"an independent online kurdish website

ڕۆژی بیست و هەشتی جۆزەردان لەکەیەکی ڕەشی دیکەیە بە ناوچاوانی جمهوری ئیسلامی و کاربەدەستان و چڵکاو خۆران لە شاری پاوە.

ڕۆژی  ۲۸ /٣ /۱۳٦۵  تاقمێک لە پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ ی حیزبی دێمۆکڕات بە هۆی خەیانەتی خۆفرۆشێک کە خۆی خزاندبووە ڕیزی پێشمەرگەکانەوە (کەمال هانەگەرمڵەیی) لە نزیک گوندی دشە دەکەونە داوی ڕەوەی جاشەکان و پاش تەقە و لێکدان و بەرەنگار بونەوە و شەهید بوونی فەرماندەی دەستەی شەهید نادری (شامراد ولەدبەگی)   پێنج پێشمەرگە بە ناوەکانی بەهمەن سەلیمی٫ عەبدولڕەحمان قادری٫ فەتاح فەتاحی٫ ئەمین مساعدی و هادی موحەمەدی بە دیل دەگیرێن و دواتر جاشەکان تەرمی شەهید شامراد و دیلەکان دەبەن بەرەو پاوە.

لەو شەڕەدا فەرماندەی جاشەکان بە ناوی تایەر گونی فرۆش دەکوژرێت و کاتێک هەواڵی کوژرانی تایەر و بەدیل گیرانی پێشمەرگە دەگاتە بنەماڵە و کەس و کاری  تایەری خۆفرۆش، بنەماڵەکەی بەرەو شوێنی شەڕەکە (دشە) ڕێدەکەون و  لە نێوان گوندی دشە و گراڵ دەگەنە لای پێشمەرگە دیلەکان و لەوپەڕی دڵڕەقی و وەحشیگەریدا جەستەی دیلەکان بە گوللە دابێژ دابێژ دەکەن و دواتر تەرمی شەش ڕۆڵەی گیانفیدای گەل و نیشتمان  دەبەستن بە دوای شەش ماشێندا و بەرەو پاوە ڕایاندەکێشن.

پاش ڕاکێشانی تەرمی پیرۆزی شەهیدەکان بە نێو کوچە و کۆڵانەکانی شاری پاوە و بێحورمەتیەکی زۆر لە لایەن جاش و بنەماڵەی جاشە کوژراوەکان لە سەر فەرمانی نوێنەری هەڵقە لەگوێی خومەینی (مەلاقادر) بە دور لە هەموو یاسا  و ریسایەک و بەدور لە چاوی کەس و کاری شەهیدان  تەرمەکانیان لە دەور و بەری هەڵەویار چاڵ دەکەن.

هەروەها لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی دیکە بە ناوی موحەمەد عەباسی شەهید دەبێت کە دواتر لە لایەن  کەس و کارییەوە تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە و دەیبەنەوە گۆڕستانی بندەرە و بە خاکی دەسپێرن.

 پاش ماوەیەک کە  بەرپرسی ئیتلاعات (باباخاس)  و نوێنەری خومەینی (مەلاقادر)  ئاگاداری بە خاک سپاردنی شەهید موحەمەد لە گۆڕستانی بندەرە دەبن  بڕیار دەدەن کە نابێ زیدی ئینقلاب لە گۆڕستانی موسڵمانان بە خاک بسپێردرێت و کەس و کاری شەهید موحەمەد ناچار دەکەن کە تەرمەکە ڕاگوێزن بۆ دەرەوەی قەورسانی موسڵمانان٫ پاش حەوت ڕۆژ زەخت و زۆر تەرمی پیرۆزی شەهید موحەمەد دەگوێزنەوە بۆ ناو باخی باوکی ( وێنەکە هی گۆڕی شەهیدە لە نێو باخەکەی خۆیان).  

بەم جۆرە  و لەو ڕۆژەدا جاشەکان ڕوو ڕەشیەکی مێژوییان بۆ خۆیان تۆمار کرد و لە پێناو پلە و نانی سەرشۆڕانە دەستیان بە خوێنی هاووڵاتی و هاوزمانانی خۆیان سور کرد.

ڕۆحی بەرزەفڕی شەهیدان و ئەو حەوت قارەمان و فیداکارەی هێزی شاهۆ شاد

سەرشۆڕی هەتا هەتایش بۆ نیشتمان فرۆشان

۲۸ / ۳ / ١٣٩٩   یوتبوری

مەنسور  ئیراندوست

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی