"an independent online kurdish website"

بەشی ٣ ـ ٣ دوابەش

شوکور مستەفا  ١٩٢٤ ـ٢٠٠٣

عەتا قەرەداخی بە ھەندێ لە بەرهەم و نووسینەکانی ڕەوانشاد شوکور مستەفامان دەناسێنێ و

ئاماژە بەو بڕگە و باس و بۆچوونانەی دەکات، کە لەسەر بنەمایەکی ماتریالیزمی دەڕوانێتە  مرۆڤ و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی. قورسایی کاری شوکور لەسەر زمان و سیستەمی خوێندن دەخاتە ڕوو لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، کە منداڵی کوردیش ناچار دەکرێ بە زمانی دایکی نەخوێنێ و بێبەش بێت لەم مافە سروشتییە. بەواتایەکی دیکە گیانی عێراقیبوون دەکرێتە بژێوی و دەکرێت بە گەرووی تاکی کورددا .

قەرەداخی ئاماژە بە خوێندنەوەی مێژوو و گەشەی ئابووری و پەیوەندی کولتوورو مرۆڤ یان کۆمەڵ  لای شوکور مستەفا لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژوویی و تیۆری مارکسیزم و ململانێی چینایەتییەوە دەکات. بە گشتی وا سەیری مرۆڤ دەکات، کە بوویەکی خۆڕسکی کۆمەڵایەتییە و لەئەنجامی ئەو کۆمەڵایەتبوونەشدا، چالاکییە مرۆییەکان و بەرھەمە کۆمەڵایەتییەکان بەرھەم دێنێ. بۆیەکا قەرەداخی نووسەر بە خاوەن گوتارێکی گەردوونی/ نێونەتەوەیی دادەنێ. لە ھەناوی گوتارەکەیشیدا باسی یەکسانی نەتەوەکان و دژی دیاردەی نەتەوەی سەردەست و بندەستە، ھەموو نەتەوەیەک بەخاوەنی فەرھەنگی تایبەت بە خۆیی و سەربەخۆ دەزانێ… لێرەشدا دەگەڕێتەوە بۆی لای شیعر و فۆلکلۆر وەک شوێن و سەرچاوەیەکی بێ چەندوچوونی بەرجەستەبوونی ھەست و ھوشیاریی نەتەوەیی. ئەم خەسڵەتانەش ھەموو ئەوەمان پێ دەڵێ: شوکور مستەفا خاوەنی گوتاری سەربەخۆخواز و نەتەوەیی کوردییە.

سەرنج بدە! بەلای کاک عەتاوە گەڕانەوەی شوکور بۆ لای شیعر و فۆلکلۆر، نازانستی و وەهم و خەیاڵ پاراوی نییە، لێ بۆ مەسعوود محەمەد، ئەوەی نەوتراوە وتی و دەیڵێت. ئەمەش جۆرێکە لەسەر لێشێوان یاخود گومانێک بە نیشانەی پرسیاری گەورە و تۆخەوە!. یاخود خاترانەیەکی تری مامۆستا شوکورە،چونکە ئەمیش پاشخانێکی تێڕوانین و دیدی مارکسییانەی هەبوو.  قەرەداخی بۆ بەڵگە هێنانەوە لەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمی شوکور مستەفا،گووتەیەکی دەخاتە بەرچاو:” ئەمن بەش بە حاڵی خۆم بێجگە لە جیابوونەوەی کوردستان لە عێراقی عەرەب بە هیچ پینە و پەڕۆیەکی دیکە قایل نیم”.

هەرچەندە قەرەداخی دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێ کە مەلا شوکور و هەندێکی ترلە کەسانی خاوەن گوتاری نەتەوەیی کوردی، تەنیا باوەڕیان بە دەوڵەت لەیەک پارچەی کوردستاندا هەیە. بەڕاستی ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونکە باسەکان زیاتر قسەکردن بوون لەسەر باشوور وەک ـ دۆخ و نموونە یەکی بەرچاوترـ.  پاشان با پێ لە هەقیقەتێکی تریش بنێین، گەر کورد  لە عێراقدا نەتوانێ لەتەک عەرەبدا بژی!، ئەی پێم ناڵێن، چۆن لەگەڵ تورک و فارس دا توانای پێکەوە ژیانی دەبێت؟!. بەتایبەت لە سایەی ئەو هاوکێشە لاسەنگەی،کە  ئەوانی تێدا برا گەورە و کورد بچووک و بە شەیتان کراو بێت؟!. کەواتە هیچ لۆژیک ئەمە قبوڵ ناکات و سەربەخۆیی تەواوی کوردستان ئامانج بووە.

 دەتوانم ئەوە بڵێم جگە لە تاکە تێبینییەک، کاک عەتا تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی گوتاری ئەم نووسەرە گەورەیەمان  بە دروستی پێشکەش بکات. تێبینییەکەم ئەوە چۆن قەرەداخی ئاماژە بە گرنگترین کتێبی مامۆستا شوکور نادات« سەرچاوەکانی بیروباوەڕی کوردەواری»٢٠٠٦ ھەولێر؟. لێرەدا بەجوانی پوختەی جیھانبینی گوتاری نەتەوەیی مامۆستا و باوەڕی ڕەھای بەسەربەخۆیی کوردستان – گەر لە بەشێکیشدا بێت – بەتایبەت بەرچاو دەکەوێت.

جەمال نەبەز   ١٩٣٣- ٢٠١٨


ئەوە یەکەم جار نییە عەتا قەرەداخی ھەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان لەسەر کاژیک و پاسۆک و ھەندێ لە کەسایەتییە دیارەکانیان بدات. بە دڕێژایی قسەکردنی  لەسەر ئەم ناوانە، بۆچوونێکی هەڵە و نێگەتیڤی تۆمار کردووە. دیارە با لە پێشڕا بڵێم،  ئەم بۆچوونەم بەو  مانایە نایەت، قەرەداخی یان کەسێکی تر!، بۆی نییە ڕەخنە لە و حیزب و کەسانە بگرێ. نا نەخێر و هەرگیز نەخێر، ڕەنگە بە شانازییەوە بڵێم، کەس ھێندەی ئێمە سنگفراوان نەبێت لە وەرگرتنی ڕەخنەدا. بەڵام  لێرەدا کێشەکە نابابەتێتی و شێواندن و ناشیرین کردنێکی مەبەستدار بەرقەرار کراوە و بوختان  داتاشراوە، نەک ئەوەی پێی دەوترێ، ڕەخنەی بونیاتنەرانە!.

قەرەداخی دەیەوێ بزانێ جێگە و پێگەی ئەوانی تر فارس و تورک و عەرەب، لە گوتاری نەتەوەیی جەمال نەبەزدا کوێیە و نەبەز چۆنیان تێ دەڕوانێ؟. وەک لێکۆڵەرێک و پرسیارکەرێک، ئەمە کارێکی بابەتی و لۆژیکدارە. کەچی بە درێژایی باسەکەی یەک تاکە نموونەمان ناخاتە بەردەست لەو تۆمەتانەی دەیداتە پاڵ نەبەز، بیتوانی بیسەلمێنێ،بیروڕای نەبەزی لەسەر ئەوان بە نەرێنییە تێدا ڕەنگ بداتەوە. بیروڕایەک کە قەرەداخی بە تامەزرۆوە چاوەڕێیەتی، نەبەز وەک نەتەوەییەکی داخرا و توندوتیژ و شۆڤێنی بنوێنێ. وەک ئەوەی قەرەداخی زۆر نابابەتییانە و دوور لەھەر ڕاستی و مافێکی سەرەتایی، بەدرێژایی ناوھێنانی نەبەز بەم خەسڵەتانە تاوانباری دەکات. قەرەداخی ئەوەی لێ تێکچووە، کەوا خەڵکی نەتەوەیی چۆن رێز و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی خۆی بە هەمان شێوەش بۆ  هەموو گەلانی دیکەی هەیە. لێ هاوکێشەکە بەلامانەوە، لە دۆخی میللەتی داگیرکەر و داگیرکراو، سەردەست و بندەستدا، ڕەهەندێکی تر وەردەگرێت. ئەمە خاڵە گەوهەرییەکەیە جیاوازی نێوان کەسی نەتەوەیی و کەسانی نێونەتەوەییە بە ڕەهەندی مارکسی یان ئایینی. کورد لێرەدا نابێتە برای هیچ کام لەم نەتەوانە، تاوەکو مافەکانی زەوت کرا بێت. هیچ یاسا و ڕێسایەکیش نییە، ئەمە بسەلمێنێ، جگە لەو دوو ئاڕآستەیەی بۆخۆیان ناوەڕۆکێکی نێونەتەوەییان هەیە و لە کرداردا،بۆ خاوەنەکانیان زۆر نەتەوەییانە دادەدۆشرێن و ملیش بە شۆڤێنێتی و ڕەگەزپەرستێتییەوە دەنێ. ئەوە بەعسی عێراق و سووریا ،چۆن ئیسلام لە مەیدانی سیاسەت و کولتوور و پەروەردە و …هتد بەکاردێنن بۆ خۆیان. ئەوە ڕووس لە شوورەوی جاران، چۆن مارکسیزمی کردبۆوە ئامڕازی دەستی خۆیی و گەلانی بندەستی دەتوانەوە و دەیکردنە سەربازی پاسەوانی مۆسکۆ و زمانەکەی پۆشکین.

    قەرەداخی بەیت و بالۆرەیەک دەکوتێتەوە، بەرامبەر مەسعوود محەمەد و  جەمال نەبەز، کە لە پەنجاکانی سەتەی ڕابووردووە، وەک بنەمایەکی پووچ و پروپاگەندەیەکی سواوی سیاسەتی قەوزەگرتووی، ئەو بەرەیەی عەتا خۆی تێدا دەبینێتەوە بەکار دەهێنرێت.

 ئاشکرایە هەموو ئەو قسەیەی عەتا دەیەوێ بیکا، بریتییە لە: پایەکانی گوتاری نەبەز نازانستییە، چونکە بنەمای مادییان نییە. بە واتایەکی تر مارکسییانە نییە. كاک عەتا لەمە زیاتر پێڕادەکێشێ و نەتەوەیی بوونی نەبەز و دوو پارتە ناوبراوەکە ، بە سیفەتێک بۆ دەستەبژێر دەگێرێتەوە و  پێی وایە بنکەی گوتارێکی جەماوەریی کۆمەڵایەتییان نەبووە.

لە شوێنێکی تر وەڵامی ئەم بۆچوونەمان داوەتەوە. بەس با کاک عەتا بزانێ، کە لە مێژوودا بە زۆرینەیەکی ڕەها هەمیشە کەمینە لەسەر هەق و ڕاستی بووە.  مامۆستا مەسعوود دەڵێ:” ڕاستی باوەڕ لە ژمارە زۆریی لایەنگرانیدا نییە، وەک ناڕاستی لە ژمارە زۆریی ئەوانەشدا نییە، کە ڕەتی دەکەنەوە”.

پاشان کاک عەتا نایەوێ دەست بۆ هۆکارەکان ڕابکێشێ و بڵێ هێندەی هێزە سیاسییەکانی تر لەسەر گۆڕەپانی کوردستان، دژایەتی فیکر و بوون و ئامانجی پاسۆکیان کردووە، نیو هێندە شەڕی داگیکەرچێتییان نەکردووە. ئەو هەموو نمەکحەرامی و گەلەکۆمەکە و شەڕ پێ فرٶشتن و دابڕاندنی پاسۆک کراوە، نیو هێندە دژ بە بیروڕێبازی بێگانەپەرستی و ڕادیکال و درێژکراوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و دیارە نامۆکانی تریان نەکردووە. سەیرە گەر بڵێم سەردەمانێ دوو کەسی عەرەب، فارس، تورک! حیزبیان دادەمەزراند، لە کوردستان هێزە سیاسییەکان بارەگایان بۆ دەکردنەوە و ژیانیان دابین دەکردن. کەچی هەرچی لە تواناندا بوایە، بۆ دژایەتی سەربازی و ڕێکخستنی و ڕاگەیاندنی و فیکری پاسۆک، بە شێوە هەرە ناشیرین و ترسناکەکەی پیادەیان دەکرد. گەر قەرەداخی بچێتەوە بۆ ڕەگوڕیشەی لاوازی ئەو حیزبە نەتەوەییان، دەبێت لێفە لەسەر زۆر شت لا بدات!. ئەوەش مەترسی بۆ پەزەکان دەبێت. ئێمە لە فیکەی کاک عەتا و هاوشێوەکانیان باش گەیشتووین.

کارەکەی قەرەداخی لەسەر نەبەز ئەوە دەسەلمێنێ، کە نووسەر ھەموو بەرھەمەکانی نەبەزی نەخوێندۆتەوە و ھاتووە خوێندنەوە بۆ بیروباوەڕ و گوتارە نەتەوەییەکەی دەکات. ھەمان ھەقیقەت بۆ نەخوێندنەوەی سەرجەم بەرھەمەکانی مامۆستا مەسعوود و شوکور مستەفا و دکتۆر کەمال مەزهەر، ڕاستییەکی ترە بۆ ناتەواوی کارەکەی قەرەداخی.

باسێکی جێی مشتومڕ لای نەبەز تێزی قوتابخانەی سۆسیالیزمی کوردییە. نەبەز لە ئاین و فەلسەفەی زەردەشتێتییەوە و لەسەر سێکوچکەی” بیری باش، وتەی باش ، کرداری باش” ئەو تێزەی خۆی پێشکەش کردوەە. عەتا چونکە زەردەشتێتی ھەر بە ئایین دەزانێ، باسەکە بە بێ  بنەما دادەنێ… و ھێندە دووی دەکەوێ دەپرسێ : کێن ئەوانەی بیری باش بەرھەم دێنن؟ بیری باش چییە؟ کێ بڕیار دەدات ئەو بیرە باشە؟. ئەم بیرە بۆ چین و توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیی یان ئەوانی تریش باشە؟ ئایا بە گشتیکردنی ھەر بیرێک و سەپاندنی بەسەر ھەموو کۆمەڵگادا کوشتنی ئازادی و داگیرکردنی مافی بیرکردنەوە نییە؟.. وە ڕستێ پرسیاری تری سەیروسەمەرە.، بەڵام پێمان ناڵێ بۆ بۆخاوەن تیۆرییەکەی خۆی ڕەوایە، لەسەر کۆمەڵگای ئەڵمانی و ئەوروپایی نووسیوە، تۆ لە بناری قەندیل دەتەوێ پێڕەوی بکەیت، ئەمە ناکاتە پێشێلکردنی هەم ئازادی و هەمیش تایبەتمەندییە جیاوازەکانی نێوان کورد و ئەڵمان ؟.

ئەم باسەی مامۆستا زیاتر وەک فکر پێشکەش کراوە. قابیلی ئەوەیە بیروڕای جیاواز و لێکدانەوەی تری بۆ بکرێ،جا لەگەڵ بیت،یاخود لە دژ. بەڵام ئارگومێنتەکانی کاک عەتا لەسەری لاوازن.

 جارێ ئایین لە مێژووی گەلاندا لە زۆر شوێن ڕۆڵی ھەرە سەرەکی دیوە و بۆتە فاکتەری ھەوێنی سەرەکی دروستبوونی نەتەوە یاخود دەوڵەت یاخود ڕەگەزی جیاکردنەوە نەتەوەکان. بۆ نمموونە ئیسلام بۆ عەرەب، شیعە بۆ فارس، کاتۆلیکی بۆ ئیرلەندە و پۆلۆنیا، ئایین بۆ وڵاتانی بالکان و تەبانەت کە دەوڵەتی عوسمانیش رووخا میراتەکەی لەسەر پرنسیپی ئایینی دابەشکرا بە کەمینەتەکی کەمی مەزھەبەکانی ترەوە،.

جەخت لەوە دەکەمەوە پرسیارکردن گرنگ و ڕەوایە، بەڵام خۆدزینەوە لە راستییەکان بەھۆی پرسیارکردن و ئاڵوزکاندنی ڕاستیەکان دەمخاتە گومانێکی گەورەوە!. دوو دروشم کە بەدرێژایی بوونی مرۆڤایەتی لەم گەردوونەدا خەباتی بۆ کراوە و ھێشتا بەتەواوی کەس پێی نەگەشتووە، بریتین لە (ئازادی و یەکسانی). ئەمانە گەوھەر و ستراتیژ و ناوەڕۆکی گوتاری بیری نەتەوەیی و نەبەز داگیر دەکەن، کە  قەرەداخی دەیان داتە بەر لیس و کوتەکی نازانستی و نا ماتریالیتێتی..

قەرەداخی دەنووسێ:” هەروەک ئەوە ئاشکرایە کە لە تیۆریی مارکسیزمدا باسی دوو قۆناغ لە ژیانی کۆمەڵگەدا دەکرێت، کە ئازادی ڕەها و یەکسانی ڕەهایان تێدا بێت. ئەوانیش کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆمۆنەی دواییە، بەڵام ئەم دوو قۆناغەش وەکو دوو قۆناغی خەیاڵی لە ژیانی کۆمەڵگەدا سەیر  دەکرێن.

 عەتا  لە لایەک کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆمۆنەی کۆتایی مارکسیزم بە خەیاڵ دادەنێ و لەلایەکی دیکە مۆری زانستی و لێدەدات. ئەم بێ ئارامیی و بازبازێنە لەسەر  تەنافی بیروباوەڕ و جیاوازی فیکر، راستینەی بۆچوونەکانی عەتا دەخاتە ژێر پرسیاری گومانەوە. دیارە تێزەکەی نەبەز گەر شیاوی ھێنانە دیش نەبێت، ھێشتا  “ئازادی و یەکسانی ” ئەھوەنتر و ئارامتر و پیرۆزترە لە کارکردن بەمیتۆدێک گوایە زانستییە، بەڵام بە تێکبەردان و پێکداھەڵپژانی چینەکان و بەزەبری خوێنڕشتن پێی بگەیت. ئەدی مەگەر ئەوە ناوەڕۆکی خەباتی چینایەتی نییە؟!.

 با ئەوە بڵێین کە تۆ  هەر لەسەرەتاوە باوەڕت بە چین ھەبوو، نادادیش لە ئارادا بوو، ئەوە ھەر دەبێت بە زەبروزەنگ ستەمەکە لاببرێ. جا ئێمە دەپرسین کێ لەسەر بنەمای خەیاڵ و دەرەوەی واقیع بیردەکایەوە و کار دەکات؟!..

قەرەداخی دەنووسێ:” ئەو دەوڵەتەی کە تێزی مارکسی بە نموونەی دەوڵەتی زۆرینەی کۆمەڵگەی دەزانێ، کە دەوڵەتی پرۆلیتارییایە دروست نەبوو، ئەگەری ئەوەش نەماوە کە تازە مێژوو بەو ئاڕاستەیە بڕوات، دەوڵەتی پرۆلیتاریا دروست ببێت، کە زەمینەی مادی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی پرۆلیتاریا زۆر لە بارتر و گونجاوتر بوو، لەوەی کە کۆمەڵگە خۆی ببێت بە دەوڵەتی خۆی”.

کورد لە کەس زیاتر نییە و لە کەسیش کەمتر نییە و دەبێت ماف و دەسەڵاتی وک یەکی ھەبێت.
بەھەرحاڵ قەرەداخی پرسی سەربەخۆیی و گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەوڵەتبوون بە قۆناخە جیاجیاکانەوە وەک تێخوێندنەوەی ریال پۆلەتیک لای نەبەز باش دەنرخێنێ. ئەمەش ڕەوتی ئەو گوتارە نەتەوەییە، کە پێویستە عەتا لەم خوێندنەوەیەدا کاری لەسەر بکات. باسەکانی تر زیاتر بابەتی فیکرین و نەبەزیش فیکرەی بۆ رزگاری و سەربەخۆیی کورد خستۆتە بەرباس. لەوێشەوە بۆ نەتەوە و مرۆڤایەتی..  کەواتە دروستە قسە لەسەر پراکتیکێتی یان نا پراکتیکی بیرو هرزەکەی نەبەز و میکانیزمەکانی خستوویەتە ڕوو بکرێ، بەڵام بەوە تۆمەتبار بکرێ لە ژێر کاریگەری گوتاری داخراوەی شۆفێنیزمی عەرەبی وەک “ساطح الحصیری” و ئەوانەدایە، ئەوە بازدانە بەسەر واقیعدا.

پێش ماوەیەک باسێکم خوێندەوە،کە هاوشێوەیەکی وەک کاک عەتا قەرەداخی نووسیبووی.  ناوبراو، وا باس دەکات، کەوا لە ماڵی مامۆستا ئەحمەد هەردی کتێبی الحصیری بینراوە. جا براییەنە ئەمە چ تاوانێکی تێدایە؟ ئەنشتاین قورئان لە کتێبخانەکەیدا هەبووە. لای من کتێب لە سەر مارکس و لینین و ستالین و ماو و هیتلەر و الحصیری و عەفلەق و سەددام و خومەینی تەبەریی و ئەتاتورک و زۆرێکی تر هەن. ئەوە چ تاوانێکە دەدرێتە پاڵ کەسایەتییەکی نەتەوەیی؟. ئەوە عەقلانێتی نووسەرانە  یاخود ماستەکە هەزاران موو و کۆمەڵێ گوریسی قەف ئەستووریشی تێدایە؟؟؟!!.. باشە ئەرێ ئەوانە ناحەز و داگیرکەرنین، نووسەر و خاوەن فیکر و تێز و دەسەڵاتدار و سیاسی نەبوون!!!. نابێت مرۆ ئاگای لە هزر و نووسینەکانیان بێت؟؟!!.  جا لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە ئەو بەڕێزە، داوای دادگایی کردنی سەرانی کاژیک و پاسۆک دەکات، لەسەر ئەو جۆرە شتانە.

بەڕێزینە.. ئێوە هێشتا بێدەسەڵاتن و بوونەتە جەللادی مێژووی مرۆڤ و بیری ئازاد و وشەی پاک و بێگەرد!. دڵسۆزان وان لە کوێ کۆوەبن و بچنە بەردەم عەرشەکەی کاکی کوردی نووسەر، بزنە چ کارێکی نوێی بۆ دۆزیونەتەوە؟؟؟. ئای چ داڕمان و هەرەس و داڕزینی ئەقڵ و مەعریفە و ڕۆشنبیرییە!!. لەسەر ئەم باسە زۆر ناڕۆم، چونکە بە وتارێکی درێژ  بیروڕای خۆم پێشتر لەسەر  دەربڕیوە.

عەتا پێی وایە نەبەز بەسەر سەربەخۆییدا بازی داوە بۆ ئازادی و ئەمەش لەبەرچاونەگرتنێکی پرسێکی سیاسی ڕوونە. کە بێ سەربەخۆیی ئازادی بەرھەم نایەت . ئەم باسە لە سەروبەری مردنی جەمال نەبەزدا وەک چەکێکی سیاسی بۆ مەرامێکی گڵاو قووت کرایەوە. پێدەچێ کاک عەتاش لەژێر کاریگەریی هەمان سیاسەت و ڕەوت و پروپاگەندەیەدا مابێتەوە، یاخود ئەمیشی لێ گۆڕا بێت، وەک زۆر لە بابەتەکانی تر.

وەک لەوتارێکی دووودرێژمدا ئەمەم ڕوونکردۆتەوە. مەسەلەکە پرسی سەربەخۆیی لای نەتەوەییەکانی کورد پرسێکی سیاسی و قۆناخێکی گرنگ و جێی بایەخە بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراوی وەک کورد. بەڵام دوای سەربەخۆیی خەباتی نەتەوەییەکان هەر بۆ ستراتیژە گەورە و دوورەکە « ئازادی و یەکسانی» ڕاناوەستێ. چونکە مەحاڵە گەشتن بە سەربەخۆیی، ھاوشان و هاوکات ئازادی و یەکسانیش فەراھەم ببێت. کەواتە ئازادی گرنگترە لە سەربەخۆیی. ھەموو ھۆشمەند و ژیرێکیش دەزانێ کە بێ سەربەخۆیی کورد ناگاتە ئازادی.

لە دەرەوەی ئەمەش مامۆستا نەبەز بە دەیان باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر پرسی سەربەخۆیی ھەیە. ھەموو ڕەخنەی ئەو لە حیزبی کوردی ئەوەبوو ئۆتۆنۆمی خواز و داگیرکەرچی بوون و دوور لە کوردایەتی. ئیدی چۆن دەکرێ خواستی سەربەخۆیی لە ھزر و تێکۆشانی نەبەز جیاکرێتەوە.
کاک عەتا دەنووسێ : “جەمال نەبەز بە داکۆکیکەری جدی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەناسرێت “. بەڵێ تێکەڵوپێکەڵی و بێ بەرنامەیی قەرەداخی لەوەدا بەدیار دەکەوێ بەردەوام دەیەوێ نەبەز و گوتارەکەی بکاتە ناواقیعی و نازانستی، کەچی وەک ئەم خاڵەی لەبیر بچێتەوە دەنووسێ« نووسەر لە نووسینەکانیدا داکۆکیکارێکی جدی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەناسرێ»!.

خۆ کاتێ کە پرسی سەربەخۆیی نابێتە پرسێکی جەماوەریی بەرفراوان و خەڵک بەکۆمەڵ لەدەوری خڕ نابنەوە، گوناھی بیری نەتەوەیی کوردی حیزبەکانی نییە و نەبووە. ئیدی لەم لاقرتێ و جووینەوەی وشە و ڕستە سواوەکانی بازاڕی وێرانبووی سیاسەتی کوردی – وەھم و داخراوی و نازانستی و شۆڤێنی و تەنانەت ڕەگەزپەرستیش – تێناگەم چۆن ڕۆشنبیرێکی وەک کاک عەتا دەکەوێتە داوییەوە!!. کەسێکی حیزبی و سیاسییەکی نەیاری دۆڕا و نابووت، ڕەنگە ئەم تۆمەتانە بکاتە بنێشتە خۆشەی بن ددانی. وەک کراوە، بەڵام بۆ نووسەرێکی وەک کاک عەتا بەڕاستی ناجۆر و ناژیرییە، وەک تووتی شتەکان بڵێتەوە. بەڵی ئەم جۆرە نووسینانەیە  وا دەکات،  قەفی گومانەکان ئەستوورتر بن بەرامبەر کارکردنی قەرەداخی لەم کایەدا..

ج. نەبەز دەڵێ:” سەربەرزیی هەموو ئەندامێکی نەتەوەی کورد و هەموو کوردستانییەک هەر لە سەربەزیی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستاندا جێی ڕاستەقینەی  خۆیان دەگرن. هیچ کوردێک و هیچ کوردستانییەک سەربەرز و بە ڕوومەت نییە و نابێ هەتا کوردستان سەربەخۆ نەبێ و نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان نەگەنە پلەی ئازادی و یەکسانی”.

ئێمە لەبیرمانە نەیارە سیاسییەکانی بیروڕێبازی کوردایەتی، ھەزاران تۆمەت و پروپاگەندەی بێ نرخ و بێ بەھای وەک کوردکوژە و شتگەلێکی تری دروستکراویان کردووە و کردبوویانەتە دەهۆڵ هەر دەیکووتنەوە و ھەرچی وزەی خۆیان هەیە، لێرەدا سەرفیان کرد و مێشکی گەنجی کوردیشیان پێ ئاخنی. وەک ئەوەی لە ئێستادا منداڵە ورتکەش لە دەڤەرێکی کوردستان ڕاست دەبێتەوە جوێن بە کوردبوون و دەوڵەتی کوردی دەدات. چونکە مووچەکەی دوا کەتووە؟ نەدراوە!.. یان گاڵتە بەسەربەخۆیی دەکات! چاوی بڕیوەتە پایتەختی داگیرکەران و دەستی پانکردۆتەوە و لە بری دوو گیرفان چەند توورەکەیەشی لەگەڵ خۆیدا بردووە تا پڕی بکات لە قەرسیلی سەوز!.. ئەمەش بۆ خۆی ڕاستەوخۆ داواکردنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر،بۆ مانەوەی کورد هەر بە بن دەستی.

 ئەو ڕێگریی و بۆسەیەی بۆ  بیری نەتەوەیی و حیزب و خەڵکی نەتەوە دانراوە، ھێندە بۆ  داگیرکەر دانەنراوە. ئێرە شوێنی چوونە قوڵایی ئەم باسە و ھەڵدانەوەی ھەموو مێژووی پشت پەردە نییە بۆ سەر شانۆ!… گەر کاک عەتا دەخوازێ وەک چیرۆکی ھەزار و یەک شەوە، ملیۆن و یەک شەوەی بۆ دەڵێینەوە.

ئاخر کەس ھێندەی خاوەن گوتاری نەتەوەیی کوردی، ئەوەی کاک عەتا دەیەوێ ڕاستێکانیان بۆ مەبەستگەلێک بشێوێنی و خەڵکی پێ لە خشتە بەرێ، بیر و ھزر و سیاسەتی بە دژایەتی داگیرکەر و داگیرکەرچێتی زاخاو درا بێت. بانگاشەی یەکبینەی بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی کرد بێت و لە مەودای دووردا بۆ ئازادی یەکسانیش. ئەوە نزیکەی ٧٠ ساڵ تەمەنی بیر و تێکۆشانی نەبەز لە کۆتایی پەنجاکانەوە ھەتا مەرگی لە ٢٠١٨ دا، یەک چرکە کەمتەرخەمی لە پرسی نەتەوەکەیدا نەکردووە و ھیچ کاتێکیش ملی بۆ ھەڕەشە و گوشاری دەرەکی و ناوەکی دەورووبەری نەداوە.

وەک دەزانین لە پێناوی ئەم ئامانجەدا خۆی ژیانی ئەوروپای ھەڵبژاردوو و چانسێکی باشتر و گەورەیی بۆ خۆی سازدا کەوتە خزمەت کردن. بەواتای تەرخانکردنی سەرتاپای ژیانی بۆ دۆزی نەتەوەکەی. ڕاستە مامۆستا لە کوردستان دوور بووە، لێ بیر و ھەست و چاو و دڵی لەسەر کوردستان و بۆ کوردستان بووە. ئەو لە دوریشەوە باشتر لە زۆر لەوانەی لە نزیکەوەبوون کار و خزمەتی دەکرد. ئەو ھەم بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆیی و ھەمیش ھەموو شتێک بۆ کورد تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی کاری کرد. نانی ڕۆژانەی بە تەمەنی ٨٥ ساڵییەوە دەردەھێنا و بە ڕەنجی شان و بازووی خۆی دەژیا و دەیخستە خزمەتی بیروباوەڕەکەی ـ بەو شێوازەی خۆی باوەڕی پێ بوو ـ!! بۆ خزمەتی کورد کوردستان. مامۆستا دەڵێ:” کورد ناتوانن لەگەڵ عەرەب لە سنووری دەوڵەتێکدا بژین، کە ئەوان ئاغا و کوردیش نۆکەر بن، پێویستە باسی سەربەخۆیی بکەین”.

ئەگەر کورد لەگەڵ عەرەبدا نەتوانێ بژی، ـ کە ئایینی هاوبەشە ـ  واتە لەگەڵ ئەوانی دیدا ھەر دەرفەتی  ژیانی نییە. نەبەز لەم ڕوەوە یەقین بوو داگیرکەران کەشێک فەراھەم ناکەن پێکەوە ژیان زامن بکات. پاشان کام پێکەوە ژیان؟ داگیرکراو و داگیرکەر چۆن دەتوانن پێکەوە بژین.
عەتا ھەڵوێستی بیرکردنەوەی نەبەز دەبەستێ بە دوو ئەگەرەوە: سیاسەتی خراپی داگیرکەرانی کوردستان و  ڕێگاکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی و دەوڵەت دواتر دەیەوێ جیاوازی ناسیۆنالیزمی پێش شۆرشی پیشەسازی و باش بەراورد بکات کە جیاوازە لە ناسیۆنالیستی دواتر ئایین و ئابووری فیدراسیۆنی خێلەکان نەبوونەتە فاکتی دروستکردنی دەوڵەت.

سەیرە گەر گوتاری نەتەوەیی بریتی بێت لە پرۆژەی دەوڵەت، نەبەز یەکێکە لە داکۆکیکارە ھەرە دیارەکانی ئەم ڕێبازە. دەی بۆ کاک عەتا گوتاری ئەم نووسەرە بە ناتەواو یاخود وەھمی دادەنێ؟!…  بەگشتی دەکرێ سەرنج لەسەر بیر و تێزە فیکرییەکانی مامۆستا ھەبێت و لێکدانەوەی جۆراوجۆ لەخۆ بگرێ و لەم مەیدانەشدا ڕەخنەگرتن ھەقێکی ڕەوایە. لێ ھەرگیز کەس ناتوانێ ناسنامەی گوتاری نەتەوەیی لە نەبەز بسێنێتەوە، یاخود فەرامۆشی بکات و بشێوێنێ.

بەر لە ماڵئاوایی ئەم نووسەرە دەنووسێ:” سەرباری تێبینییەکان گوتاری ئەم نووسەرە بارگاوییە بە ڕەگەزەکانی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی”.

 کەمال مەزهەر ١٩٣٧ـ سڵامەت و تەمەندرێژ بێت ….

د. کەمال مەزهەر دیاترین مێژوونووسی هاوچەرخی کوردە و لا کایەی مێژوودا هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای ناوکە و بە کۆمەڵێ بەرهەمی گرنگ و بەپێز جێ پەنجەی خۆی بەسەر مێژووی کورد و ڕۆشنبیریی کوردییەوە نەخش کردووە. بەرهەمە نازدارەکانی کوردستان لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم و چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد و کورد لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیدا، داکۆکییەکەی لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیان،کە شۆڕشێکی خۆڕسک بووە، دەستتێوەردانی ئینگلیزی پێوە نییە و باسەکەی لەسەر خوێنی بەناهەق ڕژاوی ئەرمەن  و زۆری تر، کاری سەنگینن. هاوتای ئەمانە دکتۆر مەزهەر، بە هۆی ئایدۆلۆژیای چەپایەتییەوە، خزاوەتە کۆمەڵێ بابەتی دوور لە گوتاری ناسیۆنالیزم و بە هەناسە و ڕۆحێکی نانەتەوەییەوە کارەکانی ئەنجام داوە. ئەم بابەتە تەنها لەم ڕووەوە بە دەستپێشخەری کاک عەتا قەرەداخی ورووژێندراوە و بەندەش لەتەک هیوای سڵامەتی بۆ کاک دکتۆر، شەنوکەوێکی ئەم باسە دەکەم و بریار دکتۆر کەمال مەزهەر ئەم هۆکاری ئایدۆلۆژییەی تێکەڵ بەکارە مێژوویی و ئاکادیمییەکانی بەو جۆرە نەدەکرد، تاوەکو لە چوارچێوە پسپۆڕی و بابەتێکەی خۆی دوور نەکەوتبایەتەوە.

ئێمە دەزانین کە گوتاری عێراقچێتی ، گوتاری پێکەوە ژیان نییە، وەک ئەو کولتوورەی لە وڵاتێکی وەک سویسرا بۆ نموونە باڵا دەستە.

کاک عەتا لەگەڵ بەشێکی بەرهەمەکانی د. کەمال مەزهەردا گەشتێکی دورودرێژ بە باس و بزاڤی مێژووی کورد دا دەکات و بەدوای سەرەداوی گوتاری ناسیۆنالیزمدا دەگەڕێ. چەند وێنەیەکی هەست و هوشیاری نەتەوەیی سەدەی ١٩ مان ـ کوردستان لە ساڵەکانی جەنگی جیهانی یەکەم دا ـ  نیشان دەدات. ئا لەو کاتەدا لە باشووری کوردستان شۆڕشە سەربەخۆخوازەکانی شێخی نەمر لە ئارادابووە. دوای یەکەم جەنگ دێتە بەرهەمێکی تری تەواو پێچەوانەی گوتاری نەتەوەیی. مێژووی کرێکاری عێراق. دکتۆر بە زۆردارەکی دەیەوێ مێژوو بۆ ئەو ژمارە کەمەی کرێکار وەک چینێک دروست بکات. تەنانەت  هەوڵ جوتیار و باخەوانیش بکاتە کرێکار، لە کاتێدا ١٠ کارخانە لە عێراقی تازە دروستکراودا نەبووە. دکتۆر دەڵێ:” واقیعی نەتەوایەتی گەلی عێراق لە گشت قۆناغەکانی و لەسەرانسەری وڵاتدا کاری لە پێکهاتن و دروستبوونی چینی کرێکاران کرد و تێیدا ڕەنگی دایەوە و یەکەم توێژی کۆمەڵایەتی لەسەروخوارووی وڵاتدا و لەناو ڕیزەکانیدا نوێنەری نەتەوە و تیرە جیاجیاکان کۆبوونەوە”.ل٢٦٢

لە شوێنێکی تردا دەڵێ:” بزووتنەوەی کرێکاری عێراق شان بە شانی بزووتنەوەی دژ بە ئیمپریالیزم و ئەو هێزانەی لە پاشکۆیدا بوون پەرەی سەندووە”.ل٢٦٣

ئەم دوو بڕگە لە بۆچوونی دکتۆر، هەڵگری ئەو گوتارەیە، کە ناچێتە خانەی گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە.  قەرەداخی لە وەڵامی ئەم بۆچوونەی مەزهەردا، دەڵێ: نەک ئەو کاتە بگرە ئێستاش ٢٠٢٠ پیشەسازی هێندە لە عێراقدا پێشکەوتوو نەبووە تا بەو ئەندازەیە باسی کرێکار بکرێ نەک چین. کرێکار سروشت و شوناسی چینی نەبووە. کەواتە وەک ئاماژەمان پێ دا، دکتۆر بە هەزار شێوە و لێکدانەوە هەوڵ دەدات، مێژوو بۆ کرێکار لە عێراق، وەک چینێکی فراوان دروست بکات و داوا دەکات پرسی نەتەوەی کوردیش لەم مەسەلەیە گرێ بدرێ.

ئێمە دازانین لە میانەی قسەکردن، لەسەر چینی کرێکار، جێی ناسنامەی نەتەوەیی بە گوتارەکەیەوە نابێتەوە. چونکە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیی هەراشترن و ناسنامەی چین ساز دەدات. بێ درێژەدان بەم باسە، ئایا ئەوسا و ئێستاش لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووک ژمارەی کرێکاری کورد چەند پێک دێنێ؟ کرێکاری کورد و عەرەب چەند لە دەسەڵات و ماف و ئیمتیازدا بەرامبەر بەیەکن؟.. دکتۆر  ئاماژە بەوە ناکات ئیمپریالیزم عێراقی دروست کردووە و لە نزیک و دورەوە حاکمێتی و بەڕێوەی دەبات.  شایانی باسە قەرەداخیش پێناسەیەکی باشی ئەم بیرۆکانە دکتۆر دەکات و هەڵیان دەوەشێنێتەوە.

خوالێخۆشبوو دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوول لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەبەرنامەی پەنجەمۆر، گوناحێکی گەورە دەخاتە مل دکتۆر کەمال مەزهەر ، سەبارەت بە بێهەڵوێستی بەرامبەر بە کوردبوونی بەکر سدقی و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. بەواتایەکی تر دکتۆر ناڕازی بووە بەرگری لە سدقی بکرێت. دکتۆریش وەک قەرەداخی باسی دەکات، بەسەرپێیی باسێکی سدقی دەکات و خۆی لێ لادەدات و بێ بایەخ لێی دەڕوانێ. ڕەنگە ئەمەش لەبەر دڵی چەپە عێراقییەکان و هاوکات ناسیۆنالیستە شۆڤێنییەکانی عەرەب بێت، کە هەردوو بەرە تا سەر ئێسک دژ بە بکر سدقی و پرۆژەکەبوون/ هەن. د. بورهان یاسین دەڵێ: ئاکادیمستەکانیش بەرپرسن لە بچوکردنەوە و بە عێراقیکردنی پرسی نەتەوەی کورد و کارەکانی دکتۆر کەمال بەتایبەت  کتێبی شۆڕشی ٢٠ عێراق بە نموونە دێنێتەوە.

کاک عەتا شرۆڤەیەکی باشی بەرهەم و گوتاری دکتۆر کەمال دەکات دواجار لەم دێڕەدا ناسنامە و گوتاری ئەو مێژوونووسە هەرە ناسراوەی کوردمان بۆ دەنەخشێنێ: ” ئەوەی د. کەمال مەزهەر بەرهەمی هێناوە، گوتاری  عێراقی و یەکێتی خاکی عێراق و یەک گەلی عێراقە.ئەوەش بەجۆرێ ڕەوایەتیدانە بە باڵادەستی  عەرەبی عێراق و مانەوەی کورد لە چوارچێوەی گوتاری عێراقیدا”.

بە باوەڕی بەندە، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە ـ عێراقچێتی دکتۆر  لە ژێر پەردەی چەپایەتیدا ـ بەم ڕەهەندە فراوان و قوڵەوە هیچ نییە، جگە لەوەی لە گەوهەردا هەوڵە بۆ بەرجەستەکردنی زیاتری گوتاری عێراقچێتی کروچوکاڵ و بێ ناوەڕۆک، وەک ئایدۆلۆژیای بزاڤێکی مۆدێرن و هەژاردۆست. کە لە واقیعدا نەک گوتاری نەتەوەیی کوردی لەبیر نییە، بەڵکە سڕینەوەی ڕەگەز و ماناکانیشی کردۆتە ئامانج.

کەواتە دوو گوتاری ناواقیعی بوونە ئاستەنگی گەورەی بەردەم گەیشتنی کورد بە مافەکانی، چونکە هەتا ئێستاش کورد وزە و توانایەکی زۆر زۆری ڕٶڵە لێوەشاوەنی لەم ڕێگایەوە بزر دەکات.

دار زڕ لە باخچەی کەسدا نەهاتۆتە بەر،!! دەبا بۆ لەمەدوا دوای کڵاوی بابردوو نەکەوین و باخچەی خۆمان بە داری بەردار  بڕازێنینەوە.

هەڵۆ بەرزنجەیی٢٠٢٠/٥/١٥

نویترین هەواڵ و بابەت