"an independent online kurdish website

برینێک کە ساڕێژ بوونی زۆر گرانە، خەسارێک قەرەبــوو کردنـەوەی محاڵ نیە بەڵام زۆر قورسە، چونکە لە جەستە نیە و لـە دڵانـە.

ئەگەر بە چارەسەر نەکراویش بمێنێتەوە مەترسی گەورەی داهاتومانە. هەر بۆیە چارەسەر کردنی ئەرکی ویژدانی و شەڕەف و کەڕامەتمانە و ئەوەندە دێنێ گیانیشی لە پێناو بنێین.

دەگەڕێمەوە بۆ سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئـێران کە ڕێـژیمی نگریسی پاشایەتی ڕوخاند . کوردیش زۆر لە خۆی زیاتر مایـەی بـۆ دانـاو قوربانی بۆدا، چونکە ئەگەر گەلانی تری ئێرانی جارێک ماف و ئـازادیەکانیان پێشیل کرابوو بۆ کورد دووقات بوو. یانی ئەگەر خەڵکی ئێران ئازدی و دێمۆکڕاسی و چارەنوسیان ژێر پێی خرابوو، زەوتکردنی مافی نەتەوایەتی بـۆ کورد سەرباری ئەوانـە بـوو. کورد کۆماری بە دەستی پـاشایەتی لـێی تێکدرابـوو. پێشەوای لەدار درابوو، زمان و کلتورو فەرهەنگی قەدەغە بوو ، لەو پێناوەدا گەلێک قوربانی بەنرخی دابوو. گەلانی ئێران و کورد لە سەر گۆڕ کردنی سیستم و دەسەڵاتی پاشایەتی یەکدەنگ و یەک هەڵوێست و سوربون بۆ لادانی. تائیرە زۆر بە باشی چونە پێش ، بەڵام چونکە نە بەرنامەیەکی هاوبەش و نە تەفاهوم و نـە بەڕێـوەبـەریەکی یەکدەست لـە پێشدا دامەزرا  بوو، ئێمەی کوردیش دۆست و دوژمنی خۆمان نەناسی بوو، بەداوێکەوە بـووین نە دەمانویست و نە پێشبینیشمان کردبـوو. نـامـەوێ مەسەلەکان بە وردی بگێڕمەوە، بەڵکو بەگشتی باسیان دەکەم چونکە لێرەدا جێیان نابێتەوە، ناشمەوێ دادگایەک دانێم و لایەک مەحکوم و لایەکیتر حاکم بکەم. بەڕای من خەتایەکە گشتیە هەمومان کردۆمانە، هەشمانە پشکی شێری وەبەر دەکەوێ . ئەوەی بە مێژوو دەسپێرین، چونکە دڵنیام دایکان و باوکانی بەڕێز هەمـوو ڕوداوەکانیان وەک خۆی بـۆ ڕۆڵەکانیان گێڕاوەتەوە، چونکە ئیوا لە سەر ئەوە، قسەم دەگەڵ دەکا، ئـەو کات لـەدایک نـەببوو، کەچی زۆر شت دەزانێ کە من لەبیرم چۆتەوە.

دنیای کوردستان لیواو لێو لە هەست و سۆزو سەرخۆش بە بادەی سەرکەوتن بوو، ڕوحیەی بەرزو بـەهێز ، پێیمان وابـوو هێز نیە بتوانێی لـە بەرانبەرمان دا ڕاوەستێ . سەدی ٩٩ی ئـەو گـەلــە ئـامادەی فـیداکاریـ و وەدیهێنانـەوەی دەستکەوتە بە تاڵان چوەکانی و ئـازادی و دابـیـن کردنی سەرجـەم مافەکانی بوو. لەو لایەشەوەی حیزبی چەپ و ڕاست و ئیسلامی و دێمۆکڕات کە هەمویان مەست و سەرخۆش، ئەوەی دەیانکوت نـەیـان دەکوتەوە. کوڕانی پەروەردەی نەتەوەی زاڵ دروشمی تەوایەتی ئـەرزیان لە ژێـر چەتـری دروشمی پـڕ زەڕق و بەڕق و بەڕواڵەت پێشکەوتوانە هەڵگرتبوو لە نـاو چەپەکاندا نـفوزی تـەواویـان پەیدا کردو تەنانەت هێندێکیان پلەی ڕێبەریشیان داگیر کرد. بەکورتی ئـاخۆندە ڕەوزە خوێنەکان کە لـە بـواری نـوتـق وتـارو بـەڵێنی بێبنەما بەڕاستی وەستا بوون، تـوانیان کڵاو لەسەر هەموو بە ناو پێشکەوتوی ڕاست و چەپ دابنێن . خۆم دەبیر (مامۆستا) م دیوە دەیکوت ( خومەینیم لە مانگدا دیوە ! ) جا وەرە ئەوە دەرس بە مناڵەکانمان بڵێ ! تەنیا کەسانێکی خومەینیان بە فیتنە دەزانی دایکە پێرەی دێهاتی بوون. ئەوەی لە هەموانیش سەیرتر بوو دەتکوت ئـەو حیزب ـو سازمـانـانـە بەشی هەرە زۆریـان بـە شیری دژە کورد و حیزبی دێمۆکرات فرچک دراون، دەگەڵ هەمو جیاوزیەکانیان لەو بوارەدا یەکگرتوو هاوکار بوون . هۆیەکەشی ئەوەبـوو بـەڕێـوەبەرانی زاهیری و پشتی پـەردەش دەیانزانی حیزبی دێمۆکڕات چیدەوێێ، واتە ئـەوەی دەویست کە کورد بە گشتی دەیەوێ، بەڵام چونکە زۆرینەی خەڵکی ئێران ئاییـنیان هەیە، کردیانە شـمـشیـری عـەلی و قـەتـڵی عـامی کـوردیان پـیـدەکرد و بـیـرۆکەی چەپیش سەرنەکەوت و هیچی دەست نەکەوت.

مخابن ئەو سازمانانەی زۆرینەیان کورد و کوردستانی بوون، ئەگەر نەکەوتبانە ژێر کاریگەری ئەو چەپە دژەکوردانە و بە هەمو جیاوازیەکانیانەوە یەکگرتوبان دەبونە هێزێکی بەهێزی گەل و لەوانە بوو سەربەخۆیی کوردستانیش بسەلمێنن. مخابن دۆڕاندمان، زۆر زوو بە ناوی دین و ئیدە، برا، دەگەڵ برا ، باب دەگەڵ کوڕ، جیران دەگەڵ جیران ، لێک کران و لەبەر یەکتر ڕاوەستان و تێک بەردران. نـەتـەوەو عاتیفە و هاوولاتی و جیرانەتی و دۆستایەتی بـەرژەوەنـدی گشتی گەل بـاویـان نەما و لە جیگای ئەو هەمـوو هـەستو سۆزانـە، ڕق ـو قین و دوژمـنایـەتیەکی کـوێرانـە مێشک و دڵێ هەمـوانی پـڕ کردبـوو. ئـاکامەکەشی دامرکاندنی ئاگری شۆڕش و مافخوازی و سارد کردنەوەی جۆش و خرۆشی جەماوەری و بـەرژەوەندی گەل و نیشتمان بـۆ بە قـوربـانی بەرژەوەنـدی تاک و حیزب. داوای مافی نەتەوایەتی وەک داوایەکی دواکەوتوانە و بـۆڕژوازیانە دەناسێندرا، هەرلایەک خـۆی بەڕاست دەزانی و لایەکەیتری پێ غەڵەت بـوو. یـەک بــڕوای بـەدین و خوا نەبوو داوای زەکاتی لە خەڵک دەکرد ، یەکێک پێی وابوو حاکمی یەکجاریە، زەوی و زاری دابەش دەکرد. یەک بڕوای بەمارەو شەرع نـەبوو ئیزنی ژن بەژنەی دەردەکرد. یەک دینی بـە ئەفیونی کۆمەڵ دەزانی ، یەکێک کمونیستی بە کوفر لە قەڵەم دەدا. تۆزو خۆڵی نەهامەتی چاوی هەموانی پڕ کردبوو کەس کەسی نەدەدی . هیچیان بیریان لە پـێکەوە ژیـان نـەدەکردوە، هەموو هەوڵەکان بۆ لەمەیدان دەرکردنی ئەویتر بوو. ئامانجی گەل کرابوو بە چەک و چۆڵ و هەموو هەوڵێکیان بـۆ بەدەست هێنانی دەدا. ئەو حیزبـانـەش جگە لە دێمۆکڕات لەکوردستان ناسراو نەبـوون .

بەداخەوە ئەوڕەوتە پەرەی سەندو دروشمی ئیسلامیزم و کمونیزم و سۆسیالیزم دەیان ئیزمو لیزمی دیکە (دەگەڵ ڕێـزم بـۆ هەمویان) جێگای مافی نـەتـەوە و نیشتمانی ئـازادیان گرتەوە. بـرایـەتی بـوو بـە دوژمـنایەتی، هـاوکاری بـوو بەشەڕی خۆبەخۆ. وەک کوتم : ئاخوندەکان لە وتـارو بـەلاڕێـدا بـردن گەلێک شارەزان و پێیەوە پـەروەردە کراون ، زۆر ژیرانە ئەو کەشو هەوا ئاڵۆزو تەماویەیان قۆستەوە ، بـەکەڵک وەرگرتن لە هەستی مەزهەبی خەڵک سواری کەشتی بێ کەشتیەوان بوون و سەرەتا هیندێک بەڵینی بێبنەمایان دا بەخەڵک و دوایە بیرۆکەی خۆیان کە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی شیعەی دوازدە ئیمامی بوو دابەزاند. کاتێک دیتیان جگە لەکوردستان بەرهەڵستێکیان نەماوە و زۆرینەی ئەو حیزبانەش دژی دینن، کەش و هەوایەکیان خـوڵـقانـد کە تەنانـەت خاوەن ئـایینەکان و هێندێک لە سوننەش کەوتـنە شوێـنـیان و بـە دروشمی (ئـیسلام در خطر است) دەستیان کرد بـەکوشتاری خەڵک و دەرکردنی فتوای جـیهاد و ڕاماڵینی سەرجەم حیزب و سازمانەکان، لەسەرجەم ئیران جگە لە کوردستان. کوردستان بوو بە مەتەرێزی ئازادی، ئەو ڕاونراوانەش بە جیگای ئەمەگناسی و مـیـوانـداری گـەرم گـوڕی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانیان کەوتنە ئاژاوە گێڕی و سازکردنی ناکۆکی و دوبەرەکی هەر هەموشیان دژایەتی کردنی حیزبی دێمۆکڕات.  نانیشیان خواردین و نـان دانیشیان دڕیـن. بـە بیانوی تـەواوەتی ئـەرزی و ئــێـڕانی بـوونی کوردستان جاری وابـوو وەک مـیوانیش قـبوڵـیان نـەدەکردین .

 بـە سرنجدان بـەو ڕاستیانە و زۆریـتریش، کاتی ئـەوە هـاتوـوە ڕیبەرایەتی حیزبە کوردیەکان تا سنوری قوربانی کردنی خۆیان و حیزبەکەشیان بڕۆن و ئـەو زامە قـوڵ ـو بـەژانـە ساڕێـژ بکەن و چیتر ئەو کۆڵەباری هەڵە و خەتایانە بـە کۆڵەوە هەڵـنەگرن . هیوادارم لەتەکان ببنەوە یەک و یەکەکانیش ببنە هێزێکی یـەکگرتوو ئەو کـەلـەبـەرە شومانە پڕکەنەوە. بـەکوردی بـازاڕ شـێوا، هەرکەس کوڕێ بـابی خۆی بوو، گەورە و چوکەی کوردەواری و ئازادی و دێمۆکڕاسی کەوتنە بەر ڕەهێڵەی دیکتاتۆری پرۆلیتاری. وەک لە پێشەوە کوتم : مەبەستی ئـەسڵی کە ڕزگاری کوردستان و وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسین بوو. لەلایەن ڕێژیمەوە بە جیاوازی خوازی قەبڵێندراو لە لای چەپەکانیش بە داوایەکی کۆنەپـەرستانە و بـۆڕژوایانــە لـە قەڵەم درا. دین کرا بە ئەفیون کۆمەڵ و مارکسیستی مۆری کوفری لێدرا. ئا لەو گەردەلولە دا تەپڵی شەڕ لیدراو  ئەوەی نەدەبوو  بکرێ، کرا . ئەگەر هەرکامەمان خۆمـان بە لایەکەوە هەڵناوەسین ، ئاوی زمزم بـە خۆمان دانەکەین، یـەکمـان نـەبینە پەری و فرشتە و ئەویتر بە جنۆکە حیساب نەکەین، زۆر بـاش دەزانین چی بوو چیکرا .دەزانین زامێکی قوڵێ ساڕێژ نەکراوە. ئەگەر ئەو غیرەتەمـان هەبێ بە گەل و دایک و بابی شەهیدان بـڵێین: بۆ ڕێز گرتن لـە ڕوحی شـەهـیدان و تـەسلـیـم بـوون بـۆ ویست و داوای گەل و قەرەبـوو کردنەوەی ئـەو خەسارە قورسانە، بـا خراپەکانی ڕابـردوو پێ ڕێدەخەین، یەک بـگرین و بەیەک هێز بەرەنگاری دوژمن ببێنەوە و کوردستان ئازاد بـکەین. بە دایک و بـابی شەهیدان بـڵێێن هانێ ئەوەش بەرهەمی خوێنی بە ناهەق ڕژاوی ڕۆڵەکانتان.

دڵنیام ئـەوە خەیـاڵ پـڵاو نیە، ئـەگـەر ئـەوەی نـەکـەیـن قـەرزداری گەل دەبـیـن و مـیژوو لـێمـان دەپرسێتەوە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٥ ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ کوردی . ٤ / ٦ /٢٠٢٠ زایینی هولەند

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی