"an independent online kurdish website

ھەمومان دەزانین کە پاش شەری یەکەمی جیھان، دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی ئینگیلیز و فرانسە بە ھاوکاری و ھەماھەنگی تورک و عەجەم نەتەوەی کوردیان لە رۆژھەلاتی ناویندا بێ ستاتو کرد.

لە رۆژی ئازاد بوونی باشوری کوردستان ھەتا ئەم رۆ، ھەردوک دەولەتێن فاشیست و خونخۆری کورد، تورک و عەجەم، شور و تیر لە حکومەتی ھەریمی کوردستان دەسون، ھەوڵ دەدەن ئەم ستاتووە و ئەم دەسکەوتەی کە لە باشوور بە دەست کورد کەوتووە تێکی بدەن و ئەمنیەت و ئاسایش لە ھەرێم نەھێلن. لە رۆژی ١٥|٦|٢٠٢٠ سپای فاشیست و داگیرکەری تورک  و  عەجەم بە تۆپخانە و فرۆکەی شەرکەر هێرشیان کردە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سنوری کوردستانیان بەزاند. ئەم ھێرشە و بەزاندنی سنور بە پێی یاسا و قانونی نێونەتەوەیی تاوانە و سەزای ھەیە، بەلام دونیا ئەم تاوانە گەورەی دەوڵەتی تورک و ئیران نابینن و کەڕ و لاڵن. (ئیسمایل بێشکچی گۆتەنی ئەگەر قەزیە کورد بێتە مەیدان، ھیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و ئینسانی بەکار ناھێندرێ، چۆن کورد بە دەستی یەکیەتی نەتەوەکان لە کۆنفەرانسی لۆزان دا بێبەش کرا لە دەوڵەت بوون و حقوقی نەتەوەیی. ئەمە زولمە لە کورد کراوە.) ئەم راستیە لە کاتی رێفەراندۆمی کوردستان دا دیتمان.

لێرەدا پرسیار ئەویە،  خۆمان چ دەکەین؟ ھەمومان دەزانین ھەریمی کوردستان نیمچە رەسمییەتی ھەیە و قانونیە و شەرعییە، دو ئۆرگانی رەسمی و شەرعی ھەیە، یەک پارلەمانی کوردستان، دو حکومەتی ھەریمی کوردستا. دەبوا سەرۆکی پارلەمان رێزدار رێواس خان پارلەمەنی کۆکردباوە  و کەڵکی لەم پۆستە گرینگە وەرگرتبا، نامە و پەیغامی ئیترازی سەبارەت بە ئەم داگیرکەریەی ئەردۆغانی فاشیست و خامنەی تێرۆریست ناردبا بۆ سازمانی میلەل بۆ یەکیەتی ئۆروپا بۆ یەکیەتی عەرەب و کۆر و کۆمەلی بەشەردۆستی جیھانیی. ھەروەھا رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکێ حکومەتی ھەریمی کوردستان دەبوا یەخەی ھاوپەیمانان و ئەمریکا و حکومەتی بەغدای گرتبا و سکالای تۆمار کردبا.

بەلام سەد حەیف و مخابن لەم کاتە  حەساسەدا  سەرۆکی پارلەمان خەریکی ھەلوەشاندنی قەراری ھەلگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەر بوو، سەرۆکی حکومەتی ھەریمیش خەریکی چاکسازی و نەھێشتنی گەندەلیە،گەلەکەشمان لە سایە سەری ھێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەر بێ موچەیی ئاگایان لە ھیچ نەماوە، نیشتمان پارێزی و خوینی رۆلەکانی لەبیرچووە.

جەنابی سەرۆکی ھەریمی کوردستان، جەنابی سەرکۆماری کورد لە بەغدا، گشت ھێزە سیاسیەکانی کوردستانی باشور، ئێوە مەسئولن لە ھەر بەسەرھات و روداوێک، ئەرکی سەرەکی ئێوە پاراستنی ئەم ھەرێمە و دەسکەوتەکانیەتی کە بە خوینی ھەزاران رۆلەی کورد وەدەستھاتووە، نە مێژو، نە گەلی کورد وە نە ھیچکەس ھیچ بیانوویەک لێتان قەبول ناکا و ھەموو شتێک بەبێ کیفایەتی خۆتان حیساب دکرێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی