"an independent online kurdish website"

بـۆ ئەوەی خۆمان و مێژوەکەمان بناسین و بیزانین، یەکەم شت کە دەبێێ ئـاگاداری بین ڕابردومانە . دەبێی بـزانین چۆن بـووە ، چیان کردوە، هەڵەکانیان چ بوون و ئێستا دەبێ چ بکەین؟!

ئەگەر لە دنیای خەیاڵ و فانتازی بێینەدەر ئـاوڕێکی ژیـرانـە لە ڕابـردوو بدەینەوە دەتوانین وڵامێکی ئـاقڵ پـەسندانـە بـەو کەسانـە بـدەینەوە، کە سواری ئـەسپی سەرکێشی خەیاڵ و سۆز بـون و بێی ئاوڕ دانەوە لە ڕابـردوو، زانـایانە و بەمەبەست، یان نەزانانە، دەست دەکەن بەسەرکۆنەی گەلی کودوو هەزار ناوو ناتۆری لێهەڵدەدەن ، بوختانی بۆ هەڵدەبەستن. بۆی وایکردو بـۆ ئـاوای نـەکرد ، خۆی فرۆشت ، خەیانـەتی کرد یـەک دەڵێی دوعای لێکراوە قەت نابێی بەهیچ و… گومانی تێدا نیە هەڵەمان هەبوەو هەیەو دەبێ ، خەتامان کردوە بـەنەزانی بـە کوێـرە ڕێگایـان دا ڕۆیشتویـن، جاشمان لێی دروست کراوە ، ئـەوانـە هەمـوو ڕاستن. بـەڵام ئەوانە هەر تـایبەتی گەلی کورد نین، لـە نـاو گەلانیتریش ڕویـانداوە. ئـەوەی قێزەونەو نەفرینی لێدەکرێی خۆ فرۆشیو سیخوڕیو نۆکەری بێگانەیە. ڕەنگە لە دنیادا گەلێک نەبێ شۆڕشی بـۆ ڕزگاری کردبێ و شتیوای لێی هەڵنەکەوتبێ. ئێمە دوو شتی زۆر گرینگمان لە بـیر چۆتەوە ،یان ئەوەیە هەر نایان زانین. ( ١) بەدرێژایی مێژوو ئێستاشی دەگەڵ بێی جگە لەکۆماری کوردستان کە ماوەکەی کورت و دەسەڵاتەکەشی لە شوێنێکی بـەرتەسک دابوو ، ئـازادیمان نـەدیـوە ، دەرسی فەرهەنگ وکلتوری خۆمان نەخوێندوە . ڕۆڵەکانمان بەجەبر زمانی بێگانـەیـان پێکوتراوە. داگیر کەران لە جیگای مـێژوی کوردی مـێژوی خۆیـان جیگیر کردوە.لەجیاتی ناسینی ناودارانی کورد ،ئیمام ناسیان پێکوتوین. لە باتی کوردستان، ئێرانی بـاستان و کۆماری ئیسلامیان پێناسانـدوین! ( ٢ ) زۆرینەی مێژوەکەمان لـە ژێـر دەسەڵاتو چاوەدێری دوژمنانـدا نوسراوەتەوە ، بێگومان دەسکاریش کراوە . باسەکەی من سەبارەت بـە ڕۆژ هەڵاتی کوردستانـە. وەک کوردیش دەگەڵ هەمو بەشەکانی کوردستان لە ئەرکی نـەتـەوایەتیدا شەریکین و بە هەموان دەڵێم : باش بـزانن هیچ دەسڵاتێکی فـارس و تـورک و عەرەب ،هیچ مـافێک بـۆ کورد بـەڕەوا نـازانن جگە لـە نـۆکەریـو گوێلەمستی، هەر کوردێک ئەوەی نەزانێ دۆڕاوێکی بەڕاستی نەزانە. ئەگەر بە غیرەتەوە سەیری بـاشوری کوردستان و هەڵسوکەوتی ئـەو دەسەڵاتە شەقو شڕەی بەغدابکەی دەگەڵ هەرێم ، دەزانی من ڕاست دەکەم . دەبینن سەرەڕای ئەو هەموو تەگەرەو بەربەستانەی بۆ خەباتی گەلی کورد دروست کراون ،کورد وازی لە داوای ڕەوای نـەهێناوەو کۆڵی نەداوەو جگە لە خۆفرۆشەکان، بـۆ دوژمن نـەچەماوە . بـەچـوار دەوڵەتی داگیر کەر بە چەکی زلهێزانی سەوداگەر و پشتیوانی ناڕاستەو خۆشیان شەیپوری نـابودی کوردیـان لیداوە ،چەکی کیمیایان لـەسەر تاقیکردۆتەوە، فتوای جێهادیان بۆ دەرکردوە، بەڵام شۆڕش بەردەوامە ونەوەستاوە . ئەگەر جاران لە گۆشەیەک دا قەتیس کرابـوو ئێستا لە بـەشـی زۆری ئـەم جـیهانـە ڕۆژانـە دەنـگی شـۆڕشگێڕان بـەرزتـر دەبێتەوە و نەوەی نوێێ جێی نەوەی پێش خۆی دەگرێتەوە. ئێستا زمان و قەڵەم وچەک بەیەکەوە کار دەکەن و ڕۆژانە هەرکامەیان بە ئیمکانی خۆیان هێرش دەکەنە سەر دوژمنان و جینایەتەکانیان لەقاو دەدەن . ئـەگەر ڕۆژانێک بـەدەگمەن کـەسی خاریجی هەبـون باسی کوردو مافەکانی بکەن ، ئێستا ڕۆژانە دەیان وتار لەسەر کورد دەنوسرێی، وتـووێژ بـڵاو دەبنەوە. ئـەگەر جاران خوێندەوارمان کەم بـون ، ئێستا کچان و کوڕانی نەخوێندەوارمان زۆر کەمن. بەدرێژایی مێژوو قەت بەندیخانەکانی ڕێژیمەکانی داگیر کەر لـە شۆڕشگێڕان چۆل نـەبوە ، ئەدی پێم ناڵێن ئەوانە بۆ بەندکراون ؟! ئەگەر سەردەمانێک کچ وکوری گوندی لە خوێندن بێبەش بـون ، ئێستا سەدان و هەزاران كچ و کوڕە کوردی شارو دێی دوکتۆرو موهەندیس و پڕۆفسۆرو زاناو شارەزامان هەیە . سەررەڕای هـەوڵـو تـەقـەلای دوژمنان بــۆ مـراندنی هەستی نەتەوایەتی ، ئـەو هەستە نـەک نـەمردوە بـەڵکو بەگوڕو تینەوە هـەر زیندوە. بڕوانن لە دژوارتـرین هـەلو مەرجدا ئێمە کۆمەڵەی ( ژ ک ) مان بـۆ دروستکراوە. بـۆ ئـەوەی دەگەڵ دنـیـای پێشکەوتـو خـۆی بگونجێنێ بـە هێندێک دەستکاریـەوە حیزبی دێـمۆکڕاتی کوردستانی لێی دروست کراوە . تەنیا حیزبێکە دوایی بە ڕێبەری تاک، یان شێخ، یـان مەلا، یـان سەرۆک عەشیرەتێک هـێـناوەو هـەمـوانی لەخۆیدا کونجاندوە. دیارە ئەوانەش بەشێکی زۆریان ئێستاشی دەگەڵ بێی لە بواری خەباتی نەتەوایەتی تێکۆشاون و قوربانیشیان داوە. حیزبێکە بـە خۆشیەوە دەگەڵ دنـیـای پـێشکەوتـوی ئـەوڕۆش گونجاوە. شانـازی هەرە مەزنی گەلی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئـەوەیـە لـەو سەردەمیدا کۆماریان بـۆ کورد هەڵبژاردوە، هـێزی پـێشمەرگەیـان دامـەزرانـدوە، ئـاڵای سەربەخۆی کوردستانیان هەڵکدوە، ئێستا بۆتە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و دنیای ئازادیخوازیش ددانی پێدا هێناوە. فیداکاریو گیان بەخت کردن بۆ وەدیهێنانی ئازادی وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانی، پێشەواو ڕێبەرو پێشمەرگە سەریان داناوە . ئەگەر سەرکۆنەشم بکەن دەڵێم : داری خەبات بۆئازادی و سەربەخۆیی بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە، هەرگیز ویشک نابێێ. ئەوەی ئەوڕٶش شانازی پێوەدەکەین وهەوڵ بۆ وەدیهێنانیان دەدەین هەر ئەو ئامانجانەن کە ئەوان بەخوێن مسۆگەریان کردوە، ئێمە شتێکی تازەمان دانەهێناوە. ڕوو دەکەمە ئەوانەی هەر دەڵێن : نەدەبوو وابکەن و نەدەبوو وا بڵێن و چی وچی ، دەڵێم : ئەوانیش مرۆڤ بون و دورنیە هەڵەشیان هەبێی، وئـەو سەردەمەی ئـەوان تییدا بـون لـە هەموو بـارێکەوە دەگەڵ ئێستا جیاوازبـوە، بـەڵام پـێـم ناڵێن لـەسەردەمی گەشەی زانـستو لـە دنیای بەربڵاوەی ئاگاداری وگەیاندندا ئێمە چیمان کردوەو چ دەسکەوتێکمان وەک میرات بۆ نەوەی دوای خۆمان داناوە ؟!! بەداخەوە ئەوەی ئێستا وەک دەرس بە نەوەی نوێی دەڵێین و فێریان دەکەین دژایەتی یەکترو خۆ بەکمزانیە.

بەڕاشکاوی دەڵێم : ئێمە خۆمان نـەنـاسیوەو مێژوی خۆمان نـازانـین. بـۆیـە ئـاوا بیر لـەخۆمـان دەکەینەوە. جگە لـەوەش خۆمان پێی لـە نەتەوەکانیتر کەمترە، بـۆیـە داوای مـافیان لێدەکەین! ماف ئـێخۆمانـە دوژمنان لێیان داگیر کردوین ودەبێێ بیئەستێنینەوە. دەبا شانازی بەگەلـو ڕێبەران و شۆڕش و قوربـانیدانـەکانمان بکەیـن، چـیتر پشتی یـەکتر بەرندەین و ڕوو لەدوژمنان بەکەیـن. بـا خۆمـان لـە هیچ نـەتـەوەیەک بەکەمتر نەزانین . با وەک شێعرەکەی مامۆستا هێمن (ئاغاش بە نۆکەر نەگرین ) هەر چەند بەدرێژایی مێژو وەک سۆغرەو نـۆکەر بە جەبر کاریـان پیکردوین ، بـا نەفرین لە نـۆکەریو نـۆکەر سفەتـان بکەیـن ، کورد بین فەخر بـە کوردو کوردستان بـکەین و نـەبینە بـڵیند گۆی دوژمنان چیان پێخۆشە، ئەوەی بڵاو بکەینەوە. من ناڵێم ئێمە ئەو خۆ بەکەم زانینە بۆ قازانجی دوژمنان دەکەین، بەڵام بەبێی ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێی ئەوان بەهرەیان لێوەر گرتوە!!

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور ١ پوشپەڕی ٢٧٢٠ کوردی

 ٢٠ / ٦ / ٢٠٢٠ زایینی

نویترین هەواڵ و بابەت