"an independent online kurdish website"

وەزیەر= وەرزێڕ

وەک زۆرکەس ئاگادارن ھۆرامان بە ھەبوونی دارگوێزی زۆر نێوبانگی ھەیە.ئەمە تەنیا بە ھەبوونی دار گوێز خۆی نیشان نادابگرە لەم دەڤەرە داری مێوەی تر زۆروزەبەنەیە. بۆ وێنە؛

ھەرمێ،سێو،ھەنجیر،ھەنار،ترێ،بادەم،ھەڵوو،ھەڵووچە،قەیسی،قۆخ،گێوژ، بەڕووی خواردن،بەن و…

سرۆشتی چڕ و شاخاوی مەڵبەندەکە، کەمی زەوی کشتوکاڵ بۆ حاسڵاتی دانەوێڵە وەک: گەنم، جۆ، زۆرەت، نۆک و دانەوێڵەی تر لە کۆنەوە خەلکی بۆلای چاندنی دارو درەختی مێوە ھانداوە.

ھەڵبەت مێژووی ئەم نەریتە بۆ ھەزاران ساڵ پێشتر دەگەڕێتەوە.بەڵگە بۆ ئەم وتە قەباڵە کۆنەکانی ھۆرامانن کە پێش دوو ھەزارو سەت ساڵ لە سەردەمی ئەشکانیەکاندا نووسراون. ئەم بەڵگانە ھەنووکە لە انگلیس لەندەن ـ

 Britishmuseum پارێزراون نێوەرۆکی ئەم سێ بەڵگەنامە کە لە ئەشکەوتی کۆساڵان شاخی شاھۆ دیترانەوە باس لە ئیجارەی باغە ڕەزێک دەکات. لە سەردەمی دووردا خەڵکی لەم ناوچە ھەم دارودرەختیان چاندوەو ھەم مامەلەی ئابوورییان پێکەوە ھەبوە.

ئاسایی دێتە پێش چاو کە مرۆڤ بەپێ ھەڵکشانی تەمەن یا نەخۆشی و ھەر ھۆکارێکیتر زۆر جار توانای درێژەی کاری دژواری نامێنێ یا ئاسایش خوازە لە ھەمان کاتدا پێویستی بە داھات ۆ بژێوی بۆ درێژەی ژیان ھەیە.لە لایێکیتر ھەرکەس شانسی ھەبوونی سەرچاوەی داھات وەک باخ و یا ئامرازی تری پێوەندیداری لە کۆندا نەبوە.

لە ھۆرامان نەریت ئەوە بوە خەڵکی کەم یا بێ داھات ئەرکی ئاگاداری وپێ ڕاگەیشتن بۆ کۆکردنەوەی بەرھەمی دارودرەختی خاوەنانی لە کارکەوتوو (ئەوانە بەھەر ھۆکارێک دەرەتانی پێڕاگەیشتن بە باخ وباخاتی خۆیان نەبوە ) بە ئەستۆ گرتوە.

ئەم ئەرکە لەسەر ڕێککەوتن و قەراری پێشووی نێوان ھەردوولا بەڕێوە چوە. بەپێ نەریتی بەجێماو (وەزیەرـ یان) پێ وتوە.

وەز یا وەزی واتا گوێز

 یەرێ  ژمارەی ٣

یەر کورت کراوی یەرێ(٣)

وەزیەر بە واتای ئەوە ھاتوە لە ھەر سێ گوێزی کۆکراوە لە دارەکان یەکدانە گوێز دەبێتە حەقدەستی لایەنی خزمەتکار یان گوێزێکی بەرکەوتوە. ئەم ڕێ وشۊێنە پێی وتراوە “وەزیەر” کە بۆ ھەر بەرھەمێکی تر یەک لەسێ حاسڵات بە خزمەتکار بەخشراوە.

لەوە دەچێ ئەم نەریتەلە ناوچەکانی تر وەرگیرا بێت و بە کەمێک سوان یا گۆڕینێکی ساکار پێیان وتبێت (وەرزێڕ).

ھـەروەنە / مزوور / مزدوور

ھەر، ھەرە، لە ئاخاوتنی ھۆرامی و ئاخاوتنەکانی تری کوردیدا زۆرجار بۆ پێداگری لە فرەیی، سەختی، قەوەت و نواندنی بێ بڕانەوەیی گۆکراوە.

ھـەرە قایم ، زۆر ئەستوور

ھەرە قورس، زۆر قورس

ھـەرە دوور، زۆر دوور

(وەنە) وەک پاشبەندی (ھەر) بە گۆکردنی ھۆرامی واتای لە ئەو، لەو، پاش کورت کرانەوە، سوانی پیتی (ھ ، لە پاشگری ھەرە) لە سەر یەک قورسی و گرانی ئەرک لە سەر کەسێک کە دەبێتە (ھەروەنە = خزمەتکار) بەیان دەکا. ھەروەنە لە ھۆرامان بە کەسێک وتراوە ھەموو ئەرک، فەرمان و ئیشوکاری ماڵێکی تری لە بەرانبەر( مز ) یا پاداشتێک بەڕێوە بردوە.

ھەروەنە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی سنوورێک دانەندراوە. ھەموو کاتێک دەبوو ئامادەی بەڕێوەبردنی ئیشوکاری خاوەن ماڵ بە گوێرەی پێویست بێت.

لە ناوچەکانی دەرەوەی ھۆرامان لە جیات وشەی ھەروەنە (مزوور) گۆکراوە. (مـز) لە ھۆرامیدا واتای پاداشت و جەزای ھەیە. واتەی مزگانی یا پاداشت ھەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوە لە بری گەیاندنی خەبەر یا ڕاسپاردەیەک بە کەسێک بەخشراوە . وەرگیرانی پاداشت بۆ خۆی ھەڵگری حەزو چێژی تایبەت بوە کە لە قاڵبی مزگانیدا خوی دەرخستوە.

وشەگەلی (مزە ئاساو) خەرجی ھاڕینی دغلودان گەنم و دانەوێڵەی تر لە ئاش، ھەر وەھا ( ئەھورا مزدا) واتە ئەو کەسەی مز و پاداشت دەدابە بێ پێوەندی لە گەڵ ئەم وشە و ناوەرۆکی باسەکە نیە.

مـز/ مەزد/ و مەزدیەسنا (ئەوکەسەی پاداشتی پەسن، یەسنە، یەسنا) دەدات لە کۆنەوە لەم دەڤەرەواتەی سەر زاری پێشینیانی ئێمە بوە.

سدێــق بابایی ـ ئاڵمان  ١/٦/٢٠٢٠

نویترین هەواڵ و بابەت