"an independent online kurdish website"

سەرەتای خەرمانانی ١٣٦٨لە ماوەی چەند ڕۆژێك دا دەورێکمان لە شپیران دا و کۆمەڵێک ئەندام و دڵسۆزی حیزبیمان بە سەرکردەوە و زانیاریی پێویست و بە کەلک مان لە سەر ناوچە و هێزەکانی دوژمن کۆکردەوە و کاک سلێمان کەلەشی بە پەیامێک لە ڕێگای ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە ئاگاداری کردین کە ئەوە حەرەکەتمان کرد بۆ لای ئێوە.

ئێمەش بۆ ئامادە کردنی تەداروکاتێکی باش بۆ پێشمەرگەکان، لە چەند ڕێگاوە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبیمان مەئموور کرد و ئەوانیش وەک هەمیشە زۆر بە باشی ئەرکەکەیان جێ بە جێ کرد و خواردن و میوەیەکی باشیان بۆ هێناینە ئەو شوێنەی کە دیاریمان کردبوو.
شەوێکی تاریک و شوێنێکی هەتا بڵێی حاستەم کە دەبا یەک بگرینەوە. کێلی دەستمال کە دەکەوێتەوە نێو کەوشەنی گوندەکانی : کەریکان، کەڵەڕەشی سەرێ و خوارێ. جێگایەک کە تەنانەت بەڕۆژ ئینسان بە ڕاحەتی ناتوانی یەکتری بدۆزێتەوە. وەک شارێکی گەورە و بەرین وایە، هەموو بەرد و شاخەکانی وەک یەک وان، کەسێک زۆر شارەزای نەبێ زۆر جار تووشی بۆمبەست دەبێ، یان نازانێ بەرەو کوێ دەچێ. ئەگەر کەمێک تاریفی خۆم بکەم و شوکور شاهیدێکیشم کاک محمد ساڵح قادری لە ژیان د اماوە و داخی گران کاک فەیسەڵ مەزیدی گیانی لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی دا بەخشیوە، یادی بەخێر، زۆر بە دیقەتەوە توانیم هاوڕێیان بدۆزمەوە کە کاتێک گەیشتینەوە لایان هەم ماندوو بوون هەم خواردنیان لا نەبوو، یان شتێکی ئەوتۆیان پێ نەمابوو . بۆیە لەگەل چەند هاوڕێیەک ٢ ئەسپ مان برد و بەشێک لەو خواردن و میوەیەمان هێنا و بۆ جاری دووهەمیش دیسان هەر چووین هێنامان.
ئەو شەوەمان کردە ڕۆژ . ئەوەش بڵێم کێلی دەستماڵ لە هەموو فەسڵەکان دا هەر ساردە ، بەڵام پێشمەرگەکان کیسەخەویان هێنابوو و ئەوەی کیسەخەوی نەبوو تیمە ٣ کەسییەکەی ئێمە بوو. ئێوارە داهات و بە پێی بەرنامەی پێشووی هێز و مەڵبەند دەبا بڕۆینەوە گوندی کەریکان. تیمێک لە پێشمەرگەکان وەک تیمی پێشڕەو لە پێش هێزەوە دەچوون و ئێمەش بە فاسیلەیەکی چەند کیلۆمێتری بە دووی ئەوان دا دەچووین. کاتێک گەیشتینەوە نیزیک گوند جارێ ڕووناک بوو و دەبا تیمی پێشڕەو بگاتە نێو دێ و کۆنتڕۆڵی ڕێگای پایەگاکە و ڕێگای ئەسڵی بۆ نێو دێ بکا ، جا هێزەکەش بگاتە نێو گوند ئەگەر لە بیرم بێ بەرپرسی ئەو تیمە کاک محمد حەقدار فەرماندەری پەلی ٣٢ بوو. پێشمەرگەکانی پێشڕەو گەیشتنەوە نێو دێ و دوای چەند دەقیقەیەک بە بێسیم گوتیان ئەوە لە ماشێنێکی شەخسی دا فەرماندەری پایەگا و ٢ سەربازمان بە چەکەوە و بە بێ تەقە دەستگیر کرد. خەبەرێكی خۆش بوو . زوو ئێمەش چووینە نێو دێ و پێشمەرگەکان دابەشی نێو ماڵان بوون و کەمینیان لە سەر ڕێگای پایەگا و جادەی ئەسڵێ دانا . فەرماندەری پایەگای کەریکان ستوانێک بوو بە ناوی غلامرضا پارسا .
ئێمە وەک تیمی تەشکیلاتی بە پێچەوانەی جاران کە تیمێکی بچووکی ٣ کەسی بووین و سەردانی دۆستان و ئەندامانی حیزب هیندە هاسان نەبوو، ئەو شەوە هێزی ئاگریمان لە پشت بوو کە هەرکام لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەو هێز ەبەناوبانگەی حیزب خۆی قارەمانی دەیان داستانی مێرخاسی بوو، بۆیە بە بێ ترس و نیگەرانی خەریکی کاری خۆمان بووین تا نیزیک سەعاتی ١ی شەو. لە خوارەوەی گوند هەموو هاوڕێیان یەکیان گرتەوە و کاک سەید ڕەسووڵ و کاک محمد ساڵح بانگی من و فەیسەڵ مەزیدی یان کرد و گوتیان ئەوە فەرماندەری پایەگاکە کارمان پێ یە و جارێ ئازادی ناکەین، بەڵام ئەو دوو سەربازە قسەمان لەگەل کردووە و ئازادیان دەکەین، ئێوە لەگەل چەند پێشمەرگە لێرە سەربازەکان لای خۆتان ڕادەگرن تا ئێمە دوور دەکەوینەوە و جا ئێوەش ئەوان بنێرنەوە لای پایەگاکەیان و وەرن بگەنە ئێمە. مەسیرەکەمان دەزانی بۆ ڕۆژی دوای لە کوێ دەمێةینەوە و بێسیمێکیش لەلامان بوو بەردەوام پەیوەندیمان هەبوو. ئەوە بوو دوای نیزیک ٤٠ دەقەیەک کە هێز ڕۆیشتبوو، ئێمەش سەربازەکانمان ئازاد کرد و هیندێک ڕاوەستاین تا لێمان دوور کەوتنەوە و بە سەریعی کەوتینە ڕێ بۆ لای هاوڕێیان.
ئەوەی لە بیرم بێ پێشمەرگەکان حاجی خەرەگۆشی و لوقمان فۆلادی بوون (ڕووحیان شاد) و ئەوانی دیکە بەڕاستی لە بیرم نین کە ٢ کەسی دیکەش بوون. نیزیک سەعات ٣ بوو گەیشتینەوە هاوڕێیان و بەرەو خوەشیلان دەچووین کە دەبێتە کەوشەنی گوندی گیزک.
((با قسەی خۆشیش ون نەبێ. هەموومان زۆر ماندوو بووین. لە جێگایەک دانیشتین و سیگارێک مان کێشا و گەیشتینەوە دەروای گەلی پیران کە ئاوەکە زۆر نیە، بەڵام هەم خوڕە و هەم هیندێک جێگا گۆمی بچووکی هەیە. ڕێگای کاروانچیەکان بوو و خۆڵ تا نیزیک ئەژنۆمان بوو. هاوڕێیان هەموویان پەڕینەوە و من لەگەل کاک دوکتۆر شوان (صالح سنجاری) خەڵکی شنگال و دوکتۆری ئێمە بوو ، مامەوە کە زۆر ماندوو ببوو و هەر دەیپرسی: کاووس گەلەکا مایە بۆ جهێ مانێ؟ منیش هەر دەمگوت: هیندەی نەماوە و دەگەینێ. دوکتۆر لە پێشمەرگە و دوکتۆرەکانی شۆڕشی ئەیلوول بوو و دواتریش کە هاتبووە لای حیزب و دەیان کادر و پێشمەرگە و خەڵکی هەژاری دەڤەری لە مردن ڕزگار کردبوو. مرۆڤێکی خەباتکار و پسپۆر لە پزیشکی دا کە ئەوکات نیعمەتێک و فریادڕەسێک بوو بۆ ئێمە. بەخۆشی یەوە ئێستا ئەویش لە دانمارک دەژی و تەندروستی و ژیانی زۆر باشە.
من بازم دا و پەڕیمەوە. دوکتۆر کەمێک کێشەی چاوی هەبوو لە شەو دا، گوتی ئاوەکە نابینم ، ئەزێ خوە باڤێژم! گوتم : دوکتۆر وەرە لێرە کورتە هەر لە جێی خۆت بازدە و ناکەویتە ناو ئاو. بە قسەی کردم و بە قەولی خۆی ، خوە هاڤێت، ڕاست هەتا کەمەر کەوتە نێو گۆمە ئاوەکەوە. یەک جێ چینێک جنێوی پێدام و گوتی: نەمرۆف وەلاهی تە هەرب قسەتی ئەز ئێخستمە ئاڤێ. خواش دەزانێ ڕاستی دەکرد و فێڵم لێ کرد. دوای ئەوە ئیدی هەر یەکجار ماندوو بوو بەو پانتۆڵە تەڕە و بە ناو خۆلی ڕێگاکە دا ببووە سواغ. ناچار بووم تفەنگەکەیم هەڵگرت و گەیشتینەوە هاوڕێیان و گوتی: کاووس خستمیە نێو ئاو. تا چەند ساڵ دواتریش هەموو جارێ دوکتۆر باسی دەکرد و ڕیزە جنێوێکیشی بۆ دەناردم کە مافی خۆی بوو)).
گەیشتینەوە خوەشێلان و ئەو ڕۆژە لەوێ ماینەوە تا ئێوارێ. سێبەر داگەڕان و ئێمە حەرەکەتمان کرد بۆ نێو گوندی گیزک. ڕێگاکە زۆر هەڵدێر و سەختە. هەمووی دار و بەرد و گوێنی و هەڵدێر. یەکێك لە ئەسپەکان کە هیندێک فیشەکی زیایدی و کتری ڕەشە بەناوبانگەکەی لکی ٢ و شتی وای لە سەر پشت بوو. لە بیرم نیە کە لوقمان سواری ببوو یان نە، بەڵام لە هەڵدێری پشتی گوند دا ئەسپەکە هەڵدێرا و لوقمان کەوتە نێو دەست و پێی ئەسپەلە و سەری شکا و زۆر بریندار بوو ، بارەکەی هەڵوەشایەوە. لەوکاتی دا کە ئێمە خەمی لوقمان مان بوو کاک بەهرام ئازاد فەر (ڕووحی شاد) بانگی دەکرد: کتری هیچی لێ نەهاتووە؟ کتری ماوە؟ ئەو قسەیەش تا کاک بەهرام لە ژیان دابوو و هەتا ئێستاش وەک یاد کردنەوەیەکی ئەو مرۆڤە خەباتکار و زانایە هەر لە لامان ماوەتەوە. کاک بەهرام عاشقی چای و سیگار بوو یادی بەخێر.
درێژەی هەیە…..

 

 

نویترین هەواڵ و بابەت