"an independent online kurdish website

بەشی چوارەم

کە گەیشتینەوە نێو گوندی گیزک جارێ ڕۆژ ئاوا نەببوو و تەنیا سێبەر گەلیی دێلەزیی گرتبوو. لەگەل وارید بوونی ئێمە ماشێنێکی سەوزە فرۆشی تورک هاتە نێو گوند و (وابزانم) بەستەنیشی هێنابوو بۆ فرۆشتن لەو گوندانە. بە بڵیندگۆ بانگی دەکرد تا خەڵک بێن و بیکڕن! 

لە خوار گوندیش چەند پێشمەرگەیەک سواری ببوون تا نێو دێ. دابەش بووین و ئەو ڕۆژە من و کاک محمد ساڵح قادری لەگەل کاک تەیموور مستەفایی بەرپرسی مەڵبەند چووینە ماڵێک و کاک فادڵ بێگزادەی فیلم هەڵگر و مستەفا ڕەحمەت پووری بێسیم چی و خدر ئەڵماس و برادەرێک کە لە ناوخۆیە و ناوی ناهێنم میوانی ماڵێک بووین و فیلمەکەشی هەیە و ناڕۆمە سەری. کاتێك خاوەن ماڵ کامێرای بینی بە چ دیقەتێک قسەی دەکرد؟

شەوداهات و دەوروبەری سەعات ١٢ لە گوند هاتینە دەر و ڕاست بە ڕێگای پیادەی نێوان گیزک و دێلەزی دا چووین. لەگەل ئەوەی ئەو ڕێگا ڕۆیشتنە بۆ ئووسوولی پارتیزانی نەدەبوو، بەڵام لەو شاخ و هەڵدێرانە چارەی تر نەبوو، یان دەبا بە جاددە بڕۆین کە ئەگەر ماشێنێک هاتباوە ئیمکانی لادان نەبوو، یان دەبا بەو ڕێگایە دا بڕۆین کە ڕۆیشتین. بەڵام ئەوەش بڵێم کە چەند ئەسپ و هێسترێک مان لەگەل بوو و لە ئاخەری پێشمەرگەکانەوە دەهاتن و شوێن پێیان تا ئاستێکی باش لادەبرد.
گەیشتینەوە پەنا دێلەزی کە ئەوکات گوردانێکی گەورەی سوپای پاسداران لە ناو دێ بوو و بەشێک لە خەڵکی گوندەکەش بە زۆر چەکدار کراو بوون و شەوانە دەیان بردنە گوردان بۆ نیگەبانی و چەند گلە جاشێکی دڕی دژە کورد کە دەسیان ەب خوێنی خەڵك و پێشمەرگە سوور ببوو لە گوردانەکە دا بوون. سەگی گوند هاتن و لێمان بوون بە بەڵا. دەمانویست لە پەنا گوند و لە نێو باخچە و مێشە دارەکانی خوار گوند ڕا دەرباس بینەوە ئەولای دێلەزی و بەرەو مەسیری مانەوەمان کە سەری چیای ڕەشێنە واتە “وارەسەرک” بوو ، بڕۆین. ڕووناکای نوور ئەفکەنەکانی گوردان و ژمارەی زۆری سەگ مەجالیان نەداین و گەر ئەوڕیسکەشمان کردباوە ، ئاشکرابوون و تەقە لێکرانمان ٩٠ لە سەد بوو. بۆیە بەرپرسان و شارەزاکانی ناوچە بڕیاریان دا بڕۆینەوە گەلی دێلەزی و لەوێ ڕا سەرکەوین کە یەکجار زۆر شاخێکی ڕوک، هەڵدێر و درێژە. بەڵام چارە نەبوو.
کەلە دەشتایی خوار دێلەزی تەواو بووین گەیشتنەوە ڕێگا باریک و پێچاوپێچەکە بۆ قەڕاغ چۆمەکە. ئەگەر لە بیرم بێ ٢٧ پێچ بوو. خەڵک ڕۆژانە بە ئەسپ و گوێدرێژ و بە پێیان لەو ڕێگایە دا دادەگەڕانە قەڕاغ چۆمی دێلەزی کە هەمووی بێستان و باغ و مووچە ومەزرایان بوو. گەلیی دێلەزی خۆی بەهەشتێکی تاریف نەکراوەیە و ژینگەناسان دەتوانن تاریفی بکەن و کاری من نیە. من بە دوای کاک بەهرام ئازاد فەردا دەڕۆیشتم. ئەو کەوشی مەکابی لە پێدا بوون. مەکاب خەراپترین عادەتی ئەوەیە کە لە سەر خیز و وردکە بەرد دەخلیسکێ. لەو پێچانە بە بێ ئیغراق بەهرام تەقریبەن لەهەرکامیان دا یەک ، یان دووجار کەوتە خوار و هەموو جارێش پشتی وەک عەرزی دەکەوت و هەڵدەستا لە بەر خۆیەوە دەیگوت: کۆپەگ ئۆغلی!
داگەڕاینەوە ناوتەختی چۆم و کاتی ئیستراحەتێک و سیگار کێشانێک بوو. من تا ئەوکات هیچ خۆم لە کاک بەهرام تێنەگەیاندبوو و دەمزانی هەر بە حاستەم پێ بکەنم، تووڕە دەبێ. بەتایبەتی دەمێک بوو سیگاری نەکێشا بوو. سیگارمان داگیرساند و هەر دوو دوو ، سێ سێ بە پچە پچ قسەیان دەکرد. کە دیتم کاک بەهرام سیگارەکەی هەڵکرد و لەگەل کاک سەید ڕەوسووڵ و کاک نایب مەشایخی کەوتبوونە قسە، زانیم کاتیەتی بەزم خۆش کەم. گوتم ئەوشۆ زۆر بەزەییم بەو شاخ و ڕێگایە دا هات. نازانم کام یەک لە هاوڕێیان بوو پرسی بۆ؟ گوتم بە خوا کاک بەهرام ٦٠ قوونی لەو شاخە کوتا و ١٥٠ جاریش پێی گوت کۆپەک ئۆغلی! بەهرام گوتی یانی تۆ پشتی سەرم بووی وەک پشیلە خۆت مات کردبوو تا لێم لە هەڵا بدەی؟ گوتی وەلا کاووس دەڵێ ٦٠، من دەڵێم ٩٠.
دوای پشووەکە کەوتینە خڕێکی هەڵدێر و سەخت بۆ سەرکەوتن و دەبا پەلە بکەین تا بەرلە تاوهەڵاتن بگەینە لووتکەی شاخەکە. ئەسپ و هێسترەکان نەیانتوانی لەگەل ئێمە بێن و چەند پێشمەرگەیەک لە باسکێکی دیکە کە ڕاست دەکەوتە بەرانبەر دێلەزی سەرکەوتنو یادی ەبخێر حاجی خەرەگۆشی وەک شارەزا لەگەلیان بوو(ڕووحی شاد). ژمارەیەکی زۆری هاوڕێیان کە خۆشم یەکێكیان بووم زوو سەرکەوتین. یان باشترە بڵێم کە سەرکەوتین جارێ دونیا تاریک بوو. بەڵام بەشێکی دیکەی هاوڕێیان لەگەل ڕووناک بوونی دونیا گەیشتنەوە لامان.
لە وارەسەرک تەنیا یەک کانیاوی بچووک هەیە.(( ئەوەش بڵێم کە وارەسەرک زۆزانی بنەماڵەی ئێمە بووە بۆ ماوەیەکی زۆر واتە عەرزی ئێمە بووە و دواتر فرۆشتوویانە .یانی ئەوکاتەی ماڵی باب و باپیرانمان لە گوندی لۆرەشیرین بووە کە دەکەوێتەوە بناری ڕەشێنە، هەر لەوێش کەسێك لە بنەماڵەی ئێمە کە تەمەنی ١٢ ساڵان بووە بە ناوی میرۆ، بەهۆی پێوەدانی دووپشکێکی ڕەش لە بەرچاوی دایکی خۆی و دایکی من کە ئەوکات تازە بووک بووە ، مردووە)).
لە سەر ئەو کانیاوە بچووکە کێشەمان لەگەل ” ڕەوەک ” ئەسپی خەڵکی دەوروبەر لێ پەیدا بوو. ١٠ ، ١٢ ئەسپێکی ڕەوە لەو شاخە بوون . تەنیا سەرچاوەی ئاوەکەشیان ئەو کانیاوە بچووکە بوو کە خەڵك دوو گۆمی بچووکی بۆ چاک کردبوون تا ئاو بخۆنەوە. ئێمەش لە سەر کانیاوەکە بووین. کانی هیندە بچووک و کەم ئاو بوو ٢ ئەسپ تێریان خواردباوە دەبا لانی کەم سەعاتێک چاوەڕوان بی تا دووبارە گۆمەکان پڕ ببنەوە و قوراویش دەبوون کە بە کەلکی خواردن نەدەهاتن. هەر جارە نە جارێک ئەسپەکان هێریشیان دەهێنا و ئێمە بەرهەڵستیان دەبووینەوە تا جارێکی دیکە. ئەوان چوونکی کێشەی ئەمنیەتیان نەبوو، دوای ئەوەی کە دیتیان ناتوانن تەسلیم مان بکەنەوە ، داگەڕانە سەر ئاوێك کە دەکەوێتەوە ڕاسەری گوندی سێوەدەر. چەند ڕۆژێک لەوێ بووین ئەوان ڕۆژانە یەک دووجار دەچوونەوە سەر ئاوەکە و دوایە دەهاتنەوە سەر شاخەکە و دەڵەوەڕین.
ماوەیەک لەو شاخە سارد بەڵام دڵڕفێنە بووین، هاوڕێیانی هێز دەیانەویست لە گەلیی دێلەزی کەمینێکی بەرین دابنێنەوە و هەر لە بەیانی یەوە دەست بوەشێنن و خۆیان ئامادە کردبوو تا ئێوارە شەڕ بکەن. لە بیرمە چوون بۆ شناسایی کردنی جادە و شوێنی کەمینەکان و پشتیوانی کەمینەکان، بەڵام بۆچی وازیان هێنا لە عەمەڵیات ، بەڕاستی نازانم و نەم پرسی و نەمزانی بۆ. ئەرکی هاوڕێیان و فەرماندەرانی نیزامی بوو .
ڕۆژی ٨ی خەرمانانی ١٣٦٨ بوو کە ئێوارەکەی بووینە دووبەش کە ئێمە ١٠ بۆ ١٢ کەسێک چووینەوە گوندێک بۆ هێنانی هیندێک تەداروکات و هاوڕێیانی دیکەش بەرەو شاخی بەرێدی کە دەبێتەوە لووتکەی چیای سەرکەش و لایەکی دەبێتەوە دەڤەری سۆما و لایەکەی دیکەش دەڤەری شپیران. واتە زاڵە بە سەر هەردوو ناوچە دا. شاخی بەرێدی لای خەڵکی ناوچە وەک شەخس شوێنێکی پیرۆزە و هیندێک مەزاری قەدیمی لەوێة کە خەڵك ڕێزیان لێدەگرێ و من لەو شتانە نازانم.
ڕێگاکە زۆر درێژ و سەختە لە ڕەشێنە ڕا بۆ بەرێدی. هاوڕێیان کە گەیشتبوونەوە سەر پردی گەلیی دێلەزی فەرماندەری پایەگای کەریکان وەک ئەسیر کە لەگەلیان بوو هەوڵی هەڵاتن دەدات و سەرکەوتوو نابێ و ئێوەخۆش. ئێمەش بە بێسیم ئاگادار بووین و بۆیە زوو گوندەکەمان تەرک کرد و بەرەو هاوڕێیان چووین. چوونکی بە دنەگی تەقە ئیمکانی کەمینو تەعقیب هەبوو. دیارە تەداروکاتی باش مان بردبووە. لەگەل دونیا ڕووناک بوون گەیشتینەوە بەرێدی و هاوڕێیان بەشێکیان خەوتبوون و بەشێکیش چاوەڕێ بوون تا ئێمەش دەگەینێ.
دیسان هەمان بەزمی یەک کانیاو و یەک ڕەوەی ئەسپ تووشمان بوو. بەڵام تەنیا یەک ڕۆژ بوو . ئەسپەکانی ئەوێ زۆر تووڕە بوون و وازیان نەدەهێنا. هەتا ئێوارێ بەڵکوو دە جار هێرشیان بۆ کردین بەڵام هەر نەمان هێشت ئاوەکە بخۆن.

بەشی پێنجەم

ئێوارەی ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٦٨ بەرەو گوندی حەسەنی دەچووین. تازە لە بەڕێدی ڕا شۆڕ دەبووینەوە نێو دێ و جارێ ڕۆژ ئاوا نەببوو. زۆر دیمەنێكی خۆش و دڵڕفێن بوو کە ئەو هەمووە پێشمەرگەیە لەو شاخە ڕیز ببوون بەرەو گوند. ئەو ڕۆژە ڕادیۆی تیمەکەمان کە تووشیبایەک بوو ، لای من بوو. ئەوکات هەرچی ڕادیۆی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و غەیرە کوردی ئێران و عێراق بوو لە شەپۆلی ٧٥ کۆببوونەوە. منیش کە زۆر گوێم دەدایە گۆرانیی کوردی لە ڕادیۆ بەغدا و یەریڤان و ڕادیۆ کوردییەکانی ئەحزاب، کە چوومە سەر ڕادیۆ کوردیی بەغدا و گۆرانییەکی خۆشی کاک ناسر ڕەزازی خرابووە سەر . کاک سەید ڕەسووڵ پێش منەوە دەڕۆیشتن و ڕادیۆکەی لای غەفوور قۆرغچی بوو . غەفوور گوتی ئەوە کوێ یە کاووس؟ گوتم ڕادیۆی خەباتی شۆڕشگێرە لە ٧٥. تا گۆرانیەکە تەواو بوو هەر خشەی دوکمەی ڕادیۆ بوو لەو سەر بۆ ئەوە سەر و بۆی نەدۆزرایەوە.
تا گەیشتینەوە نێو گوندی حەسەنی ، دونیا تەقریبەن تاریکی کرد . حەسەنی ٢ پایەگای ژاندارمێریی لێ بوو. کە گەیشتینەوە نێو دێ ڕاست کاتی هەواڵەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو. بە شاهیدیی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە بەخۆشی یەوە لە ژیان دا ماون و ژمارەیان زۆر زیاتر لە ١٠٠ کەسە، تەنیا دەنگێک کە دەبیسترا دەنگی کاک ئەحمەد شێر بەگی بوو و هەواڵەکانی دەخوێندەوە. هەمو ماڵەکان ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان گرتبوو، ئینسان وای دەزانی کێ بەرکێ یە داخوا دەنگی ڕادیۆی کێ زۆر بەرزە. ئێمە کە لە بەردەرگای ماڵی مام مەولوودی نیشتیمانپەروەر ڕا دەرباس بووین، ڕادیۆیەکی گەورەی لە پەنجەرە دانابوو و پەنجەرەکەشی کردبووە و هەموو دەنگی دابووە ڕادیۆ زەوتەکەی.
ئەو شەوە تا دەرنگانێک ماینەوە و حەسەنی دووکانی باشی هەبوو و هاوڕێیان پێداویستی و سیگار و شتی وایان کڕی بوو. نیزیک ١٢ی شەو دەبا لە گوند دەربکەوین بەرەو پشتی هەرەکیان و کورد گوتەنی ئێمە بە دوای شەڕێکەوە بووین. تا لە گوند چووینە دەر من وەک خۆم ئاگادار نەبووم کە کاک تەیموور مستەفایی و کاک سلێمان کەلەشی و کاک بەهرام ئازادفەر کە کادری سیاسیی لکی ٢ بوو لەگەل ١٠، ١٢ پێشمەرگە بەرەو سنووری سوڵتانی چوون و لەگەلمان نین و لە سەر سنوور کەوتبوونە کەمینی سەربازانی تورکیە و بەخۆشی یەوە تووشی تەقە نەهاتبوون. بەڵام کاک سەید ڕەسووڵ وەک فەرماندەری هێز و کاک نایب مەشایخی وەک بەشی ماڵیی مەڵبەند و فەرماندەرانی نیزامی و بە ئیزافەی کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کە حوزوورمان هەبوو.
بۆ بەرەبەیانیی ١٠ی مانگ گەیشتینەوە بەرەتیشک کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی: هەرەکیان، قەسریک، سوڵتانی ، حەسەنی ، دۆستان و شەروانی.لەو مەسیرە سەرجەم ١١ پایەگای سوپای پاسداران و ژاندار مێریی لێ بوو و لە هەموو لایەکیشەوە ماشێن دەیتوانی بیتە سەرمان. سەعات دەوروبەری ٢ی دوا نیوەڕۆ بوو کە دیدەبان ئەگەر هەڵەم نەکردبێ کاک سولحەدین محی زادە (سلحۆ) و چەند هاوڕێیەکی بوون کەلە بیرم نیە کێ بوون، پەیوەندیان بە کاک سەید ڕەسووڵەوە کرد و گوتیان کە هێزێکی زۆر گەیشتە پایەگای هەرەکیان. هەڵبەت ئێمە ئاگادار بووین کە دوای کوژرانی فەرماندەری پایەگای کەریکان، دوژمن هەرچی گرووهی زەربەتی سەڵماس و ئۆرمیە هەبوو کۆی کردبوونەوە و تەنانەت گرووهی زەربەتێکیشی لە نەغەدە ڕا هێنابووە شپیران.
بە بیستنی ئەو هەواڵە،پێشمەرگەکان نەک نیگەران نەبوون، بەڵکوو وەک ئەوە وابوو کە و هەواڵێکی زۆر خۆش یان پێگەیشتبێ و داستانێكیان لە پێشە بۆ تۆمار کردن. لە ماوەیەکی کورت دا سازماندەهی کراین و تیمێک لە پێشمەرگە هەرە ئازاکانمان بە کامێرای فیلم هەڵگرتنەوە کە کاک فادل بێگزادە فیلم هەڵگر بوو ، چوونە کەمین لە دەراوی خەتا کە دەکەوێتەوە نێوان هەرەکیان و شەروانی و لەوێش ڕا بۆ دۆستان کە هیندە لە مێژ نەبوو جادەی نێوان ئەو دوو گوندە بەیەکەوە بەسترابوو.
ئێمەش تیمێک کە ٦ کەس بووین بەرەو گردی پشت گوندی هەرەکیان چووین کە هێزەکەیان خەریک بوو لە پایەگا دەهاتنە دەر و ڕوویان لەو گردە دەکرد. ئەوەی لە بیرمە لەو تیمە: سولحەدین ، شەرافەدین تاهیر حەسەن کە بەداخەوە ئەمڕۆژانە کۆچی دوایی کرد ڕووحی شاد، موزەفەر ئیبراهیمی ، من و ٢ کەسی دیکەش کە لە ناوخۆن و لە ناو هێنانیان خۆم دەپارێزم.
مەودایەکی زۆر کورتمان مابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەلیان کە لۆدێرێکی ڕێژیم کە لە هەرەکیان ڕا بەرەو شەروانی دەڕۆیشت بە ٤، یان ٥ کەسەوە کەوتە کەمینی هاوڕێیان و لە ماوەیەکی کورت دا یەکیان ئەسیر بوو کە شۆفێری لۆدێڕ بوو و بە سووکیش بریندار ببوو و ئەوانی دیکەش کوژران و لۆدێریش سووتێندرا و فیلمەکەی هەیە. بە بیستنی دەنگی تەقە لە کەمینی هاوڕێیان، ئەو پاسدارانەی ئێمە دڵمان خۆش کردبوو ڕاوڕاوێنێکیان پێ بکەین ، یەکسەر هەڵاتنە نێو گوند و پایەگاکە و نەیان وێران بێنە سەرەوە.
ئێمەش گەڕاینەوە بۆ لای بەرەتیشک. کەمێک هاتینەوە سەرتر دیتمان پێشمەرگەکانی تیمی کەمین کە کاک محمد حقدار و کاک ناسر فەرنیا(ڕووحی شاد) بەرپرسی کەمینەکە بوون، بەرەو سەر هاتن و ئێمە دەبا دیدەبانیان بین تا دەگەنە لای بەرەتیشک و دیاریش بوو جارێ زوویە و ئیمکانی هاتنی هێزی زیاتر و هێرش هەیە.
هەر ئەوندەمان دیت ماشێنێکی توویووتا بە دۆشکەیەک و پڕ لە ئەفرادی ڕێژیم بە سورعەت بەرەو شوێنی کەمینی هاوڕێیان کەوتنە ڕێ. لەگەل ئەوەی ڕێگایەکی خاکی و ناخۆش بوو، بەڵام زۆر سورعەت دەچوون. گەیشتنەوە سەر جەنازەکان و لۆدێریش کە ئاگری گرتبوو، هەمووی ٢ دەقە ڕاوەستان و یەکسەر لێیان خوری بۆ لای شەروانی و دۆستان. قەت بیرمان لەوە نەکردەوە کە ئەو ماشێنە یەکسەر بەرەو بەرەتیشک دێتەوە کە ڕێگاکە یەکجار دوورە.
مەلا جاسم ئیسماعیلی(ڕووحی شاد) زەنگی دا بۆ شەڕافەدین و گوتی زووکەن بگەنە لێرە ئەو ەتوویووتا لە دۆستانیش تێپەڕی و بۆ لای ئێمە دێت کە من تەنیا یەک کەسم لەگەلە کە بیکەیسیی پێ یە. ئەوان ڕاست لە سەر تەختە بەردی بەرەتیشک بوون. یەک کڵاشینکۆف و یەک بیکەیسی. خەدەمەی بیکەیشیەکەش هیندە لە مێأ نەبوو پێشمەرگە بوو.
ئێمە بەپەلە هاتین و لە قەراغ ئاوی شوێن چادرەکانی قەسریک فەرماندەری هەردوو لک و بێسیم چیی لکی ٢ و کادرێکی ئێمە خەریکی چای خواردنەوە بوون و بێسیم چیی لک بێسیمەکەشی قەپات کردبوو. کە لێمان پرسین ئێوە ئاگاداری وەزعی مەلا جاسم و تیمی سەر جادەن گوتیان نەوەڵا. هیندێک بوو بە دەمەقاڵەی من و شەڕافەدین لەگەل ئەوان و بە تووڕەیی ئەوانمان بەجێ هێشت و ڕۆیشتین. شەڕافەدین کە هەم بە تەمەن و هەمیش کیلۆی زۆر بوو بە سەرەخۆ دەهات، من و موزەفەر و سوڵحەدین بە پەلە چووین. کە سەرکەوتینەوە بەرانبەر بەرەتیشک دیتمان ئەوە تیمی کەمین گەیشتنەوە لای مەلا جاسم و دەنگی ماشێنەکە دەهات.
کاک نایب مەشایخی و کاک محمد ساڵح قادری لە سەر بەرزترین شوێنی ناوچە بوون و خەریکی پەیوەندی لەگەل تیمەکان بوون. ٥٠ ب ٦٠ میترێک مان مابوو بگەینە تەختە بەردی بەرەتیشک، توویۆتا گەیشتە بەر تەختە بەردەکە و ئەفرادی نێو توویۆتاکە دابەزین و نێو قەدی تفەنگیان گرت و هاتن بۆ بەرەدەکە. تیمی کەمین لێیان هاتنە دەست و هەر لە یەکەم دەسترێژ دا ٧، ٨ کەسیان کەوتنە سەر عەرز و ئەوانی تر دە پەلە قاژەی مەرگ و هەڵاتن کەوتن تەنانەت یەک فیشەکی دۆشکەیان بۆ نەتەقێندرا. ئێمەش گەیشتینەوە لای هاوڕێیان و چەند کەسێك مابوونەوە بە سینە خیز هەڵدەهاتن بۆ شیوی ئاخە سۆرک کە ئەوانیش نەیانتوانی ڕزگاریان بێ کە یەکێک لە وهەڵاتووانە کەریم ئەمراهی بوو . کاتێك گەیشتینەوە سەر توویۆتاکە، کاک لوقمان فۆلادی ( ڕووحی شاد) کەمێك بێ سەلیقەیی کرد و فیشەکێکی وەبەر کاک مەلا برایم پوورسەعید کەوت و بریندار بوو. مەلا برایم لە گەل کاک سەید ڕەسووڵ هاتبووە شیمال و خەڵکی پیرانشار و یەکێك لە پێشمەرگە قارەمان و فیداکارەکان بوو. ئەوەی لە بیرم بێ شەهید حاجی یەکەم کەس بوو کە گەیشتەوە سەر دۆشکەکە و هیندێك تەقەی پێ کرد و کەسێکی دیکەش چوو تەقەی پێکرد کە بەڕاستی لە بیرم نیەداخوا لاوە نەبی زادە بوو ، یان فادل بێگزادە؟
١٢ کەس سەرنشینی ماشێنەکە بوون هەر هەموویان ئێوە خۆش. یەکێک لە کوژراوەکان کەریم ئەمراهی بوو کە فەرماندەر جندلله ی سەڵماس بوو و لە کەسە دڕ و جینایەتکارەکانی ناوچە بوو. ئەو تورکێکی دژە کوردی خەڵکی قەرەقشلاغی سەلماس بوو. من خۆم جەنازەکەیم بینی . لیباسی سەربازیی عادیی کردبووە بەر، لە کاتێك دا فەرماندەری جوندلای سەڵماس بوو و تەنانەت دەمانچەکەشی پێ نەبوو تا نەناسرێ.
کەریم ئەمراهی کە لە هەرەکیان بەو سورعەتەی چووبووە شەروانی و لەوێ ڕانەوەستابوو چووبووە دۆستان کە ئەوکات گورووهانی هەبوو، پێیان گوتبوو پەلە مەکە، ضد انقلاب لەو شاخانە کەمینیان هەیە. گوتبووی ئێوە دەترسن، من کەریم ئەمراهیم. کە چووبووە پایەگای مەیدان دیسان گوتبوویان مەڕۆ، دەکەویە کەمین بەو هێزە کەمەوە چۆن دەچی؟ دیسان گوتبووی ئەوە ترسی ئێوە وای کردووە تا ضد انقلاب هیندە مەغروور بن و بێة فەرماندەری پایەگای کەریکانمان لێ بکوژن! ئێستا دەڕۆم هەمووی ١٠ کەس نابن یان بە جەنازە ، یانیش بە دەست بەندکراوی دێنمە ئێرە، ئەوان جارێ حەریفی خۆیان نەدیوە!
لەو سەرکەوتنە کورت و خۆشە دا جگەلە بریندار بوونی کاک مەلا برایم، زیانی ترمان نەبوو. کاتێك کاک مەلا برایم مان هێنایە پشتی بەردی بەرە تیشک، لێم پرسی وەزعت چۆنە ؟ گوتی برینەکە نابینم بەڵام ئازارم زۆرە. پاشان گوتی: کاووس ئەگەر مردم لوقمان کوشتمی! هەر وەک جاران بە شۆخی جوابم دایەوە وگوتم : ئەرێ مەلا هەر وان زۆر لە مردن دەترسن، پێت وایە بەم برینە بچووکە دەمری؟ ئەوە بوو مەلا برایم ناردرایەوە لای کە سەید ڕەسووڵ و ئەوان(بەداخەوە مەلا برایم لە شەڕێکی قارەمانانە دا لە رۆژی ١٩/٤/١٣٦٩ ی هەتاوی لە پیر چۆپانی بۆکان شەهید بوو، یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بەخێر). شوێنی کاک سەید رەسووڵ وابوو کە دەنگی بۆ هەموو تیمەکان نەدەچوو. بەڵام کاک نایب زۆر بە باشی تیمەکانی هەماهەنگ کرد و پەیوەندیشی لەگەل کاک سەید ڕەسووڵ بەردەوام بوو.
کە دەستکەوتەکان کۆکرانەوە بێسیم لە تەنیشتی توویۆتاکەوە وەسڵ بوو . لێیان کردەوە و هێنایان کە لەوبەری خەت هەر بانگیان دەکرد. لە بیرمە شیرکۆ پووردڵ بێسیمەکەی هێنا و گوتی فارسیەکەم باش نیە کەسێك وڵامی بداتەوە. لێم وەرگرت، دیتم ئازەری قسە دەکەن. هەر بانگی (حاج میثم ) یان دەکرد کە ڕەمزی کەریم ئەمراهی بوو . ئێستاش نەمزانی کاک محمد ساڵح چۆن لەوێ پەیدابوو و زوو دام بەو و گوتم ها جوابی بدەوە.
ئەوان پرسیاریان کرد کوا حاجی میسەم واتە کەریم ئەمراهی. محمد ساڵح گوتی سڵامەتە و ئەوە دەیبینم. گوتیان گووشی بدە بەو. محمد ساڵح گوتی شەڕە و ضد انقلاب تەقەمان لێدەکەن ناتوانین بگەینە یەک. ئەوان پرسیان ئێوە سڵامەتن؟ م. ساڵح گوتی ٢ شەهیدمان هەیە . ئەوجار پرسیاریان کرد ئەو دووکەڵە چیە؟ م. ساڵح گوتی ماشێنەکەی ئێمەیە ئاگری گرتووە. ئەوجار گوتیان کەلە قەند بنێرین؟ مەبەستیان خۆمپارە بوو. م. ساڵح گوتی نە نە ، ئێمە و ئەوان تێکەڵ بووین، مەیکەن. محمد ساڵح گوتی وەزعمان باشە و نیروومان بۆ بنێرن ، ئەوە موقاومەت دەکەین. ئەو بەری بێسیم کە تورک بوو گوتی: هەرئێستا بەشێوەی “مثلث” هێزی کۆمەکیتان بۆ دەنێرین. ئەوان لە پایەگای مەیدانی دۆستان بوون و هێزێکی زۆریان هێنابوو.
ئەوەی کە ئەوان دەنگی کاک محمد ساڵح یان نەدەناسی ، هۆکاری هەبوو. هۆکارەکە ئەوە بوو کە بێسمی کەریم ئەمراهی بە کوڕێک بوو بە ناوی فەیسەڵ فتووحی خەڵکی دۆستان. فەیسەڵ تازە ببووە بێسیم چی و سەرباز بوو. ئەو کوڕە پێشتر ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکرات و یەکێك لە لاوە تێکەیشتوو و چالاکەکانی ئەو ناوچەیە بوو. ببووە سەرباز و تازە کرابووە بێسیم چیی پایەگا، بەڵام کەریم ئەمراهی هەر بە قۆلدڕی لەگەل خۆی هێنابوو . بۆیە ئەوبەری بێسیم نەیانتوانی هەست بکەن کە ئەوە پێشمەرگەیە فرێویان دەدات.
دوای دڵنیا بوونی فەرماندەکانی ڕێژیم، ئەوان ڕاست هێزەکەیان بە شێوەی سێ گۆشەیی لە مەیدانی دۆستانەوە ناردە لای ماشێنە سووتاوەکە و کوژراوەکان کە هەمووی ٣٠ میترێک لە تەختە بەردی بەرەتیش دوور بوو و ئێمەش کە ژمارەمان ببووە نیزیک ٢٠ کەس لە پشت بەردەکە و لەوبەریش چەند تیمی دیکە لە لایەن دێوانە عەبدولا زادە و نوسرەت ئەحمێ زادە و کەسانی تر کە لە ناوخۆن و ناویان نابەم، لە کەمین دابوون تا کەسیان دەرنەچێ کە هەرواشیان بە سەرهات.

بەشی شەشەم

دوای کۆکردنەوەی دەستکەوتەکانی ئەو ١٢ کەسە و بە تایبەتی دۆشکەی سەر ماشێن کە هەتا لە ناوچە بووین یارویاوەرمان بوو ، و ناردنی مەلا برایم بۆ پشتی جەبهە ، دووبارە خۆمان سازمان دا و چاوەڕوانی گەیشتنی هێزی دوژمن ماینەوە. سەعات گەیشتبووە دەوروبەری ٧ ی ئێوارێ و کاک محمد ساڵح قادری هەر وڵامی بێسیمی فەرماندەی دوژمنی دەدایەوە و هێزەکەی هیدایەت دەکرد بۆ مردن. ئەوان هەر دروست بە شێوەی (مثلث) ی هاتنەوە پێش. قۆڵێکیان لە مەیدانی دۆستان ڕا بە بەری وارکوورکی دۆستان ڕا هاتن تا گەیشتنەوە ئاخەسۆرک و لای خوارەوەی بەرەتیشک یان کردبووە ئامانج. قۆڵەکەی تریان لە مەیدانی دۆستان ڕا بە بەری باسکی شمێی لای حەسەنی ڕا بەرەو ئاخە سۆرک هاتن و تەقریبەن کیلۆ میترێک مابوو بگەنە لای ماشێنەکە کە جارێ هەر دەسووتا، سازماندەهیەکی دیکەیان کرد و بە چەند دەستە بەرەو ماشێنەکە هاتن و جارێ هەر کڵاوی بێسیمیان لە سەر دابوو و وایان دەزانی دەگەنە خزمەتی حاج میثم.
وەک ئێسا لە بەر چاومە کە کاتێک ١٦ کەس گەیشتنەوە سەر ماشێنەکە و دیتیان کە هەموویان جەنازەن، یەکێکیان وابزانم فەرماندەریش بوو، بەپەلە چووە سەر کەلاکی کەریم ئەمراهی و بە هەردوو دەست کوتای بەسەر خۆی و پێشمەرگەکانیش کە ژمارەمان لەو مەسیرە ٢٠ کەس دەبوو، هەرکامەی لەلای خۆیەوە بە تەک تیر لێیان هاتنە دەست و ئەو ١٦ کەسەش ئێوەخۆش و کەسیان نەگەڕایەوە. جارێ فەرماندەکەیان هەر گێرەی لە لای حاج میثم دەگەڕا و محمد ساڵح ئەوی سەرگەرم کردبوو.
شەڕەکە دەستی پێکرد و لەوان هەڵاتن و لەئێمە دروشمی بژی دێمۆکرات و هێرش و هەر پاسدار بوو و بە قەولی تورکی: “گۆت باش” دەبوو . جگەلە کاک محمد ساڵح کە خەریکی فرێودان و هێنانی دوژمن بوو بۆ نێو کەمینەکە، ئەوەی بەرپرسی نیزامی لەو مەسیرەی ئێمە نەخشی هەبوو ناسر فەرنیا جێگری لکی ١، مەلا جاسم ئیسماعیلی سەرپەل و محمد حەقدار سەرپەل بوون (کاک محمد حەقدار لەومەئمووریەت و بگرە شەڕەکەش دا وەک هەمیشە لە کەسە هەرە ماندووەکان بوو و نەخشی گرینگی هەبوو) کێلی دەسماڵ دەروازەی جەولەیەکی پڕ دەستکەوت!و سولحەدین محی زادە کە جێگری مەلا جاسم بوو. لەمەسیرەکەی دیکە دێهقان عەبدولا زادە (دێوانە) جێگری لکی ٢، نوسرەت ئەحمێ زادە جێگری پەل ، و …… ناویان ناهێنم. هاوکات پۆلێک لەو پێشمەرگانەی هێزی ئاگری کە لانی کەم من لە توانام دا نیە وەسفیان بکەم. هەرکامەی خۆی فەرماندەرێك و قاڵبووی تۆماری دەیان داستانی مێرخاسی بوو.
ژمارەیەک پاسدار و سەرباز ویستیان خۆیان لە مردنی حەتیمی ڕزگار بکەن و چاویان لە مەسیری “خەتا” بوو تا بگەنە هەرەکیان ، یان شەروانی. چوونکی کەسی ناوچەیان وەک سەرباز لەگەل بوو و شارەزا بوون. ئێمە تیمێکی ٦،٧ کەسی وەدوایان کەوتین و ئەوەی لە بیرم بێ ٩ کەسیان کوژران و ٥ کەسیشیان بە دیل گیران کە ٢ یان کورد بوون و خەڵکی ناوچەی شپیران کە سەرباز بوون.ئەو تاقمەش نەیان توانی ڕزگابن. لەو بەری دیکەش شەڕ گەرم بوو و هاوڕێیان مەجالیان نەدەدا باقی هێزە شپرزەکەیان هەڵێن ، چوونکی ئەوان بە هەڵاتن زۆر مەمنوون بوون گەر پێشمەرگە ئیزنی دابان.
با قسەیەکی خۆش لە بیر نەکەین: کاتێک ئەو پێنج کەسەمان ئەسیر کرد، حاجی خەرەگۆشی و ئەوان ئەسیرەکانیان بردە لای کاک نایب و محمد ساڵح کەلە ئێمەوە نیزیک بوون . من کەمێک لە سولحەدین و ئەوان دوور کەوتمەوە، دیتم کەلاکێک کەوتووە، دڵنیا نەبووم کە کوژراوە یان زیندووە. گولەیەکم پێوە نا دیار بوو نەم پێکا و هەستایە سەرپێ و یەک بە خۆ بانگی دەکرد حاج آقا من تەسلیم دەبم. هاتە لای من و چەکی پێ نەبوو. گوتم کوا چەکی تۆ؟ گوتی: بی کیسی رو پشت سنگها جا گذاشتم. بانگی کاک ئاغاجان ئیبراهیمی م کرد و گوتم برۆ بیکەیسی ئەوە لە پشت ئەو بەردەیە بێنە و ئاغاجان گوتی هێناومە. من و سەربازەکە هاتینەوە نیزیک هاوڕێیان دیتم جەنازەیەک لە نێو گیا وگۆلدایە و سەر و ریشێکی سپی. چەکەیم هەڵگرت و دەستم دایە گیرفانی و کیفێکی بچووک لە گیرفانی دابوو. کە چاوم لێکرد کارتی بەسیجی ڕەسمی کە خەڵکی نەغەدە بوو و کارتێکی جان بازی ، و ٣ دانە ٢٠٠ تمەنیشی تێدابوون. ئەوکات دوو سەد تمەنی تازە دەرکەوت بوون و زۆریش جوان بوون. دام بە سەربازەکە و گوتم ها هەڵیگرە بۆ خۆت. گوتی نە نە من پارەم هەیە ، بۆ تۆ پێویستە. منیش گوتم ها هەڵیگرە. سەربازەکە ٦٠٠ تمەنەکەی وەرگرت و تەماشایەکی کرد و گوتی: خدا بیامرزدش پول خوبیست! وای دەزانی کابرای جەنازە پارەی داوەتێ! دیار بوو زۆریش مەمنوون بوو بەو پارەیە. چوونکی ئەوکات ٦٠٠ تمەن بۆ سەربازێک پارەیەکی باش بوو.
ئەوجار گوتی: حاج آقا دەزانی ئەوە سێهەم جارە بە دەست حیزب ئەسیر دەکرێم؟ گوتم بە ڕاستیتە؟ گوتی بەڵێ جارێک لە سەردەشت و جارێک لە مەهاباد ئەسیر کراوم، ئەو بیکەیسی یە وەک سزا پێیان دابووم تا سەرباز بم دەبا بی کەیسی هەڵگرم. گوتی خاڵێکی منیش پێشمەرگەی ئێوەیە. کە پرسیم کێ یە گوتی فڵانەکەس! باوەڕم نەکرد تا گەیشتینەوە ئەو پێشمەرگەیەی کە مەبەستی بوو، دیار بوو ڕاستی دەکرد خاڵی بوو. هەڵبەت هەم خاڵی ئەو تورکی ئازەری و لە پێشمەرگە هەرە قارەمانەکانی ئێمە بوو، هەمیش ئەو ئەسیرە خۆی تورکی ئازەری و خەڵکی دەوربەری ئۆرمیە بوو.
ئەوجار چووینە لای کاک ناسر و ئەوان کە جارێ شەڕ هەبوو لەگەل تاقمێک کە ڕێگای ڕزگار بوونیان نەبوو،بۆیە ناوە ناوە تەقەیان دەکرد. گەیشتمەوە پەنا ناسر و ئەو گوتی هاوڕێیان با کۆتاییان پێ بێنین. مەبەستی ئەوە بوو هێرشیان بۆ بکەین. ئەوەی لەو لەحزەیە دا لەبیرمە کە لەوێ بوو، محـد حقدار ، ئاغاجان و دوو کەسی دیکە کە لە ناوخۆن ، و کەسی دیکەش بوون کە بەداخەوە لە بیرم نەماون. هەمووی ٢٠ میتر نەچووینە پێش ، دیتم پاسدارێک لە پشت بەردێك کە شایەد بەرزیەکەی ٧٥ سانتی بووبێ خۆی مات کردبووە. وامزانی جەنازەیە. تا من گوتم ناسر وریا بە، ناسر لاقێکی لە سەر ئەو بەردە دانا و کابرای پاسدار هەستای سەر ئەژنۆ و یەک ڕەگباری کڵاشینکۆفی لە ناسر کرد و هەڵات بۆ لای تیمەکەی دیوانە و ئەوان .
من وام زانی ناسر تەواو بوو ، چوونکی فاسیلەی ناسر و پاسدارەکە یەک میتریش نەدەبوو . کە پاسدارەکە هەڵات دیتمان لیباسی سەوزی سوپاهیی لەبەر بوو و هەموو پێشمەرگەکان بانگی یەکتریان کرد : مەیەڵن لیباس سەوزەکە ڕزگاری بێ. ئەو هیندە فیشاری بۆ هات خۆی لە تەندووری شوێن جارێکی قەدیمیی کوێستان چیەکان لە ئاخەسۆرک هاویشت و پێشمەرگەکان نەیان هێشت بێتە دەر و لە کۆڵ خۆی بووە وە. دیتم ئەوە هاوڕێ یەک خەریکە دەستی ناسر دەبەستی. ئەو هاوڕێ یە زۆر گەنج بوو، بەڵام بە ئەزموونیش بوو. دەستی چەپی ناسر وابزانم چوار گولە لە پەنا یەک کەوتبوون و دەستی ورد و خاش ببوو. ئەو کورە خەشابێکی ناسری دەرهێنا و لە بن دەستی دانا و بە ئاغابانووەکەی پێچایەوە. ئیدی دەستی شۆڕ نەدەبوو، بەڵام خوێنێکی زۆریش لە بەری دەچوو. ئەگەر هەڵەم نەکردبێ سەرجەم ٧ گولە وە ناسر کەوتن و ئەوە بوو ئەویش مان ناردە لای بریندارەکەی دیکە کە لە بیرم نیە کادری دەرمانیی ئێمە کاک مەلا قاسم کەلەشی بوو، یان کەسی تر؟. بەڵام ناسر بوو و هەر خۆی دەیتوانی ئەوندە بەرگەی ئێش و ئازار بگرێ. بەو حاڵەش کاتێک ڕۆژی دوایی گەیشتینەوە شوێنێک و دوکتۆر شوان گەیشتە لای، دیسان وەک هەمیشە کەوتە حاڵگیریی دوکتۆر و هەتا دوکتۆر برینەکەی بۆ خاوێن کردەوە و پێچای هەر شەڕیان بوو و فیلمەکەشی هەیە.
کە ناسر بریندار بوو خەریکی تەقە بووین، هاوڕێ یەک لای ئێمە بوو کە کەسێکی بە دەست و برد نەبوو و کەمتر لە مەیدانی شەڕ دا فەعال بوو. وادیار بوو بۆی تازە بوو کە پاسدارێکی گیر هێنابوو و کوشتبووی. بانگی کردم کاووس ئەوە پاسدارێکم کوشت! باوەڕم نەکرد و وەک ئەوەی لە کۆل خۆمی بکەمەوە، گوتم دەی یەک چیە برۆ هی دیکەش بکوژە. هیندەی پێ نەچوو دیسان گوتی ئەوە یەکێکی دیکەشم کوشت. کە شەڕ لەو مەسیرە تەواوبوو ، گوتی وەرە دەزانم باوەڕت نیە کە کوشتوومن ،وەرە بە چاوی خۆت ببینە. کە چووین ڕاستی دەکرد دوو بەسیجی کوشتبوو کە هەردووکیشیان بە تەمەن بوون. لەوێ ڕا ئەو پێشمەرگەیە ئیدی بوو بە پێشمەرگەی شەڕ و فیداکاری کە ئێستا لە ناوخۆی وڵاتە.
فادل بێگزادە کە فیلم هەڵگر بوو، باتریی کامێراکەی تەواو ببوو .کامێرای لە ژێر بەردێك دانابوو و من و ئەو کەمێک لە مەیدانی شەڕەکە سووڕاینەوە، کە ٢ کڵاشینکۆفیش دەستکەوتی ئەو سووڕانە دووکەسی یە مان بوو. ئەوە بوو خەریک بوو دونیا تاریکی دەکرد بۆیە لەگەل تیمەکانی دیکە یەکمان گرتەوە و لە مەسیری دیکەش ئیدی تەقریبەن کەسێکی وا نەمابوو بۆ کوشتن، بۆیە گوتیان سەریع جەنازەکان شناسایی بکەن و دەستکەوتەکانیش کۆکەنەوە نەکا تۆپ باران دەستی پێ بکا. سەیر ئەوەیە تا بێسیمی دووهەم نەکەوتە دەستی هاوڕێیان و هاوڕێ شێرکۆ پوور دڵ بە کابرای تەرەفی نەگوت: کۆپەگ ئۆغلی، فەرماندەی شەڕەکە هەر وایدەزانی حاج میثم ئەوە داستان تۆمار دەکا. بەس ئەمری بە محمد ساڵح دەکرد. کاک محمد ساڵح بۆی باس کردم کە یەکێك لە بێسیمچیەکانی ڕێژیم لەو شەڕە دا خەڵکی شپیرانە کە سەرباز بووە و ئێستا لە ناو حیزبە و بە وردی باسی ئەو فرێودانە دەکا کە ئەوەیان بە سەرهات.
شەڕ کۆتایی هات و سەرجەمی جەنازەکانی ئەو ڕۆژە ٧٥ کەس لە هێزی داگیرکەر بوون لەگەل ٦ ئەسیر . جگە لە سووتاندنی لۆدێرێکی سوپای پاسداران و توویۆتایەک و هێنانی دۆشکەی ڕووسی ، دەستکەوتێکی زۆرمان هەبوو لە چەک و چۆڵ و تەنیا دوو بریندارمان هەبوو کە بەهۆی خوێن ڕێژیی زۆر هیندێك نیگەرانی کاک ناسر بووین. دەوربەری سەعات ١٠ شەو لە شوێن چادری قەسریک یەکمان گرتەوە و ئەسیرەکان هەر لەوێ لە لایەن کاک سەیفولا ڕەحمانی کە کادری سیاسیی لکی ١ بوو قسەیان بۆ کرا و ئازاد کران و نێردرانە گوندی حەسەنی و ئێمەش بە خۆشحاڵی ، بەڵام بە حەسرەتی چایەک درێژەمان دایە ڕێگاکەمان کە تا بەرەبەیان گەیشتینەوە ئەو شوێنەی کە بۆ مانەوە دیاری کرابوو.
گرینگیی ئەو عەمەڵیاتە لەوە دابوو کە یەکەمین عەمەڵیاتی گەورەی سرنج بدەن بە دەنگی دلێری کاک ئەحمەد شیربەگی لە دوای شەهید بوونی ڕێبەری مەزن دوکتۆر قاسملوو و کاک عەبدولای قادری ئازەر بوو . لەو فاسیلەیە دا هەم هێزی ئاگری و هەم هێزەکانی تری حیزب عەمەڵیاتی باشیان کردبوون، هەر هێزی ئاگری پایەگای گوندی ئاسنگرانی گرتبوو، بەڵام سرنج بدەن نەبوون. عەمەڵیاتی بەرەتیشک دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبوو. جاری دووهەم کە هێزەکەیان تەفروتوونا بوو زۆربەیان لە گرووهێکی زەربەتیی نەغەدە بوون و وایان زانیبوو بۆ ڕاوەکەو هاتوون، بەڵام زۆربەیان بە زیندوویی نەگەڕانەوە .
بەڵێ دوای دوو ڕۆژ گەیشتینەوە لای بنکەی مەڵبەند و لەگەل کاک تەیموور مستەفایی و ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە لەگەلی بوون یەکمان گرتەوە.
****
تێبێنی:
خوێنەرانی بەڕێز و بەتایبەتیش ئەو هاوڕێێانەی کە بەشداری ئەو عەمەڵیاتە بوون و شوکور لە ژیان داماون ، ئەوەی من دەینووسم ئەوشتانەن کە دیومن و شاهیدیان بووم. ئەگینا زۆر شت هەیە کە دەبا باس بکرێن و من نەمدیون. مەیدانی شەڕ ١٠٠ میتر نەبوو تا هەمووی ببینم، دەیان کیلۆمێتر بوو. ژمارەمان ٢٠ کەس نەبوو بەڵکوو سەدان کەس بوو. نەخشی سەرەکی هی ئەو پێشمەرگە و فەرماندەرانە بوو کە بەشدار بوون. بەجێ مانی ٧٥ جەنازەی دوژمن تەنیا لە توانای پێشمەرگەی دێمۆکرات دابوو. کەوایە هەموومان نەخشمان بووە. منیش وەک کادری هەرە گەنجی کۆمیتەی سەڵماس بووم کە بەشداری شەڕەکە بووم و بە قەدەر توانام نەخشم بووە. بێگومان نووسینەکەم بێ هەڵە و کەم و کۆڕی نیە ، چوونکی ٣١ ساڵ بە سەر ئەو عەمەڵیاتە ڕا دەرباس دەبێ. ئەوکات تەمەنم ٢٣ ساڵ بوو، ئێستا ئەوە دەبمە ٥٤ ساڵ و زۆر شت لە بیرم نەماون کە زۆر نۆرماڵە.

کاووس عەزیزی. دانمارک

١٨ی ژووئەنی ٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی