لەبەر ئەوەی ناجی لە بنەماڵەی ئێمە بوو و ئەبووبەکریش هاوگوندی و خزمی دایکم ، و خزمی بنەماڵەی ئێمەش بوو .
بۆ بەیانیەکەی گەیشتینەوە شوێنێک کە پێی دەڵێن وارکوورک . وارکوورک زۆزانێکی گوندی حەسەنی یە و دەکەوێتەوە بەینی گوندەکانی: سوڵتانی، حەسەنی، قەسریک، هەرەکیان و دۆستان. ڕۆژەکەی لەوێ بووین و گەیشتینەوە دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٣ی جۆزەردان . دەبا بەرنامە دابنێین کە چی بکەین؟ وا ساغ بووینەوە کە ئەگەر ئەو شەوە تووشی کەمین و شتە نەبین، بە هیندێک فیشاری زیاتر بۆ خۆمان، بگەینەوە نێوان گوندەکانی بەرازی و شێرەنی و لەوێ ئەو برادەرەمان بڕواتەوە سەفەرەکەی و ئێمەش بەدوای سەفەرەکەی خۆمان دا بڕۆین. بەڵام دیسان برادەر کەوتە پاڕانەوە تا بەجێی نەهێڵێن و لەگەل خۆمان بێنینەوە. هەرچی گوتمان کاکە تۆ ٢٠ ڕۆژت هەیە ئێمە ١٥، هەر دەبی بەجێت بێڵین. ئەو گوتی چەند ڕۆژ لەم دەوروبەرە دەبن؟ گوتمان ئەوپەرەکەی ٤ ڕۆژ. گوتی دەی منیش هەر ئەوندەم پێویستە و دەگەمە ئێوە بۆ گەرانەوە . ئێمەش هەر نیگەرانین و تازە چارەیەکمان نیە. حەرەکەتمان کرد .
لە ئاخەسۆرک سەرکەوتین و دوانیوەڕۆیەکی سەوزی ساف و دەنگی جۆلەکە دەبووە سەمفۆنیا و ئینسان حەزی دەکرد گوێ بگرێ. ئەوەی مەیدانی جەوۆ پۆلێك چادر هەڵدرابوون و بیستبوومان کە خەڵکی ئیسلام ئابادی سەڵماس و سەر بە ئێلی عەرووسی ن. بڕیارماندا لادەین و نان و چایەک بخۆین و هیندێك مەعلووماتیش وەرگرینەوە تا کەمێکیش درەنگ دەکەوێ. هەر بە شۆخی و بە زاراوەی عەرووسی گوتم: عەبۆ دەچینە ماڵی ئاپێ ئەڤدلە. (ئەوان بە مام عەولا دەڵێن ئاپێ ئەڤدلە). کە گەیشتینەوە نێو چادران، چادرێکی گەورە و جوان لە وەسەتی ڕەشماڵەکان دابوو و بەرەو ئەو چادرە چووین. کە چووینە بەردەرگا دیتمان حاجی یەکی بەتەمەن و عەینەکی دانیشتووە و زۆریش حاجیەکی ڕێک و پێک .
کە دانیشتین و بەخێڕ هاتنی کردین و ناوی ئێمەی پرسی، ئێمەش کە ناوی حاجی مان پرسی گوتی: ناڤێ من حەجی ئەڤدلە ! ئێمە تەماشای یەکترمان کرد و دیار بوو شۆخیەکەی من ڕاست بوو. کە چەند پیاوێکی زۆمەکە هاتنەوە لامان نیگەرانی بە ڕوخساریانەوە دیار بوو، بەڵام هیچیان نەدەگوت.نان و چایەکمان خوارد و دەرکەوتین، بەڵام ئیحتیاتمان دەکرد و وامان دەزانی شتێک لە دەوروبەرمان هەیە. خەڵک بە جۆرێک تەماشای دەکردین وەک ئەوەی خەریکە بەرەو مەرگێکی حەتمی دەڕۆین. سوور سوور زانیمان خەتەرێک لە دەوری چادرەکان هەیە و ئەوانە دەزانن و پێمان ناڵێن، بۆیە لەگەل ئەوەی نەدەترساین، ئیحتیاتیشمان دەکرد..
لە نێو چادرەکان دەرکەوتین و بە فاسیلەیەکی باش لەگەل یەکتر ڕێگامان گرتە بەر. بەڵام کارێکی زۆر خەراپ مان کرد کە بە باسکی سەرووی مەیدان دا نەچووین و ڕاست بە ڕێگاکە دا چووین کە جێی ئێمە ڕاست و ڕووتەن و دەوروبەرمان شاخ و بەرد. دەتوانم بڵێم قەت لە ژیانم دا وەک کاوس هیندە بێ موبالات نەبوو. سوور دەمانزانی ئەو خەڵکە ئاگایان لە شتێک هەیە و پێمان ناڵێن، کەچی ڕاست کەوتینە ڕێگای ناو دەشتەکە.

گەیشتینەوە نێوان هەردوو مەیدان کە ڕووتەنێکی باریک و تەنیا ڕێگای پیادە کە هەبوو، کەمێک قووڵ بوو نیزیک نیو میتر داگەڕا بوو. من کەسی یەکەم، ئەبۆ کەسی دووهەم و ناجی کەسی سێهەم و هاوڕێکەی دیکەمان نەفەری چوارەم و فاسیلەی نیزیک ٥٠ میتر. سیگارم بەدەستەوە بوو و هەر ئەوندە بینیم کە لە قەراغ بەردێك ڕا قونداغی ژ_٣ یەک دیارە و کەس دیار نیە. وەک ئەوەی قوناغە تفەنگ لەوێ بەجێ ماوە، نەڵێی ئەوە تەماشامان دەکەن و چاوەڕوانن تا باش دەچینەوە ڕووتەنەکەی نێوان هەردوو بەری کەمینەوە ونەیەڵن ڕزگارمان بێ. کە سرنجم خستبووە سەری ، ئەبوو گوتی کاووس وا ورد تەماشای چی دەکەی ؟ گوتم ئەو قونداغە ژ_٣ یە چیە؟ ئەبۆ گوتی پاسدارن ! ئەوان کە زانیان ئاشکرا بوون هەستانە سەر پێ و وێستیان لێمان بدەن،من کەسی هەرە نیزیکی خۆمانم ناسی یەوە کە جاشێکی ناسیار بوو و ماوەیەک لەمەو بەر مرد. بەڵام ناجی زۆر زوو دەستی کردەوە و بەرلەوان یەک ڕەگباری تێکردن و ئەوان شلەژان، بەس تەقەیان کرد و من و ئەبۆش دەستمان کردەوە و بوو بە تەقەیەکی بە مەودای ٣٠ بۆ ٤٠ میتری و ئەوجار زانیمان کە چلۆن کەوتووینەتە نێو داویانەوە و لە پشتەوەی ئێمەش هێزی کەمینی ئەوانی لێ یە. کە شەڕ گەرم بوو ئاگامان لە هاوڕێکەمان نەما و نەمانزانی بەرەو کوێ ڕۆی بە کوردیەکەی قووچاندی!
لە بەشی داهاتوو دا کرۆکیی کەمینەکە دادەنێم.


بەشی دووهەم

هەر وەک باسم کرد ئێمە گەیشتبووینەوە نێوان هەردوو مەیدان کە بەتەواوی ڕووتەنە و دەوریشی شاخەبەردە کە ئەوە لەم وێنە سەتەلایتە دا دیارە و بێجگەلە یەک باریکە ڕێگایەک بۆ دەرباس بوون بە دەستمانەو ەنەمابوو و ئەوی دیکە لە ژێر ئاگری ئەوان دا بوو.. دوای دەستدرێژێکی توندی ئەوان بە ڕەگبار و ئێمەش بە هۆی دەستپیوەگرتنی فیشەکەکانمان بە تەکتیر و بە نیشانە تەقەمان دەکرد، دەبا بە زووترین کات دەربا سبین تا ئەو باریکە ڕێگایەمان لێ نەگیرێ. چوونکی ئەوان وایان دانابوو کە دەکەوینە نێوانیان و کەسمان ڕزگاری نابێ، بۆیە بیکەیسیەکەیان لە شوێنی زاڵ بەسەر ڕێگای دەرباس بوونمان دانەبەستبوو. چاکم لە بیرە کە ١٠ دەقە مابوو بۆ ٧ی ئێوارە و جارێ نیزیکەی دوو سەعاتمان بۆ تاریک داهاتن مابووە.
لە گەرمەی شەڕەکە دا ئەبووبەکر گوتی ناجی من و کاووس تەقە دەکەین، تۆ بە سەلیقە خۆت بگەیەنە ئەو ڕیزە بەردە و تەقە بکە تا ئێمەش دێین بۆ لات. ناجی کە هیچ پێویست بە تاریف نیە، لە پڵینگەکانی هێزی ئاگری بوو، زۆریش کەسێکی لەسەرەخۆ و بە دەست و برد، بە دەم تەقە کردن و کەمێک سەریع فاسیلەی ٥٠ بۆ ٦٠ میترێکی ڕووتەن و ڕاست بەرانبەر ئەوان بڕی و خۆی گەیاندە بەردەکان. کە ناجی گەیشتەوە ئەو شوێنە ئیدی دڵنیابووین کە تازە گەمارۆ نادرێین و مەگەر بە تەکتیری قەناسە ، یانیش بە بیکەیسی لێمان بدەن و ئەوانیش ئیدی بۆیان مەعلووم بوو تازە گەرمارۆ نادرێین و ڕێگایەکمان بەدەستەوەیە.
ئەوجار گوتم ئەبۆ تۆ بڕۆ و من تەقە دەکەم و ئەوە ناجیش تەقەیان لێدەکا. ئەبۆش بە هەمان شێوەی ناجی و بەڵام کەمێك فیشاریان بۆ هێنا تا گەیشتە لای ناجی. ئەبۆش هاوشان و هاوتەریبی ناجی بوو لە مەیدانی شەڕ و قارەمانیەتی دا . هەردووکیان دوو ئۆستوورەی شەڕی پارتیزانین. ئەوجار نۆرە گەیشتە من و جاشەکانیش کە دیتیان خەریکە هیچیان دەست ناکەوێ زۆر بە توندی دەستیان کرد بە تەقە تا نەیەڵن بگەمە لای هاوڕێکانم. بەڵام هەم ئەبۆ و هەم ناجی تەقەیان لێکردن و هەمیش من بە دەم تەقە کردنەوە خۆم گەیاندە لای هاوڕێکانم و جارێ باسی هاوڕێی دیکەمان نیە. ئەوجار پاسدارەکان لە خۆیان نیگەران بوون و هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە نیزیک شوێنی چادری مەیدانی خواروو کە ماشێن تا ئەوێ دەهات. ئەو پۆلە چادرە جارێ نەهاتبوون و هەرکامەی خۆی سەنگەرێکی قایمی وشکە دیوار بوون.
ئەوجار ئیدی شەڕەکە بوو بە شەڕی عەشایەری. لە شەڕە عەشایەرییەکە دا ئەوان هەم ژ_٣ یان هەبوو، هەم قەنناسە و بیکەیسی، ئێمەش بەس کڵاشینکۆف مان هەبوو ، بۆیە ئیدی وازمان هێنا لە تەقە و ئەوان بە کەیفی خۆیان تەقەیان کرد و ئێمەش لە بەر ئەو ڕیزە شاخە بەردە دانیشتین و هیندێک حەساینەوە و منیش کە سیگاری بووم سیگارێکم کێشا و دیسان هەر بە فاسیلە و بە سەلیقە بەرد بە بەرد هەڵدەکشاینە سەرەوە دیتمان ئەوە هاوڕێمان دانیشتووە سیگار دەکێشێ و نە ئێمە گوتمان بۆ قووچاندت و نە ئەویش هیچی گوت. واتە هیچی ئێمە و هیچی ئەو. چۆن گەیشتبووە ئەوێ هەر خۆی دەزانێ .
پاسدارەکان کە دیتیان تازە سوودی نیە، دوو تۆتۆتای میگ زەمینی هاتن و هەمووانیان سوار کرد و بردیان بۆ پایەگای دۆستان کە ئەگەر لەبیرم بێ ٢١، ٢٢ کەس بوون. ئێمەش تا سەرکەوتینە بەرزایی شمێ لە ڕووکاری حەسەنی ، ڕۆژئاوا بوو و مانگە شەو لە چیای سەرەکەشی بەڕاستی سەرکەش سەری دەرهێنا و وڵاتی ڕووناک کرد.
بڕیارماندا بچینە سنوور و تازە ئاشکرا ببووین و چوونی شپیران مەترسیی هەبوو لەو دۆخە دا. کە هاتینە سنوور تیمێك لە کادر و پێشمەرگەکان کە ژمارەیان ٦،٧ کەس بوون کە ئەمانەم لە بیرە: کاک نایب مەشایخی، ڕەوانشاد سەعید مەحموود نەژاد، شەهید جەمشید کامران، شەهید کەماڵ ئەمینی و شەهید مەلا جاسم ئیسماعیلی. بەداخەوە ئەوانەی دیکەم لەبیر نەماوە و هیوادارم کاک نایب کە وادیارە تەنیا کەسە لەو تیمە لە ژیان داماوە هاوکار بێ بۆ ناوی هاوڕێیانی دیکە.
*************
ئیغراق لە گێرانەوەی دوای قووچاندندا !

ئەو هاوڕێیەی ترمان هەر لەوێرا تا هاتینە مقەر و تا ئەوەی کە ئێمە نەهاتینە دەنگ گەیشتبووە هەر کادر و پێشمەرگە و فەرماندەر و بەرپرسێک ، فەرمووبووی: خودا شاهیدە ئەگەر ئەبۆ و ناجی و کاووس هیشتبایان و بە قسەیان کردبام ، پەنجا کەڵاشینکۆفم دەستکەوت دەهێنا. هاوڕێیان هەم ئێمەیان دەناسی و هەم ئەویان دەناسی . دەهاتن بە پێکەنینەوە دەیان گوت کە فڵانی وای باس کردووە.
سەرەنجام ڕۆژێکیان لە چادری پەلی ٣٢ بووین و کاک حەسەن بازووکەش لەوێ بوو. ئەو هاوڕێیەمان هاتەوە لای حەسەن دانیشت و دوای هیندێك قسە و زەمینە خۆش کردن، کاک حەسەن پرسی: ئەرێ ئێوە بۆ بێ سەلیقەییتان کردووە و بە قسەی فڵانی تان نەکردووە و ئەو عەمەڵیاتەتان لە کیس خۆتان داوە؟ پەنجا کەڵاشینکۆف کەم نیە لەو بێ چەکییەمان دا. کارێکی خەراپتان کردووە و بۆ سزا دەبن!
گوتمان کاک حەسەن کام پەنجا کەڵاشینکۆف؟ هاوڕێیان هەرکامەی لە بن لێوانی دا پێدەکەنێ. حەسەن گوتی ئەوە فڵانی دەڵێ: گەر ئەو ٣ کەسە بێ سەلیقەییان نەکردباوە و بە قسەی منیان کردباوە، لەو کەمینە دا پەنجا کەڵاشینکۆف دەستکەوتمان دەبوو.
من هاتمە جواب و گوتم وەلا کاک حەسەن ئەو هاوڕێ یە ڕاست دەکا، بەڵام نە ئەو لەوێ مایەوە تا پێکەوە قسە مان کردبێ و ئێمە بە قسەیمان نەکردووە، نە ژمارەی پاسدارەکان پەنجا کەس دەبوو ، نە ئەو ٢١، ٢٢ کەسە هەموویان کەڵاشینکۆف یان هەبوو، جا ئیدی نازانم!
ئەو برادەرەش کەمێک بێ دەنگ دانیشت و کەوشەکانی دەپێکرد و دەرکەوت، پێموانیە تا ئەو یەکساڵەی کە پێشمەرگە بوو باسی پەنجا کەڵاشینکۆفەکەی کردبێ.

بەشی سێهەم

لەم بەشە دا کە بەشی کۆتایی یە دەمەوێ چەند ڕوونکردنەوە و وەبیر هێنانەوەیەک عەرزی خوێنەران بکەم تا توانیبێتم بە ئەمانەتەوە باسەکەم کۆتایی پێ بێنم. ئەوانەی کە باسم کردوون مومکینە هەمووی نەبێ و هاوڕێیان کاک ئەبووبەکر ئیبراهیمی و کاک ناجی فەقیپوور شتهایەکیان دیتبێ و لە بیریان مابێ کە من نەمدیون . دڵنیام ئەوەی دیومە لە بیرم ماوە، لەوەیان دا شکم نیە.
ئەو هاوڕێ یەی کە باسم کرد هاوڕێیەک نەبوو کە پشتی پێ ببەستین و بەداخەوە ساڵێک دوای ئەو کەمینەش(هاوینی ساڵی ١٣٦٧) لە کاتێک دا کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کادر و پێشمەرگەی مەڵبەندی شیمال ، کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و لکی ٢ و پەلی فەرماندەهی لە ناوچەی سۆما بووین، ئەو و دوو کەسی دیکە لە سەر نیگەبانیی نیوەشەو بە چەکەوە هەڵاتبوون و ئێمەیان لە خەودا بە جێ هێشتبوو تا بەیانی نیگەبانمان نەبوو کە ئەگەر دوژمن بەسەرمان دا کەوتبا قەتل و عامی دەکردین. بۆ ئاگاداری هەم کاک تەیموور مستەفایی بەرپرسی مەڵبەند و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، هەم کاک ئەبووبەکر قەدیکورد فەرماندەری هێزی ئاگری و هەم کاک نایب مشایخی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس ئەو شەوە حزووریان هەبوو.
((بەداخەوە ئاکامی هەڵاتنی ئەو ٣ کەسە نامەوێ باسی بکەم و لە بیرەوەرییەکی دیکە دا بە وردی باسم کردووە)).
ئەو پۆلە چادرەی کە باسم کرد دوای ماوەیەک کە ئاو لەوێ نەمابوو، گواستبوویانەوە مەیدانی خوارێ لە سەر کانیە بەناوبانگەکەی مەیدان. لە پەنا ئەو پۆلە چادرە دوژمن پایەگایەکی دانابوو ،کە ئەوپەڕەکەی فاسیلەی ١٠٠ میتر دەبوو لەگەل چادرەکان. و جادەش لە دۆستان ڕا بۆ پایەگا خۆش کرابوو.
مەڵبەند و هێز بڕیاریان دابوو عەمەڵیاتێک لە سەر ئەو پایەگایە ئەنجام بدەن و ئەگەرلە بیرم بێ تیمێک لە فەرماندەرانی نیزامی و کادری تەشکیلاتیی ناوچە چووبوون بۆ دیقەت و شناسایی کردنی پایەگا. دوای گەڕانەوەیان ئێمە لە ناوچەی سۆما ڕا حەرەکەتمان کرد و ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٦٦ بە پێی سازماندەهییەک کە کرابوو بۆ پایەگاکە چووین. دەوروبەری سەعاتی ١٠ی شەو گەیشتینەوە نیزیک پایەگاکە و کەمینەکان چوونە جێی خۆیان، ئێمەش سێ تیم چووینە سەر خودی پایەگا . تیمێک کاک سەعید مەحموودنەژاد فەرماندەری لکی ٣ بەرپرسی بوو و منیش وەک بێسیمچی لە خزمەتیان بووم. تیمەکەی دیکەش کاک محمد حەقدار فەرماندەری پەلی ٣٢ بەرپرسی بوو. جێگری فەرماندەری لکی ٣ ش بەرپرسی تیمێک بوو لە نیزیک پایەگا تا بە بی کەیسی ئاگربارانی پایەگاکە بکەن و بە دەستپێکردنی عەمەڵیات ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێ بە جێ دەکرد.
گەیشتینەوە نیزیک پایەگا و چادرەکان کە جارێ هەردوو تیمی سەر پایەگا پێکەوە بووین. شوانێک لە پەنا چادرەکان لە نێو مەڕەکەی دا بوو ، هەرکە چاوی بە ئێمە کەوت، بە زاراوەی خۆیان گوتی: کەچی تە بەرخ دیتی؟ واتە کچێ بەرخەکانت دیت؟
هەر هەموومان دڵنیابووین لەوەی کە ئەو شوانە بە ڕەمزێک پایەگای ئاگادار کردەوە. سەعید گوتی جەریانەکە بە مەرکەز بڵێ. مەرکەز کاک عەلی کاشفپوور بەرپرسی مەڵبەند و کاک ڕەحیم ساڵحزادە فەرماندەری هێز و هاوڕێیانی دیکەی مەڵبەند بوون . جەریانەکەم بە کاک گەیاند و ئەویش گوتی دیارە ئەو ە ڕەمزی بەینی خۆی و پایەگایە. کاک سەعید گووشیی بێسیمی لێوەرگرتم و ڕوو لە مەرکەز گوتی ئێستا نەزەرتان چیە ؟ لێیدەین یان پاشەکشە بکەین؟ چوونکی ئاشکرا بووین. لەوکاتی دا بوو کە پایەگا دوو فیشەکی تەقاند و دەنگە دەنگ لە نێو پایەگاکە دەست پێکرد و زانیمان کە سەنگەریان گرت و ئامادەن.
دیسان بڕیاریان دا تازە هەر لێیدەن . تیمی هێرش لەوێ چاوەڕوان مانەوە و تیمی ئاگر بارانیش کە ئێمە بووین وابزانم ١٠ کەس دەبووین کەمێك چووینەوە سەرەوەتر و دوو ئارپی جی مان پێ بوو لەگەل نیزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ گولە. دەستمان پێکرد و چوونکی زاڵ بووین بە سە رپایەگاکە دا زۆربەی ئارپی جی یەکان ڕاست لە نێو پایەگاکە دەکەوتن و ئەوان ئیدی مەجالیان نەماو پەریشان ببوون. بەرپرسی تیمی هێرش گوتی ئاگربارانی خۆتان ڕاگرن و ئێمە دەچینە نێو پایەگا. ئەوتیمەش کە پێموایە ژمارەیان ٧ کەس بوون ،لە ماوەیەکی زۆر کورت دا گەیشتنەوە نێو پایەگا و سەنگەر و خاریزەکانیان لەوان وەرگرتن و تەنیا لە ژوورەکان دا پاسدار تەقەی هەواییان دەکرد و نارنجۆکی دەستیان پەیتا پەیتا دەخستە دەرەوەی ژوورەکانیان.
هەر ئەوندەمان زانی بە ڕەمز ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە بریندارمان هەیە و منیش بە کاک سەعیدم گوت و کاک عەلی و کاک ڕەحیمیش گوێیان لێبوو. دوو بریندارمان هەبوو بە هۆی نارنجۆک کە کاک ئەبووبەکر ئیبراهیمی و کاک جەمشید بەدەڵی ڕووحی شاد بێ. ئەوە بوو دەستووری پاشەکشەمان پێدرا و پایەگا نەگیرا. ئەوەش خیانەتی شوانێک و بەشێک لەوانەی کەلە نێو چادرەکان بوون بۆ جاری دووهەم هاوکاریی دوژمنیان کرد.
هەر بۆ زانیاری ، ٣ ساڵ دواتر و لە شەوی ٢٧ لە سەر ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٦٩ هاوڕێیان پایەگای گوندی شەروان یان گرت و بۆ بەیانیەکەشی ڕاست لە شوێنی پایەگای چۆڵکراوی مەیدان کەمینیان بۆ هێزی یارمەتی دەری دوژمن دانا کە …… شیرازی بەرپرسی اطلاعاتی شپیران و چەندین مۆرەی گرینگی ڕێژیم لەو ناوچەیە کوژران و چەند کەسێکیش بەدیل گیران و فیلمەکەشیان هەیە کە لە لایەن فیلم هەڵگری مەڵبەندەوە فیلمی لێ هەڵگیراوە.
هەر شاد بن
تا بیرەوەرییەکی دیکە ماڵئاوا

٣٠/٥/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی